کێ به‌رپرسی يه‌که‌می ئه‌م ئاژاوه‌يه‌ی زمانه.؟ له‌باره‌ی قسه‌کانی (سيپان سه‌رکه‌هی)يه‌وه.
موحسين جوامێر
له ژماره (461 ) ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا يه‌کێک به‌ناوی سيپان سه‌رکه‌هی ـ يه‌وه وتارێکی له‌ژێر ناوی ( سه‌رهلدانا ڕاسيزما سۆرانی و بزاڤێن جينۆسايدکرنا ده‌ڤه‌را به‌هدينان ) دا بڵاو کردووه‌ته‌وه، ڕاستینه‌ی سيناريۆیه‌ک به ده‌رده‌خات که کاری له‌سه‌ر ده‌کرێ، بۆ ته‌فروتوناکردنی کورد، له‌ڕه‌گه‌وه.. بێگومان، ده‌شزانم هه‌موو کوردێکی ئاقڵ و کوردستانويست له‌م جۆره بۆچوونانه به‌رییه، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی دهۆکی ده‌لالیش..وه‌لێ، پیاو ئاماژه‌ی ئاوای تێدا به‌دی ده‌کات که به‌نده و هاوڕاکانی ديکه له‌مێژه ده‌سه‌ڵاتی کوردستان‌مان لێی هۆشيار کردووه‌ته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زوو فريای ئه‌م ته‌نگژه‌يه نه‌که‌ون و يه‌کزمان نه‌که‌نه خاڵی کۆکه‌ره‌وه و ئاگردانی کوردان؛ ئه‌وه ڕۆژێک دێ که‌س خۆی به‌کورد نه‌زانێت. شايه‌نی وتنه، دوای ئه‌وه‌ی ( سه‌ڵای سه‌گ و به‌يتی که‌ر ) يان به زمانه‌که‌مان کرد و جاڕی ئیستيقاله‌م له کوردايه‌تیی سه‌قه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران دا، مامۆستايه‌کی دهۆکی که له‌زانکۆیه‌کی سوێد ده‌رس ده‌ڵێته‌وه، نامیلکه‌يه‌کی بۆ شاندم و تێیدا ده‌ڵێت : ئه‌ز به‌ڕوونی له مه‌به‌ستت ده‌گه‌م، هه‌وڵی تۆ بۆ ئارمانجێکی به‌رزه، ئه‌ويش زمانێکی په‌تیی کوردييه، بۆ ئه‌وه‌ی من و تۆ باش له‌يه‌کدی بگه‌ين، لێبه‌لێ ئه‌و ئارمانجه ناوازه‌يه‌ی ئه‌تۆ ده‌ئه‌ستۆت گرتووه، بۆ ئه‌وانه‌ی نايانه‌وێ ڕۆناهی ببینن؛ قووت نادرێت.!
پوخته‌ی دروشمه‌کانی سيپان ئه‌وه‌يه : ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ سۆرانی و بادينی و شێوه‌زاره‌کانی ديکه، ديالێکتگه‌لی زمانێکن، هه‌ڵه‌يه، هه‌موو ئه‌و زمانگه‌لانه جياوازن و به‌پێی ئه‌مه میلله‌تگه‌لی جياوازيشن، وه‌ک گه‌لانی ديکه‌ی دنیا، واته بانگه‌شه‌ی يه‌کمیلله‌تی و ئامانجی هاوبه‌ش؛ فشه‌ی بنه‌سڵاوه‌يه.! .. ئه‌وجا پێت ده‌ڵێت : په‌يڤا ( کورد ) وه‌ک نه‌ته‌وه و ( کوردستان ) وه‌ک وڵات، نه گه‌له‌ک ژمێژن، به‌ده‌ستی سياسييان هاتوونه‌ته گۆڕێ، هێنده‌ی ئێمه دوورتر بچین، ده‌بینین په‌يڤا ( کرمانج ) وه‌ک نه‌ته‌وه و ( کرمانجی ) وه‌ک زمان که‌ڤنتر و ڕه‌سه‌نترن.
به‌وپه‌ڕی ته‌وازوعه‌وه، به‌نده بانگ له هه‌موو ڕۆشنبیر، کوردپه‌روه‌ر و سياسه‌توانانی گه‌له‌که‌م ده‌که‌م، بچن ئه‌و ئیستيقاله‌نامه‌يه‌م بخوێننه‌وه که ماوه‌يه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به‌عه‌ره‌بی بڵاوم کرده‌وه، پاشان کرايه کوردی، ئێسته‌يش له سايتی ( هاووڵاتی ـ به‌شی عه‌ره‌بی ) دا په‌خش کراوه.. بلا لێی ورد ببنه‌وه، چونکه زۆر به‌ديقه‌ت نووسیومه و نوێشکی ئه‌زموون و تێڕامانی چه‌ندين ساڵمه، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر هه‌ر پێشبینییه‌کی له‌وێ کردوومه، نه‌هاته جێ، نه‌فرينبارانم بکه‌ن، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ناخوازم ڕۆژێک له‌ڕۆژان گه‌له‌که‌م به‌ردی په‌شيمانی له چۆکی خۆی بدات، يه‌ک له‌و پێشبینییانه‌ی له‌وێ زه‌نگی مه‌ترسيم بۆ لێداوه، ئه‌و کوده‌تايه‌يه سيپان و هاوشێوه‌ی بانگه‌وازی بۆ ده‌که‌ن. من که ناوی سيپان ده‌به‌م، مه‌به‌ستم که‌سێک نییه به‌تايبه‌تی، من ئه‌سڵه‌ن هه‌ر نايناسم و ڕه‌نگه بۆيشیان نووسيبێته‌وه؛ به‌ڵکوو وه‌ک دياره مه‌سه‌له‌که ( پڕۆژه ) و ( ته‌وژم ) ێکه وا به‌ڕێگه‌وه‌يه، هه‌ر ڕۆژێ شتێکی لێ فت ده‌کرێ و ـ به به‌رنامه ـ دوو شتی ديکه‌ی لێ زێده ده‌کرێت، هه‌مووشی به‌زيانی زمان و نه‌ته‌وه‌ی کورد ته‌واو ده‌بێ و ئه‌و شه‌ڕه‌ی پێشترێ له‌گه‌ڵ بێگاناندا بوو، ئه‌مڕۆ ئاگره‌که‌ی که‌وتووه‌ته نێو ماڵی کوردان، کورديش هه‌ر خه‌ریکه و به‌نزينی پێدا ده‌کا، وا ده‌زانێ ئاگری نه‌ورۆزه. ده‌بێ ئه‌و ڕاستييه‌ش بزانرێ که جگه له پیلانی ناوه‌وه؛ ده‌سته‌وبه‌سته‌يه‌ک له کوردانی سه‌ر به ته‌له‌فزيۆنی ڕۆژ سه‌رچۆپیی ئه‌م پیلانه‌یان گرتووه، به‌جۆرێک پیاو له ئارمانجی ئه‌و که‌ناڵه دڕدۆنگ ده‌کات، پاش ئه‌وه‌ی که‌للـه‌ی کوردانیان به ده‌هۆڵ و زۆڕنای کوردستانی مه‌زن، باکوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای خۆتڕێن کاس کرد. ئاخر کوردستانی مه‌زن و بانگه‌شه‌ی شێخه‌ڵڵای له‌هجان کوجا مه‌ڕحه‌با.!
به‌نده هیچ لاریم له‌وه‌دا نییه يه‌کێک بڵێ بلا ته‌نيا به کرمانجی، يان به هه‌ورامی ئانژی به فه‌يلی بخوێنین و ده‌با ببێته زمانی ستانداردمان، ئاماده‌م گوێی لێ بگرم و ئه‌گه‌ر دوای سه‌ده‌يه‌ک خویندن به‌زمانی يه‌کگرتوو، ئه‌م بۆچوونه واقیعی بێ و بڕياری له‌سه‌ر بدرێت، بۆ نا.؟!. وه‌لێ هه‌رگیز قابيلی قبووڵ نییه تۆ لافی کوردايه‌تی لێ بده‌يت و کورده‌که‌م لێ بکه‌يته چوار میلله‌ت، له‌لای که‌میيه‌وه، له کاتێکدا کورد له زمانه يه‌کگرتووه‌که بترازێت؛ هیچی ديکه‌ی نييه و نه‌بووه که شانازیی پێوه بکات، نه وڵاتێکی هاوبه‌ش و نه ئابوورييه‌کی هاوبه‌ش، هه‌روه‌ک دۆسته مارکسييه‌کانمان ده‌فه‌رموون. من زۆر له‌و هه‌ڵوێسته دژبه‌يه‌ک و به‌ره‌واژانه که‌وتوومه‌ته گومان، بیرم ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه ده‌چێ ده‌ست و ده‌سيسه و ئافه‌رينی تورکیاشی له‌گه‌ڵدا بێت، با له حاڵه‌تی شه‌ڕيشدا بێ له‌گه‌ڵ کوردان‌دا. ئاخر به‌هه‌وه‌نته کابرای تورک له ئامه‌د نه‌يگوتبوو: هه‌رگیز له ده‌وڵه‌تی کورد مه‌ترسن، چونکه زمانێکی يه‌کگروويان نیيه که پییه‌وه له‌يه‌کدی بگه‌ن.. ئاخۆ ئه‌و تورکانه‌ی ده‌يان ديالێکتيان هه‌يه و هه‌موو مه‌منوونن به‌ده‌وری ديالێکتی ئه‌سته‌نبۆڵدا ته‌واف بکه‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ته نايپه‌رستن، ڕاستن، ياخود ئه‌و کوردانه‌ی هه‌موو کوردت بۆ پۆلێن ده‌که‌ن و ئه‌وجا ديالێکته‌کانیان خڕ به زمانی سه‌ربه‌خۆ له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.؟ براده‌رێکی هه‌ورامی که وه‌ک هه‌ر هه‌ورامییه‌ک بۆ کورد گیانی له‌سه‌ر ده‌ستانه، پێی وتم هه‌تا نه‌چوومه لای کارمه‌ندێکی که‌ناڵی ته‌له‌فزيۆنی ڕۆژ، نه‌مزانی من هه‌ورامیم و کورد نیم. له‌وانه‌يه بوترێ ئه‌مه هه‌ڵوێستێکی شه‌خسييه و پێوه‌ندیی به که‌ناڵه‌که‌وه نییه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی شاره‌زا بێت له پاشخانی فکری و ستراتیژی ئه‌وێ، ده‌زانێ ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستی به‌دزييش کامێرای شاراوه‌ی له‌سه‌ره.
هاوکات ده‌شێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بکرێته‌وه، که ( درۆزله‌ی جووت‌ستاندارد ) پاساو نییه بۆ ئه‌وه‌ی بگوترێ ماده‌م بوو به 2 له‌هجه با ببێته 3 ێیش و ده‌يش بێته سه‌ر پازده، هه‌رگیز، به‌ڵکوو ده‌بێ ڕۆشنبیر و مشوورخۆران ئه‌م پرۆسه‌يه‌ی خوێندن به دووله‌هجه ڕيسوا بکه‌ن و داوا بکه‌ن يان بکرێ به يه‌ک ياخود زمانێکی بیانی بکرێته زمانی هاوبه‌شی هه‌مووان، زاته‌ن ئێمه‌مانان ته‌نیا شه‌ق و مه‌تره‌قی ده‌ره‌کی کۆمان ده‌کاته‌وه، ئاخره‌که‌ش هه‌ر به پێله‌قه‌ی ئه‌وان دێینه‌وه سه‌ر سفر و ده‌بینه‌وه په‌ناهه‌نده.
دياره، من کورته‌ی بۆچوونی سیپانم به‌رده‌شۆر کردووه، ئه‌گه‌نا هه‌ر يه‌کێک ده‌قی وتاره‌که بخوێنێته‌وه، ده‌زانێ کورد ته‌نیا شايه‌نی ئه‌وه‌يه زمانێکی بێگانه‌ی به‌سه‌ردا فه‌رز بکرێ، ده‌نا میلله‌تی سه‌رده‌ستيش خانه‌وێران ده‌کات.. هاوکات من نامه‌وێ به‌درێژی باس له‌وه بکه‌م که ئه‌گه‌ر گه‌لانی ناوچه، ئه‌و تێورییه‌ی سيپان و ئاغايانی ديکه به‌کار بهێنن، ئه‌وه ته‌نیا له عێراقدا به قه‌ده‌ر ژماره‌ی شاره‌کان ده‌ڤۆک و زمان له‌دايک ده‌بن، ته‌نیا موسڵاوييه‌کانی دراوسێی سيپان که لێیانه‌وه فێری عه‌ره‌بی بووه و سۆرانیی پێ عزرائیله و ده‌ڵێ زمانێکی ديکه‌يه؛ زمانێکی عه‌ره‌بیی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێت. به‌نده ئه‌وه‌ندم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕستووه، خه‌ريکه ددانه‌کانم هه‌مووی هه‌ڵده‌وه‌رێن.! هه‌ر هه‌را و گۆڵمه‌زێک به‌ر له‌وه‌ی گوريس بگاته ڕه‌فيسکان چاره‌سه‌ر نه‌کرێ؛ گه‌وره ده‌بێ و مه‌زن ده‌کرێت.. ده‌ستێکی ئاشکرا و ئه‌ويدی شاراوه له‌سه‌ر ئه‌م هێڵه کار ده‌که‌ن که کورد بکه‌ن به چه‌ندین گه‌ل؛ تا ڕاده‌يه‌ک سه‌رکه‌وتوون، خۆ چه‌ند که‌سێک که له که‌ناڵی نێوبراودا کار ده‌که‌ن؛ ئه‌م کاره‌یان لێ بووه‌ته عه‌مره‌که‌م گیانه‌که‌م و شه‌و و ڕۆژ ته‌گبیری بۆ ده‌که‌ن.. ئه‌گه‌ر زه‌ینی خۆتانی بده‌نێ، مه‌سه‌له‌که له‌وه‌وه ده‌ستی پێ کرد که زمانی کوردی ( فره‌ديالێکت )ه، پاشان بوو به ( جووت‌ستاندارد )، ئه‌وجا بوو به ( فره‌ستاندارد )، پشتی ئه‌وه به‌قسه‌ی کاکه سيپان بووه ( زمانگه‌لی ژهه‌ڤ جودا ) واته سه‌ربه‌خۆ. قسه‌که‌ش ڕاسته، وای لێ به‌سه‌ر دێ. ئه‌م واقیعه‌ش ئه‌وسا ـ وه‌ک هه‌نگاوی يه‌که‌م ـ به‌رجه‌سته کرا، کاتێ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌رنامه و چاپه‌مه‌نییه‌کانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده مامۆستا ئاراس نه‌جمه‌دین له 10/09/2008 دا بڕياری دابه‌شبوونی ميلله‌تی کورد به‌سه‌ر دوو زماندا به ئاژانسی ( ده‌نگه‌کانی عێراق ) ی ڕاگه‌ياند، به فه‌رمووده‌ی ئه‌و : ( دوای گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر زمان و زاری خوێندن له قۆناغی بنه‌ڕه‌تدا، بڕيار درا سنووری پارێزگه‌ی دهۆک به‌بادينی و هه‌ولێر و سلێمانیش به‌سۆرانی، بخوێنن ).. به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی يه‌کسانیی ڕه‌هاش له دابه‌شکردنی زماناندا به‌سه‌ر ( ئه‌بخاز ) و ( ئۆسيتیا ) ی کوردان‌دا، هێژا ئاراس ده‌بێژێت : ( ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ر به پارێزگه‌ی دهۆکن و زمانی سۆرانی به‌کار ده‌هێنن وه‌ک گۆران و به‌رده‌ڕه‌ش، ده‌توانن بیکه‌نه ئیختياری و به‌ئاره‌زووی خۆیان شێوه‌زارێک هه‌ڵبژێرن.. به هه‌مان شێوه‌ش ناوچه بادينییه‌کانی سه‌ر به پارێزگه‌ی هه‌ولێر وه‌ک مێرگه‌سۆر ). سه‌ير و سه‌يران له‌وه‌دايه سيپان ناو له‌ئاخريدا دێ و وڵاغه‌که له کلکییه‌وه لغاو ده‌کا و ئه‌میش ته‌بای ئه‌وانیديکه زڕه‌کوردستانییه‌تی لنگه‌وقووچمان پێ ده‌فرۆشێت و ده‌خوازێت سياسه‌تی کڵاوله‌سه‌رنان پياده بکات.. باس له‌وه ده‌کا گریمان ده‌وڵه‌تی کوردستان هاته دامه‌زراندنێ، پێدڤییه فيدراسیۆنێک له‌نێو ئه‌و چوار میلله‌ته ئه‌سڵ جودا، زمان جودا و مێژوو جودايه‌دا، بێته چێکرنێ..منیش به‌و به‌ڕێزه ده‌ڵێم ئه‌وه‌نده بێهن فره مه‌به، ئه‌گه‌ر تۆعه‌گیدی هه‌ڕه جارێ ئه‌و گوندانه‌ی له دهۆکێ ڤه‌قه‌تییانه، وه‌ريانگره‌وه، ئه‌وجا قسه‌ی زلی بێ‌بن بفه‌رموو. ئێمه به قسه‌ی تۆ نه يه‌کميلله‌تین، نه يه‌کزمانین و مێژووشمان جودايه. مژده‌شت ده‌ده‌مێ، هه‌که کلکی حوشترێ گه‌يشته عه‌ردی؛ ئه‌وسا حه‌تمه‌ن ده‌وڵه‌تی به‌درۆی کوردستان‌مان بۆ دێته به‌ر ده‌رکی، به‌س ئیمزاکردنی ساڵح موتڵه‌گ و نوجه‌يفیی گه‌ره‌که، ئه‌و وه‌خته‌ش به برای خۆم برێم : مه‌خموور، که‌رکووک، شه‌نگار، خانه‌قين، قه‌ره‌ته‌په، جه‌له‌ولا و ئه‌ويدی ئه‌تۆ برێ، خڕ له‌نێو به‌ريکی خۆماندا ده‌بن، واته گیرفان.
ماوه‌ته‌وه بێژم، که به‌نده بابه‌ته‌که‌ی سيپانم خوێنده‌وه، يه‌کسه‌ر بۆ چه‌ند نووسه‌ی زيت و به‌بڕشتم نارد، به‌س بۆ ئاگاداری و به که‌سيشم نه‌وت ڕات چییه و شتێکم بۆ بنووسه.. وه‌لێ، يه‌ک له‌وان که که‌رکووکییه، دوای سڵاو و جه‌ژنه‌پێرۆزه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ نووسیم : به‌ڕاستی که ئه‌م بابه‌ته‌م خوێنده‌وه، له‌لايه‌ک تووڕه بووم و له‌لايه‌کی تريشه‌وه ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش و شينم کرد و له خه‌فه‌تان تێرتێر له حاڵی کورد و کوردستانه‌که‌م ڕامام و وه‌ک بڵێی ته‌نه‌که ئاوێکی سارديان به‌سه‌ردا کردبم، هه‌ر به‌جارێک تێی ته‌قاندووه و هیچی تێدا نه‌هێشتۆته‌وه. ئاخر ئه‌و مه‌ترسييانه‌ی که جه‌نابت به ده‌يان جار باسيانت کردووه، وا گه‌لێ به‌داخه‌وه خه‌ريکه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و دێنه ده‌ره‌وه. زۆر به‌داخه‌وه که‌سانی ئه‌وها له کورد په‌يدا ده‌بن و حاڵی له شڕه‌وه به‌ره‌و شڕتر ده‌به‌ن. له‌م بواره‌دا هه‌ڵه‌ی هه‌ره‌گه‌وره هی به‌ناو سه‌رکره‌کانمانه له‌م پارچه‌يه‌ی کوردستاندا. لێره‌دا زۆر گوتن قوڕعان خۆشه، به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر پێش له‌م مه‌سه‌له‌يه نه‌گیرێت و ڕێ به‌و جۆره که‌سانه بدرێت شتی وا پووچ بڵاو بکه‌نه‌وه، کورد ده‌بێ چاوه‌ڕێی کاره‌ساتی تريش بکات.
نووسه‌ره‌که‌ی دی که زمان هه‌ورامییه و سایتێک به‌ڕێوه ده‌بات، به‌م جۆره دێته جواو : ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه شايه‌نی هیچ نییه، عه‌ره‌به‌کان، تورکه‌کان و فارسه‌کان باشمان ده‌ناسن.. مرۆڤ جاری وا هه‌يه قێزی له‌وه ده‌بێته‌وه که کورده، ئه‌من پێم وايه به‌رپرسی گه‌وره ده‌ستيان له‌و به‌زمه‌دا هه‌يه، ئه‌گینا به بڕياری کێ به له‌هجه ده‌خوێندرێت.؟
نووسه‌ره‌که‌ی تر که باد‌ينییه و له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه، به‌م شێوه‌يه ده‌دوێت : که وتاری ئه‌و که‌سنه‌ناسه‌م خوێنده‌وه، پرسيارم له‌خۆ کرد گه‌لۆ کێ ده‌سه‌ڵاتی به‌م کوڕه داوه له‌جياتی هه‌موو کرمانجی زاراوه‌يه‌ک قسه بکات. به‌ڕای من ئه‌مه‌ش جۆرێکه له بیرجاشی که خه‌ریکه ئێسته بابه‌تێکی له‌سه‌ر ده‌نووسم.. ئه‌م کابرايه قه‌لێکه به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ته‌پکه شاخێک به‌نامۆیی ده‌خوێنێت، له‌خۆی زێتر که‌س گوێی له ده‌نگی نییه.
نووسه‌ره‌که‌ی ديکه که داپیر و باپیری به هه‌ورامی قسه‌يان کردووه و ئێسته له ئوستراڵیايه، ده‌ڵێت : سه‌رکردايه‌تیی سياسیی کورد، پارتی، يه‌کێتی و حیزبه ئیسلامییه‌کان، به‌رپرسيارێتیی ئه‌م ڕه‌وشه وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. که‌مبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وايه‌تی هۆیه‌که بۆ ئه‌م پاشه‌کشه‌يه. ده‌زگه‌ی ڕاگه‌ياندنی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که له‌لايه‌ن که‌سانی نه‌فام و نانه‌ته‌وه‌په‌روه‌ره‌وه به‌ڕێوه ده‌چن؛ زۆربه‌يان له سه‌رچاوه‌ی ناکوردستانی ئاويان خواردووه‌ته‌وه، خۆيان به پارتی و يه‌کێتی هه‌ڵواسيوه، نامۆن له کوردايه‌تیی بارزانیی نه‌مر.. ئه‌م مه‌سه‌له‌يه زۆر مه‌ترسيداره، له‌وه ده‌ترسم ده‌زگه‌ی تۆرانی، عڕووبی و ئێرانی ده‌ستی تێدا بگێڕن.. دابه‌شکردنی کوردستان به‌سه‌ر له‌هجاندا، له لێدانی هه‌زاران بۆمبی ئه‌تۆمی و هه‌زاران ئه‌نفال به‌زيانتره.
ئه‌وه‌ی پێنجه‌م که هه‌م زاوای زازايانه وهه‌م له ديالێکتی کرمانجیدا بلبل و پسپۆڕه و هه‌میش مامۆستای زمانه له زانکۆیه‌کی سوێد، له برووسکه‌نامه‌يه‌کدا ده‌گرمێنێت : به‌ڕاستی وه‌زعێکی ناخۆشيان دروست کردووه و پێم وايه به‌رپرسياری يه‌که‌م له‌م ئاژاوه‌يه؛ سه‌رکردايه‌تیی سياسی و به ڕاده‌ی يه‌که‌م ( جه‌نابی بارزانی ) يه.
2008/10/09 mohsinjwamir@hotmail.com
|