په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠٢٢

کێ دەبێ بدرێتە دادگا، کچەکەی کەژاڵ یان مونیرە عەبدولعەزیز؟

دەشتی جەمال     


بە دوای لێدوانێکی نەغەدە عوسمان (کچەکەی کەژاڵ) بۆ "کات پرێس" لە خۆپیشاندانێکدا لە شاری سلێمانی بۆ پشتیوانیی لە جەماوەری راپەڕیوی ئێران و سەرکۆنەکردنی تیرۆری "ژینا ئەمینی" و پۆشینی سەرپۆش، مونیرە عەلی عەبدولعەزیز خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشێکی پڕ لە سووکایەتی کردە سەر لێدوانی کچەکەی کەژاڵ و گوایە ''سەرپۆش پیرۆزییەکانمانە و سبەی سکاڵا تۆماردەکەین، دەبێت ئەوەی ئەو ناماقوڵیەی کرد سزا بدرێت''.


مونیرە عەبدولعەزیز و رەوتەکەی کە هەمیشە لە کەمیندان بەرامبەر بە خەڵکی بەئاگا و مۆدرێن و ئاشنا بە زانست و شارستانییەت و رووی راستەقینەی خۆیان نیشان ئەدەن بە دژی ئازادیی بیروڕا و رەخنەگرتن و ئازادیی جلوبەرگ پۆشین، دەکەونە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە دژی دەربڕینی ئازادانەی بۆچوونی تاکەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەوەی کە مونیرە عەبدولعەزیزی تووشی هستریا کردوە بە تەنها لێدوانەکەی کچەکەی کەژاڵ نییە لەسەر سەرپۆش و کۆت و بەندێک کە لەسەری ژنان دەکرێ، بەڵکو ترس و دڵەڕاوکێیە لە هەستانی گڕکانی نەفرەت و ناڕەزایەتییە توندەکان کە ئەمڕۆ لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردوە. بە ئاوابوونی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، رەوت و گرۆیە ئیسلامییەکان لە تەواوی ناوچەکە گورزی کاریگەریان بەردەکەوێ و خەبات بە دژی زەبروزەنگ و سەرکوت، دژی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی داسەپاو، دژی نابەرابەریی و بێ مافیی و سەرکوتی ئازادیی پێدەگرێ.

کچەکەی کەژاڵ نوێنەرایەتی ڕەوتێك دەکات کە لە سەنگەری پێشەوەی بزووتنەوەی یەکسانییخوازی و ئازداییخوازی ژنان وەك خەبات لە دژی بیروباوەڕ و دید و بۆچوونی رەوشتی کۆنەپەرستانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، راوەستاوە. ئەندامی حیزبێکی سیاسییە کە لە پێناو یەکسانی تەواو و بێ مەرج و بەندی ژنان و پیاوان تێدەکۆشێت و دژی هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەن کە لەگەڵ پرەنسیپی یەکسانی بێ مەرج و بەندی ژنان و پیاواندا نایەتەوە، بەرگریکاری سەرسەختی رەخنە و رەخنەگرتنە لە هەموو لایەنە سیاسی، فەرهەنگی رەوشتیی و ئایدیۆلوژییەکانی کۆمەڵگای کوردستان، دژ بە هەر یاسایەکە کە لەژێر ناوی پیرۆزییەکانی نیشتیمان و دینی، ئازادییەکانی تاك بەرتەسك و سنووردار دەکات. بەڵام مونیرە عەبدولعەزیزەکان نوێنەرایەتی ڕەوتێك دەکەن کە دوژمنایەتی سەرسەختیان لەگەڵ ژنان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان هەیە، کە دەیانەوێت ستەمکێشی و بێ مافیی و ژێردەستەیی و پلە دوویی بە قێزەونترین شێوە لە کۆمەڵگادا بمێنێتەوە، بەرگری لە مانەوەی سیستەمێك دەکەن کە نایەکسانیی بینا کردوە، کە جێوشوێنی بۆ ژنان و پیاوان دیاریکردوە بە دانی ماف و دەسەڵاتە گەورەکان بە پیاوان و لە میرات و جودابوونەوەی هاوسەرگیریی و سەرپەرشتیکردنی منداڵ و فرەژنیی و دیارکردنی مافەکان بەپێی ''شەریعەت'' و پاراستنی دابونەریتە کۆنەکان...، لە کۆمەڵگادا باڵادەست بێت.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە ڕەوتێك کە مونیرەکان بانگەوازی بۆ دەکەن دەیانەوێت بیکەنە یاسا و ڕێسای کۆمەڵگای کوردستان، ئەوەتا ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدرێژایی چوار دەهە لە دەسەڵاتدا پەیڕەوی کردوە، وەك ڕژێمی دژەژن لە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، لە شوێنی کار و ژیان و شوێنە گشتییەکاندا چەوساندنەوەی ژنانی لە ئاشکراترین و بێپەردەترین ئاستدا ئەنجامداوە، چل و چوار ساڵە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی لە هەوڵدایە بۆ داسەپاندنی یاساکانی ئیسلامی و هەڵاواردنی رەگەزیی و دوورخستنەوەی ژنان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و ناردنەوەیان بۆ ماڵداریی، داسەپاندنی بیروبۆچوونی دواکەتووانە و دژەژن و بیروبۆچوون و داب و نەریتی کۆنەپەرستانە و برەودان بە پیاوسالاریی، لە هەوڵدا بووە بیروبۆچوونی دژەژنان بکاتە بیروبۆچوونی جەماوەری خەڵکی ئێران و لەو چوارچێوەیەدا ژن بکاتە مرۆڤێکی پلە دوو، لە خوار پیاوەوە دایان بنێت. ژنان بکاتە کاڵایەکی سێکسیی بۆ ئارەزووی پیاوان. بەم شێوەیە تەواوی هەوڵی بۆ ئەوە بووە ژنان لە هەموو مافێك بێبەش بکات و سەرپۆشی بە زۆریی بکاتە ملکەچپێکردنی زۆرەملێی ژنان، هەموو ئەمانە کارنامەیەکی رەشی ئەم ڕەوتە ژەنگگرتووەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزەرانی سەردەمە تاریکەکان بوون کە لە ریزی پێشەوەی ڕژێمە دژەژنەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی و ئەو رەوتانەی پێ دەناسرێتەوە کە ئەمڕۆ مونیرە عەبدولعەزیزەکان هەڕەشەی سزادان لە ڕەوتی پێشکەتووخوازی کۆمەڵگای کوردستانی پێ دەکەن.

کچەکەی کەژاڵ کاتێك بۆ سەرکۆنەکردن و ریسواکردنی تاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کوشتنی ژینا ئەمینی قسەی کردوە و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە خەڵکی شارەکانی ئێران دەربڕیوە، بەڵام ئەوە مونیرە عەبدولعەزیز و هاوئاوازەکانیەتی کە بێدەنگن لە ئاست ئەم تاوانەدا و بگرە بە هەڕەشەی سکاڵاتۆمارکردن لەسەر کەسانێك کە دژی سەرپۆش زۆرە ملێن و پشتیوانی لە خرۆشانی خەڵکی ئێران دەکەن خۆی و چارەنووسی خۆی بەو رژێمە دڕندە و دژە ژنەوە گرێداوەتەوە!

بەم هەموو راستییانەوە دەپرسین کە کێ دەبێت بدرێت بە دادگا؟ کەسێك کە لە دژی کوشتنی ژنان و بۆ داکۆکیی لە ماف و ئازادییە کەسییەکان یان ئەو کەسەی بە هەڕەشە و زمانی زبر و بە راوەستانی لە پاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و تاوانەکانی راوەستاوە؟ من دڵنیام خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان هەمیشە لە کەنار ئازادیی و مرۆڤایەتی و مافەکانی ژناندا رادەوەستێت نەك کۆنەپەرستان.


٢٤\٩\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک