به ناوی کوردستانی گه‌وره
کێ ده‌ڵێ زاراوه‌ی هه‌ورامی کوردی نیه !؟
ح.س.سۆران
(زمان پێناسه‌ی گرنگی نه‌ته‌وه و که‌ره‌سه‌ی هه‌رمانی گه‌لانه)
جار جار ، تاقل و تۆقل، هێندێکی زۆر که‌م ده‌یانه‌وێ بێژن زاراوه‌ی هه‌ورامی زمانی کوردی نیه و بۆ خۆی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه . من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پێم وایه ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌و به‌رێزانه به چه‌شنی زانستی بدرێته‌وه ، نه‌ک به شه‌ڕه دهندووکێ ، ئه‌گه‌ر خودای نه‌خواسته ئێستاش هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێن و له‌سه‌ری سوورن ، لێره‌دا چه‌ند به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌کیان پێشکه‌ش ده‌که‌م ، تا به به‌ڵگه پێیان بسه‌لمێ هه‌ورامی یه‌کێک له زاراوه سه‌ره‌کیه‌کانی زمانی کوردیه و به جارێ ئه‌و بیرۆکه‌یه له مێشکیان دا ،بشۆررێتهوه . چون دڵنیام ئه‌و چه‌شنه بۆچوونه نازانستیانه ، وه‌ک له‌ت بوونی لایه‌نه رامیاریه‌کان ، به سوودی دۆزی کورد نیه :
1- یه‌کێک له نووسراوه هه‌ره کۆنه‌کانی هه‌ورامی ، که که‌وتوه‌ته به‌ر ده‌ست من ، کتێبی " ماریفه‌تی پیر شالیار" ه ، که بریه‌تیه له نووسراوه‌کانی ، په‌یامهێنه‌ر و بیرمه‌ندی مه‌زنی کورد ، سه‌روه‌ر پیرشالیاری هه‌ورامی ، که گڵکۆکه‌ی له هه‌ورامانی ته‌خته . کاتێک که بۆ وێنه کوردێکی سۆرانی یا گۆرانی و هتد ده‌یخوێنێته‌وه ، له زوربه‌ی زۆری تێ ده‌گا و به زمانێکی بیانی نازانێ . به‌ڵام بۆ وێنه ، کابرایه‌کی ئینگلیسی خه‌ڵکی له‌نده‌ن، به ده‌گمه‌ن تێ ده‌گا ، که " جێفری چاوسێر " هۆنه‌ری ئینگلیسی زمانی سه‌رده‌می زۆر کۆن چی ده‌ڵێ . چون له درێژایی مێژودا ، زمان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ . 2- ماموه‌ستا عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی ، له کتێبی به ناوبانگی مێژوی ئه‌ده‌بی کورد دا ، به ده‌یان و بگره زیاتر ، هۆنه‌ری هه‌ورامی سه‌رده‌می کۆن و نوێ ده‌ناسێنێ . که ته‌واوی کورد باش له هۆنراوه‌کانیان ده‌گه‌ن . 3- زوربه‌ی په‌ڕتووکه ئایینیه‌کانی کوردگه‌لی کاکه‌یی ( یارسان) ، به هه‌ورامی یا زاراوه‌ی گۆرانین و که‌س ناڵێ تێی ناگه‌م . به‌ڵام بۆ وێنه تورکه کاکه‌یی ( یارسان) ه کان ، که له شاری روودههن و بوومههنی ده‌ڤه‌ری تارانن ده‌بێ بۆیان وه‌ربگێڕی ، وه‌ک زوربه‌ی موسوڵمانان، که له کتێبی ئاینی عاره‌بی تێ ناگه‌ن . 4- به گشتی سیپاڵی خه‌ڵکی هه‌ورامان ، بۆ وێنه له‌گه‌ڵ سیپاڵی خه‌ڵکی کوردی گونده‌کانی سه‌رده‌شت و ... تۆفیرێکی فره که‌می هه‌یه . 5- گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێی خه‌ڵکی هه‌ورامان ، بۆ وێنه له گه‌ڵ ده‌ڤه‌ری شاری سه‌قز هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی تۆفیر هه‌یه ، که خه‌ڵکی سه‌قز له‌گه‌ڵ هی شاری ئامه‌د . 6- له روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی ، خو و خده و ده‌رونناسیه‌وه ، بۆ وێنه تۆ فیرێکی به‌رچاو له نێوان خه‌ڵکی ئیلام و هه‌ورامان دا نابینی ، مه‌گه‌ر ئایین . 7- قه‌د نه‌مدیوه کوردێکی ناوچه‌کانی دیکه‌ی کورده‌واری ، له کوردێکی هه‌ورامی تێ نه‌گا . که‌چی بۆ وێنه له ئینگلیس خه‌ڵکی پارێزگه‌ی سکاتله‌ند ، زۆریان ئه‌وتۆ له زمانی ئینگلیسی له‌نده‌ن تێ ناگه‌ن . 8- زۆر خاڵی وشه‌ناسی ، رێزمان ، تهشکناسی و که‌ره‌سه‌ی زمان ناسی دیکه‌ش هه‌یه ، که پچووکترین دڵه‌ڕاوکێ له‌وه‌دا ناهێڵن ، بڵێن هه‌ورامی کوردیه ، به‌ڵام ئه‌و گشته حه‌یسه و به‌یسه زۆره ،له‌م نووسراویهدا جێگه‌ی نابێته‌وه . 9- ره‌نگه ئه‌و خۆشه‌ویستانه ، که پێموایه له قامکانی ده‌ستیش که‌متربن ، ئه‌م شته له زمانی هێندێک رۆژهه‌ڵات ناسی کوردی نه‌زانه‌وه بڵێن یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ، بۆ وێنه له پاوه به کوردی نا هه‌ورامی ده‌ڵێن جاف و به‌وان ده‌ڵێن هه‌ورامی . که ئه‌مه له بنه‌ڕه‌ت دا هه‌ڵه‌یه ، هۆزی رێزداری جاف ، هۆزێکی مه‌زنی کوردن ، نه‌ک گه‌لی کورد . بۆ وێنه من هه‌ورامی نیم و جافیش نیم ، به‌ڵام کوردم . 10- به کورتی شته‌که له رۆژ روون تره و هه‌وڵ دانی پتر بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیه ، که زاراوه‌ی هه‌ورامی یه‌کێک له زاراوه‌کانی کوردیه ، وه‌ک ئه‌وه وایه له نیوه‌ڕۆی تاو و ساوی مانگی گه‌لاوێژ دا ، رۆژ له ئاسمان دا به خه‌ڵک نیشان بده‌ی .
تاران 27/3/ 2709
|