کێ دیکتاتۆره، پارت یا پرۆلیتاریا؟
- به‌شی یه‌که‌م -
دیکتاتۆری پرۆلیتاریا یه‌کێکه له‌و گوتارانه‌ی که له ناوه‌ندی چه‌پ و بزاڤی سۆشیالیستیدا زۆرترین قسه‌ی لێوه کراوه، به‌ڵام تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بزاڤی سۆشیالیستی له ڕۆژهه‌ڵات و کوردستان، به پێی زاڵی بیری چه‌پ له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه بۆلشه‌ڤیزم، ئه‌وا هه‌میشه پۆزه‌تیڤانه لێکدراوه‌ته‌وه و کراوه‌ته گۆچانه جادوویه‌که‌ی ده‌ستی مو‌سا و سنووری نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی (بۆرژوازی) و کۆمه‌ڵگه‌ی ناچینایه‌تی (سۆشیالیستی) پێ دیاریکراوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه به‌ڕای من پێویسته له خودی واژه‌ی دیکتاتۆر که به واتای دیکتهکهر دێت ده‌ست پێ بکه‌ین و دواتر بچینه سه‌ر په‌یوه‌ندی دیکتاتۆری و چین.
دیتکتاتۆری چییه؟ دیکتاتۆری بۆچی؟ دیکتاتۆری به‌سه‌ر کێدا؟ دیکتاتۆری له به‌رژه‌وه‌ندی کامه ئامانجدایه؟ ئایا ده‌کرێت ئازادیخوازان شه‌یدای دیکتاتۆری بن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌رێ، بۆ خۆیان دژی دیکتاتۆرین؟ ئایا پرۆلیتاریا ده‌توانێت دیکتاتۆر بێت؟ دیکتاتۆر به‌سه‌ر کێدا؟ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌ی بۆ مارکسییه‌کان به‌ناوی پڕۆلیتاریاوه خوازیاری دیکتاتۆرین، ئه‌ی هێزی تێکشکاوی ده‌م دیکتاتۆری کێ ده‌بێت؟ ئه‌ی ئه‌زموونه مێژوویه‌کان چی ده‌ڵێن؟
دیکتاتۆر واته که‌سێکی دیکتهکهر، که‌سێك که دیاری ده‌کات، چۆن بجوڵێن و چۆن بخه‌وین و چۆن بخۆین، به‌کورتی له تێڕوانینی دیکتهکهرهوه که‌سه‌کانی تر ئاوه‌زیان به شته‌کان ناشکێ و پێویستیان به که‌سێك هه‌یه، تا بۆیان دیکته بکات و ڕێی راستیان پێ نیشان بدات. بوون یا سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی دیکتاتۆر چ وه‌ك تاکه‌که‌س و چ وه‌ك ڕژێم، پێداویستی کات و شوێنی دیاریکراوه، چونکه دیکتاتۆربوون، دیارده‌یه‌ك یا نه‌خۆشییه‌کی خۆڕسک نییه و به‌شێك نییه له سروشتی مرۆڤ وه‌ك ئیدیئۆلۆگهکانی بۆرژوازی پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵکو خوازراوی بارودۆخێکی ئابووری، ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تییه و وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پێداویستییه‌کانی سیسته‌می چینایه‌تی (چینایه‌تی نه‌ك ناچینایه‌تی) له بارودۆخێکی دیاریکراودا هانای بۆ ده‌برێت. چونکه هه‌م له سه‌رده‌می کارکردیدا و هه‌م له‌سه‌رده‌می تێکشکان و وهڵانانیدا ده‌توانێت بازاری ژورناڵی سه‌روه‌ران گه‌رم بکات و دیکتاتۆره پارله‌مانییه‌کان له‌چاو دیکتاتۆره میلیتێریست و تاکپارتهکان، بکاته فریشته‌ی فریادڕه‌س و چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی!
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که لیبراڵه‌کان و ئیدئۆلۆگه‌کانی سه‌رمایه‌داری پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، دیکتاتۆربوون ته‌نیا له هاتنه‌سه‌رکاری جه‌نه‌راڵێکی سه‌ربازی یا پارتێکی لێنینیست، ماویست، ..تد سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵکو دیکتاتۆری به‌رهه‌می هۆرمۆنڕێژی(غدة)یه‌کی سیسته‌می چینایه‌تییه و که به به‌رده‌وامی گیان به به‌ری دامودهزگهکانی سه‌روه‌ریدا ده‌کات. هه‌روه‌ها دیکتاتۆری بۆرژواکان هه‌مان دیکتاتۆری پارته کۆمونیسته‌کانه، له‌ژێر په‌رده‌ی دیموکراسیدا له هه‌موو سات و شوێنێکی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا ئاماده‌یه و فه‌رمانده‌ره. نموونه‌شمان زۆرن و ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌سه که سه‌رنجێکی ئه‌مه‌ریکای لاتین بده‌ین و وێنه‌کانی 1973 شیڵی، ئه‌رژه‌نتین و ..تد بهێنینه‌وه به‌رچاومان، که چۆن له‌پێناو دیموکراسییهکهیاندا لاوانیان له گۆڕه بهکۆمهلهکاندا زینده به‌چاڵ ده‌کرد! ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت، هه‌موو دیکتاتۆره‌کان له فێرگه نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپای دیموکرات‌دا گه‌وره‌بوون و به یارمه‌تی و نه‌خشه‌ی ده‌زگه نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئۆروپا هاتوونه‌ته سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌لات و هه‌ر به ئافه‌رینی ئه‌وان کاره‌کانیان درێژه پێداون، هیتله‌ر و مۆسۆلۆنی و فرانکۆ باشترین جه‌نه‌راڵی له‌شکری چینایه‌تی سه‌رمایه بوون و له ڕێگه‌ی پاڕله‌مان و هه‌ڵبژاردنی دیموکراتانه‌وه چوونه سه‌ر ته‌ختی دیکتاتۆری!
به‌کورتی له کوێ سه‌روه‌ری چینایه‌تی هه‌بێت، پێداویستی و زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیکتاتۆری بوونی هه‌یه و دیکتاتۆری و ده‌سه‌ڵات ئاوهڵدوانهیهکی لێك ئاڵۆزکاون و به جیاکردنه‌وه‌یان له‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، واته به له‌ناوبردنی ده‌سه‌لات دیکتاتۆری له‌نێو ده‌چێت و بهلهنابردنی دیکتاتۆری چینایه‌تیش - سه‌روه‌ری چینایه‌تی- ده‌سه‌ڵاتیش له‌نێو ده‌چێت، که له هه‌ردوو باره‌که‌دا پێویستی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی چینایه‌تی و کاری کرێگرته ده‌بێت، چونکه به وه‌لانانی فلانه فه‌رمانڕه‌وا یا فلانه ڕژێم هیچ له ناوه‌ڕۆکی چینایه‌تییه‌که‌ی ناگۆرێت و سه‌روه‌ری داهاتوو له کاتی پێویستدا ئاوهێزانی کارکرده ئهفسوناییهکانی ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێره‌دا فره‌تر جێی تێڕامانه، په‌یوه‌ندی دیکتاتۆری و چه‌وساوانه واته ئه‌وه‌ی که ناوی (دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا)یان لێناوه و که‌میش نین له‌و چه‌وساوه ناهوشیارانه‌ی که به شانازییه‌وه به‌رگری لێده‌که‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته له دووی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه وێڵ بین و شهنوکۆیان بکه‌ین و له توێی ئه‌زموونه‌کانی خه‌باتدا وه‌لامه‌کانیان به‌ده‌ست بهێنین.
وه‌ك وتم دیکتاتۆر که‌سێکی دیکتهکهره و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایدیالیستی که پێی وایه هۆش پێش ماده که‌وتووه و ئێمه‌ی دروستکراو پێویستمان به قورمیشی خوداوه‌ندێك هه‌یه و بۆ هه‌ڵسوڕان له ژیاندا پێویسته گوێرایه‌ڵی فه‌رمانه‌کانی وی بین، واته دیکتاتۆر کۆپیکراوی دیکتاتۆرییه‌تی خواوه‌نده ئهفسانهییهکهیه و به‌ڵگه‌ی پێداویستیشی لای لایه‌نگرانی نه‌بوونی توانای ده‌رك و بڕیاردانه لای زۆرینه و په‌نابردن بۆ خاوه‌ن هۆشه‌کان بۆ قه‌ره‌بووی لاوازییه‌کانیان و ئاراسته‌کردنیان.
دیکتاتۆریش، شیوازێکه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا، که بریتییه له ده‌سه‌لاتی چینایه‌تی بۆرژوازی په‌رده له‌سه‌ر هه‌ڵماڵراو و پێداویستی گشتی سیسته‌مه چینایه‌تییه‌که ده‌یهێنێته گۆڕێ، واته ئه‌و کاته‌ی که سه‌روه‌ری و سیسته‌مه‌که ده‌که‌ونه مه‌ترسی، زۆر ئاساییه ئاوهڵدوانه شاراوه‌که‌ی پشتی دیموکراسی بێته پێشه‌وه و به‌ر به هه‌ڵدێری سه‌روه‌ری بگرێت. نموونه‌ش بۆ ئه‌مه، خۆپیشاندانه‌کانی دژی سه‌رمایه‌داری و ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندی نیئۆلیبرالیزم (خۆپیشاندانه‌کانی دژی G8 ) که له ده‌وڵه‌ته دیموکراته‌کانی ئۆروپادا «Genua»ی ئیتالیا و خۆپیشاندانه به‌رده‌وامه‌کانی ئێستای ئه‌سینا (یۆنان)، که له‌وێدا پۆلیسی ئاسایشپارێزی دیموکراته‌کان به ترومبێل لاوان ده‌شێلن و به گولله وه‌ڵامی داخوازی خوێندکاران ده‌ده‌نه‌وه!
ئه‌وه‌ی که دیکتاتۆری چه‌مکێکی چینایه‌تی هه‌یه و ئامرازی ده‌ستی چینێکه بۆ سه‌رکوتی چین و توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵ یا کۆیلهڕاگرتنی چه‌وساوان، مارکسیسته‌کانیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن، که چه‌مکێکی چینایه‌تی هه‌یه. ته‌نیا ئیدئۆلۆگه‌کانی بۆرژوازی به هه‌موو باڵه‌کانیانه‌وه له هه‌وڵی شێواندن و په‌نهانکردنی ئه‌م ڕاستییهدان، که خودی دیموکراسی دێوجامه‌یه‌که و ڕوخساری راسته‌قینه‌ی دیکتاتۆری بۆرژواکان ده‌شارێته‌وه، ڕووکه‌شێکی فریوده‌رانه‌یه و وه‌ك پیش‌تر په‌نجه‌م بۆ راکێشا له زۆر ساتی مێژوویدا بۆرژواکان دێوجامه دیموکراسییه‌که‌یان فرێداوه و هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاته میلیتێرهکان په‌لاماری نارازیانیان داوه؛ له‌وانه ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌شتاکان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له له‌نده‌ن و شیکاگۆ، که ده‌وڵه‌ته دیموکراته‌کان هه‌رچییه‌کیان له‌ده‌ست هات بۆ سه‌رکوتییان دریخیان لێ نه‌کرد، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ئه‌مانه‌شی له‌بیر نه‌ماوه با سه‌ردانی یوتوب بکا و له به‌شی ڤیدیۆکاندا ته‌نیا بنووسێت «یۆنان» یا «ئه‌سینا»ی لانکه‌ی دیموکراسی. ئیتر ناوه‌ڕۆکی دیموکراسی بۆ ده‌رده‌که‌وێت! به‌ڵام تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر واتاسازی و چه‌مکسازی بۆ دیکتاتۆری لای مارکسیسته‌کان، ئه‌وا له خواره‌وه‌را قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌م.
وه‌ك وتم دیکتاتۆری ئامرازی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی چینێکه به‌سه‌ر به‌شه ژێرده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا. پڕۆلیتاریاش وه‌ك چینی چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، تا ئه‌وکاته بوونی هه‌یه، که وه‌ك چینێکی چه‌وساوه له‌ژێر سه‌روه‌ری بۆرژواکاندا به‌رهه‌م بهێنێت و وه‌ك هاوولاتییه‌کی گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چ بمێنێته‌وه. به‌ڵام کاتێك که پڕۆلیتاریا ڕاده‌په‌ڕێت و په‌لاماری سه‌روه‌ری بۆرژواکان ده‌دا و ده‌وڵه‌ت وردوخاش ده‌کات و خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و کاریکرێگرته هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و کۆمه‌ڵگه سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادانه بڕیاردان و پێکهاتن ڕێکده‌خاته‌وه و به‌مجۆره ده‌سه‌لاتی رامیاری ده‌ڕوخێنێت و بنه‌ما ئابورییه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕپا ده‌کات، ئیتر پڕۆلیتاریا نییه. خودی «کارڵ مارکس»یش دان به‌ودا ده‌نێت، که پڕۆلیتاریا به له‌ناوبردنی خۆی، چه‌وسێنه‌رانی له‌ناو ده‌بات. کاتێك که پڕۆلیتاریا شۆڕش بۆ له‌ناوبردنی خۆی بکات و خۆی له‌ناو به‌رێت، ئیدی چۆن ده‌بێته سه‌روه‌ر و چۆن وه‌ك چین (پڕۆلیتاریا) - پڕۆلیتار به تاکی ئه‌و چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییانه ده‌وترێت، که بۆ زیندوومانه‌وه‌یان کاری جه‌سته‌یی و بیری خۆیان دفرؤشن*- ده‌مینێته‌وه؟ کاتێك که پڕۆلیتاریا فرۆشه‌ری هێزی کاری و کۆیله‌ی سه‌روه‌ران نه‌بیت، ئیتر له کوێ به پرۆلیتاری ده‌مێنێته‌وه؛ یا ئه‌وه‌تا له سایه‌تی ئه‌و دیکتاتۆریه‌ی ئه‌وان باسی لێوه ده‌که‌ن، پڕۆلیتاریا هه‌ر فرۆشه‌ری هێزی کاره و که‌سانێکی تر سه‌روه‌ری ده‌که‌ن یا بوونی نامێنێت؟!
کاتێك که شۆرشی پڕۆلیتاریا هه‌وڵێك بێت بۆ له‌ناوبردنی سه‌روه‌ری چینایه‌تی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و کاری کرێگرته، که‌واته سه‌رکه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه، ده‌کاته کۆتایی بوونی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که بوونیان به بوونی پایه و بنه‌ما چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه به‌ستراوه! کاتێك که ئه‌م خوازراوه هاتبیته دی و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی گۆڕابێت به هاوبه‌شی سۆشیالیستی و هه‌ره‌وه‌زی و پێکهاتنی ئازادانه جێگه‌ی کاری کرێگرته‌ی گرتبێته‌وه، کاری زۆره‌ملێ و دابه‌شکاری بۆرژوازییانه هه‌ڵوه‌شابێته‌وه و کار و دابه‌شکاری به‌رهه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای "هه‌رکه‌س به‌پێی توانا و هه‌رچه‌ند به‌پێی پێوسیت"، که‌سه‌کان له کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شداری بکه‌ن و له‌به‌روبوومی کۆمه‌ڵگه به‌هره‌مه‌ند بن، ئیتر بوونی پڕۆلیتاریا، که بوونی، واتای بوونی سه‌روه‌ره‌که‌ی ده‌گه‌یێنێت، له کوێدا ده‌مێنێته‌وه و پێداویستییه‌کانی مانه‌وه‌ی کامانه‌ن؟ قسه‌کردن له دیکتاتۆری و پاشگرکردنی پڕۆلیتاریا بۆ خه‌ونه‌کانی ورده بۆرژوازی، ته‌نیا له لێکدانه‌وه‌ی لنگه‌وقوچی ڕابه‌رانی پارتدا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه، که ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییه‌وه وێنای دونیایه‌کی ناچینایه‌تی بکه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ون و حه‌زه‌کانیان وه‌ك ورده‌بۆرژوازی نارازی ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ته‌نیا له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و کایه‌کانی سه‌روه‌ریدا زیندوویه‌تی خۆیان ده‌پارێزن! چونکه ئه‌وان پێیان وایه، پڕۆلیتاریا توانای بیرکردنه‌وه‌ی نییه و بۆ خۆڕزگارکردنی، پێویستی به ڕابه‌رانێکی رامیار ده‌بێت، که ئه‌نجامدانی وه‌ها ئه‌رکێکیش ته‌نیا له شان و شه‌وکه‌تی شوانه پارتییه‌کان ده‌وه‌شێته‌وه!
به‌و پێیه‌ی که ئه‌زموونه‌کانی خه‌بات بۆی ڕوونکردبینهوه، له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی سۆشیالیستیدا، چینێك وه‌ك پڕۆلیتاریای چه‌وساوه له ئارادا نامێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌مهێنه‌ران و کارگه‌رانی کۆمه‌ڵگه - مه‌به‌ست له هه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ر و کارگه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه- ده‌بنه خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و بڕیار و جێبه‌جێکردن ده‌که‌وێته ده‌ستی خۆیان و به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاریش ده‌بێته ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی ئاماده بۆ کار و هه‌روا به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردان و دابه‌شکردن و جێبه‌جێکردنیش ده‌بێته ئه‌ركی هه‌مووان. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاوادا ڕێوشوێنی شوانه رامیاره‌کان و هۆشی سه‌روو خه‌ڵکی و پێشڕه‌و نامێنێت و به‌رهه‌مهێنان، دابه‌شکردن، بڕیاردان و جێبه‌جێکردن ده‌بنه به‌شێك له ژیانی ئاسایی ڕۆژانه‌ی تاکه ئازاده‌کان. ئاخۆ ئیتر له وه‌ها بارێک‌دا پڕۆلیتاریای خه‌یاڵکردی ده‌سه‌لاتخوازه‌کان بڕیاره به‌سه‌ر کێدا سه‌روه‌ری بکات و له کاتێکدا که تاکه ئازاده‌کان له بڕیاردان و جێبه‌جێکردندا به‌شدار بن، ئیتر دیکته بۆ کێ پێویسته بکرێت؟ چینێك که له‌ناو بچێت، چۆن ده‌توانێت دووباره له‌به‌رگی چینی سه‌روه‌ردا ده‌رکه‌وێته‌وه و چۆن چه‌وساوه‌ی له‌نێوچوو ده‌بێته چه‌وسێنه‌ری دووباره له دایك بوو؟ یا ئه‌وه‌تا پڕۆلیتاریا وه‌ك خۆی (چینی چه‌وساوه) ده‌مێنێته‌وه و که‌مایه‌تییه‌کی خۆڕێکخستوو له‌به‌رگی ئه‌ودا ده‌بنه سه‌روه‌ری تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو؟!
06ی دێسه‌مبه‌ری 2008
|