| 
			٣٠\٨\٢٠١٠ 
			کێ گوێ لە ڕازى 
			ئەم کچە خوێندکارە دهگرێ! 
			
			 هیوا رەش
 
			دواى لێ تێکچوونى تەواوى ڕۆژانى پشووى هاوین ، هەرچەندە لەبەر ئەوەى بۆ 
			خۆ ئامادە کردن لەوانەیەکدا ، خوێندنى لە لاى مامۆستایەک بۆ مەیسەر 
			نەبوو ، چونکە تواناى دابین کردنى ( 000 750 - حەوتسەد و پەنجا هەزار ) 
			دینارى نەبوو بیکات بە قوڕگى مامۆستایەکى بازرگاندا ! بۆیە هەرچى 
			تواناى هەبوو خستییە کار بۆ ئەوەى نمرەیەکى باش بهێنێت .
 
			24 8 2010 بوو ، شوێن ، قوتابخانەى ( ئەکرەمى قەزاز ) ى گەڕەکى ( 
			بەختیارى تازە ) ى شارى سلێمانى ، کاتیش نزیکەى نیو کاتژمێر زیاتر 
			بەسەر دەست پێکردنى تاقیکردنەوەدا تێپەڕ ببوو ، لە هۆڵەکەدا خوێندکاران 
			بە پەرۆش و دڵەڕاوکێ و ترس و لەش داهێزران و بە دەم ئایەتول کورسى 
			خوێندنەوەوە ، خۆیان دابووەە سەر دەفتەرەکانى سەر مێزەکانى بەردەمیان ، 
			شەڕى مان و نەمانى چارەنووسى چەند ساڵەى خوێندنیان ئەکرد ، 
			تاقیکردنەوەى خولى دووەمى وانەى ( کیمیا ) ى شەشى زانستى تەواوى 
			خوێندکارانى پەشۆکاندبوو ، لە ناکاوێکدا بە سەرى پەنجە لە دەرگاى 
			پۆلەکە درا ، گشت خوێنکارەکان سەریان هەڵبڕى ، دوو ( حیمایە ) لە بەر 
			دەرگاکە چەقیان بەست ، کچە خوێندکارێکى پۆشتە و پەرداخ و بێباک وەژوور 
			کەوت ، کەس نەیئەزانى کچە مەسئولە یان دەنکیەتى ، ژنە مەسئولە یان نیاز 
			وایە بکرێت بە ژنى کوڕە مەسئولێک ، کەس بۆى نەبوو لە نیگاى سەرسامیى پڕ 
			لە پرسیارى نهێنى بەولاوە هیچ پرسیارێکى تر بکات ! هاتنە ژوورەوەى ئەو 
			کچە زریزەى خەیاڵ و بیرکردنەوەى ئامادەبووانى لێک ترازاند .
 
			مامۆستاى چاودێرى هۆڵ ، زۆر غەمخۆرانە ئاماژەى بۆ میوانى درەنگ وەخت 
			کرد بچێت لە دواوە دانیشێت ! بەستەزمانە لەوە ئەچوو ناچار کرابێت 
			نەجابەت بنوێنێت ، بۆیە بێبەربەست و بە ئەدەبەوە لە حزورى کچە 
			خوێندکارە خواپێداوەکەیا ، هێمن و لە سەرخۆ فەرمووى : دەفتەرت پێیە ؟ 
			ئەویش وتى : بەڵێ . دیار بوو پیرە دەفتەر بە (پرسیار و وەڵام ) ەوە 
			لەگەڵ خاوەنەکەیا هاتبووە ژوورەوە .
 
			ئەمە گێڕانەوەى کچە خوێندکار ( ؟ _ ؟ _ ؟ _ ؟ ) ە ، کاریگەریى ئەو 
			ڕووداوە هێندە ئاسەوارى بە سەریەوە جێهێشتبوو حەپەسابوو ، نەیئەزانى 
			چاک یان خراپ وەڵامى داوەتەوە ، ئەو کچە تازە هەڵچووەى بە ئومێدەوە لە 
			ئاییندەى ئەڕوانى ئێستا نەفرەت لە دنیاى ناعەدالەتى و نایەکسانى ئەکات 
			، ئێستا بە گومانەوە لە پیرۆزیى کار و ئەرکى وەزارەتى پەروەردە ئەڕوانێ 
			! هەنووکە گاڵتە بە ڕێکخراوەکانى یەکێتى قوتابیان و کۆمەڵەى 
			خوێندکارانى یەکێتى و پارتى ( دوو حزبە دەسەڵاتدار ) ەکە ئەکات ، 
			باوەڕیشى بەوە نەماوە بەو شێوەیە مافەکانیان پارێزراو بێت ، بێهیواش 
			بووە لەوەى کەسێک هەبێت گوێ بۆ سکاڵاى شل بکات ، ئێستا دەستە و دوعایە 
			و ڕوو لە خوا ئەپاڕێتەوە پەروەردە لەوە خراپترى بەسەر نەیات !
 
			هێندەم لە دەست هات دڵى بدەمەوە ، پێم ووت : ئەو شتانەى من ئەیبینم بەم 
			دوو چاوە ، مەینەتییەکى سووکە ئەمەى بە لاوە ، جاش و جاسوس و ئەنفالچى 
			دەسەڵاتدارە ، بە پێشمەرگەى کەمئەندام ئەڵێن : بڕۆ بەولاوە !
 
 وێنەیەک بۆ بەڕێزان :
 1 – د ، بەرهەم ساڵح سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ، ئەستەمە هەر 
			بیشیخوێنێتەوە .
 2 – وەزیرى پەروەردە ، لەوانەیە پێى قەڵس و بێزار بێت .
 3 – پەروەردەى سلێمانى ، بێگومان حاشاى لێ ئەکات .
 4 – کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستان و یەکێتى قوتابیانى کوردستان ، پێم 
			وایە پێشتر لەوە ئەپێچنەوە کە ئەو خانمەیان سەر بە کامیانە و عائیدى چ 
			بەرپرسێکیانە .
 5 – مافى مرۆڤى کوردستان ، ئەگەر خوێندکار و قوتابى بە مرۆڤ بزانن .
 
			ماڵپهڕی 
			
			هیوا رهش
  
 
			  
			  |