٣٠\٨\٢٠١٣
کێ هه‌یه ئاوات
بۆ پێش ٣١ی ئاب بخوازێ؟!

عادل
وه‌ڵام ئه‌وه‌یه؛ مه‌گه‌ر خوازیارانی شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌وانه‌ی گیانی
یه‌کتر قبووڵکردن له فه‌رهه‌نگیان دا نییە. هه‌ر چۆنێکی هه‌ڵسه‌نگێنی؛
به هه‌ڵه‌ی سیاسی ناو ببرێ، یان به جاشایه‌تی وه‌یان به خیانه‌ت
و...هتد، به‌ڵام دوای ئه‌و پرۆسه‌یه ئاشتی سه‌پێنرا به‌سه‌ر هه‌ردوو
زلهێزه شه‌ڕکه‌ره‌که‌دا. ئیتر وه‌ڵام روونه. خۆزگە هه‌ڵه سیاسییەکانی
تریشیان ئاوها ئاشتی به‌دوادا بهاتایه.
هه‌رچه‌نده بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ٣١ی ئابی وه‌ک ئه‌فیون به‌کارهێناوه
بۆ دریژه‌پێدانی شه‌ڕی بانگەشەکاریی له دژی بنه‌ماڵه‌یی بوونی
سه‌رکرایه‌تی پارتی و ناونانی به جاشایه‌تی - له وەڵامی ئه‌وه‌شدا
ساڵی پار سه‌رۆکی هه‌رێم، بانگەشەکەرانی به بێ ره‌وشت ناوبرد.
مه‌لا به‌ختیاریش ساڵی پار له گازنده‌ی له یەکێتیه‌که‌ی دەیگوت
ده‌بووایه به‌رگرییمان بکردایه! ئاخر به‌رگریی له چی، له کاتێکدا
ئه‌وه پلانێکی زلهێزانی ئەمەریکا و رۆژاوا بوو، پارتی وه‌ک هاو
سوێندیان ملی دابوو به‌پلانه‌که‌یان.
سه‌رنجی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه که نه‌ده‌بێ گۆڕان خۆی سه‌رقاڵی
ده‌رخواردانی هه‌وادارانی بکا به‌و تلیاکه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ
نه ده‌بووایه سه‌رۆکی هه‌رێمیش ئه‌و جۆره له وه‌ڵامی هه‌بووایه،
ده‌یتوانی راستی پرۆسه‌که وه‌ک روویداوه باسبکردایه، که چۆن و بۆچی
ئه‌وه روویداوه. مه‌لا به‌ختیاریش که‌م شاره‌زا نییە له
خوێندنه‌وه‌ی هاوکێشه‌ی زلهێزه‌کان له ناوچه‌که‌دا، ئیتر گله‌یی بۆ
ده‌کا له یەکێتیه‌که‌ی - ئایا ئه‌ویش بڕیاربه‌ده‌ست نه‌بوو بۆیه
نه‌یتوانی؟
سه‌رانی کورد، هه‌ڵه‌ی سیاسیی زۆریان هه‌بووه و هه‌یه و ده‌شبێ،
به‌ڵام له هه‌مووی گورچکبڕتر هه‌ڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیه.
جیابوونه‌وه‌ی سیاسیی، ناکۆکیی بیروڕا، هه‌ڵکشان و داچوون، راسته
سستیی ده‌داته بزووتنه‌وه‌که، به‌ڵام ده‌کرێ، توانای هه‌ڵسانه‌وه
له ده‌ست نه‌دا، جا به هه‌ر شێوازێک بێ. به‌ڵام شه‌ری ناوخۆ، نه‌ک
هه‌ر بڕست و توانا له گه‌ل دەبڕێ، به‌ڵکو بڕواشی به دۆزه‌که‌ی له‌ق
ده‌کا. واته بێ باوەڕیی به دۆزی گه‌ل ده‌بێته شه‌خته‌یه‌ک که
توانه‌وه‌ی مه‌حاڵ ده‌بێ. هه‌روه‌ها ته‌باییش ده‌کاته تۆزی ناو دڕک.
ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم نه پاساودانه‌وه نه به به‌رز و راست راگرتنی
پارتییە. به‌ڵکو تیشک خستنه‌سه‌ر چۆنیه‌تی روودانی ئه‌و
وه‌رچه‌رخانه‌یه له رووی هاوسەنگکردنی هێز و ناوچه‌کانی پارتی و
یەکێتی و سه‌پاندنی ئاگربه‌ست به‌سه‌ر هه‌ردوو حیزب‌دا.
هه‌مووان ده‌زانین پارتی و یەکێتی له شه‌ڕێکی خۆکوژیی و براکوژییدا
بوون، هه‌زاره‌ها که‌سیان ده‌ربه‌ده‌ری ده‌ستی ئه‌و شه‌ڕه کردبوو، چ
له ناوخۆ چ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سه‌ره‌رای کوژراو و برینداران و بێ
سه‌روشوێنان (کاک نه‌وشیروان ده‌بووایه له رازینه‌بوون به
به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوخۆ وازی له یەکێتی بهێنایه گه‌ر گۆڕانکاریی
ده‌ویست - نه‌ک وه‌ک ئه‌مرۆشی که به بۆنی بای شه‌ڕی ناوخۆ سوکنایی دێ
- پارتی و یەکێتی و به‌ڕێزیشتان چ ده‌خۆن و چ ده‌به‌ن ببه‌ن به‌س شه‌ری
ناوخۆ مه‌گه‌شێننه‌وه تکایه)، ئه‌وه بارگرانیی و نه‌بوونی بژێوی
سه‌ره‌تایی ژیان بۆ خه‌ڵکه‌که ئه‌وه‌نده‌یتر کاره‌ساتی باراندبوو
به‌سه‌رماندا. خه‌ڵکی کوردستان بڕ‌ستی تێدا نه‌مابوو، تا راده‌یه‌ک
هاتبوونه سه‌ر ئه‌وه‌ی که په‌شیمان بن له‌و راپه‌ڕینه‌ری که
کردبوویان. رۆژانه چرکە بە چرکە مەرگه‌سات ده‌باری. کار گه‌یشتبووه
ئه‌وه‌ی ئه‌و دووحیزبه زلهێزه‌ش چه‌کداره‌کانیان توانای شه‌ڕکردنیان
نه‌مابوو، بۆیه سه‌رانی ئه‌و دوو حیزبه بێ شه‌رمانه په‌نایان بۆ
ئێران و تورکیا ده‌برد، ئه‌وه‌ش تراژیدیای مه‌رگه‌ساته مێژوویه‌کانی
چه‌ندباره ده‌کرده‌وه. ئه‌و دوو هێزه به نیازی ئه‌وه بوون
یه‌کێکیان ده‌بێ یه‌کێکیان له بن بهێنێ، به‌ڵام ئه نجامدانی وه‌ک
حه‌کایه‌تی مێشی لێهاتبوو. له‌ولاشه‌وه، هێزه نێو ده‌وڵه‌تییەکان
سه‌رقاڵی دۆسیەی عێراق و سه‌دام بوون. کاتێک گه‌یشتنه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که
ده‌بێ حیسابێک بۆ شه‌ڕی نێوان پارتی و یەکێتی بکه‌ن، لە پێناو
به‌رژه‌وه‌ندییە‌کانی نێودەوڵەتیی خۆیان له سه‌روو هه‌موویانه‌وه
ئەمەریکا و به‌ریتانیا، چوونکه شه‌ڕه‌که له شه‌ڕی پارتی و یەکێتی
ده‌رچووبوو، به‌ڵکو ناوچه‌که ببووە جێگەی ململانێی پێگەی تورکیا و
ئێران. ئه‌وه‌ش هاوکێشه‌یه‌کی پڕ له لاسه‌نگیی بوو و چیتر قبووڵ
نه‌ده‌کرا به ئەمەریکا و رۆژاوا. باشترین هۆ و ئامرازی شەرعیی
نێودەوڵەتیی بۆ ده‌ستی ئەمەریکا، ئه‌وه به‌کارهێنانی سه‌دام بوو بۆ
پاڵپێوه‌نانی پێگەی ئێران که به حیساب هاریکاریی یەکێتی ده‌کرد،
له‌ولاشه‌وه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تورکیا وه‌ک جڵه‌وگرتنی ئه‌سپێکی ده‌ستی
خۆیانه. تا ئه‌و کاته‌ش هێشتا به‌غدا ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعیی نێودەوڵەتیی
مابوو له پاراستنی سه‌رزه‌مینی عێراق له هێزی ده‌رەکیی بێگانه‌یی به
تایبه‌ت وه‌ک ئێران که رۆژاوا خۆشی پێ نایه.
به کورتیی به‌رنامه‌رێژیی ئەمەریکا و رۆژاو بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆسیەی
عێراق وه‌های ده‌خواست، که کارێک بکه‌ن، هه‌م ناوچه‌که ئارام
بکه‌نه‌وه، که ناوچه و ده‌روازه‌یه بۆ به‌کارهێنانی له دژی
به‌غدا، بۆ مه‌به‌ستی پلانه‌کانیان و هه‌م به‌ر له ته‌راتینی
هێزه‌کانی ئێران بگرن. بۆ ئه‌مه‌ش پێکهێنانی ته‌بایی ناو پارتی و
یەکێتی وه‌ک پێویست، هێنابوویانه پێشه‌وه، چونکه هه‌ر ئه‌و دووهێزه
وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ راگرتنی هاوسەنگیی عێراقی دوای سه‌دام له
لایان به‌رجه‌سته ببوو.
بۆیه له سایه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییە تووند و له‌مێژینه‌ی پارتی
له‌گه‌ڵ ئەمەریکا و رۆژاوا و له روانگه‌ی پێگەی پارتی له ناوچه‌ی
نزیک له هێزه‌کانی به‌غدا و گوێڕایه‌ڵی پارتی بۆ فرمانەکانی ئەمەریکا
وای کرد که ئەمەریکا به ئاسانیی بتوانێ پیاده‌ی پلانه‌که‌ی بکا بۆ
راماڵینی ئێران نه‌ک یەکێتی - چونکه دواتر دوای ئه‌وه‌ی دڵنیایی
ئه‌وه‌یان وه‌رگرت ئه‌مریکییه‌کان که یەکێتی تا راده‌یه‌ک له ئێران
خۆی دابڕاندوه ئه‌وسا پاشه‌کشه‌یان به هێزه‌کانی پارتیش کرد له
ناوچه زۆر سەر یەکێتی. بۆیه به‌و جۆره توانرا ئه‌و دوو هێزه
ناحاڵیه بهێنرێنه سه‌ر مێزی دانوستان و یه‌کتر قبووڵکردن، نه‌ک
له‌به‌ر خاتری چاره‌نووسی کورد ئه‌وه‌یان ئه‌نجام دا به‌ڵکو له
ناچاریی و له‌ترسی له‌ناوچوونی یه‌کجاره‌کیان و به‌تایبه‌تییش که
کۆمه‌ڵێک پۆستیشیان له ئاستی عێراق و هه‌رێمه‌که‌ی کوردستان به بێ سێ
و دوو وه‌رگرت. که بۆ باشتر راگرتنی ئه‌و ئاشتییه رێکه‌وتنی
ستراتیژیی بۆ واژۆ کرا - واته راگرتنی شەڕ و سه‌پاندنی ته‌بایی.
بۆیه له‌به‌ر رۆشنایی خوێندنه‌وه‌ی هاوکێشه و ویسته‌کانی ئەمەریکا
ئه‌وه سه‌پێنرا نه‌ک به حیکمه‌تی پارتی و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی یان
به‌وه‌ی گوایه پارتی جاشایه‌تی کردوه.. جاشایه‌تی که‌ی واتای هه‌یه
بۆ هه‌فته و دوو هه‌فته.. که‌ی له توانای پارتی و
سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی دایه هێزێکی وه‌ک سه‌دام بهێننه‌وه ناوچه‌که و
ده‌ریشیان بکاته‌وه به بێ ته‌قه! ئێمه‌گه‌ر خۆمان گێل نه‌که‌ین
تێگه‌یشتووین له واتای جاشایه‌تی که هه‌ر یه‌ک له سه‌رانی پارتی و
یەکێتی بۆ ساڵانێکی زۆر ئه‌نجامیان داوه.
په‌یامی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه با ئیتر به‌س به دروشمی بێ ناوه‌رۆک
خۆمان فریوی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب بده‌ین. گرنگ ئه‌وه‌یه دوای ئه‌و
وه‌رچه‌رخاندنه ته‌بایی سه‌پینراو شه‌ڕ راگیرا ئه‌مه‌ش له
به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه‌ی گه‌له‌که‌مانه.
له ٣١ی ئاب دا هێزێکی دوژمن خرایه خزمه‌تی هێزێکی تا راده‌یه‌ک
شکست‌خواردووی شه‌ڕی ناوخۆ، که ئه‌وه‌ش نه‌ک درێژه‌ی دا به شه‌ڕی
ناوخۆ، به‌ڵکو شه‌ڕی ناوخۆی گه‌ر بنهبڕیش نه‌کردبێ، ئه‌وه رایگرت و
ته‌بایی ده‌ستپێکرد.
ئه‌مرۆ پێویستمان به تاودانی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه نه‌ک گه‌ڕان
به دوای گه‌شانه‌وه‌ی پشکۆی شه‌ڕدا.
من پێم وایه‌و باوه‌ڕیشم هه‌ر وه‌هایه سه‌رکردایه‌تی ئه‌و دوو حیزبه
زلهێزه و به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌ڕه‌کانیان، به وه‌ستاندنی ئه‌و شه‌ڕه
ناوخۆیه، بۆیان وه‌ک خواردنه‌وه‌ی په‌رداخه ژه‌هرێک وابوو، که
خومه‌ینی له پێناخۆشییدا بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ، گوتی وه‌ک ئه‌وه وایه
که په‌رداخێک ژه‌هر بخۆمه‌وه. ئه‌بێ چۆن مرۆڤێک بووبێ، به
وه‌ستاندنی شه‌ڕێکی ماڵکاولکه‌ری نێوان دوو وڵات، بۆ ماوه‌ی پتر له ٨
ساڵ، رۆژانه هه‌زاران که‌س تێداده‌چوو یان له به‌ره‌کانی شه‌ڕ یان
له ناو ماڵ و شوێنی کار و مه‌زرای خۆیاندا. دیاره ئه‌وه به راستیی
ئه‌ژده‌هاک بووه، که دیار بوو به رشتنی خوێنی مرۆڤه‌کان ده‌ژیا، بۆیه
دوای شه‌ڕ زوو تێچوو.
پرسیار لێره‌دایه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له دوای وه‌ستاندنی ئه‌و شه‌ڕه،
پرۆسه کاولکاریی و ژینۆسایدی کوردان ده‌ستیپێکرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
بڕواناکه‌م که‌س خۆزگه به پێش وه‌ستاندنی شه‌ڕه‌که بخوازێ کە له
٨\٨\١٩٨٨ دا کۆتایی هات، چونکه، وه‌ک ئه‌وه وایه ده‌که‌وینه
چاوه‌ڕوانیی روودانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه مه‌رگه‌ستبارانە.
مێژووی مرۆڤایه‌تی سه‌لماندوویه‌تی ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنانه‌ی که
ئاگربه‌ستی به دوادا دێ، زۆر باشتره له‌وانه‌ی ئاگری شه‌ڕی لێوه
ده‌ست پێده‌کا. ئه‌وه‌ش شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته.
ya_sh@rocketmail.com
|