په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کەیسى عادل حسێن،

هێمایە بۆ برەودان بە کلتوورى کۆنەپەرستیی لە کۆمەڵگادا.


بەشدار عه‌لی  


دکتۆر عادل حسێن لە چوارچێوەى ووتارێکدا بە پشت بەستن بە چەند بەڵگەیەکى زانستى بیروڕاى خۆى لەسەر حاڵەتێکى سێکس دەبڕیوە کە ئەمەش سەرەتاترین مافى هەر کەسێکە،بەڵام کاتێک دکتۆر و رۆژنامەنووسێک تەنها لەسەر باس کردنى حاڵەتێکى سێکسى لایەن دەسەڵاتەوە زیندانیدەکرێت جێگاى هەڵوێستە لەسەر کردنە و خوێندنەوەیەکى ترى هەیە و پەیامێکیشە بۆ هەر تاکێک لە ئێمە کە دەسەڵات دەیەوێت بۆ هەمیشە کۆمەڵگا لەم حاڵەتە ناتەندورستە و نا ئاساییە بهێڵێتەوە و شەرم و ترس و نەفامى و نەزانى بەشێک بێت لە ژیانى تاکەکان،دەسەڵاتى سیاسى راستەوخۆ لە رێگاى چەندین کەیسى ترەوە پێمان دەڵێت کە رەخنە گرتن و نارازى و بوون لە دەسەڵات و حکومەت هێڵى سوورە و کارکردن لەسەر ئەم هێڵە مەترسیدارە،زیندانیکردنى دکتۆر عادلیش پەیامێکى ناراستەوخۆیە بۆ هەموو ئەو کەسانەى عەوداڵى ئاشکراکردنى شتە پەنهان و نهێنیەکانى ئینسانەکانن و دەیانەوێت مرۆڤ چاوکراوە و شارەزا بێت لە تەواوى شتە زاتیەکانى بەشەر و ناکرێت قسە لەسەر هەموو شتێک بکرێت!

کەیسى عادل حسێن جارێکى تر پێمان دەڵێت،سەرەتاترین ماف و ئازادییەکانى تاک و ساکارترین ماناى رادەربڕین لەژێر پرسیارادایە،تەنانەت لێپرسینەوە و زیندانى و کوشتنیشى بەدواوەیە،چوارچێوەیەک بۆ هەموو لایەنەکانى ژیان کێشراوە و دەرچوون لەم چوارچێوەیە چارەنوسێکى باش چاوەڕوانت ناکات،ئەو هەڵوێستەى دەسەڵاتى سیاسى بەرامبەر ووتارێکى دکتۆر عادل،هێمایەکە و پێمان دەڵێت هەموو لایەنەکانى ژیانى تاکەکان مۆنۆپۆل کراوە،هێمایەکە و نیشانمان ئەدات کە دەیانەوێت بۆ هەتایە کۆمەڵگا لەنێو نەفامى و نەزانى و نەخۆشى و دواکەوتوویى بهێڵنەوە،پێمان دەڵێت کە لەم مەملەکەتە ئەوەى حیسابى بۆ نەکرێت یاسا و دەستوورە(چونکە چەند مانگێکە پەرلەمان یاساى چاپەمەنى پەسەند کردوە و بە هەموو شێوەیەک رێگا لە زیندانیکردنى رۆژنامەنوسان دەگرێ).

رۆژانە لە دامودەزگاکانى راگەیاندن و مینبەرى تەکیە و خانەقا و مزگەوتەکان،جۆرەها بیروباوەڕ و قتوا پەخش و بڵاودەکرێتەوە،هەست و نەستى هەزارەها کەس بریندار دەکەن و ترس و دڵەراوکێ و چیرۆکى خەیاڵى دەرخواردى مناڵان و تازە لاوان دەدەن،زۆرترین سامانى ئەو وڵاتە بۆ کارى حیزبى و ئاینى سەرف دەکرێ کە جگە لە دەرد و بەڵا و موسیبەت هیچیترى بۆ خەڵک نیە،کەسیش بۆى نیە پێیان بڵێت لەبان چاوتان جووتێک برۆ هەیە،بەڵام لەبەرامبەر ووتار و لێکۆڵینەوەیەکى زانستى و رەخنەو نارەزایەتیەکى خەڵک ژوورى ئینفیرادى و زیندان و گۆرستان بە خەڵک نیشان ئەدەن،ئاخر ئەمە جگە لە گەڕاندنەوەى کۆمەڵگا بۆ سەدە تاریکەکان و هێشتنەوە و زاڵکردنى فەرهەنگى دواکەوتوانە،چیترە؟!

عادل حسێن ئاسایشى کەسى نەخستۆتە مەترسیەوە و سیخوریشى بۆ هیچ وڵاتێک نەکردوە،زۆرن ئەو کەسانەى مەترسین بۆ سەر خەڵک و لە هەموو هەڵسوکەتى تاکەکان و کارە تایبەتیەکانیان تداخل دەکەن و ئازادییەکانى تاک و کۆمەڵگا دەخەنە ژێر پرسیارەوە ،نەک هەر پێشیان پێناگیرێت بەڵکو هاوکاریش دەکرێن،ئەو کەسانە دەبێت دادگاى و زیندانى بکرێن کە گەڵاى رق و توڕەبوون و کوستن و بڕین و سڕینەوەى بەرامبەرەکانیان لە نێو هزرى تاکەکان سەوز دەکەن،ئەوانە دەبێت دادگاى بکرێن لەگەڵ کۆنەپەرستان دەچنە ناو هاوپەیمانى و چارەنووسى خەڵک دەخەنە مەترسییەوە و ژیانیان لێڵ دەکەن،تاوانبارى راستەقینە ئەو کەسانەن کە سامانى خەڵک بە تاڵان دەبەن و ژیانى شاهانە بۆخۆیان پێک دەهێنن و مناڵان و گەنجان و کەمئەندامان و پیر و پەکەوتەکانى ئەو مەملەکەتە برسى دەکەن.

شورەییە بۆ دەسەڵاتێک کە ئیدعاى ئازادى بێسنور و دیموکراسى و مافى مرۆڤ بکات و کەسانێکیش لەسەر دەربڕینى بیروباورەکانیان بیانخاتە زیندانەوە،لاى هەموو کەسێکیش رۆشنە کردەوە و هەڵوێستى لەم شێوەیە تەنها لە دەسەڵاتە دکتاتۆر و تۆتالیەکانى دونیا جێگاى دەبێتەوە.