کەژاڵ ئیبراهیم
ژنێکی بێدەنگ، بەڵام پڕ لە هاوار.
جەواد حەیدەری
خوێنەوەیەکی کورت بۆ دیوانی شیعری'' بە پێنووسی
ژنێک ''ی خاتوو کەژاڵ ئیبراهیم خدر.
رابێرت
گریوز دەڵێت :"شیعر هونەر نییە بەڵکو جۆرێکە لە بیرکرنەوە".
شیعر ئەو جیهانەیە کە شاعیر بۆ خۆی دەیخولقێنێت و جیایە لەو جیهانەی کە
تێدا دەژی ، بە واتایەکی شاعیر لە دوو جیهاندا دەژی یەکێکیان جیهانی
شیعرە و ئەوی تر جیهانی سروشتییە کە هەموومان تێدا دەژین.
هەر بۆیە مرۆڤ چ پیاو بێت و چ ژن ، لە روانگەی خۆیەوە سەیری جیهان و
دیاردەکانی سرۆشت و ژیان دەکات و هەر کام بە زمانی خۆیان دەنووسن بەڵام
بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زیاتر پیاو سالارە زۆرجار
نووسینەکان چ لە بواری زمانی و چ لە بواری دارشتن و بیر کردنەوە
لیکدەچن و بۆ جیاکردنەوەیە پێویستی بە وردبینییەکی زۆر هەیە و لێرەدایە
زمانی پیاو و زمانی ژن دەردەکەوێت.
گرنگترین هۆکاری ناسینەوەی شیعری ژنان لە شیعری پیاوان لە شێوەی
بیرکردنەوە و ئەندێشە و روانین و دەربڕین ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت .
بە رای من ژنانی شاعیر سێ دەستەن ، دەستەیەکیان تەنها بە زمانی پیاوان
دەنووسن دەستەیەکی تر هەیە کە هەم بە زمانی ژنانە دەنووسن و هەم بە
زمانی پیاوانە و دەستەیەکی تر هەن کە تەنها بە زمانی ژنانە دەنووسن کە
خاتوو کەژاڵ ئبیراهیم خدر یەکێکە لەوان.
فرووغ -ی فەرۆخزاد شاعیری بەناوبانگی ئێرانی سەبارەت بە شاعیر دەڵێت:
شاعیربوون یانی مرۆڤ بوون ، شاعیر بەرلەوەی کە نێر بێت یان مێ بێت
مرۆڤە و خاوەنی ئازاری هاوبەشە، و هەر کامیان ئازاری تایبەت بە خۆیان
هەیە.
من بەش بەحاڵی خۆم لە هەندێک ڕووەوە ئەزموونی شیعر و شێوەی روانینی
خاتوو کەژاڵ وەک ئەزموونی فروغ فەرۆخزاد دەبینم ، هەر چەند من لە گەڵ
بەراوردکردن نیم بەڵام سەرەرای جیاوازی زمان و شێوەی دەربڕین ،
هەردووکیان بە دەست داب و نەریتی کۆمەڵگا و شێوەی پەروەردە و شێوەی
روانین بۆ ژنان و ... هتد دەناڵن و خاوەنی دەرد و ئازار و ژانی هاوبەشن
.
خاتوو کەژاڵ لە دیوانی بە پێنووسی ژنێکدا زۆر بە جوانی و پاراویی بە
زمانێکی تەواو ژنانە بە بێ گرێ و گۆڵ باس لە ژیان ، دایک ، گریان،
لێبوردن، ماف، پلەی ژن ، ، پیاو ، نیشتمان ، خۆشەویستی و زۆر بابەتی تر
دەکات.
خاتوو کەژاڵ لە بیر و ئەندێشەی دا زۆر پاراو سەربەخۆ و بوێرە و خاوەنی
کۆمەڵێک ئەزموونە کە بەرهەمی ژیانی رۆژانەی خۆیەتی .
شاعیر لە شیعرەکانی دا سەرەتا بە دوای عەشق و دۆزینەوەی خۆیدا دەگرێت و
هەوڵ دەدات و پیناسەیەکی تر بۆ عەشق و بۆ ژیان بدۆزێتەوە هەر وەک لە
شیعرێکدا ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت:
"من چیم دەوێ لە مەزیاتر
پێناسەیک بۆ خۆشەویستی بدۆزمەوە"ل 44
شاعیر ناهەقی نییە ئەگەر هەڵوەدای ئەوەی بێت چونکە لە کۆمەڵگای ئێمە
هەموو شت نرخ و بەهای خۆی هەیە جگە لە عەشق و خۆشەویستی نەبێت ،
سەیرکەن رۆژانە چەندین کچ و کوڕ و ژنی ئەم کۆمەڵگایە تەنها لە پێناو
خۆشەویستی دا دەکوژرێن و بە نائومێدی سەردەنێنەوە. کۆمەڵگای ئێمە عەشق
کوژە، ئاشق کوژە ، کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێ تەحەموولی خۆشەویستی بکات
هێشتا لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە نێوان عەشق و خۆشەویستی و رابواردن
جیاوازییەک نییە هەر بۆیە خاتوو کەژاڵ لە دوای پێناسە بۆ خۆشەویستی
دەگەڕێت.
شاعیر لەبەشێکی تری دیوانەکەی دا باس لە دایک دەکات و دەڵێت:
"کەس هێندەی دایکانی وڵاتەکەم
رقیان لە ماچ کردن نییە
چونکە بە درێژایی تەمەنیان فێرنەبوون
باوکەکان ماچیان بکەن" ل 24
لێرە پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە دایک لە کۆمەڵگای کوردەواریدا خۆی
قوربانییە و لە پاڵ ئەوەی کە قوربانییە، قوربانیش پەروەردە دەکات ،
دایک لە کۆمەڵگای ئێمە خۆی لە ناو خێزانێکی باوک سالار کە( پێم وایە
باوک لاسار باشترە بوترێت )گەورە بووە خۆی هیچ پەروەردەیەکی باشی
نەبووە و بەبەردەوامی لە ژێر هەڕەشەو گوڕەشەدابوو و سۆزی پینەدراوە و
بە بەردەوامی لە لایەن باوک و برا و مێردەوە چەوساوەتەوە ، کە وابوو
ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت کە دایکیکی میهرەبانی لێدەرچێت ، چونکە
کەسێک سۆزی نەبینی بێت ناتوانێت سۆز بنوێنێت، کچ و ژن لە کۆمەڵگای
ئیچمە بەشی تەنها گریانە، لە گریان و ترس و شەرم و هەست بە گوناه کردن
شتێکی تر نازانێت و جگە لە زمانی گریان لە زمانێکی تر ناگات و نامۆیە
بە پێکەنین و خۆشی ، خاتوو کەژاڵ لە شیعرێکدا لەبارەیەوە دەڵێت:
"فێری پێکەنیم مەکە
لەو رۆژەوەی بە گریان چاوم کردەوە
من بە تەنیا
لە زمانی گریان تێدەگەم "ل 55
کچ چ بکات لە کۆمەڵگایە کە هەموو ترس و درۆ و خیانەت و ناهەقی و غەدر و
عەشق کوژە، چ بکات کاتێک هەموو شوێنێکی کۆمەڵگا بۆ ئەو قەدەغەیە و مرۆڤ
لە وەها کۆمەڵگایەک ناژی ، شاعیر لە بەشێکی شیعرەکانیدا ئاماژە بە
کۆمەڵگاکەی دەکات و دەڵێت:
"نیشتمانەکەم
شەقامەکانی پڕن لە بۆنی ترس
دەستەکانی پڕن لە بۆنی خیانەت و
زمانەکانی پڕن لە درۆ
ئەم نیشتمانە ناو بێنم چی؟" ل 41
لێرەدایە شاعیر هەست دەکات کە بەراستی کۆمەڵگا هیچ بوارێکی بۆ ژنان
نەهێشتۆتەوە کە تێدا هەناسە بدەن و بژین ،هەر بۆیە زۆر جار لە
بەرنەبوونی خۆشەویستی و سۆز و ڕێز ژنان ناچارن پەنا بەرنە بەر
خوسوتاندن و خۆکوشتن و ماڵئاوایی لە ژیان بکەن بۆ نموونە شاعیر ئاماژە
بەوە دەکات دەڵێت:
"بە پاکیزەیی لە دایک بوون و
نەمانتوانی پاکێتی خۆمان بنووسینەوە
چاوێک نیە بۆ عەشق و
دڵێک نیە بۆ خۆشەویستی
ناچارین بەم خالکە بڵێن مالئاوا " ل 42
کچ لە کۆمەڵگای ئێمە هەر لەو کاتەی کە تەمەنی دەگات بە 9 یان 10 ساڵ
ئیتر لە هاو تەمەن و لە کوڕ جیا دەکرێتەوە و بە گوێیدا دەچرپێنن کە تۆ
کچی و دەبێت ئاگات لە خۆت و ناموس و شەرەفی خێزانەکەت بێت و هەموو کات
و ساتێک پێدەڵێن : کچم وا مەکە ، وا مەڵێ ، وا مەرۆ ، وە هەزاران وای
تر ، کچ بە بەردەوامی لە ژێر هەڕەشەدا ، ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا قوربانی
شەرم و ترسە و هەتا مردن مۆتەکەی شەرم و ترس بەسەریانەوەیە و وازیان
لێناهێنت.کچ نییە نەکەوتبێتە بەر هەڕەشەی پەنجەی دایکەوە هەر بۆیە
خاتوو کەژاڵ دەیەوێت زۆر ئازایانە ئەو پەنجەی هەڕەشەیە بشکێنێت ،هەروەک
خۆی لە شیعردا دەڵێت:
"بیرمە ئێستاش کە مناڵ بووم
دایکم پەنجەی شایەتمانی رادەوەشاند
بە دەنگی بەرز پێی دەوتم:
ئەتۆ کچی مەچۆ بۆ ئەوێ شەرمە
بۆ ئەولایەش شورەییە
نەکەی بچی؟
کە گەورە بووم
پەنجەکانت فێریان کردم
ئەو پەنجەیە هەر بشکێنم
لە کچەکەمی راوەشێنم " ل 9
لە لایەکی ترەوە خاتوو کەژاڵ سەرەرای ئەوەی کە لە کۆمەڵگایەکی
پیاوسالار دا لە دایک بووە بەڵام هەرگیز دژە پیاو نییە و پێی وایە
پیاویش لە کۆمەڵگای کوردی هەر وەک ژن ئەسیر و دیلە و ئەگەر ژن دیلی
شەرم و ترسە پیاویش زیندانی داب و نەریت ی کۆمەڵگایە هەر وەک چۆن شاعیر
لە شیعرێکدا ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت:
" ئێمە هەر دووکمان زیندانین
تۆ زیندانی داب و نەریت
منیش زیندانی ترس" ل 40
شاعیر بە پیچەوانەی زۆر ژنی تر کە هەندێک جار لە نووسینەکانیاندا زۆر
بە توندی هێرش دەکەن سەر پیاوان و ئەوان تاوانبار دەکەن ، من لێرەدا
نامەوێ لەبارەیەوە کەس تاوانبار بکەم و تاوانەکان بخەمە سەر ئەستۆی
یەکێک لەو دوو رەگەزە بەڵام ئاماژە بەوە دەکەم کە ئەو کۆمەڵگایە غەدر
لە هەر دوو کیان دەکات و رەنگە هەندێک جار پیاو بە هۆی ئەوەی کە زیاتر
دەسەڵاتی هەیە غەدر و ناهەقی بکات کە تا ئێستاش کردوویەتی و لە
داهاتووشدا دەیکات ، بۆ هەندێک لە پیاوان سەختە کە ژنەکەیان لەخۆیان
گەورەتر بن . دەنا لە راستی دا پیاو رقی لە ژن نییە ئەمە هەندێک جار
دەسەڵات وادەکات کە پیاو خۆی بە مرۆڤێکی رەها دابنێت دەنا لە زات و
جوهەری خۆیان دا رقیان لە ژن نییە هەر وەک خاتوو کەژاڵ لەوبارەیەوە
دەڵێت:
"هەرگیز بڕوا ناکەم
پیاوان رقیان لە ژن بێت
تەنها ئەو کاتانەی نەبێ
کە دەبینن ژنێک لەوان گەورەترە " ل 23 و 24
|