په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٢\٢٠١٦

''کەژاڵ ئیبراھیم خدر'' باخچەیەک لە وشە و شیعر.

 

کەمال رەووف


ئەوەی بەلای منەوە گرنکە و قسەی لەسەر بکەین ئەو بابەتە شیعریانەیە کە رۆژانە بەر دیدەمان دەکەون "ئەگەر بەچاوێکی رەخنەگرتنەوە لێان بڕوانین دەیان تێبینیمان لا گەڵاڵە دەبێت".


شیعری خۆماڵی و نوێی لاوانمان کەرەسەیەکی بابەتیانەی نێو کایە مەعریفەیەکان و کەسە دیارو بەئەزموونەکان دەردەخات "ھەموو ئەوانەی دەینوسن و بڵاوی دەکەنەوە توانائەدەبیەکانی خۆیان وەدەردەکەوێت و پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەدەبی روونیش لە بەرچاو بگیرێت "تاکوو ببێتە پەرە پێدانی بنەمای زانست و بواری ھونەری و ئەدەبی".


ئەگەر نمونەیەک لەم نێوەندەدا وەربگیرین وەک خوێنەرێکی شیعری نمونەی ژنە شاعیرێک وێنا بکەین و زەینی خۆمانی بدەینێ "ئەویش کەژاڵ ئیبراھیم خدرە کەلای ئێمە نەناسراونیە". بەرھەمەکانی ئەم شاعیرە گڕ دەدەنە جەستەی ئەوانەی دەیخوێننەوە لەچوار چێوەیەکدا خۆیان قەتیس ناکەن و لەو لاپەڕانەدا نامێننەوە و بەڵکوو سنورێکی بێ ئەندازە تێدەپەرێنێ و ،دەبنە پانتایەکی گەورە بۆ نێو ئەدەبی کوردی ،بۆیە پێویستە توێژینەوەویەکی زانستایە بەبەرئەو ھەوڵانەی ئەم نمونە جوانانەی شیعرەکانی بنەخشێنن".


ئەم خوشکە شاعیرە لە ھەریەک لەم ھۆزەوانانە دەقێکی جوانی لەرێگەی تێگەیشتنەکانیەوە ،رێنمایی و کاری نوێی خستۆتە بەر دیدەی خوێنەر "کەمن بەسامانێکی بێ ئەندازەی نەتەوایەتی و ئەدەبی دەزانم" ئەم دەقە شیعریانە پێوستە خوێندنەوەیەکی نوێیی بۆبکەین ،ھەق وایە ئەم نمونانە ببنە بنەمای بەرفراوانی و یەکتر قبوڵ کردن و لەناو بردنی دێڕە مردووەکانی نێوان ئەدەب. "کە بەلای منەوە سادەیی ،ئەم ھۆزەوانانە ئاودامانی خۆشەویستی تەڕو پاراوتر کردووە. چونکە زمانی نوسینەکەی رەوایداوە بەلوتکەی وەفایی و ژوانەکانی لەتەک ھاوژینەکەی رەھێڵەیەکە لە فرمێسک و" دڵنیاشم تەنھا و تەنھا بەر بەرۆکی خۆی بۆدەکاتە پریاسکەی بەر ئەو پلوسکە فرمێسکانەی ھەمیشە وەک پلوسکێک بەبەر دیدەیدا رێوەنی خەمەکانی وەک کانە نەوتی بان ئاویش وێنەی رەنگاڵەیی ئەوی تیا دەردەکەون".


ئەم کەژاڵە لەمێژە لەدیدی مندا لەدونیای ھۆنراوەدا پەرژێنکی بۆخۆی داناوە ،ئەوەی تیدا دەیخوێنمەوەو سەرنجی دەدەم و لەو دەمانە تێدا رادەمێنم ھەر شیعرێکی ھەست دەکەم پەلکە گیایەکی سەوز نەخشێنراوە".


ئەم ناسکە شیعرانە لەدایکبوونێکی تازە یە ھەناسەیەکی رەوا دەبەخشێت سروشتی تێگەیشتنی بەندەش لەو ھۆنراوانەدا جوانیەکانیم بینوتەوە بۆیە تازە بەتازە دەچمەوە سەر ئەو قیروسیایەی کە جوانی شیعرم لا کامڵتر دەکات تاکوو ئەویش بتوانێت وەک دایکانەیەک ژیانە پەرتەوازەکەی خۆی جێ بکاتەوە،وە مەل ئاسا ھێلانەی پۆلێک باڵندە تێر بکات و چرۆ ووردیلەکانی بەژنی خۆی بکاتە قوربانی وادەی ژوانە ھەستیارەکەی و زەمەنێک بە سوێندێکی بێ ھاوار بە ھەورێکی فرمێسکاوییەوە دڵی خۆی چڕ بکاتەوەو رۆحیشی لەگەڵ ببارێنێ". ئەوەتا ئەم شاعیرە ھەست جوانە زۆر راشکاوانە لە کۆپلە شیعرێکی پێمان دەڵێ:
لەوانەیە دێڕ بە دێڕی
گەڵای وشەکانم
لە دەفتەری یادگاریما
کاڵ ببنەوە
لەوانەیە ڕقی توڕەم
بەر ڕەشەبای شعرم بکەوێ و
خەمەکانم بسڕنەوە
بەڵام ئازیز
"ھە رکیز ھەرگیز
جریوەی ئەستێرەی چاوت
گریانی ھەوری ژوانەکانت
لە دیدە مدا ناسڕنەوە..


من پێموایە ھەموو ئەو زەمەنە فرمێسکاوایانە لە دۆنگی وەفاییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە لەناخی کەژاڵدا ھەرگیز ناسڕێتەوە وە لەتەکیدا بە نەمری دەمێننەوە کە بەھیوام باخچەی گوڵەکانی ژیانی پڕ بێت لەخۆشەویستی و گەڵای ناسکی ھەرگیز نەوەرێت و ژیانی ھێوەری یاوەری بێت".


ھەر خوێنەرێک بەووردی سەرنج لەم کۆپلە شعرە بداتەوەو بەچاوێکی پڕ لەھەست کردن لەژیان بڕوانێت ،لەرۆحی پڕ لەئەندێشەی کەژاڵەوە سەرنج بدات دەزانێت چی نووسیوە "ئەو دەزانێت خۆشەویستی چ بەخشندەیەکی تێدایە و چ ماڵوێرانیەکیش بەدوای خۆیدا دەھێنێت. ئەوەتا پێمان دەڵێ:
لەسەر دڵی ھەموو گوڵێک ..
لەسەر رۆحی پەلکەزێڕینە
نوسیویانە
مرۆڤ کە عەشقی تێدا بوودڵی سوورە
کە میھرەبانی تێدا بوو دڵی سپیە
کە وەفای تێدا بوو وەک ئاسمانە
کە ئومێدی تێدا بوو دڵی سەوزە
بەڵام کەرقی تێ کەوت رەش دەچێتەوە..


سروشتی نوسینم لەوردبینەوەی ھۆنراوەیەک کە بەبێ ھیچ راسپاردەیەکی ھزرو ھەست لەسەرخۆ مانا جوانیەکانی خۆیان دەکوتنە دوو توێیی ھەموو ھەژوێنێکی مرۆیی و ھەستیاریم پێدەدات ھەمیشە لەکۆتایی مەبەستی ھۆنراوەکەدا پەنجەکانم ئەقڵانیەتی بەدوای خۆیدا دەھێنێ، بۆیە لەدوا دێڕیدا ووشەکانی دەمدوێنێ وە تاوتوێی ئەو مەبەستە دەکات کە نوسیویەتی وە "تەعریفەیەک دەدات بەدەستەوە "لەناو دڵی ژنێکی بێ دەسەڵات":
(نـــــــــاگەم بە تۆ)
ھەرچەند ڕێگا دڕک و داڵ بێ
ھەر دێم بۆلات
لە دوورەوە بۆنت دەکەم
تا بزانی ئەشق چۆنە
لەنێو ژنێکی بێ دەسەڵات..


ئەگەر ئەم کۆپلە شیعرە لەرووی مەعریفیەوە وێنای بۆبکەین لەوەتێدەگەین ئەم ھۆنراوەیە بەھەمو ئیمکانیەتیەکی شاعیرانەوە نوسراوە لەئاستێکی بڵندا چۆتە بەردەرکی خۆشەویستیتەوە بەھەموو ئیدارک و مانایەکی قوڵەوە خۆی نمایش دەکا، کەئەمە تێگەیشتنێکی قووڵی بەدوای خۆیدا ھێناوە.


"وێرانەیە کە ئێمەی ھەژار ھیچ پێوەرێک بۆ تێگەیشتنی خۆشەویستی دانەنێین کاریگەری عەشق لەرووی مرۆڤایەتیەوە لەنگی و چەوتی نیە "چونکە جومگەکانی ژیان تەنھا وەک ناونیشانێک و تابلۆیەکی ناسنامەی شیعری خۆی پێناسە ناکات بەڵکوو بەھیواو بەئەمەکەوە خۆی دەردەخات و مەترسی و رێگری و ئازارو خەمەکانیش لەوەلاوە بوەستێ".


"ئەم کۆپلە شیعریە چەمکی خۆی و ناونیشانەکەی دەپسێنێ وەک وەرزشەوانێکی سەر سەختی شاخەوان کە ھەر رێگە دەبڕێ و بەری نادات "ئەگەر زەبەنگی و ھەموو پشێویەکانیش ببنە رێگری".


ئەم ناز بارینەی شاعیر ئای لەم شۆخیەی رۆحی ئەو کە خۆشەویستی بەشیعر دەبەخشێت بە بۆنەکەشی سوکنایی " بۆیە لەسادەیی و بەخشندەیی خۆیدا بەڵگە نەویستە ھەروەھا ھەرگیز خۆی بەکەم نازانێت لەبەرامبەر مەعشوقەکەی "ئەو مەزاری بێسنوری رۆحی پێ پاراو دەکات "بیمنەتیشە لەوەی ھەتا ھەتایە لەسەرە رێگەی سەرباویدا وەک ژنە ھەژارێکی چۆک لەسەر ئەژنۆ دوور لەچاوی گۆدۆ ،بە ژوانکەی پڕ لەھەست دەڕوانێت".


ئەرکی من و ھاو ژینەکانمە بە سۆز و بە رێزەوە لە دووتوێی ھۆنراوەکانت بڕوانین ،تۆ بویتە سامانێکی نەتەوەیی ئەدەبی "رێچکەیەکت دۆزیوەتەوە کە پێویستە بەجوانترین شێوە پێشوازیت لێبکەین و بتنرخێنین".

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک