په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٩

کەژاڵ ئیبراھیم خدر شاعیرێک لە جوانیی مەرگ.

 

 

 

د. سەباح موحسین کا‌زم

وەرگێڕانی: بەندی عەلی


بێدەنگ بوونی دڵی بەشێوەیەکی کتوپڕ، زەرەرێکی دی بۆ ناوەندی ڕۆشنبیری و ھزری و ئەدەبی زیادکرد، بەتایبەتی پاش کۆچی دوایی (فالح عەبدولجەبار)ی بیرمەندو، (د. عەبدولمەتلەب سنید)ی ھونەرمەند و(د. ئەحمەد مەتلوب) و دەیانی تر لەداھێنەران، ئەو داھێنەرانەی دوای کۆچی خۆیان شوێنەواری ڕونیان جێھێشت لەژێر خۆری عێراقدا ..دواھەمینیان "کەژاڵ ئیبراھیم خدرە" کەزیاتر لەبیست دیوانی شیعری پێشکەشکردووە بەزمانی کوردی و عەرەبی .. لەبەرھەمەکانی کەژاڵدا ، کاریگەریی سروشت و ئاوێتەبوونی لەگەڵ دەوروبەردا بەڕونی دەردەکەون .لەڕێگەی بەکارھێنانی ئەو وێنە شیعریانەی لەکاریگەریی دەوروبەرەوە ھەڵھێنجراون و پڕن لەموزیکی شیعری ، بەجۆرێ وا لەخوێنەر دەکات ھەست بەخەزنەی سازگاریی دەربڕینەکانی شاعیر بکەیت لەدیوانەکانیدا ، ئەو دەربڕینانەی کەسەرلێون لە جوانی وسەرسوڕمان و ھاوسەنگی نێوان ھەڵقوڵاویی رۆح و دەربڕینی ھەستیی باڵای نەبینراو، لەگەڵ قوڵیی ھەستی خودیی، بەمەش بانگەشەی پێدراوی جوانی دەکات لەسروشتی دە وروبەر ، ئەو نێوەندەی ڕازاوەیە بەگژو گیای سەوزو درەختە شین بووەکانی لەبەھارداو بەڕووتبوونەوەی ئەو درەختانەش لەگەڵاکانی لەوەرزی پاییزدا .. بەوپێیەش دیدگای خەوبینینی شاعیرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لەشێوەی بەپیتی و سەرنج ڕاکێشانی خوێنەر لەرێگەی زمانی ئەو ھەستپێکردنەی ھەستی پێناکرێ و، زمانی ئەو دۆزینەوانەی نەدۆزراونەتەوە لەخەیاڵی بەپیتی شاعیردا نەبێ ..ئەوانیش لەڕێگەی داھێنانی ئەو ھیماپێدانانەیە کەتایبەتە بەشاعیر خۆی، بەشێوەی (زانراو و ھیما پێدراودا) ئەمەش دەبینرێ لەزمانی شیعریی بەپیتی شاعیر کەپڕە لەسیمبول و تێڕامان لەنێو دەقە لێوانلێوەکانی لەجوانی.

لە زمانی وێژەیی شاعیریشدا، کە پۆشراوە بەشۆخ وشەنگیی سروشت و سەوزیی ڕۆحی، لەدیوانە شیعرەکانیدا بەجۆرەھا شێوە نماییشکراوە لە"میتافۆرو کینایەو مەجازی" لەبونیادی دەقەکاندا ھاوکات لەگەڵ چنینی دەقەکان و لێھاتویی لەبەکارھێنانی پێکھاتەکانی ، بەجۆرێ کەخوێنەر بەتوندی رادەکێشێ و روحی ھەمەڕەنگ دەکات بەپیرۆزکردنی ئەو نھێنیە ڕوحیانەی لەناخیدا داپۆشراون و، بە ھەڵسوکەوتە کانی مرۆڤ دەخەنە جوڵە ، بەھیماکانی دەقی پەخشانی کاریگەر.. وەک چۆن ( د. سەڵاح فەزل) لە(ڕەوانبێژی خیتاب و زانستی دەق.. لا ٢٠)دا دەڵێ : گەر بگەڕێنەوە بۆ (تیۆری سوسییر) لە زماندا، وەک دەستپێکێک بۆ ڕەوانبێژی نوێ ، دەبینین کەبریتیە لەھاوئاھەنگی نیشانە، نا ھۆکارییەکانەو ھەموو شتێک تێیدا لەپەیوەندی و ھاوپەیمانییدایە .. واتە مانای وشەکان لەسەر شوێنیان لەڕستەداو جیاوازیان لەوانی تر ،ڕاوەستاوە .. ئەمەش بەڕوونی دیارە لەھەندێ دەقی شاعیردا کەخۆشەویستی دەەبەخشێ و جەنگ و ناخۆشی مەحکوم دەکات و ڕقی لەخوێن ڕشتنیشە، وەک لەدەقی دژ بەجەنگ و وێرانکاری و توندوتیژیدا ھاتووە:
خوێن مێژوومان دەنوسێتەوە
خۆشەویستی دەکاتە نائومێدی
درەخت دەکاتە گوڵی سور
برین پرشنگ دەدات
روخساری زەوی دەگۆڕێ
ھەتاو سڵاوی لێ ناکات
خوێن دەبێتە ژاڵەی تاڵ
ئاسۆی شیعر دەبێتە
چیمەنی ووشک و
بێ ئومێدی سۆزی شمشاڵ


لێرەدا شاعیر لە ھاواری ناڕەزایەتیدا بەشێوەیەکی کۆ دژی جەنگ و پەڵەی خوێن و خۆڵەمێشی درەختەکان و روح کێشانی بێ تاوانان ،،ھەڵوێستە دەکات و، ئەو شوێن برینانەی وەک نیشانەیەکی درێژخایەن دەمێننەوە لەسەر جەستە .. ئەم دەقانە گەرچی لەخودێکی تەنیاوە دەردەچە یە ، وەلێ باس لەخەمێکی دەستەجەمعیی مێینانە دەکەن کەلە وێنەی مێ و دایکانەوە سەرچاوە وەردەگرن. بەئومێدی دورخستنەوەی (من و ئەوی تر) لەجەستە .. ئەمەش وەک ئەزمونێکە کەوردەکاریەکانی پەیوەندی نێوان (ڕاڕا یی و دڵنیایی) دەنوێنێ لەمیانەی گەڕان بەدوای باوەشێکی گەرمدا کەئومێدەکانی مێ لەخۆ بگرێ لەشانازیکردن بەقەوارەو کەسایەتی خۆی .. ئەمەش لەڕێی ھێماکانەوە کەلە دەربڕینەکانیدا دەردەکەون لەڕێی ئەو ھەستانەی لەنا وشیاریەوە دێن وەک مەیلی بۆ ئەوی تر و لەچێژ نزیک بوونەوە تاگەیشتن بە"یوتوبیای "ئاسودەیی و ھەست کردن بەبوون .. ھەروەھا سەلماندنی خود لەڕێگەی توانەوەی نەفس بەوەسڵی ئەوی تر "بەڵان " نەک وەک مانای ئەدەبیی ئیرۆتیکیەکەی ، بەڵکو وەک دەربڕینی ویژدانیی بێگەرد لەو ھەستانەی لەسینەدا یەنگیان خواردوە ، لەدرکاندنێکی نیانی رۆمانسیدا ئەگەرچی ھەندێ لەو دەقانەی کەژاڵ سیمبول و داستانی لە میپۆلۆجیادا تێدا نییە وەلێ ھەوڵی ئەوەی داوە دڵنیایی بگەڕێنێتەوە بۆ درکاندنی ئەو نیازەی خۆی لەپاڵ مەجازەکانی زمان وپەیوەندیە دیالیکتیکیەکانی نێوان شێوەو ناوەڕۆک و ماھیەتی وشەکان لەبونیادو ماناووێنەو ڕیتمدا ، بشارێتەوە .. وە ھەندێ جیاکاری زمانەوانی لەنێوان دەقەکانی تردا ئەوە دەبینین کە ( من ) تامەزرۆیی زۆر لەچاو ڕاڕایی پڕ ترسی ( ئەوی تر).. من لێرەدا ئەوە دەبینم کەتوانای دەربڕینی کەژاڵ چەند بەرزە لەبواری دەربڕینی زمانەوانی و جیاکاری مانادا بۆ ئەوەیە گوژمێکی زیندوێتی بدات بەدەق و بونیادی شیعریی ڕاڕا بەمەبە ستی ئەنجامدانی دووانەی (ھەستی و زھنی) وەک لە دەقەکانی (دە چرۆ لەقەسیدەی ماچی خۆشەیستی، سەدای وشەکان، پێش ئەوەی منت خۆش بووێ، بە ھەورێکی سور ئازادی ژیان دەنووسم...). لێرەدا کەژاڵ زۆر بەروونی داوای ئازادی و سەربەستی بۆ ژیان دەکات و بەدڵێکی پڕ لەتاسەوە پێمان دەڵێ:
سەربەستی ژیان
بە ھەوری خوێن رەنگ رێژ دەکەم
لەنێو دڵی پڕ تاساوی ھەمووتانا
وەکوو رێژنەی باران
ووڵات پڕدەکەم لەرەنگ
لەژێر سێبەری باڵاتا
لەدرەختی پڕ ھەناری گوڵی لێوتا
لەزەنگ ئەدەم


کەژاڵ لە میانەی بردنی خەیاڵی وەرگر، بەرەو تێڕامان و بیر کردنەوە بەیەکاچوونەکانی زمانی شیعری کەلەو دەقانەدا ھاتوون ، کەپڕن لەسیحری سەرسوڕمان و، جوانی و جیاکاریی مانایی، کەوەک بەرکەوتنی شیعروایە لەگەڵ گەرمای خۆرو، ئەو ڕاچەنینانەی ئەم دەقانە دەیان خوڵقێنن لەئەنجامی ئەم جیاکاری ماناییەوە.. وەک لەم دەقەدا ھاتووە:
ماڵی دڵت چەند بچووکە
وەک جۆگەلەی رۆحم وایە
ئەوەندە سەخت و ھەڵدێرە
دەنگ نابیستم لەھیچ لاوە
نە شەقەی باڵی باڵندە و
نە جووڵە و شنەی بایە


بەڵێ، ئەزمونی شاعیری کۆچکردوو کەژاڵ ئیبراھیم، یەکێکە لەو ئەزمونە بەپیتە شیعریانەی ژنان، لەشیعری عیراقیدا، بەتایبەتمەندێتیەکی کوردیەوە، کەپڕە لەفەزای جوانی وئاسۆیەکی بەرین تاکو ھەتاو ، ھەر بۆیە داھێنانە جوانەکانی بوونەتە بابەتی دەیان لێکۆڵێنەوەی ڕەخنەیی و ئەدەبی لە لایەن نووسەران و ئەدیبە عێراقیەکان و عەرەبەکان، کە شایەتی ئەم داھێنانە جوانەی شاعیرن.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک