٧\١٢\٢٠١٣
کێ کاوە گەرمیانی
تیرۆر کرد؟!

شێرزاد فاتح
بەداخەوە ئەمشەو هەواڵێکی دڵتەزێنی تر ڕایچڵەکاندین، چەند کاتژمێرێک
لەمەوەبەر کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوسی لاو، لە کەلار و لەبەردەم ماڵەکەی
خۆیاندا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایەبەر دەسڕێژی گولەو تیرۆرکرا.
کاوە خاوەنی قەڵەمێکی بوێر، ڕۆژنامەنوسێکی ئازا و چاونەترس بوو لەدژی
گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵدا لەکوردستان دەوەستایەوە.
هەل و مەرجی ئاسایش و ئارامی لە کوردستاندا لەژێر پرسیاردایە و ئەوەی
ڕوودەدات بەڕاستی پڕمەترسییە، لەکوردستاندا ئازادی و ئارامی ئینسانەکان،
سیاسی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان بەوەوە بەستراوەتەوە کە هەڵوێستیان
لەسەر کار و کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، سیاسەتەکانیان و
ملهوڕییەکانیان چییەو چ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشان دەدەیت، کاتێک کە
مرۆڤ سەریان بۆ شۆڕ دەکات و دەبێتە کاسەلێسیان، ئەو کات تا ئەو جێگایەی
پێویستیان پێیەتی دەتوانێت زیندەگییەکی سەرشۆڕی بۆ خۆی و خێزانی تەئمین
بکات. کاتێکیش کە مەترسیدار بیت بۆ سەرحیزب و دەسەڵاتەکەیان، یان
دەرکاندنی دزی و گەندەڵی و پۆخڵەواتەکانیان، ئەوا لەوە ئاسانتر نییە
بۆیان و بەیەک لەحزە لە نێوی دەبەن، باکیان لە هیچ بەهایەکی کۆمەڵاتی و
ئەخلاقی و مرۆیی و سیاسی نیە.
جا بۆ ڕژنامەنووسێک کە هەڵوێست بنوێنێ و دژی بنوسێت، و گەندەڵی قبوڵ
نەکات و بیەوەێت سەربەرزانە بژی، یان هەتا ئەگەر بە زمانێکی سەردەمیش
ڕەخنە لە دەسەڵات، یان بەرپرسێکی گەندەڵی دەسەڵات بگرێت، ئەوا دەکەوێتە
بەر هەڕەشەی نامەو ئیمەیل و تەلەفۆن، خۆ ئەگەر بەردەوامیش بێت ئاشکرایە
کە مەرگ چاوەڕوانی دەکات.
کاوە بەشێوەی سۆران لەبەردەرگای خۆیاندا لەکەلار کوژرا، بەپێی
لێکدانەوەکان و ئەگەرەکان، ئەو کەسانەی سۆرانیان تیرۆر کرد، هەر ئەو
کەسانە بوون کە سۆران ڕەخنەی لێیان دەگرت و هەڕەشەی ئاشکرا کردنی هەموو
بەڵگەی گەندەڵی لەسەریان دەکرد، بۆیە لەناویان برد. چاوێک لە تیرۆری
سەردەشت عوسمان بکەین، هەر لەسەر ڕەخنە لە گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵ
لە کوردستاندا، بەڵام تا ڕادەک ئەم جارەیان ئاشکراتر و
بەدەستنیشانکراوی تر بەرامبەر بە لایەنێکی دیاری کراودا ڕەخنەکانی
ئاراستە دەکرد، لەناو حەرەمی زانکۆدا، کە جگە لە ئۆتۆمۆبیلە جامڕەشە
تایبەتەکان کەسیتر بۆی نیە بڕواتە بەردەم کۆلێژی ئاداب، رافاندیان و
تیریریان کرد، دواتریش ویستیان ناوی پیس بکەن و وەک فایلەکانی خۆیان
فایلیان بۆ داتاشی!!
ئەگەرو لێکدانەوەکانی تیرۆر کردنی کاوەگەرمیانی ... ئاشکرایە کەچەند
ساڵێکە کاوە گەرمیانی بەدیاری کراوی لەسەر گەندەڵییەکانی چەند بەرپرسێک
کاری کردووە، هەمووشمان لە یوتوب و سایتەکانی تردا ئەم هەڕەشانەمان
بەدەنگ و ڕەنگ بینی، بەیەک کلیک دەتوانیت هەمووی ببینیت، ئەمە جگەلەوەی
کە کاوە لە (دادگا) ی دەسەڵاتداران دا سکاڵای کردووەو وچەندین دەعوای
تۆمار کردووە و پێداگری دەکرد لەسەر داواکانی و ڕەخنەی ئەوەی دەگرت کە
(دادگا) گوێ بە دەعواکان نادات و داواکروان باکیان لەو دەعوایانە نییە،
چونکە دەسەڵات و (دادگا) هەر هی خۆیانن، خۆیان بڕیاردەر و جێبەجێکەرن،
هەرخۆشیان، تاوانبار و بێتاوان دیاری دەکەن!
کێبوون ئەوانەی بەنوسینەکانی کاوە قەڵس دەبوون، ئیتر با خوێنەر خۆی
قەزاوەت و لێکدانەوەی خۆی لەسەر بکات، کێ کاوەی تیرۆر کرد، بۆ تیرۆریان
کرد..!
ڕیسوایی و ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان، بژی قەڵەمە بوێر و ئازادەکان، بەرزو
بەڕێزە یادی نووسەرو قەڵەمە ئازادی خوازەکان.
٥\١٢\٢٠١٣
ماڵپەڕی شێرزاد فاتح
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|