١٧\٦\٢٠١٢
کەڵەنووسەری جیھانیی..
ھانز کریستیان ئەندەرسون.

رەزا ساڵح
کەڵەنووسەری
دانمارکی و جیھانیی.. (ھانز کریستیان ئەندەرسون).. لە بواری ئەدەبی
منداڵاندا، تا ئەمڕۆش ھیچ نووسەرێکی تری جیھانی، لەم بوارەدا
نەگەیشتوونەتە پایە ھانز و، کەسیشیان بەقەی ئەم نووسین و بەرھەمیان بۆ
منداڵان نییە و، بە قەی ئەمیش دڵی منداڵانیان شاد نەکردوون.
ھانز کریستیان ئەندەرسون لە ( ٢/ ٤/ ١٨٠٥) لە شاری (ئۆدنیس) لە دوورگەی
( ڤینین) لە دانمارک ، لە خێزانێکی ھەژار لە دایک بووە.. باوکی پینەدۆز
بوو ، دایکیشی جلی ماڵە دەوڵەمەندەکانی دەشۆری.. لە تەنھا ژوورێکدا
دەژیان.. بەڵام خۆشەویسی پێکەوەی گرێ دابوون.. ھانز تاقانەی خێزانەکەی
بوو.. بەڵام لە دایکی زڕخوشکێکی ھەبوو.
باوکی ھانز ، کۆڵکە خوێندەوار بوو ، دەیتوانی کاروبارەکان ھەڵسەنگێنێ ،
بەڵام دایکی نەخوێندەوار بوو.. باوکی شەوانە چیرۆک و ئەفسانە و داستانە
کۆنەکانی بۆ دەگێڕایەوە..ھەروەھا بۆ ھانز و دایکی چیرۆکەکانی (لاڤۆتین)
و سوعبەتەکانی ( ھۆلبێرگ) و چیرۆکەکانی ( ھەزار شەو و شەوێک) ی بۆ
دەخوێندنەوە..
باوکی تەختە شانۆیەکی خنجیلانەشی بۆ ھانز دروست کردبوو، لەگەڵ کۆمەڵێک
بووکەڵەی ھەمەچەشنەدا ، بە بەن دەیبزواندن.. کە ببوونە مایەی خۆشی بۆ
ھانز.. ھەر ئەم سەرەتایەش بوو ھانزی ھۆگری شانۆ و نووسین بۆ منداڵان
کرد. ھەر لە منداڵیشەوە خولیای خوێندنەوە و نووسین بوو.. پێشبینی
ئەوەشی لێ کرا، کە داھاتوویەکی باشی دەبێت.
لە ساڵی ( ١٨١٦) دا باوکی کۆچی دوایی کرد.. تەمەنی ھانز یانزە ساڵان
بوو.. ھانز کارێکی ئەوتۆی پێ نەدەکرا ، دایکی کاری دەکرد ، بە
کوێرەوەری دەژیان..
کە تەمەنی بوو بە چواردە ساڵان ، ھانز دایکی بە جێھێشت و رووی کردە
شاری (کۆپنھاگن)ی پایتەختی دانمارک.. بە جوانی و گەورەیی کۆپنھاگن زۆر
سەرسام و دڵخۆش بوو.. بەڵام بۆ مێردمنداڵێکی گیرفان بەتاڵ و رەش و رووت
و برسی و بێ شوێن و داڵدە ژیان زۆر سەخت بوو.. یەکەمین ساڵی لە
کۆپنھاگن دا ، زۆر بە ھەناسەساردی و کوێرەوەری و بێ جێی بەسەر برد..
چەندین شەو بە برسێتی و لە سەرما تا بەیانی دەلەرزی و قۆڕەی سکی دەھات..
بەڵام خۆڕاگر و گەشبین بوو.. بێوچان بە دوای کارێکدا دەگەڕا.. تا خوا
فریاڕەسێکی بۆ نارد و بە رێکەوت بە ھۆی بەڕیوەبەرێکی شانۆی شاھانەوە..
چاوی بە شای دانمارک ( فەردریکی شەشەم) کەوت.
لەسەر بڕیاری شا و خەرجی دەوڵەت خرایە قوتابخانەی سەرەتاییەوە.. ھانز
منداڵێکی ھێندە لەڕ و لاواز بوو ، لە قوتابخانەکەیدا لەو لاوازتری تێدا
نەبوو.. بۆێە لە وانەی وەرزشدا مامۆستاکەی دەستی دەگرت و دووری
دەخستەوە ، لە ترسی ئەوەی نەکەوێتە بن دەست و پێی ھاوڕێکانییەوە و
شوێنێکی بشکێ.
ھانز لە ئامادەیی شاھانە بۆ موزیک و گۆرانی ، درێژەی بە خوێندن دا و،
تەواوی کرد.. لە زانکۆش وەریان گرت .. لە ساڵی ( ١٨٢٧) دا ، لە زانکۆی
کۆپنھاگن ، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت.
ھانز لە ( ١٨٢٩) دا شانۆگەرییەکی نووسی و لەسەر شانۆی شاھانەدا پێشکەش
کرا.. بۆ ماوەیەکیش لەگەڵ کچە گۆرانیبێژی سویدی ( جینی لیند) بە
دووقۆڵی لەسەر شانۆی شاھانەدا ، کۆمەڵێک گۆرانی و سەمایان پێشکەش کرد.
ھانز دەستی بە نووسین کرد ، وەکو خۆی دەگێڕێتەوە زۆر سوودی لە ئەفسانە
و لە داستانە کۆنەکان و لە داب و نەریتە رەسەنەکانی گەلەکەی وەرگرت و ،
بوونە ھەوێنی زۆربەی نووسینەکانی بۆ منداڵان.
لە ساڵی ( ١٨٣٠) دا ، بەرگی یەکەمی ھۆنراوەکانی بڵاوکردەوە . دوای
ساڵێک بەرگی دووەمی بە ناوی ( وێنە و خەیاڵ) بڵاوکردەوە.
نووسینەکانی ھانز بریتی بوون لە ھۆنراوە و شانۆگەری و رۆمان و چیرۆک بۆ
منداڵان.. ھانز بە ھۆی چیرۆکەکانی بۆ منداڵان ، ناوبانگی جیھانی دەرکرد
و تا ئەمڕۆش بە لووتکە و کەڵەنووسەرێکی مەزن و نەمری بواری ئەدەبی
منداڵان دادەنرێ.. زۆربەی چیرۆکەکانیشی گۆڕیویانەتە سەر (١٥٠) زمانی
جیھانی و، بە ملیۆنان دانەیان لێ چاپ کردوون .. بەشێکیشیان کراونەتە
شانۆگەری و چەندھا جار پێشان دراون ، بەشێکی تریشیان کراونەتە فیلمی
کارتۆن و بە ھەموو زمانەکانی جیھان دۆبلاج کراون.. لەوانە : پەنجە باڵا
( تۆما لیزا).. بەشێکی زۆری چیرۆکەکانی دەربارەی پەری و فریشتە و بووکی
دەریا و دێۆودرنج و خێو و جن و دەعبان.. زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەفسانەیی
و خەیاڵین.. یا باڵندەن.
ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانی ھانز کریستیان ئەندەرسون بۆ منداڵان ( ١٦٨)
کتێبن.. کە زۆربەیان شانۆگەری و چیرۆکی ئەندێشەیین.. ئەم ژمارەیە بۆ
ئەو سەردەمە زۆر زۆرە و ، پێوانەییە.
ھانز بیرەوەرییەکانی رۆژانەشی کە گوزارشتن لە ژیاننامەی خۆی.. لە سێ
بەرگدا، بە ناوی ( داستانی ژیانم) ، کە تێکڕا ( ٤٥٠٠) لاپەڕن.. لە ساڵی
(١٨٥٥) دا ، بەشی یەکەمی چاپ کرد.. پێش مردنیشی ھەردوو بەشەکەی تریشی
چاپ کردوون.
ھانز لە ساڵی ( ١٨٣٥) دا ، یەکەمین کتێبی خۆی بۆ منداڵان بە ناوی(
گێڕانەوەی ئەفسانەکان بۆ منداڵان ) چاپ کرد.. کە بریتیە لە کۆمەڵێک
چیرۆک ، بە زمانێکی شیرین و ناسک و ساکار دای رشتوون.. ئەم کتێبەی
شورەتێکی زۆری پەیدا کرد و چیرۆکەکانی بوونە وێردی سەر زمانی منداڵان.
لە ساڵی ( ١٨٣٨) دا ، ھانز خەڵاتی شاھانەی دانمارکی پێ بەخشرا..
خەڵاتێکی کراوە بوو.. خەڵاتەکە ئەوە بوو.. کە تا لە ژیاندا مابێ .. ھەچ
کاتێک کە خۆی بیەوێت، لەسەر خەرجی دەوڵەت دەتوانێت .. سەردانی ھەر شار
و وڵاتێکی ئەوروپا بکات.. ئەم خەڵاتە ئاسۆیەکی فراوانی بۆ ھانز خستە
سەرپشت.
زۆر سوودی لەم ڕێزلێنانەی وەرگرت.. سەردانی (٣٠) وڵاتی ئەوروپا و
چەندین شاری کرد.. لە گەشتەکانیدا ، چی سەرنجی رابکێشایە ، وێنەی
دەکێشان ـ ھانز وێنەکێشێکی باشیش بوو ـ یا بە ھۆنراوە و بە پەخشان
گوزارشتی لێ دەکردن ، لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا دەینووسین، یا
دەیکردن بە گەشتنامە.
ھانز ، ئەو منداڵە ھەژار و لاوازە ، کە خاوەنی بیر و بۆچوونێکی ورد و
زەین و ھۆشیکی فراوان بوو .. ھەژاری ونەبوونی و کوێرەوەری کۆڵی پێ
نەدان .. نەبوونە کۆسپ لە رێی ھێنانەدیی ھیواکانی.. بەخت یاوەری بوو ..
توانی ببێت بە لووتکەیەکی سەرکەش و، بە سومبولێکی ھەمیشە زیندووی بواری
ئەدەبی منداڵان و ، تاجی شانازی ئەم بوارەی لەسەر نا .. ھەتا ھەتایەش
لە دڵی منداڵانی جیھاندا خۆی شیرین کرد.. بوو بە یەکێک لە کەڵە ناودارە
نەمرەکانی جیھان.
ھانز چەندین جار رێزی لێ نرا و، خەڵاتیان کرد.. زۆر بە گەرمیش پێشوازی
لێ دەکرا .. بووە مایەی رێز و شانازی بۆ گەل و وڵاتەکەی.. بۆیە لە
دیدێکی گەشبینییەوە دەڵی : " ژیان جوانترین داستانە کە دەژین "
ئەمانە ناوی بەشێکن لە چیرۆکە چاپکراوەکانی ھانزن ئەندەرسون بۆ منداڵان:
( کچە شقارتە فرۆشەکە ، تۆمە لیزا " پەنجە باڵا " ، بووکە بچکۆلەی
دەریا ، شاژنی بەفر ، دەریاچەی قازەکان ، قالۆنچە ، گوڵەکانی ئێڵدای
بچکۆلە ، سێبەر ، داری سەروو ، کچە شوانەکە و کوڵبێنەپاکەرەوە ، دوو
خۆشەویستەکە ، زەنگ ، لەقلەق ، گوڵە مروارییەکە ، مانگ چی بینی ،
پێڵاوی سوور ، دایک ، خێزانێکی بەختەوەر ، کراسە تازەکەی ئیمبراتۆر ،
شازادە و دەنکە فاسوولیا ، با ـ ژیانی ئاڵتری ڤاڵدیمیر دای و کچەکانی
دەگێڕێتەوە ، سەربازێکی تەنەکە ، پەری یە بچکۆلەی ئاسمان ، ئاسیاو ،
کڵاوسی بچکۆلە ، کڵاوسی گەورە ، بولبوولێکی چڕیکەدار ، پوورم "دان ئێشە"،
ھیچ سوودێکی نییە ، شازادەیەکی شەڕانگێز ، بولبوولەکەی ئیمبراتۆر ،
قووتووی پاشەکەوت ، چەرخێکی سەیر ، بێچووە مراوییە لاسارەکە ، پارەی "
شیلن" ی زیوین ، سەربازێکی رۆژنامەنووس ، نەنک ، تنۆکە باران ، لە
ھەزار ساڵدا ، پەپوولە ، خەمێکی گەورە ، لەژێر داری بیدا ، دوا گەوھەر
، گەڵایەک لە ئاسمانەوە ، ماری دەریا گەورەکان ، زەنگی کڵیسا کۆنەکان ،
ژنە ھەژارەکە ، گەنجینەیەکی زێڕ ، پیاوی بەفر ، دوا خەونی پیرە دار
بەڕووەکە ، خەونەکانی " تاکی " بچکۆلە ، ماڵە کۆنەکە ، گەنمە رەشەکە ،
بەرازێکی کانزایی ، گوڵۆپە کۆنەکەی شەقامەکە ، رۆژەکانی ھەفتە ، قازە
کێوییەکان، ... ھتد)
( شانۆگەری پێڵاوی سوور )ی ھانز لە ھەشتاکاندا ، لە لایەن ھونەرمەند (
رزگار کەریم )ەوە بە کوردی دەرھێنرا و، کۆمەڵێک لە منداڵانی شاری
سلێمانی رۆڵیان تیابینی و ، ھۆنەرمەندی گەورەی گەلەکەمان ، مامۆستا (
گەزیزەعومەر ) رۆڵی ( پێلاو فرۆشەکە)ی دەبینی.. لە تەلەفزیۆنی کەرکوکدا
بە رەنگاوڕەنگ تۆمار کرا.
ــ خەڵاتی ھانز کریستیان ئەندەرسون بۆ ئەدەبی منداڵان.
خەڵاتی ( ھانز کریستیان ئەندەرسون) کە بە ( خەڵاتی نۆبڵی بچووک ) ناو
دەبرێ ، بریتییە لە دوو ( میدالیای زێڕ ) و دوو (بڕوانامەی دبلۆم ) کە
ھەر دوو ساڵ جارێک ، لە ئاھەنگێکی فەرمی قەشەنگ و شایستەدا ، لە لایەن
شاژنی دانمارکەوە ( مارگریتی دووەم ) مەوە ، پێشکەش دەکرێت و دەدرێت بە
باشترین نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان و ، بە باشترین وێنەکیشی منداڵان
، کە لەم دوو بوارەدا جێ پەنجەیان دیارە.. پاڵێوراوەکانیش لەلایەن
لیژنەیەک لە ( ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ کتێبی ھەرزەکاران ) دەست نیشان
دەکرێن ، بەڵام لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆر و شارەزا لە ئەدەبی منداڵاندا
، کتێب و بەرھەمەکانی نووسەرەکان ھەڵدەسەنگێنرێن و بڕیاریان لێ دەدەن
.. لە نێو لیژنەکەدا چەند پسپۆرێکی ناسراوی جیھانیان تێدایە لەوانە: (
ئەناستازیا ئارکیبۆڤا ـ رووسی ) و ( فرانسواز بالینگەر ـ فەرەنسی ) و (
ئارنست بۆند ـ ئەمریکی )
ـ بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ( ١٩٦٥) دا. بڕیاری پێشکەش کردنی خەڵاتی (
ھانز کریستیان ئەندەرسون ) بۆ باشترین نووسەری ئەدەبی منداڵان درا.
ـ لە ساڵی ( ١٩٦٦) یشدا . بڕیاری ئەم خەڵاتە بۆ باشترین وێنەکیش بۆ
منداڵان درا.. واتە خەڵاتی ھانز ئەندەرسون، دەدرێت بە باشترین نووسەر و
بە باشترین وێنەکیشی بواری ئەدەب و وێنە بو منداڵان.
خەڵاتی ھانز ئەندەرسون بۆ باشترین نوسەری ئەدەبی منداڵان:
ـ لە ساڵی ( ٢٠٠٠) دا ، درایە ( ئەنە ماریا ماسترۆ ـ بەرازیل )
ـ لە ساڵی ( ٢٠٠٢) دا ، درایە ( ئایدن واڵگرف ـ ئینگلتەرا)
ـ لە ساڵی ( ٢٠٠٤) دا، درایە ( مارتن ئادیل ـ ئیڕلەندا)
ـ لە ساڵی (٢٠٠٦) دا، درایە ( مارگرێت ماھی ـ نیوزیلەندا)
ـ لە ساڵی ( ٢٠٠٨) دا ، درایە ( بۆرگ سیویگەر ـ سویسرا)
ـ لە ساڵی ( ٢٠١٠) دا ، درایە نووسەری ئینگلیزی خاتوو( جوان کاتیل
رۆلینگ) کە لە زنجیرە بە ناوبانگەکەی ( ھاری پوتەر) وەری گرت.
ـ ئەمساڵیش ( ٢٠١٢) خەڵاتی ھانز کریستیان ئەندەرسۆن بۆ باشترین نووسەری
منداڵان ، دەدرێت بە نووسەری ئەڕجەنتینی: خاتوو ( ماریا ترێزا ناندۆ)
کە.. نیاز وایە لە (٢٥/٨ / ٢٠١٢) دا، لە شاری ( لەندەن ) ، لە
ئاھەنگێکی فەرمی قەشەنگدا ، خەڵاتەکە کە ( میدالییەکی زێڕ )و (
بڕوانامەی دبلوم ) و چەندین کتێبی منداڵانە ، پشکەش بە خاتوو ماریا
بکرێت.
بۆ باشترین وێنەکێشی منداڵانیش بۆ (٢٠١٢) دەدرێت بە : ( بیتەر سیس ) کە
وێنەکێشێکی ئەمریکی یە ، لە نێو سی وێنەکێشی پاڵێوراودا ، ئەمیان
ھەڵبژارد.
ھیوادارین کە رۆژێ بێت و ئەوە ببینین کە ، نووسەرێک یا وێنەکێشێکی
کوردیش ، بۆ ئەم خەڵاتە ھەڵبژێرن.. من لە ناخی دڵمەوە دەڵێم کە
کەڵەنووسەری کوردمان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ، مامۆستا ( لەتیف
ھەڵمەت) شایانی ئەوەیە ، کە خەڵات ( ھانز کریستیان ئەندەرسون ) ی پێ
ببەخشن.
لە ساڵی (٢٠٠٥) دا ، لە ساڵیای ( دوو سەد ) ساڵەی لە دایکبوونی ( ھانز
کریستیان ئەندەرسون) وڵاتی دانمارک و چەندین وڵاتی تری جیھان ، بە
ئەوپەڕی ڕێز و شایستەوە یادی ئەم کەڵەنووسەرە جیھانییەیان کردەوە.
ماوە ئەوەش بڵێین کە (ھانز) ژنی نەھینا و ، بە رەبەنی سەری نایەوە.
ھانز کریستیان ئەندەرسون لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا لە(٤/٨/١٨٧٥) ، لە
شاری کۆپنھاگن کۆچی دوایی کرد.. بەڵام ھەتا ھەتایە نەمری بۆ خۆی و
شانازی بۆ گەل و وڵاتەکەشی تۆمار کرد.
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|