په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کێ لە خۆسوتاندنی ژنانی کوردستان بەرپرسیارە؟


عه‌بدوڵا مەحمود   


دیاردەی خۆسوتاندنی ژنان، ڕوو لەسەرە. کەم ڕۆژ هەیە ژنێک یان چەند ژنێک دەست نەبەن بۆ گڕدانی جەستەی خۆیان، و کەم ڕۆژ هەیە ئەم هەواڵە دڵتەزێنانە لە بڵاوکراوەو ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی کوردستان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی تردا، نەبووبێتە سەر دێڕ و هەواڵی یەکەمیان.


هەموو ئەم هەڵقرچانەی جەستەی ژنە لە کوردستان، تائێستا بەوێنەی جینۆسایدی ژن لەلایەن کۆمەڵگاوە تەماشا ناکرێت، زۆر جار باسی هۆکاری دەستبردنی ژنان بۆ خۆسوتاندن دەکرێت، بەڵام تاوانباری سەرەکی لە ناوکۆمەڵگادا، دەست نیشان ناکرێت و هەر بۆیەش تاوانبارانی ئەم ڕووداوانە ڕووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەو داگاییکردن و زیندانیکردن ناکرێنەوە.


ئەمە بەجیا لەوەی لە زوربەی حاڵەتەکاندا پاساوی پوچ، یان باشتر بڵێین درۆی بێتام و بۆ چەواشەکردن و شاردنەوەی ڕاستی ڕووداوەکانی سوتاندنی ژنان لە لایەن تاوانبارانەوە دەهێنرێتەوە. دەڵێن فلانە ژن لە کاتی هەڵکردنی حەمامدا سوتا!، فلان کاتێک خەریکی پرکردنی سۆبا بوو، گڕی گرت!، ئەوی تر بە هەڵەو لەجێگای نەوت بەنزینی کردۆتە چراو سۆباوە!، بتڵی غازەکە تەقی!، پەرمێزی نانکردنەکە بووە هۆی سوتان و!!........ بێگومان ئەم پاساو درۆیانە نزیکە لە 100% هەموو حاڵەتەکان.


گومانی تیا نییە، حاڵەتی لەم بابەتەش هەیە، بەڵام ئەمانە زۆر دەگمەنن، و ئەوەی کە لەکوردستان ڕووئەدات خۆسوتاندنی ژنە. دەستبردنی ژنانە بۆ خۆدەربازکردن لەو مەرگەساتەی هەموو ڕۆژێک و هەموو ساتێک لە ناوکۆمەڵگاو بە تایبەتیش لە ناوخێزاندا، ڕووبەڕووی دەبنەوە. ناچار بوونی ژنانێکە کە ڕۆژانە هەموو سەعات و ساتێک مەرگ بەچاوی خۆیان دەبینن. سوکایەتی و بێڕێزی، هەڕەشەو لێدان، دەستدرێژی جنسی، بێمافی و دەستێوەردان لە هەموو مافە تایبەتیەکانی ژن لە جل و بەرگ پۆشینەوە تا شێوەی دوان و دەربرینی ئازادانەی بیرورا، جۆری پەیوەندیەکانی، لە پاڵ نەبوونی و گرفتی ئابوری ...تاد. ئەو ڕاستیانەن کە دنیای رۆشن بۆ ژن دەکەنە شەوەزەنگ، ئایندە بەڕەش، بۆیە پەنا دەبەنە بەرخۆسوتاندن.


ژنان ئەگەر لەبەرامبەر بەم دۆزەخەی کۆمەڵگاو خیزان و کەلتورو ئیسلام و پیاوسالایدا، ڕێگایەکی تر کە دەستیان پێی ڕابگەیشتایە، بێگومان دەستیان بۆ خۆسوتاندن نەدەبرد، ئەو ڕێگایەیان دەگرتە بەر.


دەستبردنی ژنان بۆ خۆکوشتن ڕێگا و چارەسەر نییە، ئەمە بەرگری یەکی سلبی یە بۆ وەستانەوە بەڕووی دۆزەخێکی هەموو رۆژە، خۆ ڕزگارکردنە بەمەرگ لەم دۆزەخە.


سەیر ئەوەیە ئەوانەی ئەم دۆزەخەیان سازداوە، ئەوانەی زەمینەی ئەو کوشتارەیان ڕێکخستووە، ئەوانەن کە بەئاشکرا دیارن. وەکو چەقۆ بەدەستانی تیرۆری ژنان دیارن، وەکو ئەوانەی کە بەئاشکرا ژن و خوشک و هاوسەری خۆیان دەکوژن دیارن، کەچی ئەمانە کەس لێیان ناپرسێتەوە، کەس وەکو بەنزینی و ئاگری کوشتاری ژن تەماشایان ناکات. سوکایەتی و بێڕێزی و بێمافی و هەڕەشەو لێدان و توندوتیژی سێکسی و دەستێوەرادان لەهەموو هەڵس و کەوت و جموجۆلێکی ژن، بە ئامادەکردنی دەبەی بەنزین و ئامادەکردنی ئاگر بۆ جەستەی ژنان تەماشا ناکەن. بۆیەشە، تاوانبارانی ئەم جۆرە لە ژنکوژی لەخانەی تیرۆری ژناندا جێیان نەکراوەتەوە بەو چاوە تەماشا ناکرێن.


ئەو ژنانە کە بەم شێوەیە ماڵئاوایی لەدنیا دەکەن، ئەوانەن کە لەجیاتی ئەوەی بەدەستی باوک و براو مێرد بە چەقۆ یان بە ریزێک فیشەک بکوژرێن و تیرۆر بکرێن، هەمان ئەو براو باوک و هاوسەرە، لەجێگای ئەوەی بەدەستی خۆیان ئەم تاوانە ئەنجام بدەن، چەکی ئەم تیرۆرە " سوتاندنی ژنان" ئامادەئەکەن تا ژنەکە خۆی بەدەستی خۆی ئەم کارە بکات، ئەم کاتەش ئەمە بەوێنەی خۆکوژی ژن خۆی تەماشا دەکرێت و تاوانبارانی سەرەکی پاساوی پەرمێز و سوپاو چراو حەمام !!داگیرساندن، دەکەنەهۆکاری سوتاندنی ئەم ژنانە.


تاوانبارانی ئەم خۆسوتاندنەی ژنان، ژنانێک نین کە خۆیان سوتاندوەو نەماون یان جەستەیان شێواوە، ئەوانەن کە لەخێزان و کۆمەڵگادا دیارن، ئەمانە دەبێ وەکو چەقۆ بەدەستانی تیرۆری ژنان تەماشا بکرێن، و بدرێنە دادگا. لەناو هەرخێزانێکدا کە ژنێک دەست دەبات بۆ خۆکوژی تاوانباری ناو ئەم خێزانە هەرچەند کەسێک بن، بەدواداچون و لێکۆڵینەوە، بە ئاسانی ئەتوانی ئەم تاوانبارنە بدۆزیتەوەو بداتە دادگا.


ڕێکخراوەکانی ژنان و هەڵگرانی کەلتوری مۆدیرن و ئینسانی کە رێز لە ماف و کەسایەتی ژنان دەگرن و بەشێکن لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان، پێویستە لە بەرامبەر بەم دیاردەی ژن کوژییەدا، بە سوتماکبوونی ژناندا، بەچاوێکی کراوەوە بێنە مەیدان، جگە لەهوشیارکردنەوەی ژنان و کردنەوەی دەوراتی هەمەچەشنە و بەمەبەستی ئەوەی نیشانی بدات دەستبردنی ژنان لە بەرامبەر دۆزەخی خێزان و بێرێزی و توندوتیژیدا، بۆ خۆسوتاندن و ئەنجامدانی تاوانی کەسانێکی تر بەدەستی خۆیان، رێگەچارە نییە و کۆتایی بە تاوانەکانی دژ بەژنان ناهێنێت، و رێگەیەک نییە بۆ ڕزگاری ژنان...تاد، هاوکات پێویستە و زۆر پێویستە تاوانبارانی ئەم حاڵەتانەی وای کردووە ژن ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن بکات، بداتە دادگاو دادگایان لێبگریت. ئەمە ئەتوانی تاڕادەیەک کوشتاری ژنان کەم بکاتەوە. ئەگەر کەسانێک لەسەر سوکایەتی بەژن و بێڕێزی و لێدانی ژنان بدرێنە دادگا و ڕەوانەی زیندان بکرێن ئاوا بەئاسانی لە ژێر ناوی کێشەی خێزانیدا تاوانباران بۆی دەناچن.


بەرگری لە مافی ژنان، تەنها هەڵوێست گیری و مەحکوم کردن نییە، تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی و هۆکارەکانی نییە، بەڵکو کاردانەوەو ودەستبردنە بۆ دەیان جۆری چالاکی و هەنگاوی پراکتیکی، بەرامبەر بە تاوانێک کە بۆن سۆی سوتانی ژنان تیایدا کۆمەڵگای داگرتووە.


دەسەڵات و هەموو ئەو حزب و لایەن و کەسایەتی و ڕێکخراوە جەماوەری و ئینسانی و ژنانیەکان کە بێدەربەستی بەکردەوە نیشان ئەدەن لەبەرامبەر ئەم جینوسایدەی ژناندا، بانگەشەکەیان هەرچیەک بێت بۆ بەرگری لەمافی ژنان، بەرنامە و پرۆگرامەکانیان بەهەر فۆرم و شێوازێک ڕازێنرابێتەوە، بایی پولێکی قەڵبە و بەرپرسیارێتی گەورەیان لە ئەستۆیە.دیارە دەسەلات لەو نێوەدا بەرپرسیارتی گەورەی لەسەرە، ئاخر دەسەلاتێک نەتوانێ ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و خیزانی بۆ ژنان دابین بکات، دەبێتە دەسەلاتێکی چنگ بەخوێن و پڕ ئاگر. ئەمە دەسەلاتە بە یاساو جێبەجێکردنی یاسای توند بەرامبەر بە تاوانبارانی ئەم کوشتارە دەتوانێ دەستی ژن سوتێنە واقعیەکان، کۆتا بکات. دەسەڵاتی پیاوسالاری ناتوانی ئەمە بکات، ئەمە پێویستە بەسەریا بسەپێنرێت. با لەوڕاستایەدا هەنگاو بنێن.
 

 

abdulla.mahmud@gamil.com