٨\٨\٢٠١٠
کەڵکی ئەوەمان نەماوە ،
ئەو هەموو تەنهاییە بە شانمان دادەین و
گۆرانیەکی نەرم نەبێ گوێی بۆ بگرین، برالە.

تەیب قادر
بۆ (سیروان
کەریم)ی (رۆژنامەنووس)ی
هاوڕێم، زۆری خەمەکانمان لە یەکتر دەچێ.
دەستت بێنە برالە
ئێمە ئیشمان چیە لەم دونیایە ؟
وەرە سەفەرێک بۆ شوێنە دوورەکان بکەین
وەرە با پێکەوە دانیشین و دوو قسە بۆ حاڵی خۆمان بکەین
ئێمە جێگایەکمان دەوێ لە سەر پشتی ڕۆیشتن
دوور دوور هێندەی دووری ئێمەو ژن
برالە چیتر باس بکەین ؟
چیتر باس بکەین کە هیچمان نەبێ لە پارچەیەک بۆشایی زیاتر ؟
ڕۆژەکانمان لێ کوژاوەتەوەو
لە شەوەکانی دە ساڵ پێش ئێستا وون بوین
چەند دەست دەکوتین لە نێو سەبەتەی ژیان
شتێکمان دەست ناکەوێ هەتا ئەو پەڕی دڵنیایی پێ بچین
کەڵکی ئەوەمان نەماوە برالە
ئەو هەموو تەنهاییە بە شانمان دادەین و
هەر بڕۆین و شوێنێک نەبێ دانیشن چایێکی شیرینی لێ بخۆینەوە
هەر بڕۆین و گۆرانیەکی نەرم نەبێ گوێی لێبگرین
هەر بڕۆین و کۆترێک نەبێ چاوەڕێمان بکا
هەر بڕۆین و گەرمی زەمەن زیاترو زیاتر زەفەرمان پێدەبا
وانابێ برالە وانابێ
وەرە سواری پشتی ڕۆیشتن بین و
بیر لە هاتنە خوارەوە نەکەینەوە
وەرە زیاتر لە خۆمان بگەڕێین
ڕەنگە خۆمان لە گازینۆیەک جێهێشتبێ
ڕەنگە لە ڕێگای ئیش خۆمانمان لێ کەوتبێ
ڕەنگە خۆمان لە نێو بەرگی ساڵێکی هیلاک وون کردبێ
ڕەنگە باش نەگەڕابین
با باشتر بگەڕێین برالە
ئێمە ئیشمان چیە لەم دونیایە ؟
وەرە دوور دوور بڕۆین تا نزیک بونەوەی خۆمان
دوور دوور تا نزیک بونەوەی سێبەرێک
دوور دوور تا نزیک بونەوەی کۆترێک لە ڕەنگی پشوو
ئێمە ئێستا دوورنین برام
چەند دوور بڕۆین بە سەر پشتی ڕۆیشتن
هێندە لە دەنکە ترێیەکان نزیک تر
هێندە لە سروودەکانی نێو باخ نزیک تر
هێندە لە پڕ بوونی سەبوری نزیک تر
نزیک تر زۆر نزیک تر دەبینەوە
ئای برالە ئای.........
وەها تێکشکاوین ، چاکبونەوەمان پێنج ساڵی زیاتر دەوێ
وەها وون بوین لە باخچەی ئەم ژیانە ، پەڕ پەڕ بوینە
دۆزینەوەمان پێنج ساڵ زیاتری دەوێ
با پەلە بکەین و باشتر بگەڕێین
با پەلە بکەین و شوێنێکی بچوکیش ، بێ هەڵدانەوە ، جێنەهێڵین.
هەولێر -
14\6\2010
|