په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٠

کەلتوورى ئاشتیمان پێویستە.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


سروشتى ژیان پڕ پڕە لە هاوکێشەى جۆراوجۆر ، جگە لە یاساکانى سروشت خودى مرۆڤەکان داهێنەر و خولقێنەرى ئەو پرنسیپ و هاوکێشانەن ، لە ئەزلەوە مرۆڤ خۆى لەبەردەم ململانێ و زۆرانبازییەکەى نەبڕاوە و بێپسانەوەدا بینیوەتەوە تاکو ژیان بەردەوامى هەبێت ئەو ململانێ و کێشمەکێشانە بوون و درێژەى هەیە ، بە لۆجیکێکى تر ژیان بریتیە لەو بۆربورین و کێبڕکێیە هەمەجۆر و هەمەچەشنەى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ لەلایەکەوە و لە لایەکى ترەوە لەگەڵ سروشتدا بە سوڕى زەمەنەکەیەوە ، لەناو ئەو هێڵى هاوکێشانەدا دوو دیاردەى زەق و بەرچاو مەترێز و سەنگەرى دژ بە یەکیان گرتووە ئەویش لایەنى باش و لایەنى خراپن یان هێزى رووناکى و هێزى تاریکى و ئیرادەى خێر و ئیرادەى شەڕن ... هتد .


ئێمەى مرۆڤ لەناو ناخى خودى خۆماندا ئەو دوو سەنگەرە ئاوەدانە و هەردوو لایەنەکەى تێیدا بەرجەستەیە و هەمێشە لە زۆرانبازى و ململانێدان ، بۆ ئەوەى جوانیەکانى ژیان وەکو خۆى ببینین و تابلۆ و رەنگەکان لەدید و هزرماندا تێکەڵ و پێکەڵ نەبن بۆ ئەوەى تاکەکانى کۆمەڵگا بە کەسوکار و خۆشەویستى خۆمان بزانین ، بۆ ئەوەى ناسنامە و بەها مرۆییەکانمان وەکو خۆى بەدەووربەرمان بناسێنین ، بۆ ئەوەى ژیانى کۆمەڵگا لێوان لێو کەین لە بەختەوەرى و تێڕوانینى جوان جوان ، دەبێت هەوڵ بدەین لایەنە باشەکەى ناو ناخەوەمان بەهێز بکەین ، دەبێت هەمیشە لە خو و پیستى مرۆڤدا بین و نەچینە بەرگ و کەوڵى ترەوە.
کورد لە دێر زەمانەوە دەبێژێ :(سینەى بێ کینە پێعەمبەر سڵاوات) ، ئێمەى تاکى کۆمەڵگاى کوردى دەبێت لە دەستپێکدا لەگەڵ خۆماندا ئاشت بێنەوە بەو لۆجیکەى مرۆڤ لەگەڵ خودى خۆیدا ئاشتەوایەک بەرقەرار بکات ، سینەى لەکینە و رق خاڵى بکاتەوە و ئینجا ئەو ئاشتییەى ناخى نیشان بدات و نمایشى دەووروبەرى بکات ، هەموو تاکێک وورد و درشت سەنگ و قورساى خۆى لەکۆمەڵگادا هەیە ، هەموومان رەوڕەوەى ژیان پاڵ دەنێین ، کەم و زۆر هەموو کەس بەگوێرەى رۆڵ و دەورى خۆى نەخشى لە جوڵانەوەى ئەو رەورەوەیە هەیە و لەو تەکانەى بەرەو پێشچوونەدا هاوبەش و بەشدارە .


ئەم قۆناغە هەستیارەى کە کورد پێیدا گوزەر دەکات ئاشتبوونەوەیەکەى هەمەلایەنە و گشتگیر دەخوازێت ئاشتبوونەوەیەک کە بریتى بێت لە داماڵینى هەموو بوغز و کینە و رقێک بەرامبەر بەیەکتر و چوونەوە سەر کرۆک و بەدەنە و لاشەى مرۆڤانەى خۆمان ، کوشتنى گیانى ئەنایەت و خۆ بەزل زانین و خۆ ویستى و خۆ پەرستى ، ئاشتبوونەوەیەک لە پێناو یەکتر بژێن و لە پێناو یەکتردا بمرین ، ئاشتبوونەوەیەک لە پۆپەى دەسەڵاتەوە شۆڕبێتەوە بۆ ناوەوەى خەڵک ئاشتبوونەوەیەک هەموو چین و توێژاڵەکان بگرێتەوە ، ئاشتبوونەوەیەک نەک تەنها وەکو ماچ مۆچەکانى جەژن تەنها رۆژێک بێت بەڵکو بە دڵ یەکمان خۆش بووێت ، ئەبێت مەبەست و نێەتمان وابێت تاکو لەسەر گۆى ئەم زەوییەن یەکمان خۆش دەوێت و رەق و کینە لە دڵ و دەرونماندا گەرا ناخەن و لانە ناکەن .


ژیان هى هەمووانە پێویست ناکات هەوڵى یەکتر سڕینەوە بدەین ، کەلتورى یەکتر سڕینەوە هى چاخ و سەردەمەکانى پێشوو بوو ، دەکرێ گوێ بۆ یەکتر شل بکەین وپرنسیپى دیالۆگ و حیوار میتۆد و رێباز و کارنامەى ژیانمان بێت و فەرهەنگى پێکەوە ژیان و پێکەوە هەڵکردن پیادە بکەین ، دەکرێ یەکتر قبوڵ بکەین چونکە مێژوو دەرى خستوە قبوڵنەکردنى یەکتر زیانى گەورەى لێداوین ، ئێمەى کورد هەموو پێکەوە گرنگین ، پێکەوە دەتوانین شتى گەورە ئەنجام بدەین و بەرەو پێش هەنگاو بنێن .


ئێمە دەبێت رۆژێک ئەم سەر زەوییە بە جێبهێڵین بەدڵنیاوە دەڵێم ئەوەى کردارى مرۆڤانە بێت لە ژیاندا ناخى لیپا و لیپ بێت لە ئاشتى و خۆشەویستى خەڵک لە کاتى ئاویلکە و گیانەڵادا بەئاسودەى رۆح دەسپێرێ و بە بەختەوەرى سەر دەنێتەوە ، چونکە سەربەرزە بەرامبەر بەوێژدانى خۆى و بەر ئازارى ویژدان ناکەوێ .

 


husin2008@yahoo.com