په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٠\٢٠١٥

کەلتووری پاوان و پاوانخوازیی.

شوان عوسمان    


لە رابردوویەکی ئەوەندە نزیک نا، کاتێک لە کوێرە دێیەک خەڵک لە دژە کرداری ستەمەکانی ئاغا پاوانەکەیان دەسوتان، ئاغاش بەبێ ئەوەی گوێ بە هیچ نەریت و رەوشت و ئاکارێک بدات لەتۆڵەی پاوانە سوتاوەکەی خۆی تەڕ و وشکی دەسوتان ، بە هەمان شێوەش ئەمڕۆکە ئەوەی (پارتی) دەیکات هەمان کار و پەرچەکرداری هەمان ئاغایە ئەنجامی دەدات، ئەوە دووبارە بوونەوەی مێژووە لە سەر ریتمێکی کۆنەخوازی ، ئەو ریتمەش بریتیە لە کەلتور و عەقلیەت کە لە مێژووی سەرکردایەتی ئەو حزبە جیا نابێتەوە، بەڵام ئەوە مێژووشە پێمان دەلێت دوای هەموو دووبارە بوونەوەیەکی لەو شێوە مێژووانە (مەفهوم) تێگەیشتنێک هەیە کە بە مێژوو ناوی نابردرێت، بەلکو بە مەهزەلەیەکی سیاسی ناوزەد دەکرێت...

ئەوەی لە هەرێم دا گوزەر دەکات ئەمڕۆکە گەڕانەوەیە بۆ سەردەمێکی کۆن ونوێ کردنەوەی کەلتوری (پاوانی)ی بۆیە دیسان بڕەو بە سیاسەتی پاوانخوازی لەو دەڤەرە بە گشتی و لەو شارەی (هەولێر)یش بە تایبەتی دەدرێت ، هاوکات ئەو شارە پایتەختێکی سیاسی ئەو (هەرێم)شە، ئەوەی لەوێ روو دەدات نە لە (ئەفغانستان)و نە(لیبیا)و نە لە (تونس) و تەنانەت لە باشوری (عێراق)یش تا ئێستا بەو شێوە کۆنەخوازیە رووینەداوە، لە کاتێدا لەو دەڤەرانە چەندین ساڵ دیکتاتۆریەت وەکو سیستم و رژێم ببووە کەلتور و هۆشمەندی و دامودەزگا، ئەوان بەو شێوە بێ منەتیە کە هیچ بەهایەک بۆ رێسا و یاسا و چەمکی دادپەورەری و (حەصانە)ی یاسایی بکەن، حوکمی قەرەقۆشانەیان دەر کرد...


گرتنەبەری هەموو شتێکی نادروست لە پێناو مانەوەی ئامانجێکی دروست دروستە، ئەوە فەلسەفەی هەموو ئەو دیکتاتۆرانە بووە کە هەموو شتێکیان کرد تا بمێننەوە ، بەڵام پرسیار ئەوەیە هەر هەموویان بەرەو کوێ چوون، ئێستا لە کوێن، ئەوە دوا هەولی کۆنەپەرستی عەقلیەتێکە کە لە پێناو مانەوەی حەز و مەرامی حزبی و تایبەتی خۆی هەموو شتێک ئەنجام دەدات، باکی بە هیچیش نیە و نابێت، هەروەها باوەڕی بە هیچ گۆڕانێک و پێشکەوتن و داهێنانی تازەشەوە نیە ئەوان دەیانەوێت رەورەوی مێژوو بگەڕێتەوە نەک بەرەو پێشەوە بچێت، بەداخەوە بۆ ئەو نەتەوەیە بەدبەختە، بەدبەختی ئەو نەتەوەیەش لەوە دایە کە سەرکردایەتی و عەقلیەتێکی بەسەرچووی هاوشێوەی سەردەمی زوو بەو شێوەیە سەرکردایەتیان دەکات...

هەموو مەهزەلەیەکیش دواجار دوایی بە بەرەئەنجامێک دێت کە دوایی بە مێژووی خۆی دێنێت کە هیچ کەسێک ناتوانێت رێ لەو رەوتە بگرێت کە کۆتایی پێ دێنێت ، حکومەتێک بە (لەچاو قوچان)ێکدا بەبا بکرێت، هەروەکو ئەوەی نە بایان دی بێت و نە باران بە عورفی پاوانخوازی، تەنیا لەو دەڤەرە نادیموکراتیەی خۆمانەوە ئەوە دەردەکەوێت ئەویش تەنیا لەسەر پاوانێک و بەس...


١٤\١٠\٢٠١٥ - هۆلەندە
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک