په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١\٢٠١٣

کەلتووری رەخنە و رەخنەگرتن لە نێو پارتی کوردیدا!


ئاریتما موحەممەدی   


گەورەترین موشکیلی کەلتووری سیاسەتوانانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە کە لە گەڵ فەرهەنگی ڕەخنە و ڕەخنە گرتن نامۆن. ئەگەر ڕەخنەیان ئارەستە بکەیت لە دژت هەڵوێست وەر دەگرن و ژیانت دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەگەریش ڕەخنە نەگریت بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگا دەکەوێتە مەترسی و پەرە بە گەندەڵی و بە هەدەر بردنی سامانی گشتی دەدرێت.


لێرەدا هەوڵ دەدەم کە باس لە کەلتووری ڕەخنە و ڕەخنە گرتن لە نیو پارتی کوردیدا بخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە!


پارتە ڕۆژهەڵاتیەکان!


سەبارەت بە پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێم وایە کە ئەگەر کەلتووری ڕەخنەگرتن لە نێو خۆماندا بە سەرکەوتوویی تێنەپەڕێنین، لە داهاتوودا گەورەترین لەمپەری سەر ڕێی کەلتووری دیموکراتی دەبین و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک و دوونیای ئازادی ڕادەربڕین ساز دەکەین و وەک کەسانێکی پاسیڤ و دژ بە ویستە مرۆڤایەتییەکانی نێو کۆمەڵ لێمان یاد دەکەن. بۆیە پێم وایە تام و چێژەکانی ژیان لە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی چاپەمەنی، ئازادی نوسین و بڵاو کردنەوە، لە ئازادییە ئایینی، تاکەکەسی و سیاسیەکان دایە.


هەر بۆیە پێم وایە کە هەر شێوە خەبات و تێکۆشانێک لە پێناو ئەو پرسە گرنگانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد وەک دەسپێکی خەباتێکی گشتگیر بۆ جێگیر کردنی کۆمەڵگای مەدەنی دێتە ئەژمار، ئەوەش ڕەنگ دانەوەی خۆی لە سەر ویست و داخوازی خەڵک دادەنێت و ڕۆڵ و هەوڵەکانی مرۆڤ بەرز دەنرخێنێت و وەک مرۆڤگەلێکی ئازادیخواز و نیشتیمان پەروەر دەهێنە ئەژمار.


لە کۆمەڵگا سونەتیەکانی جیهانی سێوەم، بازنەی خەبات و تێکۆشان لە پێناو مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە گشتی وسیاسی و تاکەکەسیەکان چەندین پرسی گرنیگ لە خۆ دەگرێت کە من لێرەدا باس لە دوو لە پرسە هەرە گرینگەکانی دەکەم، ئەوەش لە لایەک خەبات لە دژی داگیرکەری دەکەن و هەوڵ بۆ بە دەست هێنانی مافی نەتەوایەتی کورد دەدەن و لە لایکی دیکەش خەبات بۆ مافی مرۆڤ و بایخە کۆمەڵایەتیەکان دەدەن کە وجود و ژیانی مرۆڤ لە سەری دامەزراوە. ئەوەش شانازییەکە بۆ ئینسانی سیاسی و ئازادیخوازی کورد.


بەڵام، پێچەوانەش، ئەو مرۆڤانەی کە لە دژی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و سەربەستیی و کەرامەتی ئینسان دەوەستنەوە و یاری بە بیر و باوەڕە مرۆڤایەتیەکان دەکەن لە کۆتایی دا دەکەونە ناو زبڵ خانەی مێژوو ون دەبن.


کۆمەڵگای کوردستان وەک کۆمەڵگایەکی سیاسی و پلۆرالیستی دەورێکی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگێڕێت، بەڵام بە داخەوە یەکێ لە موشکیلەکانی مەزنەکانی کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە کە مرۆڤی کورد هەر لە تەمەنی مێر منداڵیەوە ژیانی تێکەڵ بە سیاسەت دەبێت ئەوەش لە بەر ئەو زوڵم و ستەمەیە کە لێی دەکرێت و بە ئاسانی هەستی پێ دەکات، دەسەڵاتیش، وەک بەربەستی چارەسەری چاو لێدەکات و پێی وایە کە ئەو، دەرفەتی بۆ ناڕەقسێت کە لە چارەسەری ئەم پرسانە بەشدار بێت.


ئیتر بە ناچاری ڕێگای خەبات و تێکۆشان لە پێش دەگرێت و ژیانی تێکەڵ بە دوونیای سیاسەت دەبێت، هاوکات لە بەر نەبونی ئەزمونی دیموکراتی و مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بەشێک لەو کەسانەی کە لە پێناو سەربەستی گەل ڕێگا دژوارەکانی خەبات لە پێش دەگرن، لە پاش ماوەیەک لە سەر کوتی ئازادیەکان ڕۆڵی بەرچاو دەبینن.


دیارە، کاریگەری کەلتووری کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی و ئایینی و بەربەستە کۆمەڵایەتی و سونەتیەکانی لە سەرە، هەر بۆیە ناتوانێت لە هەمبەر کەلتووری ڕەخنە و ڕەخنە گرتن خۆڕاگر بێت، چونکە ژیانی لە ناو سیستمێکی سیاسی بە سەر بردووە کە وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی چاوی لە ڕەخنە و کەلتووری رەخنە گرتن کردووە. ئەوەش پێویستی بە کاتە و من پێم وایە کە دەبێت لە *دەورەی* تاییبەتیدا بەشداری پێبکرێن بۆ ئەوە ئەو ترسەیان بڕەوێتەوە و نابێت دەرفەتی ئەوەیان پێ بدرێت کە لە گەڵ ئەو ترسەدا لە کاری سیاسی بەردەوام بن، چونکو کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.


سیاسەتوان و چالاکوانی کورد لە دەرەوە:


یەکێکی دیکە لە لاوازیەکانی سیاسەتوان و چالاکوانی کورد ئەوەیە کە بەشێک لەوان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە لە هەندەران ژیانیان بە سەر بردووە و قازانجەکانی کەلتووری ڕەخنە و ڕەخنە گرتن و جێگیربونی فەرهەنگی دیموکراتی باش دەزانن، لە گەڵ ئەم کەلتوورەشدا گەورە بونە و هەست بە پلۆرالیست بونی ئەو کۆمەڵگانەشیان کردووە، (خودی ئەمە خاڵێکی پۆزیتیڤە)، بەڵام، هاوکات دژایەتی ئەم چمکە گرینگانە دەکەن و وەک مەترسی چاوی لێ دەکەن. وا دەردەکەوێت کە لەشی بەشێک لەمانیش بەم نەخۆشییە ئالودە بووە و (وەک چاوەڕێ دەکرێت، چارەسەر کردنی دژوار بێت).


گرینگترین هۆکاری درێژە کێشانی ئەم ترسە ئەوەیە کە نایانهەوێت لە گەڵی ڕوبەڕوو بن، بەداخەوە ئالەرژیشی پێ نیشان دەدەن.


ئەرکی نوخبەی کوردی لە کۆمەڵگا:


نوخبەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەبێت چمکی ڕەخنە و ڕەخنە گرتن بە پێوەری پێشکەوتنی و شەفافیەت لە ڕێباز و ڕێگای کوردایەتی لە قەڵەم بدەن. ئەو کۆمەڵگا و وڵاتانەی کە بە چاوێکی ڕەخنە گرانەوە لە سیستمی سیاسی وڵاتەکەیان نواڕیوانە یان خود بە شێوەیەکی ڕەخنە ئامێز باسیان لە پرسە سیاسیەکان کردووە پێشکەوتنی بەرچاویان بۆ خۆوە بینیوە.


ڕەخنە بنەمای چاکسازی و پێشکەوتنە، بناغەی سیستمی وڵاتانی پیشە سازیش لە سەر پێوەرە ڕێفۆرمخوازییەکان دامەزراوە. کەواتا گرینگترین دەستکەوتەکانی جیهان لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو بەرهەمی ڕەخنە بووە، شۆڕشی ڕێنیسانس لە ئەورووپا بەرهەمی ڕەخنە و کەلتووری ڕەخنەیی بوو، هاوکات وەک دەسپێک و سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیش چاوی لێ دەکرێت.


بنەما فەلسەفیە بنەڕەتیەکانی هەر شۆڕش و پێشکەوتن و نوێبونەوەیەک لە سەر بناغەی ڕەخنە دامەزراوە.


ڕەخنە لە نێو پارتی کوردیدا:


پێم خۆشە لێرە بە کورتیش بێت باسێک لە سەر ڕەخنە و ڕەخنە گرتن لە ناو پارتە سیاسەکانی کوردستان بکەم، هاوکات ئەم باسە پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکە و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە.


بەشێک لە پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بە پێشڕەوی خەڵک دەزانن، بەڵام تاکو ئیستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیان لەو پێوەندیەدا هەڵنەگرتووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە چوارچێوەی “پێڕەو پڕۆگرامەکانیداندا” وشەی “پێشڕەو و پێشکەوتوخواز”یان گونجاندووە، ئەوەش ڕوی ڕاستەقینەی پارت و ڕێکخراوەکان ناگۆڕێت، بەڵکو زۆر جار بووەتە هۆی دابڕان و شی کردنەوەی باسەکان بە جۆرێک کە لە گەڵ بارودۆخی ناو حیزبەکان نەگونجێت و ئاڵۆزی نێوان سونەتەکانی لێبکەوێتەوە.


پێویستە کە لەو پێناوە دا هەنگاوی گرینگ هەڵبگرنەوە و ئیتر بە شێوەیەکی ئەساسی و گرینگ لەو پرس و بابەتانە بڕوانن. ئەوە ئەرکی سەرشانی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە چەندین پرسی گرینگی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە “پێڕەو پڕۆگرامەکانیاندا” بگونجێنن و زەمینەی بۆ فەراهەم بکەن. پرسە کۆمەڵایەتییەکان، مافی ئافرەتان و توندوتیژیەکانی دژ بە ئافرەت، پرسی مافی مرۆڤ، پرسی ئازادی و جۆرەکانی ئازادی، واتا ئازادی ڕادەربڕین، چاپەمەنی و هتد. ئەمانە پرسگەلێکی هەستیار و گرنگن کە پاش ئازادی بونی کوردستانیش خەباتیان بۆ دەکرێت.


هاوکات، لە گەڵ ئەوەدا کە خەبات بۆ ڕەواندنەوەی پرسی سیاسی کورد و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی سیاسی بۆ ئەو پرسە دەکەین، خوازیاری پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگاین، دەبێت پرسی ئافرەتان چارەسەر بکرێت، پرسەکانی مافی مرۆڤ و ئابووری و ژیان و گەزەرانی خەڵکیش ئاوڕی لێبدرێتەوە و هەنگاوی پێویست لەو بوارەدا هەڵ بگرن.


خاڵێکی دیکەی لاوازی پارتەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە، کەم کاریان کردووە لە جێگیرکردنی دیموکراتی و کەلتووری بە ڕێکخراوەیی بون و هەروەها کەلتووری ڕەخنە. پرسی بەشداری پێکردنی ئافرەتان لە نێو ئۆرگانی حیزبی و بە تاییبەت لە دەسەڵات، ئەمانە ئەو کۆمەڵە پرسانەن کە لە داهاتوش دا لەمپەر و ڕێگر دەبن لە پێشکەوتنی کۆمەڵی کوردستان، بەڵام ئەگەر هەر لە ئیستاوە هەوڵی بۆ بدەن دەتوانن ئەو ڕێگا دوور و درێژانە کورت بکەنەوە.


ئەنجام و کۆی وتار:


ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و کوردستان وا دەخوازن کە بە بەرنامە و پلانێکی نوێ بۆ قۆناغی داهاتوو هەنگاو هەڵنێینەوە. کۆمەڵێک پرسی گرینگ هاتوونەتە گۆڕێ کە دەبێت شیکردنەوەمان بۆی هەبێت، دەبێت خۆمان لە گەڵ کەلتوور و بزاڤی نوێی مەدەنی و نیشتیمانی لە کوردستان ڕێکخەین، بۆ ئەوە بتوانین شکڵیان پێببەخشین و لە یەک ڕاستەی هاو خەبات بەرەو پێش ببەین.


هەروەها پێویست بەوە دەکات کە هندێک ڕێفۆرم و گۆڕانکاری لە سیاسەتە گشتیەکانی پارتەکاندا بکرێت و پلانی نەتەوەیی و نوێ و ڕێفۆرمخوازانە هەڵ بگرن. دەبێت کەلتووری ڕەخنە و ڕەخنە گرتن بە هەند وەر بگرن و شکڵ و شێوەی دیموکراتی و ڕێکخراوەیی لە چوارچێوەی حیزبدا جێگیر بکەن. لە دیموکراتی ڕاستەقینەدا مرۆڤ بە ئەو پەڕی ئازادی دەگات و هیچ پێوەرێک نییە بۆ ئەوە کە مرۆڤ کونترۆڵ بکات و وەک کەرەستە بەکاری بهێنێت. کەواتا ئێمە دەبێت ئەم چمکە بە باشی دابڕێژین و لە چوارچێوەی پارتی سیاسی کوردیدا جێگیری بکەین.

 


aritma86@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک