په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٢\٢٠١٢

(کەمپین)یشمان فت! یان پێویستە کەمپین دژی کەمپینکردن بکەین!؟


دارا ئەحمەد        


ماوەیەکە کوردان فێری (کەمپین) و کەمپینکاریی بوونە.. بە بێ ئەوەی (واتا و پێویستیی و گرنگیی و ئامانج)ی کەمپینکردنیان لە لا رۆشن بێ هەر کەسە و یان چەند کەسە و گرووپێک دەست دەدەنە کەمپینکردن، بە جۆرێک وای لێهاتووە کە هەر رۆژەو لە میدیاکان کەمپینی سەیروسەمەرەمان بەرچاو بکەوێ، ئیدی زۆربەی هەرە زۆریان بە بێ ئەوەی هیچ سوودێک بگەیەنن هەر لەو گۆڕە خەڵکێکی زۆری پێوە ماندوو دەکەن.. تەنانەت ئەو شێوازە لە کەمپینکردن زۆر زۆر لە بایەخی کەمپینکردنیشی کەم کردۆتەوە و خەریکە خەڵک و خوێنەران تەواو لێی بێزرا دەبن.

ئەمن وای بۆ دەچم کە هۆکارەکانی بەلاڕێدابردن و پووچبوونەوەی کەمپینەکان ئەوانەی خوارەوە بن:

١- رێکخەرانی کەمپین وا تێگەیشتوون کەمپین تەنیا بۆ ئەوەیە کە رژێم کارێکی دژ بە ئازادیی و مافەکانی هاوڵاتیان دەکا یان بە هۆی بێ یاسایی و پەروەردەی سیستەمەکە کەسانێک کارێکی نەرێنیی و دژەمرۆیی ئەنجام دەدەن.. ئەوانیش لە چوارچێوەی نووسینێکی هەڕەشەئامێز ناڕەزایەتیی دەرببڕن و کۆمەڵێک واژۆی بۆ کۆبکەنەوە و ئیدی تەواو.. ئاو بێنن و دەستان بشۆن!

٢- لاوازیی هۆشمەندیی گشتیی لە لایەنی رێکخەرانی کەمپینەکان، وەک:
ا- هەناسەتەنگیی و پەلەپڕوزێکردن لە کارەکانیان بە بێ ئەوەی بەرنامەیەکی دیارکراویان هەبێ.
ب- بێ توانییان لە نووسینی دەقی کەمپینەکە (لە گەیاندنی کێشەکە بە شێوەیەکی روون و دیارکردنی ئامانج)، تەنانەت لاوازییان لە داڕشتنی دەقەکە و نووسینی کوردییەکی جوان و بێ کەموکوڕیی.
پ- تێنەگەیشتن لە بابەتەکە یان رووداوەکە، بە جۆرێک کە زۆر جار ئەو کەسانەی کەمپینەکە دەکەن نەک هەر شارەزاییەکی گشتییان نییە بەڵکە هیچ شارەزاییەکیان لەسەر ئەو بابەت و رووداوەش نییە کە کەمپینی بۆ دەکەن، زۆر جار کەسانێکی سیاسیی یان یاسایی کەمپین لەسەر بابەتێکی هونەریی یان دەروونیی دەکەن هەروا بە پێچەوانەشەوە.
ت- بەڕێوەبردنی کەمپین لە لایەن گرووپ یان کەسانێکی حیزبی کە بە پێی بیرکردنەوەی تەسکی گرووپکاریی و حیزبایەتیی خۆیان کەمپینەکە وەک گوشارێک بۆ بەرژەوەندیی گرووپەکەیان یان حیزبەکەیان بەکاردەهێنن یان خەڵکانێک هەن وەک تۆڵەسەندنەوە لە بەرانبەر خەڵکانێکی دی کەمپین دەکەن.
ج- جیاوازیی نەکردن لە نێوان (کەمپین و یاداشتنامە و راسپاردە و ئاگاداریینامە و نامەی کراوە و... هتد) لە لایەن رێکخەرانی کەمپین.
چ- نەخۆشیی خۆدەرخستنی رێکخەرانی کەمپین لە لایەک و نەخۆشیی خۆدەرخستن و سەرلێشواویی زۆرێک لە واژۆکەران کە وەک خولیایەک رۆژانە بە دوای ئەوەوەن لە هەر کەناڵێکی میدیایی کەمپینێک هەبێ ناوی خۆیانی بخەنەسەر.. بە بێ ئەوەی بزانن ئەو کەمپینە چییە و بۆ چییە و ئامانجی چییە و ئەوانەی پێی هەڵدەستن و ئەوانەی واژۆی دەکەن کێن!؟ زۆر جار خەڵکی جیاوازیی ئەوتۆ لە نێو ئەو کەمپینانە دەبینیەوە کە ئاسمان و رێسمان لە هەموو شتێک لە یەک جودان.. ئەوەش لەوەوە نییە کە رەنگە ئەو دوو جۆرە کەسە جیاوازە هێندە دیموکراسییخوزان تەنیا لەبەرئەوەی لە بۆچوونێک یەکدەگرنەوە ئاساییە لە کەمپینێک پێکەوە بەشدار بن بەڵکە هەردوو لایان تەنیا بۆ خۆدەرخستن و بەرژەوەندییەک یان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ شێواندنی کەمپینەکە بەشداریی دەکەن، یان زۆر جار لە نێو کەمپینێک کە بۆ جۆرێک لە ئازادیی کراوە.. دژە ئازادییترین کەس واژۆی تێدا کردووە، یان وەک لەو رۆژانە بینیمان کەسانێک کە خۆیان بە پشتیوان لە هەڵسووڕاوانی ژنان و وەک تێکۆشەر لە پێناو وەدیهێنانی ئازادیی و یەکسانیی ژنان دەناسێنن و کەمپینک لە دژی هەڕەشەی کوشتنی چالاکوانانی ژنان دەکەن.. کەچی کەسێکی دژ بە ئازادیی و پلەداری گەورەی نێو دەسەڵات لە نێو خودی ئەو چالاکوانانەیە و بەرگریی لەویش دەکەن!*

٣- زۆربەی هەرە زۆری کەمپینەکان بە بێ ئەوەی ئامانجێک وەدەست بهێنن.. پاش ئەوەی نامەیەک بە واژۆکانییەوە بۆ لایەنی بەرانبەر دەنێردرێ ئیدی بێدەنگیی لێ دەکرێ و لێژنەی کەمپینەکەش - ئەگەر هەبێ - هیچ ئاگادارییەک تەنانەت وەک رێزنانێکیش لە واژۆکان بڵاو ناکاتەوە و رایناگەیەنێ کە ئەنجام بە چی گەیشت، یان ئەگەر ئامانجەکە وەدەست نەهاتووە بەدواداچوون و بەرنامەی داهاتوو دەبێ چی بێ.

٤- رێکخەرانی کەمپینەکان بە بێ ئەوەی لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکیان هەبێ بۆ رادەی هێز و توانای نارەزایەتییەکە کە سەرکەوتن لە وەدستهێنانی ئامانج مسۆگەر دەکا.. دواکاریی هێندە گەورە دەخەنەڕوو کە لایەنی بەرانبەر هەرگیز ئامادە نابێ گوێیان لێ بگرێ.. یان ئەوەتە بە بیرۆکراسییەت و کات کوشتن کەمپینەکەیان پووچ دەکاتەوە یان هەر راستەوخۆ گاڵتەیان پێ دەکەن، وای لێ هاتووە ئەو کەمپینانە بە نەرێنیی بشکێنەوە.. وەک زۆر جار کە خەڵک رووبەڕووی دەسەڵاتداران یان لایەنی بەرانبەر دەبنەوە بە گاڵتەوە پێیان دەڵێن: (ئێ باشە، بڕۆن کەمپینێکی بۆ بکەن)!!! واتە راستەوخۆ پێیان دەڵێن ئەو قسە و داواکارییانەتان زۆر نابەجێن و بڕۆن کەمپینی بۆ بکەن.. ئەگەر جێبەجێش نەکرێن یان سەرنەکەون هیچ نەبێ پێیەوە سارد دەبنەوە و گوڕوتینتان دادەمرکێتەوە!!!

٥- .... و چەندین خاڵی دیکە کە حەز ناکەم بابەتەکە درێژتر بکەمەوە.

ئەمن وای دەبینم کە زۆربەی زۆری ئەو کەمپینانەی لەو چەند ساڵەی دوایی ئەنجامدراون بێ ئەنجام بوونە و زیانێکی گەورەمان لێ کردوون، بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە چیدی خەڵکی هۆشیار و ئازادییخواز و یەکسانییخوازان خۆ نەدەنە ئەو جۆرە کەمپینانە و کاتی خۆیان پێ بە فیڕۆ بدەن و لە جیاتی قازانج زیان بچننەوە.

ئاخەر کەی رەوایە تۆ وەدوای کەسانێک - کە کەمپین رێکدەخەن - بکەوی لە هیچ روویەکەوە هێندەی خۆت هۆشیار نەبن.. جگە لەوەش هیچ دڵسۆزییەکیشان نەبێ و تەنیا لە پێناو خۆدەرخستن و هەندێک بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان خەڵک ماندوو بکەن و لە کۆتاییشدا بە بێ گەیشتن بە هیچ ئامانجێک بێدەنگیی لێ بکەن و کەمپین بەو دەردە ببەن کە بردیتیان وەک ئەوەی ئێستا کە هیچ ترس و گوشارێک لەسەر لایەنی بەرانبەر و دەسەڵاتداران دروست ناکا و بۆتە جێگەی گاڵتەجاڕیی، ئیدی وای لێهاتووە خەڵکانێک بیر لەوە بکەنەوە کە کەمپین لە دژی ئەو کەمپینکردنانە بکەن!!!

سەرئەنجام ئێستا خەڵکانێکی زۆریش - ئەوانەی کە کەمپینیان بە کار و کۆششێکی گرنگ دەزانی بۆ وەدەستهێنانی ئامانجگەلێک - بە هۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کەمپین و کەمپینکاریی ساردبوونەتەوە و وازیان هێناوە،  لای من باشترین چارە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ واژۆی کەمپینەکان بکەن و بە هۆیەوە ئامانجێک وەدەستبهێنن.. ئەوەیە کە سەرەتا بزانن ئەوانەی کەمپین دروست دەکەن کێن و پێشینەیان چییە و چەند لەگەڵ پێشنیار و خستنەڕووی گرفتەکان و رێگەچارەکان و داواکارییەکانیان راستگۆن، ئایا خۆیان ئازادییخواز و یەکسانییخواز و مرۆڤپەروەرن و بە راستیی بە تەنگ چارەسەرکردنی کێشەکان و وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی و ئارامیی خەڵکەوەن، هەروا دەکرێ هەر لە رێگەی خوێندنەوەیەکی وردی دەقی کەمپینەکەش کە پێش واژۆکۆکردنەوەکە بۆ خەڵک دەنێردرێ.. بزاندرێ ئەو کەمپینە تا چەند لە بەرژەوەندیی چین و توێژێکی کۆمەڵ یان تەواوی میللەت دایە و ئایە تا چەند دەرفەتی سەرکەوتنی تێدایە یان نا.

من پێشنیاری وشەی ‌(هەڵمەت) لە جێی (کەمپین) دەکەم:

ئێمە وشەی (کەمپین)مان لە (کامپەین - Campaign)ی زمانی ئینگلیزیی وەرگرتووە و بە عەرەبیش پێیدەگوترێ (حەملە - حملة)، بە کورتییەکەی ئەو دەستەواژەیە لە رووی سیاسییەوە واتای هەڵمەتکردنێکی بەکۆمەڵ دەگەیەنێ کە هەموویان بە یەک هەڵوێست و یەک دەنگ لە مەسەلەیەکی دیارکراو لە پێناو ئامانجێکی دیارکراو تێدەکۆشن، بۆیە زۆر ئاساییە ئێمە لە جیاتی ئەو وشەی (کەمپین)ە بتوانین وشەی (هەڵمەت)ی کوردی - هەرچەندە لەوانەیە رێک و راست واتای (کامپەین - حملة) نەبەخشێ - بەکاربهێنین.. ئەوە زمانە و ناتواندرێ وشەکان لە هەموو زمانەکان کتومت هەمان واتایان هەبێ، ئەو جۆرە وشانەش پێویستە بە زمانەکەی خۆمان هەبن و بەکاریشیبهێنین چونکە ئەگەر بۆ هەموو وشە و دەستەواژەیەکی فەلسەفیی و هزریی و سیاسیی و زانستیی و... هتد هەر پەنا بۆ وشەی زمانی دیکە ببەین ئەوە زمانەکەمان دەشێوێ و پەڕپووت دەبێ و هەر بە پاشکۆیی دەمێنێتەوە، دواییش وشەی (هەڵمەت) پێشتریش لە نێو کوردانی باشوور لەجیاتی (حملە)ی عەرەبی بەکاردەهات و جێگەی خۆشی کردبۆوە.**
___________________________________________________
* هەرچەندە ئەو کەمپینە بە ناوی نامەیەکی کراوەیە بوو: (حکومەتی هەرێم دەبێ کاردانەوەی فەوری نیشان بدا دژ بە هەڕەشە لە چالاکوانانی ژنان.) بەڵام هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کەمپین نییە - رەنگە هەر لەبەر ئەو گاڵتەجاڕییانەی کە ئێستا بە وشەی کەمپین دەکرێن ناوی کەمپینیان لێ نەنابێ -، دەستیان خۆش بێ کە لە کەمپینەکەیان بەرگریی لە (بەهار مونزیر و پەروین عەزیز) دەکەن، بەڵام نازانین چۆن دەکرێ کەمپین بۆ کەسێکی وەک (دارا گەشە حەفید) بکرێ کە پێشتر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (٢١ی سلێمانی)ی (ی. ن. ک)بووە و ئێستاش پەرلەمانتارێکی حیزبیی و سەر بە یەکێتی و دەسەڵاتە و سەرۆکی (لێژنەی بەرگریی لە مافی ئافرەت)یشە، ئەوە لە کاتێکدا لە سایەی ئەو دەسەلاتانەی ئەو هەیەتی هەر لە شەش مانگی ٢٠١٢دا (٨٤٢) رووداوی توندوتیژیی دژ بە ژنان تۆمار کراوە، هەر بە قسەی دەسەڵاتدارانیش توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان پتر بوونە، ناکرێ ئازادیخوازان و یەکسانییخوازان تەنیا لەبەرئەوە بە قسەی کەسانێکی وەک (گەشە دارا) بڕوا بکەن چونکە هەندێک قسەی چاک و رووکەشانە دژ بە توندوتیژیی دژ بە ژنان دەکا کەچی لە راستییدا تەنیا لە پێناو جوانکردنی رووی حیزب و دەسەڵاتەکەی خۆی کۆشش دەکا، ئەگەر نا دەبووایە تەنیا لەبەر بەرزبوونەوەی رادەی توندوتیژیی دژ بە ژنان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیاندایە، خۆ دەسەڵاتداری وەک (نێچیروان بارزانی)ش هەیە بە قسان لە هەموو کەسێک پتر داوای ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکا و زۆر هەڕەشەشیان لێ کردووە، ئایە دەکرێ کەمپینێک بۆ بەرگریی لە (نێچیروان بارزانی) و خەڵکانی وەک ئەویش بکەین!؟!؟!؟

 

** وەبیرمە جارێک نووسەرۆکەیەکی پەڕپووت - کە لای خۆی وایە سەرەدەرییەک لە زمانان دەردەکا و زۆر جار لە ماڵپەڕی دەنگەکانیش شەڕەپشیلەیەک بە ناوی نووسین دەنووسێ - لە بەرانبەر کەمپینێک نووسیبووی ئەوانە نازانن وشەی (کەمپین) واتای (چادرهەڵدان) دەگەیەنێ! کەچی خۆی نەیزانیبوو ئەو خۆی کۆلەوارانە ئەو وشەی لێکداوەتەوە و بە (کەمپینگ - Camping)ی ئینگلیزی لێی تێگەیشتووە و ئاگای لەوە نییە کە کوردان وەک هەر میللەتێکی دی زۆر جار بە پێی گۆکردن و وشەسازیی تایبەت بە خۆیان وشەی وەرگیراو دەگۆڕن، بۆ نموونە کوردان هەرگیز وەک ئینگلیز زمانان ناڵێن (تۆیلێت) بەڵکە هەر دەڵێن (تەوالێت).
 

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک