٢٤\٣\٢٠٢١
کەمیی رەفتار لە
نێو زۆریی گفتاری ئازادییخوازاندا!

دارا خونچە
وەک ئەوەی دەبێژن کاتەک مرۆڤەکان تشتەکیان نییە یان لێیان زەفت دەکرێ
هەمیشە لێیدەدوێن تا لە پێناویدا تێبکۆشن و وەدەستیبین، لە کوردستانیش
وەک ئەوەی دەگوزەرێ سەرەڕای سەرکوتگەرییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکە
زۆربەی هەرە زۆری ئازادییەکانمان لە لایەن دەسەڵاتی ملهوڕیی و مافیایی..
ستەمگەریی دینیی.. دابونەریتی نێرسالاریی و پاشدامایی.. هەژموونی هێزی
خێڵەکیی و کەونەپەرستییەوە قەدەغە کرانە، جا ئەمەش بە هەمان شێوە
هەمیشە زۆر بە گەرموگوڕیی لێیان دەدوێین و سەری زمان و بنی زمانمان هەر
ئازادییەکانە.. لێ بە داخەوە زۆر بە کەمیی لە رووی کردەیی و رەفتارەوە
لە پێناویان تێدەکۆشین.

هەڵبەتە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو لاوازیی تێکۆشانە لە کنە مە ئەوەیە کە
ترس و تۆقاندنەکی ئێکجار زۆر هەیە هاوکاتیش سیستەمی پەروەردەیی تەواو
بەرەواژیی بوویتەوە واتە لەباتی هۆشیاریی گەمژەیی بەرهەمدەهیندرێ ئەوە
سەرەڕای برسییکردن و نەبوونی خۆشگوزەرانیی کە بڕستی لە خەڵک بڕیە، لێ
لە راستییدا خۆشمان - واتە هەموو ئەوانەی بانگەشەی ئازادیی دەکەین -
سووچبارین لەو بارەوە.. چونکێ بە هەڵە پێناسەی چەمکی ئازادیی دەکەین و
هێشتا خۆمان بە تەواویی تێینەگەیشتینە و نازانین چیە:
- هەندەکمان هەن؛ تەنی ئایدیۆلۆژیا و بیرەباوەڕەکانی خۆیان بە راست
دەزانن و تەنێ خۆیان پێ ئازادە و هەر خۆشیان بەوە دەزانن کە دەتانن لە
پێناو ئازادییەکان تێبکۆشن.. پێیانوەیە هەرچی کەسان و لایەنانی دیکە
هەن هەر هەموویان ناراست و نائازادن و نایانەوێ و ناتانن لە پێناو
ئازادییەکان تێبکۆشن!
- هەندەکمان هەن؛ هەمان ئەو ئازادییانەی لۆ خۆیانی بە رەوا دەزانن بە
بیانووی هەبوونی جوایەزییەکانی وەک (چینایەتی.. نەتەوەیی.. دینیی..
رەگەزیی.. ناوچەیی.. خێلەکیی.. شارچیەتی.. زمانیی و زاراوەیی و... تد)
بۆ کەسانی دیکەی بە رەوا نازانن!
- هەندەکمان هەن؛ رەخنە لە کار و چالاکییەکانی هەموو ئەو
ئازادییخوازانە دەگرن کە هاوشانی ئەوان لە پێناو ئازادییەکان تێدەکۆشن
لێ ئەگەر ئەوانیدی سادەترین رەخنەیان لێبگرن ئەوە رەخنەکانیان بە
سەرکوتکردنی ئازادییەکانیان دەزانن تەنانەت دەیانخەنە رێزی دوژمن و
ئامادە نین چیدی کاریان لەتەک بکەن!
- هەندەکمان هەن؛ هەموو جۆرە رێکخرابوون و کارەکی بە کۆمەڵ و هەروەزیی
بە دەستوەردان لە ئازادیی و کارەکانی تاک دەزانن، کاتەک بە رێکەوت یان
بە هەر جۆر و شێوەک هەیە دەکەونە نێو رێکخراوەک ئەوە وردە وردە ئاژاوە
دەنێنەوە و تاکڕەویی تێدا دەسەپێنن تا رێکخراوەکە تێکدەدەن!
- هەندەکمان هەن؛ چ پیاو چ ژن.. تا لە پێناو
گەیشتن بە هەندەک ئارەزووی سێکسیی بەیەکدەگەن هەموو ئازادییەک بە یەک
دەدەن، لێ هەر کە لە یەک تێردەبن ئیدی پیاوەکە چەندەی لە توانایدا هەبی
بە بیانووی ئەوەی کە ژن نەزان و بێ توانایە تێکڕای ئازادییەکانی
دەربڕین و بڕیاردانی ژنەکە داگیردەکا.. ژنەکەش زۆربەی جارەکان ملکەچ
دەبی و جاروبارەکیش کە بە هەر شێوەک هەیە وەسەر پیاوەکەدا زاڵ دەبی
ئەوە دەوکوتی دەکا.. لێ هێشتا نێرسالاریی بە ناولێنانی پیاوەکە بە ''ژنانیی''
تۆڵەی خۆی دەکاتەوە!
- هەندەکمان هەن؛ دەیانەوێ هەموو ئەو ژێرخانە ئابووریی و بنەمایە
فەرهەنگییانەی لە لایەن ئازادییخوازان و گەلەوە بەرهەمهیندراون.. بە
بیانووی ئەوەی کە دوژمنانی ئازادیی داگیریانکردینە تێکوپێک بدەن.. کەچی
خۆیان نەک هەر ناتانن هیچ دامودەزگەک بەڵکە ناتانن کۆبوونەوەک یان
خۆپیشاندانەکیش بەرێوەببەن!
- هەندەکمان هەن؛ لەبەرئەوەی نە دەزانن پێناسەی ئازادیی بکەن نە هیچی
لێدەزانن دەیانەوێ بە ناوی ئازادیی تەنێ لە خولیا و ئارەزووە
خۆپەرستییەکانی خۆیان بەهرەمەند بن جا لۆیان گرنگ نییە ئەگەر ئەو خولیا
و ئارەزووانە دژ بە یەکسانیی و ئەو ماف و ئازادییانەش بن کە کۆمەڵ لە
چارچیوەی کۆمەڵەک یاسا و رێسا و رەوشت و هەڵسوکەوتی گشتیی رێکیخستینە.
جا زۆر جۆری دیکەی لەو بابەتانەمان هەن کە هەم بە پێکهاتەی
ئازادییخوازان تەمەشا دەکرێ هەم بێجگە لە زیان هیچ سوودەک ناگەینن ئەوە
سەرەڕای ئەوەش دەسەڵاتداران و پارتیە جۆراوجۆرەکانی کوردستانیش کە لە
ژێر هەژموونی سیستەمی (جیهانی سەرمایەداریی تازە رێکخراو) دان و وەک
دەستوپێی دامودەزگە سیخوڕیی و مافیاییەکانی کۆمپانیایە جیهانیی و
ناوچەییەکان بەرخورد دەکەن کارخانەکی گەورەیان دامەزراندیە لۆ
دروستکردن و سازادنی ئازادییخوازانەکی ساختە، جا هەموو ئەوانە و ئی
دیکەش بە شێوەکی گشتیی وەیانکردیە کە نەتانین هێندە بە ئاسانیی لە رووی
کردەیی و رفتارەوە لە پێناو ئازادیی تێبکۆشین و کەم بەرهەم ببین.
لێ هەرگیز ئەو بارودۆخەش تا سەر نابی چونکێ وەک ئەوەی کە هەنووکە
دەتانین پەنجە بخەینە سەر ئاریشە و کەموکوڕییەکانمان بێ گومان تەوژمی
وزە و توانایە تازە و نووەکانیش جێی خۆیان دەکەنەوە و رەوتی ئاسایی
خۆیان وەردەگرن.. ئیدی لەنەوپاش بە دەیان رێکخراو لەسەر بنچینە
راستەقینەکەی چەمکی ئازادیی و بە پێی تێڕوانین و پێداویستییەکانی
سەردەم دادەمەزرێن و دێنە سەر گۆڕەپانی خەبات.. سەرەنجام لە ئایندەکی
نزیکدا تەرازووی هێز هەر بە قازانجی ئازادییخوازان دەشکێتەوە.
ناوەڕاستی ئاداری ٢٠٢١
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|