١٥\٤\٢٠١٤
کەمپەینی چاو
ھەرچاوە:
وەزیری تەندروستی
ئێستا یاسا و رێنماییەکانی پێشێلکردوە.
لە
ماوەی رابردوو، پاش بەدەستھێنانی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی تەندروستی
و کۆمپانیایەک کە باسی کڕینی ئامێرو پێداویستی دەکرد بۆ نەخۆشخانەی (پار)ی
تایبەت، بە بڕێکی زۆر پارە لەبودجەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی،
تەنھا پرسیارێکمان ئاڕاستەی دەستەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری
گشتی کرد، پاشان وەزارەتی تەندروستی رایانگەیاند کە ئەو گرێبەستە
ھەڵوەشاوەتەوە، ھاوکات داوای یاساییشیان لەسەر کەمپەینەکەمان تۆمار کرد.
لەئێستادا ئێمە توانیومانە جگە لەگرێبەستەکە، تەواوی ئەو (نوسراو و
کۆنووسان*)ە بەدەست بھێنین کە
دەیسەلمێنن ئەو گرێبەستە ھەڵنەوەشاوەتەوەو لەپارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی
تەندروستی سلێمانی ئەو بڕە پارە خەیاڵیە بۆ نەخۆشخانەی (پار)ی تایبەت
سەرفکراوە، لەوەش زیاتر ئەوەیە کە وەزیری ئێستای تەندروستی کە ئەوکات
بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بوو، ھەوڵیداوە ئەو بڕە پارەیە بۆ
کڕینی ئەو ئامێرو پێداویستیانەی نەخۆشخانەی پار سەرف بکرێت، ئێمە
لەخوارەوە بە خاڵ چەند بەڵگەیەک دەخەینە ڕوو:
یەکەم: د.رێکەوت حەمە رەشید بەڕێوەبەری
گشتی پێشووی تەندروستی سلێمانی ھەوڵیداوە پارەیەکی خەیاڵی
لەبەرێوەبەرایەتیەکەیان بۆ نەخۆشخانەی پار سەرف بکرێت، ئەویش بەوەی
نوسراوێکی لە بەرواری ١٥\٣\٢٠١١
بەبێ گەرانەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، نوسراوێکی بەژمار ٤١١١ ئاڕاستەی
وەزارەتی دارایی کردووە، کە دوو لیستەی ناوی ئامێرو پێداویستی و بڕی
پارەکانیانی تێدا نوسیوە، داوای سەرفکردنی بڕی ١٠.٩٦٢.٧٦٣.٢٠٠ دە
ملیارو نۆسەدو شەست و دوو ملیۆن و حەوت سەدو شەست و سێ ھەزارو دووسەد
دینار، ھەروەھا بڕی ٧.١٨٤.٨١١ حەوت ملیۆن و سەدو ھەشتاو چوار ھەزارو
ھەشت سەدو یانزە دۆلار دەکەن.
ھەر ھەمان ساڵ و لەبەرواری ١٤\٤\٢٠١١
نوسراوێکی بەبێ ژمارە ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم د.بەرھەم ێاڵح
کردووە بەمەبەستی خەرجکردنی ھەمان بڕی پارە بۆیان لەسەر بودجەی ساڵی
٢٠١١.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە د.رێکەوت حەمە رەشید وەزیری ئێستاو
بەرێوەبەری تەندروستی ئەوکات، لەلیستەی داواکاریەکان و
لەنوسراوەکانیشیدا بۆ ئەو دوو لایەنەی لەسەرەوە ناویان ھاتووە، بەھیچ
شێوەیەک باسی ئەوەی نەکردووە کە ئەو ئامێرو پێداویستیانەی بۆ
نەخۆشخانەی پار دەوێت، بەڵام ئەوەندەی نوسیوە کە ئەو خەرجیانەو چەند
خەرجیەکی تریشیان ھەیە، بەڵام لەراستیدا بەپێی زانیاریە
وەدەستھاتووەکانمان، وەزیری ئێستای تەندروستی، ئەوکات بۆیە بەو شێوەیە
ئەو نوسراوانەی کردووە، بۆئەوەی لەسەری نەکەوێت، ھەروەک لەخاڵی دووەمدا
ھەوڵ ئەدەین بەڵگەیەکی تر بخەینە ڕوو کە چۆن ئەو نھێنیە ئاشکرا دەکات.
دووەم: وەزارەتی دارایی لەبەرواری ٥\٥\٢٠١١
نوسراوێکی بە ژمارە ٧٣٣٩ ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە
و ئاماژە بە بەروارو ژمارەی ھەمان نوسراوی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی
گشتی سلێمانی دەکات کە ئەو ئامێرو پێداویستیانەیان بۆ نەخۆشخانەی (پار)
ە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو بڕە پارەیە لەسەر داوای د.رێکەوت
حەمە رەشید بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوکات و وەزیری
تەندروستی ئێستا لەسەر بەشە بودجەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی
بۆ نەخۆشخانەی (پار) سەرفکراوە، لەکاتێکدا کە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی
سلێمانی چەندین پرۆژەی تەواونەکراوی ھەبووە لەو ساڵەوە تا ئێستا و
بەدەست چەندین کەموکوڕیشەوە دەناڵێنێت.
سێیەم: بەپێی بەڵگەنامەی داھاوێشتەی
کۆگایی نەخۆشخانەی پار، ئەو ئامێرانە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی
تەنردوستی سلێمانیەوە دابین کراوە بۆیان، ئەوانیش بەڵگەنامەکانیان
ناردووە بۆ ئەو بەرێوەبەرایەتیە بۆئەوەی راستەوخۆ و بەبێ ئەوەی
ئامێرەکان ببرێنە کۆگای ئەو بەرێوەبەرایەتیە داھاوێشتەو وەرگرتنی بۆ
بکرێت، لەکاتێکدا ئەوە پێشێلکاری یاساو رێنماییەکانی وەزارەت و
بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیە، چونکە تەنھا کاتێک ئەتوانرێت
ئامێرو کەلوپەل داھاوێشتەو وەرگرتنیان بۆ بکرێت کە بە کردارەکی ببرێتە
ناو کۆگایی ئەو بەرێوەبەرایەتیەوە، بەڵام د.رێکەوت حەمە رەشید خۆی بەبێ
رەچاوکردنی رێنماییەکان ئەو کارەی بۆ نەخۆشخانەی پار کردووە
لەبەرێوەبەراتیەکەیدا.
چوارەم: د. بەرھەم ێاڵح کە ئەو کات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو بە فەرمانی ژمارە٥٧٨٦٠ لە رۆژی ١٧\٥\٢٠١٠
، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ئامێرانەی سەرەوە بۆ نەخۆشخانەی پار
بکڕدرێت چونکە ئەو نەخۆشخانەیە 'خێرخوازیە' و دەبێت وەکو نەخۆشخانەی
گشتیەکانی حکومەت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بە مەرجێک بۆ بەرژەوەندی گشتی
بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو نەشتەرگەریانەی لەو نەخۆشخانەیە
ئەنجامدەدرێت نرخەکانیان بە دەفتەر دۆلارە و بە ھیچ شێویەک لە خزمەتی
گشتی نیە.
پێنجەم: ئەم ھەموو گرفتانە لە کاتێکدایە
کە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی تەندروستی (د. دارا ڕەشید) کە بەڕێوەبەری
کاروباری تەندروستیە لە وەزارەتی تەندروستی لە نەخۆشخانەی پار و لە
پۆستێکی باڵای ئەو نەخۆشخانە تایبەتە کار دەکات کە ئەمەش بۆ خۆی دژی
سەرەتایترین بنەماکانی تێکەڵنەکردنی بەرژەوەندی تایبەت و گشتیە لە کاری
حکومەتدا.
شەشەم: ئێمە لەرێگەی پارێزەرەکەمانەوە
لەچەند رۆژی داھاتوو، ئەم بەڵگەنامانە ئاراستەی دەستەی مافی گشتی
لەسەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەین لەھەولێر، ھەروەھا ھەرکات دادگا
لەسەر داواکەی وەزارەتی تەندروستی بانگمان بکات، لەرێگەی
پارێزەرەکەمانەوە ئەم بەڵگانەیان ئاراستە دەکەین بۆئەوەی بێتاوانی
خۆمان بسەلمێنین و ئەوکات دادگاش لەرێگەی داواکاری گشتیەوە ئەتوانن کار
لەسەر ئەم پێشێلکاریەی وەزیری تەندروستی ئێستا و بەرێوەبەری گشتی
تەندروستی پێشووی سلێمانی بکەن.
________________________________
*
سەرجەمی ئەو زانیارییانەی ئاماژەمان پێ داون لە
کۆمەڵێک نووسراو و کۆنووسی وەک ئەو
بەڵگەنامەی سەرەوە لەبەردەستمانن.
کەمپەینی چاو ھەرچاوە
١٥\٤\٢٠١٤
|