٣٠\٨\٢٠١٣
کەمپی کەورگۆسک:
کۆچبەریی و ماڵوێرانیی.

نووسین و ئامادەکردنی: فوئاد زیندانی
دوای
ئەوەی لەناوەڕاستی مانگی ئاب دەرگای سنوری هەرێمی کوردستان بەرووی
هەزاران کەس لەکوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە کەماوەی چەند ڕۆژبوو
چاوڕێی کردنەوەی سنور بوون بەمەبەستی پەڕێنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان ،
لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەزاران کەس پەڕینەوە و هاتنە هەرێمی
کوردستان ، چەند کاتژمێر تێپەڕدەبوو هەزارانی تر دەهاتن و کۆچبەر
دەبوون ، تائێستاش شاڵاوی کۆچبەربوون هەر بەردەوامە بەرەو هەرێمی
کوردستان ، لەسەرەتا سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە ٥ هەزار کەس
هاتوون دواتر نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ٧ هەزار کەسن
دواتر ژمارەکە گۆڕا بۆ ١٥ هەزار کەس.
بەپێی بەدوداچوونێکی ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆڕتە
کەسەربە فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستانە ، ژمارەی ئەو کوردانەی
ڕۆژئاوای کوردستان کەلەناوەڕاستی مانگی ئاب تا ئێستا کۆچبەری هەرێمی
کوردستان بوونە بەگشتی ٤٤ هەزار کەسە ، تەنیا کەمپی کەورگۆسک کەسەر بە
شارۆچکەی خەباتە لە شاری هەولێر 20 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٣/٨/٢٨ فوئاد زیندانی سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆڕتە و
لەگەڵ ڕۆژنامە نووس و فۆتۆگرافی نەمساوی سمیت سەردانی کەمپی
کەورگۆسکیان کرد کەماوەی نیو کاتژمێر بەئۆتۆمۆبیل لەهەولێر دوورە ،
لەنزیکەوە بارودۆخی ژیانی کۆچبەرانیان دیت . لەسەردانەکەیاندا لەگەڵ
ژمارەیەکی زۆر لەکۆچبەران گفتووگۆیانکرد . لەلایەن خۆیەوە فوئاد
زیندانی چەند پرسیارێکی ئاڕاستەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران کرد ،
پرسیارەکەش بریتیبوو لەوەی ئایا ڕاستە کوردان سەردەبڕن لە گوند و
شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان؟ ئایا ڕاستە ژنانی کورد دەڕفێنن و
حەڵاڵیانکردووە بە فەتوا بەناوی ئیسلام ؟ کێن ئەوانەی کە کوردان
دەڕفێنن و سەریاندەبڕن و ژنانی کورد حەڵاڵ دەکەن و ماڵ و سامانیان
تاڵان دەکەن ؟ هەرهەموو وەڵامەکان وەکویەکتری بوون ، هەموو ئەوانەی
پرسیاریان لێکرا لەوەڵامدا دەیانگووت بەرەی نوسرە و سوپای عیڕاق و شام
کە سەربەقاعیدەن لەگەڵ یەکیەنەکانی سوپای سوریای ئازاد و عەرەبە
شۆڤینیەکان کوردان دەکوژن و ژنانی کورد دەبەن و خانووی کوردان
دەتەقێننەوە و ناوماڵ و پارە و سامانیان تاڵان دەکەن و دەیدزن ، ئەم
هەموو تاوانە بەناوی ئاینی ئیسلام دژ بەگەلی کورد ئەنجامدەدەن .
بەڕێکەوت فوئاد زیندانی لەژنێکی پرسی ئایا ئیسلامیەکان کەسیان کوشتووە
لەناوچەکەی ئێوە ؟ لەوەڵامدا گووتی بەڵێ ئیسلامیەکانی سەربە بەرەی
نوسرە لە گوندی سوێدیە ی سەر بەناوچەی دێرک ١٧ کوردیان کوشت و ٣
کوردیشیان سەربڕی کە یەکێکیان نزیکترین خزمی خۆمبوو ناوی شێخ مووس بوو
، تەنانەت سەری لەلەشی جیاکرابۆوە ! ژنێکی تر گووتی لەناوچەکەکانی گرگێ
لەکێ و گرزیارەت ئیسلامیەکان ٧ کوردیان کوشت . پیاوێکی تر گوتی لە
ناوچەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ کەسەربە شاری حەلەبن بەرەی نوسرە و
دەولەتی شام و عیڕاق بەهاوکاری سوپای سوریای ئازاد و عەرەبە شۆڤینیەکان
ژمارەیەکی زۆر کوردانیان کۆمەڵکوژکرد ژمارەیەکی زۆر سەربڕان و
ژمارەیەکی زۆریش ڕفێنراون تائێستا چارەنووسیان دیار نیە ، ئەو هێزانە
توانیان لەم دوو ناوچەیە کوردان بەڕێژەیەکی زۆر پاکتاو بکەن، ئەو پیاوە
کە شوێنەواری گولـلە لەسەر سکی دیاربوو گووتی ئیسلامیەکان کە هێرشی
ماڵی کوردان دەکەن پیاوەکان دەستبەسەردەکەن هەر لەپێش چاوەی پیاوەکان
ژن و کچەکان جیا دەکەنەوە دەست لەسەر سەری ژنەکان دادەنێن سێ جار دەڵێن
یائەڵا یائەڵا یائەڵا ، واتە ژنەکە بووە حەڵالێ خۆی هەر لەوێش پیاوەکان
دەکوژن و سەریاندەبڕن ، دوای ئەوەی کەژمارەیەکی زۆر لەو چەتانە
دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنەکان دواتر دەیانکوژن ، وەئەگەر کوردێک خاوەن
مەڕوماڵات و کشتوکاڵ بێت ئەوا بەناوی ئیسلام و خودا و پێغەمبەر
هەرهەمووی دەدزن و حەڵاڵی دەکەن ، تائێستا یەپەگە تاکە هێزە بەرگری
لەگەلی کورد کردووە و بەرگریش دەکا بەڵام هێزەکانی یەپەگەش
لەهەموولایەک چواردەورەدروان ، ئەگەر کورد هەموو هاوکاری یەکتری نەکەن
ئەوا ئەرکی یەپەگە زەحمەتردەبێت و کۆچبەری زیاتر دەبێت و لەکۆتاییدا
خاکەکەمان لەدەستدەچێ و کورد لەڕۆژئاوا نامێنێت.
سەبارەت بەبارودۆخی ژیانی ڕۆژانەی ئەو کۆچبەرانە ژمارەیەکی زۆر لەو
خەڵکەی کەلەناو چادرەکان دەژین ڕایانگەیاند کە ئاوی پاک بۆ خواردنەوە
نیە ، خواردن زۆر کەمە ، ژنێک ترمزی ئاوەکەی هێنا سەری ترمۆزەکەی
هەڵدایەوە گووتی سەیر بکەن ئێمە ئەو ئاوە دەخۆینەوە ، ئاوەکە دیاربوو
پاکژ نەبوو زیندەوەری ووردی تێدابوو ، لەچادرێکی تر پێاوێک ڕایگەیاند
کە ئاوی خواردنەوە زۆر کەمە تەنانەت بەئیستکان ئاو دەخۆێنەوە لەبەر
ئەوەی ئاو کەمە. لەچادرێکی تر ژنێک قازانێک – مەنجەڵێکی بەتاڵی هێنا
گووتی دوو ڕۆژە ئێمە نانمان نەخواردووە لەبەر ئەوەی هیچ نیە بیخۆین!
زۆربەی کۆچبەرانی کەمپی کەورگۆسک پێانوایە خەڵکی هەرێمی کوردستان
بەگشتی و خەڵکی هەولێر بەتایبەتی درێغیان نەکردووە لەکۆمەکردن و
هاوکاریکردنیان ، بەڵام کێشەکە لەشێوازی دابەشکردنی هاوکاریەکانە کەزۆر
جار ئەوانەی نزیکن لەدەرگای هاتنەژوورەوەی کەمپەکە هاوکاری و شتومەکی
زیاتر وەردەگرن لەوانەی کە دوورن لەو دەرگایە ، هەروەها هەندێکیان
ڕەخنە لەخۆیاندەگرن وەکو کۆچبەر پێیانوایە خەڵکێک هەیە شتومەکی زیاد
وەردەگرێ هەتا ئەگەر پێویستیشی نەبێت ، بەمشێوەیە خەڵکی تر بێبەشدەبیت.
لەکەمپی کەورگۆسک خەڵکەکە بەهۆی بەرزی پلەی گەرمای هاوین ، ڕۆژانە
پێویستیان بەبەفر هەیە ، هەرچەندە پیکەبێکی گەورە هاتبوو بەسەرپەرشتی
هێزەکانی ناو کەمپەکە کە ئاسایشی کەمپەکە دەپارێزن بەفر دابەشدەکرا
بێپارە بەخۆڕایی ، بەڵام خەڵکێکی زۆر لەسەرەدا وەستابوون بۆ وەرگرتنی
بەفر ، بۆ کەمپێکی ٢٠ هەزار کەسی پیکەبێک بەشی کەم کەس دەکا.
بەپێی ئەوەی کە تێبینیکرا کەمپی کەورگۆسک زۆر پێویستی بەنەخۆشخانەیەکی
منداڵبوون هەیە ، هەتائەگەر نەخۆشخانەکە لەشێوەی چاردێکی گەورەش بێت
بەشێوەیەکی کاتی هەر باشە، نەبوونی شیر بۆ منداڵان ئەوە کێشەیەکی زۆر
گەروەیە بەهەمانشێوە پێویستیەکانی منداڵان و هەروەها ڕێکخستنی سیستەمی
دابەشکردنی هاوکاریەکان بەسەر کۆچبەران بەبێ جیاوازی ، پێویستە ئاماژە
بەو ڕاستیەش بکرێت لەکەمپەکەدا ڕۆژانە لەلایەن هێزی سەربازی
چێشتلێدەنرێ بۆ کۆچبەران و دابەشدەکرێ ، بەڵام وادیارە بەشیان ناکات .
سەبارەت بەڕێگای ناوکەمپەکە شارەوانی سەقاڵی چاککردنی ڕێگاوبان و
چەقاندنی عامودی کارەبا بوون ، وە ژمارەیەک ئەمبوڵانس لەوێ هەبوون وە
کابینەی بچووک وەک نەخۆشخانە هەبوو ، وە توالێتی کاتی بۆ ژنان و پیاوان
بەجیا داندراوە ، وە دوو تانکی گەورەی پلاستیکی بۆ ئاو دانراون .
ئەوانەی لەسەرەوە باسکران چەند ڕاستیەکن بۆ ڕایگشتی و جەماوەری
گەلەکەمان ، دوور لەو چەواشەکاریانەی کەلەڕێگەی هەندێک لەڕاگەیاندن
بڵاو دەکرایەوە ، بەتایبەتی کەتائێستاش پڕوپاگەندەی ئەوەدەکەن کە کوردی
ڕۆژ ئاوای کوردستان کۆمەڵکوژ نەکراون !! ئەی ئەگەر وایە ئەو خەڵکە
خۆیان کۆچبەر و ماڵوێران کردووە ؟ بۆ بەلێشاو ڕوودەکەنە هەرێمی
کوردستان و ئەم ژیانە دژوار و سەختەیان هەڵبژاردووە!!
fuadzindani@yahoo.de
|