کەمپینی جیهانیی دژی رەشەکوژیی ژنان... کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیی لە سلێمانی سازدا.
ستیڤان شهمزینانی
نوێنەرایەتی ناوەوەی وڵاتی کەمپینی جیهانی دژی رەشەکوژیی وبەردەبارانکردنی ژنان لەکوردستان لەرۆژی چوارشەممە 2982007کاتژمێر (5) ی سەرلەئێوارە لەهۆڵی کتێبخانەی مۆزەخانەی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن سازکرد کەتێیدا ژمارەیەکی بەرفراوان لەرۆژنامەنووسان ئامادەبوون ، سەرەتای کۆنگرەکە ( هۆزان مەحمود ) رێکخەری کەمپین کورتەیەکی لەبارەی پەیام و ستراتیژی کەمپینەکەوە بۆ ئامادەبووان باس کردو پاشان پانۆرامای چالاکییەکانی کەمپینی لەدەرەوەی وڵات بەرۆژنامەنووسان راگەیاند و لە وتەکانیدا هێمای کرد بۆ ئەوەی کەمپین لەماوەی چوار مانگی رابردوودا توانیویەتی زۆر چالاکی گرنگ ئەنجام بدات بەتایبەت لەدەرەوە بۆ ناساندنی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف و کڕینەوەی ئابڕوو. دواتر ( ستیڤان شەمزینانی ) وتەبێژ و نوێنەری کەمپین لەکوردستان باسی لەو چالاکییانە کرد کەلەناوەوەی وڵات پێی هەستاون و لەقسەکانیدا ئاماژەیدا بەوەی کەمپینەکەیان 14 هەزار ئیمزای کۆکردووەتەوە لەناوەوەو دەرەوەی وڵات و باسیشی لەوەکرد لەرۆژی 278 ئیمزاکان و وێنەی سەرجەم چالاکییەکانیان رادەستی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی مافی مرۆڤ کردووە .لەبەشی کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی ئەو داواکارییە 15 خاڵییەی کەمپینەکەیان کەپێشکەشی حکومەت و پەرلەمانیان کردووە زانیاریی وردتری دا بەرۆژنامەنووسان. دواتر ( هۆزان مەحمود ) کۆتایی هاتنی کارەکانی کەمپینەکەیانی راگەیاند بەڵام وتیشی : کەمپین شێوەکەی دەگۆڕێت بۆ نێتۆرکێکی جیهانیی بۆوەستانەوە لەدژی توندوتیژیی دژی ژنان لەکوردستان ،لای خۆشییەوە ( ستیڤان شەمزینانی ) شێوازو میکانیزمی کارکردنی ئەو نێتۆرکە تازەیەی بۆ رۆژنامەنووسانی ئامادەبوو شیکردەوە .لەبەشی کۆتایی کۆنگرەکەدا هەریەک لە ( ستیڤان شەمزینانی -- هۆزان مەحمود ) وەڵامی پرسیار وسەرنج وتێبینی رۆژنامەنووسانیان دایەوە وبەوجۆرەش کۆنگرەکە کۆتایی پێهات،جێگەی ئاماژەپێدانە رۆژنامەنووس ( سەمیرە محەمەد ) ئەندامی هەمان کەمپین ئیدارەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەی بەڕێوە برد.
کەمپینی جیهانی دژی رەشەکوژیی و بەردەبارانکردنی ژنان
|