په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

کەمپینی داکۆکیی لە خواستی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی ڕێکخراوبوون.


- پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی بە فه‌رمیی بناسێ! -

 


کرێکارانی بیناسازیی وەک بەشێک لە چینی کرێکاری کوردستان لە سادەترین مافەکانی خۆیان بێ بەشن و ھیچ لایەنێکی دەسەڵات خۆی بە بەرپرسی ژیان و تەندروستی و ئایندەیان نازانێت. ئاشکرایە کە سەندیکاکانی سەر بە دەسەڵات، ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن حزبەکانەوە پێکھێنراون و کرێکاران ھیچ ڕۆڵێکیان لە دروستکردن و ھەڵبژاردنی بەرپرسەکانیاندا نییە، نەیانتوانیوە و ناتوانن ئەو ئامرازە بن کە کرێکاران بۆ بەدەستھێنانی خواستەکانیان پێویستیان پێیەتی، ھەر بۆیە بە ناچاری کرێکاران دەستیان بۆ پێکھێنانی ڕێکخراوێک بردووە کە خۆیان خاوەن و خۆیان ڕابەری بن.


ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی لە ٢٩-٧-٢٠١١ لە لایەن کرێکاران خۆیانەوە لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا و پاش ھەڵبژاردنێکی دیموکراتیانە کە تیایدا دەستەیەکی کارگێڕی ھەڵبژارد، پێکھات. ئەم ڕێکخراوە بە دوور لە دەستێوەردانی لایەنەکان و دەسەڵات، وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی خواست و ئامانجەکانی کرێکاران ھاتۆتە مەیدانی چالاکی و کاری ڕێکخراوەییەوە. ڕێکخراوەکە ئێستا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری و ھەروەھا لە شاری ھەولێر زیاتر لە ١٠٠٠ ئەندامی ھەیە و بە بەردەوامی ژمارەی زیاتریش پێوەی پەیوەست دەبن.


ڕێکخراو بە مەبەستی ڕەسمیەت وەرگرتن ھەر بە ماوەیەکی کورت پاش ڕاگەیاندنی لە مانگی ٨ی ئەم ساڵەوە داوای بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان بەرزکردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکی وەرنەگرتۆتەوە. کێشەی وەڵام نەدانەوەی داواکە پەیوەندی بەو یاسایانەوە ھەیە کە لە کوردستاندا کاری پێ دەکرێت. لەکاتێکدا کە لە سایەی ھەر سیستەمێکی دیموکراسیدا کرێکاران ئازادی ڕێکخراوبوونیان بەدەست ھێناوەو ھەر کۆمەڵە کرێکارێک دەتوانن ڕێکخراو پێک بھێنن و ڕەسمیەت وەربگرن، کەچی لە کوردستاندا بۆ کرێکاران یاسایەک کار دەکات کە پرۆسەی بەڕەسمی ناسینی ڕێکخراو بەتەواوی دەخاتە دەستی دەسەڵاتەوە و سەرپشکیشی دەکات کە ھەر کات ویستی ئەو ڕیکخراوە ھەڵبوەشێنێتەوە.


ئاشکرایە کە ئەمە تەنھا کێشەی کرێکاران نییە، بەڵکو ھەر کۆمەڵەیەک و ڕێکخراوێک کە پێکدێت دەبێت بە پێی یاسای ژمارە ١٨ی ساڵی ١٩٩٣ داوای مۆڵەت بکات و گیرۆدەی پرۆسەیەکی دوورودرێژ ببێت تاکو ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بە دەست دەھێنیت. ھەر بە پێی ئەو یاسایەش وەزیری ناوخۆ دەتوانێت بە بیانووی جۆربەجۆر ڕیکخراوەکە ھەڵبوەشێنێتەوە. ئەوەش وای کردووە تاکو ئێستا ھیچ سەندیکایەک و کۆمەڵەیەک کە سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان نەبن، پێک نەیەن و بوونیان نەبێت. ئەمە بەکردەوە پێشێلکردنی ئازادی و مافی ڕێکخراوبوونە کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و مافە دەستووریەکانی ھەر ھاوڵاتیەک لە کوردستاندا.


کرێکاران، ئازادیخوازان:


نەبوونی ئازادی ڕێکخراوبوون بە تەنھا کێشەی کرێکاران نییە، بەڵکو حزبەکان لە ڕێگای ئەو یاسایانەوە کە پەیڕەوی دەکەن لە ڕاستیدا ڕێگا لە ھەموو جۆرە ھەوڵێک بۆ پێکھێنانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان دەگرن و بوار بە گەشەکردنی جموجۆڵ و خەباتی مەدەنی توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان نادەن. لە کوردستاندا ھەر چەشنە سەندیکا یان کۆمەڵەیەک تەنھا ئەو کاتە مۆڵەتی کارکردنی دەبێت کە یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات پشتگیری لێ بکات و بەو جۆرەش لە ئەرک و فەرمانەکانی خۆی وەک کۆمەڵەیەکی مەدەنی داببڕێت و خزمەت بە دەسەڵات بکات. ئەم دۆخە دەبێت بگۆڕێت و پێویستە ڕێکخراو دروستکردن لە کوردستاندا ئازاد بێت. دیموکراسیەت و ئازادی بە بێ بوونی ئازادی ڕێکخراوبوونی کرێکاران و ئازادی پێکھێنانی سەندیکای پیشەیی و کۆمەڵەکان ھیچ مانایەکیان نییە.


ھەربۆیە ئێمە بانگەوازتان دەکەین کە پشتیوانی لەم خواستانە بکەن!


یەکەم: پێویستە ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان کە ڕیکخراوێکی سەربەخۆی کرێکارییە لەلایەن حکومەتەوە بە ڕەسمی بناسرێت.
دووەم: یاسای ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکان ھەموار بکرێت بە جۆرێک ھەموو توێژەکانی کۆمەڵ لە پێکھێنانی ڕێکخراوەکانی خۆیاندا ئازاد بن و لە جیگای مۆڵەت تەنھا تۆمارکردنیان پێویست بێت.


ئێمە ھەموو لایەک بانگەواز دەکەین کە پشتیوانی لەم خواستانە بکات و بە کەمپەینێکەوە پەیوەست بێت کە لەم پیناوەدا لە کوردستان دەستی پێ کردووە لەھەر جێگایەک و ڵاتێک دەژین، ڕێکخراوە کرێکاریەکان و ئازادیخوازان بۆ پشتیوانی لەم کەمپەینە و ھاوپشتیکردن لەگەڵ کرێکارانی کوردستان بانگەواز بکەن!

--------------------------------------------------------------------------------
کەمپین بۆ ئازادی ڕێکخراوبوون لە کوردستان.
ئازادی ڕێکخراوبوون و کۆبوونەوە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و لە ھەمان کاتدا زامنی گەشەکردنی جموجۆڵی مەدەنی و شارستانیە لە کۆمەڵگادا. بە بێ بوونی ئازادی پێکھێنانی ڕێکخراوەو سەندیکا و کۆمەڵەکان دیموکراسی و ئازادی بوونیان نابێ.
ھەر بۆیە ئێمە کە لەخوارەوە ئیمزاکانمان ھاتووە خوازیارین کە:
یەکەم: یاساکانی کوردستان بە جۆرێک ھەموار بکرێتەوە کە مەرجی مۆڵەتدان ھەڵبوەشێتەوە و ھەر سەندیکا و کۆمەڵە و یەکێتیەک لە بەرواری تۆمارکردنیەوە بە ڕەسمی بناسرێ.
دووەم: پشتیوانی لە ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان دەکەین و خوازیارین حکومەت ئەم ڕێکخراوە بە ڕەسمی بناسێ.

بۆ پەیوەست بوون بەم کەمپینە واژۆی خۆت بۆ ئەو ئمایلەی خوارێ بنێرە:
krekar.binasazi@gmail.com 


رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان
نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵات

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک