٦\٣\٢٠١٢
کەمپینی نا بۆ
مانەوەی بنکە سەربازی و ھەواڵگرییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ھەرێمی
کوردستان.
بۆ ڕای گشتی
بەرێزان....
ھەر وەک رای گشتی ئاگادارە، بەدەستپێشخەری "گۆڤاری ھاودەم" و بەپشتگیری
"گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان" لە بەرواری (١٩/١٠/٢٠١١) لە "سەنتەری
ئاڵا"، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کەمپینی"یەک ملیۆن واژۆ"مان بۆ "نەھێشتنی
بنکەی سەربازی و ھەواڵگرییەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان" راگەیاند.
ھەڵمەتی یەکەمی کەمپینەکەمان تا سەری ساڵی ٢٠١٢ بووە، پاشان
کەمپینەکەمان تا بەرواری ١٤/٢/٢٠١٢ درێژ کردەوەو لەم بەروارەدا کۆتایی
مان بەکەمپینەکە ھێنا. راگەیاندن و بەڕێوە بردنی ئەم کەمپینە ھاوکات
پاش ئاشکرا بوونی کردەوە تیرۆریستی و چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورکیا لە
ھەرێمی کوردستان بووە کە بە تایبەت لە بەرواری (٢١/٩/٢٠١١) فڕۆکە
شەڕکەرەکانی دەوڵەتی تورکیا ٧ ھاوڵاتی شاری "رانیە"دەکاتە ئامانجی خۆی.
لە ھەمانکاتدا لە بەرواری (٢٨/١٢/٢٠١١) کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی لە سەر گەلی
کورد بەڕێوە دەبات. لە لایەکی دیکەوە تورکیا بە سەرکوت و چەوساندنەوەی
گەلی کورد لە باکووری کوردستان سنووردار نەماوە و ھاوکات بەبەزاندنی
سنوور و بۆردومانکردنی بەردەوامی ناوچە سەرسنوریەکانی کوردستان ھەوڵی
لەناو بردنی دەسکەوتە مێژووی یەکانی گەلی کورد لە باشووردا دەدات.
ئیدی بۆ رای گشتی ئاشکرا بووە کە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە
تا بە ئەمڕۆ، سەروەری ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکات و ھیچ رێزێکی بۆ
نیشتمان و نەتەوەی کورد دانەناوەو تا بە ئەمڕۆش لەگەڵ بێت ھەوڵی ئەوە
دەدات کە سەرجەم دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستان
بەتایبەت "باشووری کوردستان" لەناو ببات، بۆیە بەردەوام رایەدارانی پلە
بەرزی تورکیا ئەوەیان گوتووە تەنانەت ئەگەر کوردێکیش لە ئەفریقیا بێت
ئێمە بۆ لە ناو بردنی ئەو کوردە ئامادەین ھێزی خۆمان رەوانەی ئەو وڵاتە
بکەین. ئەمەش عەقلیەتی تورکیایە کە تا بە ئەمڕۆش لەسەر بنەمای یەک
دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا بونیاد نراوە، لە کاتێک
بێجگەی لە نەتەوەی تورک، نەتەوەی کوردیش لە تورکیا پێگەیەکی گەورەی
ھەیە، کەچی وەک کوردیش ھەژمار ناکرێن. لەسەر بنەمای ئەم عەقلیەتە ئێمە
لە باشوور و باکووری کوردستان شاھیدی وێنەی (کورتەک، رۆبۆسکی) بووین کە
ویژدانی مرۆڤەکان نەیتوانی قبوڵی بکات کە ھاوڵاتیانمان لە لایەن فڕۆکە
جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیاوەو بە یارمەتی دەزگای ھەواڵگری خۆیان لە
باشوری کوردستان چۆن پارچە پارچە و سوتێنران.
دەوڵەتی تورکیا بۆ بەجێ کردنی پێگەی خۆی لە رێگای دانانی بنکەی سەربازی
و ھەواڵگری سوودی لە رێککەوتنی ساڵی (١٩٨٤) وەرگرتووە کە تێیدا عێراق و
تورکیا رێککەوتن لەسەر ئەوەی سنوری خۆیان بۆ ماوەی (١٠) کم بە قوڵی
بەڕووی یەکدا بەکراوەیی بێڵن و بتوانن بە ئازادانە لە خاکی یەکتریدا
ھێرش و ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، ئەمەش ھاوکات بووە کە ھەردوو لا بۆ
مەبەستی لەناو بردنی گەلی کورد بووە. بۆیە لە دوای ساڵی (١٩٩١)ەوە
بەردەوام سنووری باشووری کوردستان بەزێنراوەو لە ساڵی (١٩٩٥)یشەوە لە
چەندین جێگەدا بنکەی سەربازی و ھەواڵگری خۆیان بەجێ کردووە، بۆ نمونە؛
"زاخۆ، ئامێدی، بامەڕنێ، دێرەلۆک، شیلادزێ، سیرێ، کانی ماسی، باتۆفە،
مانگێشکێ، چوارقوڕنە، ھەولێر، سلێمانی و دھۆک" ھەروەھا لە ناوچەکانی
نێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) دا لە ژێر ناوی ھێزی ئاشتی پارێزدا بەناوی (PMF)
ھێزی تورکیا جێگیر کرا. لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوەو دوای ئەوەی تا
رادەیەک ئارامی باڵی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا کێشاو شەڕی ناوخۆ نەما،
زەمینە بۆ مانەوەی ئەو ھێزانە بنەبڕ بوو. لەم چوارچێوەدا پەرلەمانی
کوردستان لە ساڵی (٢٠٠٦)دا ھەوڵیدا کە کۆتایی بەمانەوەی ئەو ھێزانەو
بنکە ھەواڵگرییەکان بھێنێ، ئەوە بوو ژمارەیەک بنکەو بارەگا چۆڵکران.
لەوانە بنکەی (PMF). ھەرە دوایش لە "٢٥ ئابی ٢٠١١"دا پەرلەمانی
کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی بنکە سەربازی و ھەواڵگریەکانی
دەوڵەتانی بیانی، بەڵام ھەتا ئێستا ھەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێ کردنی ئەم
بڕیارە نەنراوە.
من یەک ملیۆن جار ھاوار دەکەم تۆ یەک جار ئیمزا بکە:
ئێمە ئەم کەمپینەمان بە مەبەستی دەربڕین و بەرزکردنەوەی شەپۆلی
ناڕەزایی گەلی کورد بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەھەرێمی
کوردستان بە دروشمەکانی؛ "بۆ نەھێشتنی بنکەی سەربازی تورکیا لە ھەرێمی
کوردستان واژۆ بکەن"، "بە واژۆیەکی خۆتان، سەربازێکی تورکی لە ھەرێمی
کوردستان دەربکەن"، "بە واژۆیەکی خۆتان، خاوەندارێتی لە خوێنی
سۆلینەکان بکەن"، "نا بۆ مانەوەی بنکە سەربازی و ھەواڵگری تورکیا لە
ھەرێمی کوردستان"، "بە ئیمزایەکی خۆتان ھەڵوێستێکی نیشتمانی نیشان بدە"،
"ئیدی بەسە داگیرکەری"، "من یەک ملیۆن جار بانگ دەکەم، تۆ یەک جار
ئیمزا بکە"، دەستپێکرد تاکو بە ھاودەنگی و یەک ھەڵوێستی گەلەکەمان لە
باشووری کوردستان:
١ ـ گوشار لەسەر دەوڵەتی تورکیا و ھاوپەیمانەکانی دروست بکەین تاکو
ھەرچی زووە خاکی ھەرێمی کوردستان چۆڵ بکەن.
٢ ـ دەنگی ناڕەزایی گەلی کورد، بەرامبەر مانەوەی بنکە سەربازی و
ھەواڵگریەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، بۆ رای گشتی
جیھانیان ئاشکرا بکەین.
٣ ـ گوشار لەسەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان
دروست بکەین کە رێککەوتننامەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و
ھاوپەیمانەکانی ھەڵبوەشێننەوەو ئیدی رێگا بە دەوڵەتی تورکیاو سەرجەم
داگیرکەرانی دیکە نەدەن کە خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەردەوام کردنی شەڕ
و ئاژاوەگێڕی بەکاربھێنن.
٤ ـ پشتگیری و ھاوکاری خۆمان بۆ جێ بەجێ کردنی بڕیاری پەرلەمانی ھەرێمی
کوردستان کە لەسەر نەھێشتنی بنکەی سەربازی و ھەواڵگری وڵاتانی بیانی لە
(٢٥ ئابی ٢٠١١) وەریان گرتبوو، رابگەیەنین.
ئەم کەمپینە ئەوەی سەلـماند کە ھاوڵاتیانی کورد ھەبوونی بنکەی سەربازی
و ھەواڵگری تورکیا بە ھەر ھۆیەک بێت لە ھەرێمی کوردستان پەسەند ناکەن.
لەناو سەرجەم پێکھاتەکانی کۆمەڵگا، رێژەی بەشداری گەنجان سەبارەت بە
پێکھاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە ھەمووان زیاتر بووە. گەنجان پێش ھەموو
کەسێک بەگەرم و گوڕیەوە بەھانای کەمپین ھاتوون. واتا تەمەنی ١٨ تا ٤٠
ساڵ زیاترین رێژەی بەشدار بوو لە کەمپینەکەدا بوون. بەداخەوە رێژەی
بەشداری ژنان لە کەمپینەکەدا لاواز بووە. ھەرچەند نیوەی کۆمەڵگا لە
ژنان پێکھاتووە، بەداخەوە رێژەی بەشداری بەگوێرەی پێویست نەبووە.
بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان بەخوێنی خۆیان ئیمزایان کردووە.
بنکە سەربازی و ھەواڵگرییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان ھیچ
سودێک بەم نیشتمانە ناگەیەنێت، بەڵکو ھەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی
نەتەوەیی:
چۆڵ کردن و ریسوا کردنی بنکەی سەربازی و ھەواڵگری ھێزە دەرەکیەکان لە
ھەرێمی کوردستان ئەرکی سەرجەم ھاوڵاتیان، دام و دەزگا، رێکخراو، پارت و
لایەنە سیاسی یەکان لەھەرێمی کوردستان بووە. بە پلەی یەکەم
بەرپرسیارانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر نیشتمان و نەتەوەی
کورد بەرپرسیارن. چونکە مانەوەی بنکەی سەربازی و ھەواڵگریەکانی تورکیا
لە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی دەوڵەتی تورکیا و
حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێک ھاتووە، پێویست دەکات بەھەمانشێوە
لەچۆڵ کردنی ئەو بنکانەدا بە پلەی یەکەم حکومەت خۆی لێ بەرپرسیار
ببینێت. پێویست بوو بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن سێ
سەرۆکایەتی (حکومەت، پەرلەمان و ھەرێم)ی کوردستانەوە دەستخۆشیان لەو
گەنجانە بکردایە کە ھەستاون بەم ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانی یە. ھەروەھا
ھەموو ئیمکانیاتی پێویست و ئاسانکاریان بۆ بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە لە
ھەرێم دا بکردایەو مۆڵەتی کار کردن لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی
کوردستان بدرایە. تەنانەت پێویست بوو پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان
بودجەیەکی تایبەتی بۆ ئەو کەمپینە تەرخان بکردایەو کەرەستەی پێویست بۆ
کەمپینەکەیان فەراھەم بکردایەو لە پەرلەماندا بۆ پشتگیری ئەم کەمپینە
کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە ببردایە. بەڵام ئەوەی کە ھیچ چاوەڕوانی نەبووین،
رووی دا. بەتایبەت لەپارێزگای "دھۆک"، قەزای "سۆران" و ناحیەی "سیدەکان"
بەھۆی مۆڵەت پێ نەدانی ئاسایش بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا نەتوانراوە لەم
ناوچانەدا ئیمزا کۆبکرێتەوە. ئەوەش کە کۆکراوەتەوە رێژەیەکی زۆری
واژۆمان لە لایەن ئاسایشی قەزای "سۆران" لە بەرواری (٨/٢/٢٠١٢) و لە "سیدەکان"لە
بەرواری (٧/٢/٢٠١٢)ەوە دەستبەسەر کراوە پاش چەنددجار سەردانکردنی
ئاسایشی ئەو دوو دەڤەرە پاشان ئیمزاکانیان پێداینەوەو چەندین جار
ھەڵسوڕاوانی کەمپینەکەمان بە بێ بەڵگە و بێ تاوان لە لایەن ھێزەکانی
ئاسایش دەستبەسەر دەکرێن و لە ھەرێمەکە دوور دەخرێنەوە. تەنانەت لە
ھەولێر و دەوروبەری جارێکی دیکە مۆڵەتی فەرمی بە کەمپین نەدراوە و
بەردەوام ھێزەکانی ئاسایش گیرو گرفتیان لەبەرامبەرماندا دروست کردووە.
ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتە لەبەرامبەر بە کەمپینێکی لەم چەشنەدا کە ئامانجی
خۆی نەتەوەیی و دیموکراتی و نیشتمانی ھەیەو لەھەمانکاتیشدا پاڵپشتێکە
بۆ بڕیاری پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، ئێمەو ھاوڵاتیان نیگەران و
دەخاتە ناو شک و گومانەوە. لە ھەمانکاتدا لە شاری سلێمانی ھەرچەند
مۆڵەتنامەی دانانی خێمەمان لە لایەن ئاسایش و پارێزگارەوە وەرگرتبوو،
بەڵام لە لایەن شارەوانی بە بیانووی بێ بنەما کۆسپ و تەگەرەمان بۆ
دروست دەکرێت و مۆڵەتی خێمەدانانمان لە ناو شار لێ وەردەگیردرێتەوە.
ھەر چەند ئێمە چاوەڕوانیەکی ئەوتۆمان لە حکومەت نەبووە، بەڵام تەنیا
ئەو داواکارییەمان ھەبووە کە لە ژێر ناوی یاسادا ئاستەنگی لەبەردەممان
دروست نەکەن. بەڵام ئەو ھەڵوێست و کردەوانەی ھێزەکانی ئاسایش و
رایەدارانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکەمین فاکتەری سەرەکی لە
نەگەیشتن بە رێژەی یەک ملیۆن ئیمزا بووە. لە لایەکی دیکەوە شەرت و
مەرجی ساردی زستان و کەش و ھەوای باراناوی فاکتەرێکی دیکەیە کە
کاریگەری لە سەر نەگەیشتن بە ئامانجی دیاریکراومان ھەبووە.
ھەر چەند ئێمە نەگەیشتینە ئامانجی دیاریکراومان، بەڵام ئەوەی کە
مەبەستمان بوو، توانیومان مانەوەی ئەو بنکە سەربازیانە بۆ رای گشتی
ئاشکرا بکەین و سیاسەتی پشت پەردەی دەوڵەتی تورکیا بۆ رای گشتی ئاشکرا
بکەین و بەگشتی ھاوڵاتیان لە ھەبوونی بنکەی سەربازی و ھەواڵگری تورکیا
ئاگادار بکەینەوە و بەم کەمپینە سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورکیا
ریسوا و شەرمەزار بکەین.
ئێمە ئەمڕۆ ٥/٣ کە رۆژێکی مێژوییە بۆ گەلەکەمان کەمپینەکە رادەگەیەنین،
چونکە ٢١ ساڵ پێش ئێستا لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا گەلی کورد لە باشوری
وڵات بە رۆحێکی قارەمانانە راپەڕی و ھێزی دوژمنی دەرکرد، بۆیە دیسانەوە
گەلی کورد ھێزی دوژمن لەناو خاکی خۆی قبوڵ ناکات. ئێمە ئەم رۆژە پیرۆزە
کە سەرەتای راپەرێنەکە لە دەروازەی راپەرین (رانیە)دەستی پێکرد،
بەبیردێنیەوەو داوا دەکەین کە گەلی ئێمە لە وەدەرنانی دوژمنان چاو
نەپۆشێت و ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ھەر جێگای دوژمنی لێبێت ناتوانرێ
بوترێ ئەو شوێنە ئازادە. بۆ پێشکەش کردنی ئیمزاکان بە لایەنی
پەیوەندیدار لە رۆژی کیمیا بارانی شاری ھەڵەبجە ١٦/٣/٢٠١٢ بە
رێپێوانێکی ھێمنانە ئیمزاکان پێشکەشی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەکەین.
لەکۆتاییدا بۆ سەرجەم گەلەکەمان و بە تایبەت ھەڵسوڕاوانی کەمپینی "یەک
ملیۆن ئیمزا" ھیوای سەرکەوتن دەخوازین و دەستخۆشیان لێدەکەین کە لەم سێ
مانگەدا شەو رۆژ بەگوڕ و تینێکی گەنجانەوە ئیمزایان کۆکردوەتەوە و
سوپاسی سەرجەم ئەو رێکخراو، لایەنی سیاسی، کەسایەتی رۆشنبیر و
ھاوڵاتیان دەکەین کە کەمپینەکەیان واژۆ کردووەو و بەتایبەت ئەو کەس و
لایەنانەی کە لێدوانیان لەسەر کەمپینەکە داوە. ھەروەھا سوپاس و
پێزانینی خۆمان بۆ ئەو رۆژنامەوان و راگەیاندنانەی کە بە قەلەمەکانیان
و دیمەنەکانیان و بەوتە جوان و بەنرخەکانیان یارمەتیمانیان داوە،
جارێکی تریش لەم سۆنگەیەوە داوایان لێ دەکەین و ھیوادارین کە چۆن
ھەمیشە لەکاتی بەڕێوە بردنی ئەم کەمپینە یارمەتی دەرمان بوون بۆ
بەرۆژەڤ کردن و بەئەنجام گەیاندنی کەمپینەکە لەمەو بەدواش یارمەتی
دەرمان ببن.
ئەنجامی گشتی کەمپینی "یەک ملیۆن واژۆ" بۆ نەھێشتنی بنکەی سەربازی و
ھەواڵگری تورکیا لە ھەرێمی کوردستان":
ئەو شوێنانەی واژۆمان لێ کۆکردوەتەوە"
لە پارێزگای ھەولێر (شەقڵاوە، خەلیفان، سۆران، رواندز، چۆمان، قەسرێ،
مەخمور و کەمپی مەخمور، ھەریر و باتاس)، پارێزگای کەرکوک (تەق تەق،
پردێ، چەمچەماڵ)، پارێزگای سلێمانی (تەکیە، بازیان، دەربەندیخان،
ھەڵەبجەی شەھید، ھەڵەبجەی تازە، سەید سادق، عەربەت، پێنجوێن، زەڕایەن،
باریکە)، دەڤەری گەرمیان (کەلار، خانەقین، کفری، دووزخورماتو، چەمچەماڵ
و باوەنور)، بناری قەندیل (رانیە، قەڵادزێ، سەنگەسەر، چوارقوڕنە،
حاجیاوا)، شەنگال، بەغداد، وڵاتانی ئەوروپا (بریتانیا، سوید، دانیمارک،
نەرویج، فەرەنسا، فنلەندا) بووە.
بەگشتی: (٠٠٠,٤٧٠) چوارسەد و حەفتا ھەزار ئیمزا کۆکراوەتەوە.
ستافی گۆڤاری ھاودەم و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان
peywendkurdi@yahoo.com
٥\٣\٢٠١٢
|