١٦\١\٢٠٢٥
کەموکوڕی سەرەکی
(بەهەشتی ئیجباری) چییە؟

عامر سابیر
بەهەشتی ئیجباری ناوی دوا کتێبی مەریوانی وریا قانعە کە لە کۆتایی
مانگی ١٢ی ٢٠٢٤دا بڵاوکراوەتەوە لە کوردستان. لەچاو ئەوەی کە مەریوانی
وریا قانع لە ٢٠٠٨دا بە بۆنەی ٨ی مارسەوە وتبووی "یەکێک لە ئەرکە
گرنگەکانی بزوتنەوەی ڕۆشنبیری ئافرەتان لەوەدا دەبینم کە دین سەرلەنوێ
تەفسیربکاتەوە"(١). لە (بەهەشتی ئیجاری) دا، کە دوا کتێبی مەریوانی
وریا قانعە، هەنگاوێکی زیاتر چۆتە پێشەوە و توانییویەتی بەسەر هەندی لە
ناڕۆشنییەکانی پێشوویدا زاڵ بێت.
لەکاتێکدا بەشی زۆری ئەو کتێبانەی لە کوردستاندا چاپ و بلاوئەکرێنەوە،
لە کاتێکدا لە ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ی ئەو کتێبانەی لە پێشەنگاکانی
کتێب لە شارەکانی کوردستاندا پیشان ئەدرێت، کتێبی مەزهەبی و ئاینیین و
باسی کەلتور و خورافەی ئاینی و ئەفسانەکانی خواپەرستی ئەکات.
بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی مەریوان کە ڕەخنەیەکی ڕوکەشانەیە لەو ڕەوتە
ئاینییە، کارێکی زۆر پۆزەتیڤە و جێگەی دەستخۆشانەیە.
تووێژینەوە و لێکۆڵینەوەی هەر کەسێک کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینە
کۆمەڵایەتییەکانەوە سەیری دیاردەکان نەکات و چینە کۆمەڵایەتییەکان و
بەرژەوەندییەکانیان نادیدە بکات، ئەوا ئەو توێژینەوە و لیکۆڵینەوەیە
کەموکوڕییەکی بنچینەیی هەیە. باسی هەر لێکۆڵەرەوەیەک کە لە ڕوانگەی
بەرژەوەندی جیاوازی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو باس و دیاردەیەی
لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردووە نەبینی، ئەوا باسەکەی پێ لە هەوایە و
ڕووکەشانەیە. باسێکی لەوجۆرە وەک ئەوە وایە کە باسی دروستبوونی ژوورێک
لە خانوویەکدا بکات، بەبێ ئەوەی باسی گرنگی بناغەی خانووەکە بکات کە
ئەو ژوورە و هەموو خانووەکەی لەسەر دامەزراوە.
لە ئێستادا دوو پایەی سەرەکی سیستەمی سەرمایەداری ناسیۆنالیزم و ئاینە،
کە بەردەوام چینی بۆرژوازی ئەیگەشێنێتەوە تا چینی کرێکاری پێ شەق بکات
و درێژە بە دەسەڵاتدارێتی خۆی بدات. هەر ئێستا لە کوردستاندا هەبوونی
دواکەوتووێتی ئاین و حیزبە سیاسییەکانی، پێداویستییەکی سەرەکی
دەسەڵاتدارانی کوردستانە. بۆیە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی کوردستان
بەردەوام پاڵپشتێکی سەرەکی هەموو ڕەوتە کۆنەپەرست و ئیسلامییە
جیاجیاکان بوونە و بەردەوام بەهرەمەندبوونە لە پشتیوانیان و بەردەوام
بانگخواز و سەرانی ئیسلامی میوانی هەمیشەیی میدیاکانیانن و بەردەوام
کۆمەکی مادی و مەعنەوی بەردەوامیان کردوون و شەریکی دەسەڵاتی خۆیان
کردووە و بەشیکی باشیش لە داهات و سەروەتی دزراوی خەڵکی کوردستان
ئەکرێتە قوڕگی کۆنەپەرستانی ئیسلامییەوە، تا ناڕەزایەتی کۆمەڵگای پێ
خامۆش بکەنەوەو بەوەی ئەم دنیا کاتییە و هیچ نییە و پێویستە ڕازی بن و
ئەمە تاقیکردنەوەی خوایە و گرنگ ئەو دنیایە. بەم پاسەوە پووچانە ڕەوتە
ئیسلامییەکان بوونەتە پاڵپشتێکی باشی دەسەڵاتداران، تا بەهەژاری و بەشی
پێدراویان ڕازی بن. وە بە ئاشکراش هەندێک لە ڕەوت وسەرانی ئیسلامی
ئەوەیان بەیان کردووە کە دەسەڵاتداران وەک وەلی ئەمر وان و ئەبێت
گوێیان لێ بگیرێ و ستایش بکرێن و ناڕەزایەتی لە دژیان، دژ بە ئاینە و
خوا پێی خۆش نییە.
_____________________________________________
تێبینێ:
ئەمەی خوارەوە لینکی وتاری (مەریوان قانع کاریکی کۆنەپەرستانە ئەکاتە
ئەرکی ژنان کە لە ٢٠٠٨دا نووسراوە):
https://www.emrro.com/meriwanqanih.htm
٧\١\٢٠٢٥
ماڵپهڕی عامر سابیر
|