په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٢

 کەناڵى مەیموونە چەکدارەکان، کەناڵێک بۆ گومانکردن.


کاروان محەمەد فەتاح   

 

مرۆڤەکان لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بگەن بە یەقین، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستی زۆریان بە گومان ھەیە، چونکە گومان مرۆڤ دەگەیەنێتە ھەقیقەت، واتا ھەموو یەقینەکان زادەی گومانگەلێکی زۆرن. مرۆڤی گومانکار مرۆڤێکە خۆی لە چوارچێوەی ھیچ سنوورێک و پێناسەیەکی دیاریکراودا بۆ شتەکان نابینێتەوە و ھیچ ھێزێک ناتوانێت بیوەستێنیت و بەردەوام دەگەڕێت.

گومان چەمکێکی فەلسەفییە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بیری تاکەکانەوە ھەیە و ڕێگای بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیانەیە بۆ گەیشتن بە یەقین، وتە بە ناوبانگەگەی (ڕێنیە دیکارت) کە دەڵێت: (من بیر دەکەمەوە، کەواتە من ھەم) واتا من گومان دەکەم، کەواتە من ھەم.

لێرەدا ناتوانین بە شێوەیەکی باش باس لە گومان بکەین لەڕووە فەلسەفییەکەوە، گەر باس لە میتۆدی گومانی فەلسەفەکار و ماتماتیکزانی فەڕەنسی (ڕێنیە دیکارت) نەکەین کە ناسراوە بە ( باوکی فەلسەفەی نوێ).

دیکارت میتۆدی گومانی بەکار ھێنا بە ئامانجی گەیشتن بە ھەقیقەت و ڕاستی کۆی زانستە مرۆڤایەتییەکان. دیکارت دەڵێت:(مرۆڤ دەبێت گومان بکات ئەگەر بۆ تەنیا جارێکیش بێت لە ژیانیدا.) ئەمە نیشانەی گرنگیدانی ئەم فەیلەسووفەیە بە چەمکی گومان، ھەروەھا ئەم فەیلەسووفە گومانی لە جیھانی ھەستی کرد و دووبارە پێیداچووەوە و تێگەیشتنێکی نوێی لە بارەوە دەربڕی.


ئەم فەیلەسووفە بۆچوونێکی تەواو جیاوازی لەسەر بابەتی گومان ھێنایە ناو کایەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و مانایەکی جیاوازی پێ بەخشی و بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باوی سەردەمانی پێشوو، ھەتا سەردەمی خۆشی لەم بابەتەی کۆڵییەوە، پێش دیکارت بۆچوونێکی کلاسیکی ھەبوو کە کاریان لەسەر گومانی ڕەھا دەکرد، وەکو گومانەکانی (موتەنەبی و فەلسەفەی ئیتاڵیا لە سەدەی شانزە)دا کە ئەنجامەکەی دووبارە بە زیندووکردنەوەی میراتی سەردەمی یونانییەکان تەواو بوو، بەڵام گومانی (ڕێنیە دیکارت) گومانێکی کاتی بوو، واتە مرۆڤ ھەڵدەستێت بە گومانکردن لە ھەموو ڕابوردووی خۆی و بە بیروباوەڕەکانیدا دەچێتەوە، لە پێناوی چاکسازی خود، بۆ ئەوەی بگات بە یەقین و ھەقیقەتی تەواو. (١)


گومانی ھەمیشەیی تا گەیشتن بە یەقین کاری ئەم فەیلەسووفە نوێخوازە بووە، لە شوێنێکدا بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ھەموو ئەو شتانەی کە لە ڕابوردوویدا بە ڕاست و ھەقیقەتی گومان ھەڵنەگری زانیون دەردەبڕێت و دووبارە گومانیان لێ دەکات و پێیاندا دەچێتەوە و دەڵێت: ((زۆر لەمەوبەر، بۆ یەکەمین جار ھەستم بەوە کرد کە گەلێک بیروباوەڕی ناڕاستم لە سەردەمی منداڵیدا وەک ڕای ڕاست وەرگرتووە. لەوەیش گەیشتم کە بناغەی ئەو ھزرانەی من کە تەواو لەسەر بنەمایەکی ناڕاست دروست ببوون، تا چ ڕادەیەک پشتیان پێ نەدەبەسترا، بۆیە لەوە گەیشتم ئەگەر بمەوێت لە زانستا بە ئەنجامی تۆکمە و ڕەسەن بگەم، دەبێ ڕاستەوخۆ و بۆ ھەمیشە دەستبەرداری ئەو ڕایانە بم کە پێشان ھەمبوون و کارەکانیشم بە تەواوی لەسەر بنەمای نوێ دەست پێ بکەم.ل ٦٦))


ھەروەھا گومانی ئەم فەیلەسووفە بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ڕاستی، گومان لە ھەموو ئەو شتانە دەکات کە وەری دەگرێت و خۆی لە بڕیاری پێش وەختە دەپارێزێت و دەڵێت:((من ھەرگیز ھەر شتێک بە ڕوونی و ئاشکرایی نەزانم ڕاستە بە ڕاستی نەزانم، لە ھەموو جۆرە حوکمێکی پێش وەخت و زەینییەتێکی پێشینە دوور بم و ھیچ شتێک بێجگە لەوەی لە زەینی مندا ڕوون و ئاشکرایە و بەڵگەیەکی دوو دڵیم لەسەری نیە بڕیاری بەسەردا نەدەم.لا ٦٧)) (٢)


دواتر چەمکی گومان گوزارایەوە نێو ھەموو کایەکانی مەعریفە و زانستە مرۆڤایەتییەکان، ئەدەبیش وەکو زانستێک بەشی خۆی سوودی لەم گومانە وەرگرتووە، بەو مانایەی کە کاری ئەدەب ھەرچییەک بێت بریتییە لە دروستکردن و چاندنی تۆوی گومان لە ناخی خوێنەردا، ئەوە ئەدەبە وا لە خوێنەر دەکات کە گومان لە بیروباوەڕەکانی خۆی و حەقیقەتە زاڵەکان بکات و ھەموو پێکھاتەکانی بیرکرنەوەی خۆی بخاتە ژێر نەشتەری یەککاڵاکردنەوە و گومان لە ھەموو ئەو شتانە بکات کە لە ژیانیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.


ھەر بەرھەمێکی ئەدەبی بە گومان بار نەکرا بێت و یەکێک نەبێت لە ڕەگەزە پێکھێنەرەکانی، ئەوە لەوە دەکەوێت ناوی بەرھەمی ئەدەبی بە سەردا ببڕێ، واتا نووسەر لە ڕێگەی بەرھەمەکەیەوە خوێنەر دەخاتە سەر کەڵکەڵەی تیامان و تێڕامان و گومانکردن، بۆ ئەوەی جارێکی دی پێناسەی ھەموو شتەکانی دەوروبەری خۆی بکاتەوە و ھەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا بە ھەقیقەتی ڕەھایانی زانیوە، نیشانەی گومانیان لەسەر دابنێت.


( کاروان عومەر کاکەسوور) یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ھەمیشە بەردی گومانی خۆی فڕێ دەداتە ناو گۆمی مەنگی یەقینەکانی خوێنەر و وای لێ دەکات جارێکی دی بە ھەموو قەناعەتەکانیدا بچێتەوە، من بۆ خۆم تا ( کاروان)م نەخوێندەوە، توانای گومانکردنم لە ھەموو شتێکی خۆم بۆ دروست نەبوو، ئەم گومانە لە کۆی بەرھەمەکانی (کاکەسوور)دا بەدی دەکرێت، بەڵام ئەوەی (کاروان عومەر کاکەسوور) لە (ڕێنیە دیکارت) جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە (کاروان) بە پێچەوانەی (دیکارت)ەوە کار لەسەر گومان دەکات، بەوەی خۆی نایەوێت لە ڕێگەی گومانەوە خوێنەر بە ھەقیقەتەکان بناسێنیت، کە (دیکارت) ئەم کارەی دەکرد، دوای ئەوەی دەگەیشتە ھەقیقەت و یەقین دواتر دەریدەبڕی، بەڵکو (کاروان کاکەسوور) گومانەکە لای خوێنەر دەوروژێنێت و وای لێ دەکات کە خۆی بە دوای ھەقیقەتی شتەکاندا بچێت و بگات بە یەقین، کاری ئەدەبیش ھەر ئەمەیە.


ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) نوێترین بەرھەمی (کاروان عومەر کاکەسوور)ە بە قەبارەیەکی گەورەوە، کە بە بۆچوونی من دەقێکە کراوەتەوە بە سەر زۆر ڕەھەنددا و دەتوانرێت لە زۆر پەنجەرەوە ببینرێت، چونکە لە دەرگای زۆر بابەتی داوە، بەڵام ئێمە لێرە نیازمان نییە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ھەموو لایەنەکانی ئەم بەرھەمە بکەین و ھەموو کۆدە شاراوەکانی پشتی ئەم ڕۆمانە باس بکەین، تەنیا لە سەر ڕەھەندی ( گومانکردن) لەم دەقەدا ئێستێک دەکەین و کەمێک لێی قووڵ دەبینەوە، کە ڕەگەزێکی سەرەکی پێکھێنەری ئەم ڕۆمانەیە، گەر بڵێین ئەم دەقە لە سەر گومان بنیاتنراوە ڕەنگە بە ھەڵەدا نەچووبێتین و زیادەڕۆیمان نەکردبێت.


ھەر لە دەسپێکی ڕۆمانەکەدا زۆر بە تۆخی و خەستی ھەست بە بوونی گومانێکی قووڵ دەکەین، کە ڕۆماننووس لە یەکەم لاپەڕەدا بە گومان دەستپێدەکات، لە رێگەی ( ئامانج) کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ئەم کارە ئەنجام دەدات، ئەویش گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی مرۆڤ، بە ڕستەی ((من لەمڕۆوە مەیموونەکەی جارانم. ل٧)) نووسەر ئەم کارەی بە گەڕانەوە بۆ تێورێک ئەنجام داوە، ئەویش تێوری (گەشەکردنی جۆرەکان) ی (داروین) کە تێورێکی زیندەوەرزانییە و باس لەوە دەکات کە مرۆڤ لە سەرەتادا مەیموون بووە و دواتر قۆناغ بە قۆناغ و بە پێی تێپەڕینی کات بووە بەم مرۆڤەی ئێستا، (فردریک ئەنگڵس) لە ڕاڤەی تێۆرەکەی دارویندا باس لە قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤ دەکات و دەڵێت:(مرۆڤ لە سەرەتادا کە مەیموون بووە، لە ڕێگای کارکردن و قسەکردن کە دوو ھاندەری سەرەکین بۆ ھەنگاونان و گۆڕینی مەیموون بەم مرۆڤەی ئێستا، دواتر گۆشت خواردن و دروست کردنی ئاگر و ئاژەڵداری و پاشان دروست بوونی کۆمەڵگا بووە بەم مرۆڤە پێشکەوتووە.)(٣) لەم ڕێگەیەوە نووسەر خوێنەری خستۆتەوە بەردەم بیرکرنەوەیەکی قووڵ لە خۆی کە پرسیار لە خۆی بکات ئایا ھەر بە ڕاست مرۆڤ لە سەرەتادا مەیموون نەبووە؟


(کاروان) لە شوێنێکی تردا گومان لە کۆی مرۆڤایەتی دەکات بەوەی مرۆڤ ھەموو ئەو کارانەی دەیکات لە پێناوی ئەوەدا دەیانکات کە ھەستی ترسی خۆی بشارێتەوە، واتا مرۆڤی بە بوونەوەرێکی ترسنۆک نیشان داوە، ئەمەش پێچەوانەی تێگەیشتن و ڕاستی باوە سەبارەت بە مرۆڤ، لە ڕێگەی دیالۆگی نێوان ( ھەتاو و ئامانج) کە (ھەتاو) بە (ئامانج) دەڵێت:((ھەموو منداڵێک وا دەزانێت، کاتێک گەورە دەبێت، ئیتر لە ھیچ شتێک ناترسێت، بەڵام ڕاستییەکەی گەورەکان بۆ ئەوەی بە سەر ترسی خۆیاندا زاڵ ببن، دەیانەوێ خۆیان منداڵ بکەنەوە.ل٨٩)).


لە شوێنێکی تری ئەم ڕۆمانەدا دووبارە گومان دەبێتەوە میوانی خوێنەر، بەوەی کە ڕۆماننووس گومان لە ھەموو ئازایەتییەکانی مرۆڤایەتی دەکات و پێمان دەڵێت ھەر ئازایەتییەک کە مرۆڤ دەینوێنیت، بەرئەنجامی ترسە، ئەمە وا لە خوێنەر دەکات کە گومان لە سەر ھەموو ئەو کەسانە بکات کە تا ئێستا وایزانیوە پاڵەوان و ئازان، بەوەی تەنیا ترسنۆک دەتوانێت لە ترسی گیانی خۆیدا ئازایەتی گەورە نیشان بدات، لە ڕێگەی وتەیەکی ( ئامانج )ەوە:((کەسی ئازا بوونی نییە، بەڵام دوو جۆر ترسنۆک ھەن: ئەو ترسنۆکە ئازایانەی، کە دەوێرن بە ئاشکرا بترسن و ئەو ترسنۆکانەی جورئەت ناکەن لە بەر چاوی ئەوانی دیکەدا بترسن، تا دەگاتە ئەوەی پەنا بۆ سەرچڵی دەبەن...ھەرچی ئازایەتییە لە دنیا، مرۆڤە ترسنۆکەکان لە ترسی گیانی خۆیان نواندوویانە، بە ڕادەیەک ترسنۆکەکان داھێنەری گەورەترین خەیاڵی پاڵەوانبازێتین.ل٢١١)).


ھەروەھا لە جێگایەکی تردا دووبارە ئەو گومانە خۆی قووت دەکاتەوە لە بەردەم خوێنەردا و بە زەقی دەردەکەوێت، کە ڕۆماننوس لە مرۆڤی دەکات، گومانکردن لەو بۆچوونەی کە پێی وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی ( ئێستا) ییە، کە ئەم ئاراستەیە بۆی گرنگ نییە مرۆڤ لە ڕابوردوودا چی بە سەر ھاتووە و داھاتووش چی بە سەر دێت، بەڵکو ئێستای مرۆڤ جێی بایەخیانە، کە ئێستا چییە و چۆنە، ( کاروان کاکەسوور) زۆر جوان گومان لەم بۆچوونە دەکات، بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە بۆچوونی خۆی دەردەبرێت، کە پێی وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی ڕابوردووخوازە و بە ھۆی ڕابوردووەوە دەتوانێت ئێستا بژی، بە تایبەتی کاتێک ئەو ڕابوردووە پڕ بێت لە ڕووداو و تراژیدیا، لە ڕێگەی پرسیاری ( سۆزان) کە کارەکتەرێکی ڕۆمانەکەیە ئەم گومانەی خۆی بەرجەستە دەکات:((ئایا مرۆڤ دەتوانێت پێ بخاتە ناو ( ئێستا) وە، لە کاتێکدا (ڕابردوو) شەتەکی دابێت و نەھێڵێت یەک ھەنگاو لێی دوور بکەوێتەوە...؟ ئایا تۆ دەتوانیت باس لە (ئێستا) بکەیت، مادام بە ھیچ شێوەیەک (ڕابردوو)ت بیر نەچووبێتەوە...؟من دەتوانم بە خۆم بڵێم ئەوەی ژیان پێک دەھێنێت، تەنیا ڕەگەزی، یاخود ماددەی ترجیدیایە...بە مانایەکی تر تەنیا ترجیدیا دەتوانێت لە خەیاڵدا بمێنیتەوە، تاکو دواتر لە گەڕانەوەمان بۆی، ھەست بکەین ژیانامان ھەبووە و لە دەستمان چووە... لێرەوەیە چ(ئێستا) و چ (داھاتوو) یش وەھمن، مادام ھەرگیز پێیان ناگەین... بەکورتی ھەر سێ زەمەنەکە (ڕابردوو)ن ...ئەو (ڕابردووە)ەیش تەنیا لە ڕێگای تراجیدیاوە بەردەوام دەبێت... خەریکە ئێستا ئەو لە گوتەیەی (نیتشە) فەیلەسووف تێدەگەم، کە ( ئازادی ھەمین مامان) زوو زوو دەیگوتەوە:( مرۆڤ بە ھۆی سەرجەم ئەو شتانەوە گەشە دەکات، کە لە ڕابردوو گومارۆیان دابوو.) ل٣١٧)). لێرەوە ھەست بە فکرێکی قووڵی ڕۆماننووس دەکەین، دەربارەی چەمکی (ڕابوردوو، ئێستا، داھاتوو) کە بە شێوەیەکی زۆر سەرنجراکێش ئەم بۆچوونەی خۆی دیار خستووە، بەوەی وتەیەکی (فردریک نیتشە)ی فەیلەسووفی ئەڵمانی کردووەتە پاڵپشتی ئەم بۆچوونەی خۆی.


مرۆڤەکان بە خۆیان بزانن یان نا ھەمیشە لە گومانی بەردەوام دان لە ھەمبەر یەکدی، بە ھۆی ئەم گومانەوە دەتوانن لە خۆیان دڵنیا بن، (کاروان کاکەسوور) دەیەوێت ئەو پەیامە بە گوێماندا بچپێنێت کە مرۆڤ تەنیا لە ڕێگای گومانەوە ژیان دەکات، ئەم گومانە زۆر زەق لە ڕۆمانی( کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) دەردەکەوێت، کە کارەکتەرەکانی بەرانبەر بە یەک دڕدۆنگن، تا دەگاتە ئاستی گومانکردنی کچ بەرانبەر باوک ، لە ڕێگای گومانی (سۆزان) لە بەرانبەر بە باوکی( مام ئەنوەری باخەوان) گومان لە باوکی دەکات کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ھاوڕێ پێشمەرگەکانی ھەڵیکوتابێتە سەر ماڵی خاڵی سۆزان (ئەردەڵان) بەو نیازەی کە دواتر دەست بە سەر ماڵ و سامانی ماڵی ژنەکەیدا بگرێت، ئەوەتا لە ڕێگەی گومانی ( سۆزان) ەوە لە سەر تاڵانکردنی ماڵی خاڵییەوەئەم گومانە بە چڕی دەبینین:((بە پێویستم نەدەزانی لەوە زیاتر لەوێ بمێنمەوە، بۆیە جانتام کردە شانم وجێم ھێشت...ئەگەرچی ھیچ بەڵگەیەکم بە دەستەوە نەبوو، کە ئەوەی ئەم کارەی کردووە، باوکمە، بەڵام بە دوورم نەدەبینی بە شێوەیەک لە شێوەکاندەستی ئەوی تێدا بووبێت...گوتم:(بەڵێ، خۆیەتی و ویستوویەتی دوای مردنیان، ھەرچی سامانیان ھەیە بۆ ئێمە بمێنێتەوە.ل٣٩٦)) (٤).


ھەروەھا گومانی (سۆزان) بەرانبەر بە ھاوڕێکانی باوکی کە ڕۆژانە دەھاتن بۆ سەردانی وەکو ( بورھانی ئامە گوپە، فیکری کۆپتەر، دکتۆر دارا، مامۆستا سەلام ئاشتی) کە وا گومانی دەبرد ھاوڕێکانی باوکی تەنیا بۆ کاری سیخوڕی سەردانی دەکەن و دەیانەوێت بە فەتارەتێکیدا ببەن.


( کاروان کاکەسوور) لە ھەموو بەرھەمەکانی ڕابوردوویدا کاری لە سەر مێژووی مرۆڤێکی ترسنۆک و تەریک و تەنیا و فەرامۆشکراو و یاخی کردووە، بەڵام ئەوەی ئەم بەرھەمەی پێ دەناسرێتەوە و جیاواز لە ھەموو بەرھەمەکانی دی دەبینرێت، کارکردنی ئەم رۆماننووسەیە لە سەر مێژووی کۆ، دواتر گومانکردن لەو مێژووە، ئەویش مێژووی نەتەوەی کورد لە ساڵی حەفتاکان و ھۆکارەکانی ھەرەسھێنانی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٤ و دواتر ئاشبەتاڵکردنی شۆڕش لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، (کاروان) دێت گومانی بەرجەستە لە توانای سەرکردایەتی کورد دەکات، کە توانای بەردەوامی دانیان نەبووە لە سەر شۆڕش و خەبات، ئەو ھەرەسی شۆڕش وا دەبینێت کە ھێندەی پەیوەندی بە ناوخۆی کۆمەڵگای کوردەواری ھەیە، ھێندە پەیوەندی بە کاریگەری ھێزە دەرەکییەکان نییە بۆ کۆتایی ھێنان بەم شۆڕشە و ئاشبەتاڵپێکردنی، کۆمەڵگایەک خاوەنی مرۆڤی وەکو (ماجید ھەمزە قەڵاتێ و سابیر پوولەکە) بێت کە لە ڕۆمانەکەدا کاری سیخووڕیی بۆ حکوومەتی عێراقی ئەنجام دەدەن و مرۆڤی ترسنۆکی وەکو (ئامانج)ی تێدا بێت، ئەوا لەناو خۆیدا تووشی پووکانەوە و داڕووخان دێت و دوژمن ئاسانتر دەتوانێت بە سەریدا سەر بکەوێت و ھەرەس بە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بێنێت.
_____________________________________________
سەرچاوەکان:
(١) الشک عند دیکارت، لە ئینتەرنێتەوە.
http://majdah.maktoob.com/vb/majdah17919 
(٢) دیکارت، پۆل ستراترن، وەرگێڕانی لە فارسییەوە: رەووف بێگەرد، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠١.
(٣) ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیمون بۆ مرۆڤ، فردریک ئەنگڵس، وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کەریم مەلا رەشید، وەزارەتی رۆشنبیری.
(٤) کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان، کاروان عومەر کاکەسوور، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠١١.

 


karwanshorshe@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک