په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٧\٢٠١٣

کەنارەکان!

نەهرۆ          

 

تۆ و کچەکە ئاوێکتان بەین بوو، تۆ بە قەراغ دەریاکە هاتوو چۆت دەکرد، جاروبار نیگایەکت بڕیە ئەو بەری دەریاکە، لە دوورەوە بە چاوی خەیاڵ تارمایی کچەکەت دەبینی، ساتێک بە خەیاڵ و ئەندیشە ئاوێتەی یەکبوون، لە پڕ داچەڵەکایت خۆت بە تاک و تەنها دۆزییەوە، لە دڵی خۆت دا دەتگوت، قەدەر کێشەی قورس لە پێش ئینسانە داماوەکان دائەنێ ! خەڵکی کەنارەکەی تۆ برسی و رووت و ڕەجاڵ بوون، کەچی خەڵکی کەناری دیوی کچەکە تێرو تەسەل و پوشت و پەرداخت بوون، هەندێ جار لە مێشکی خۆت دا وەک ئەوەی داری سیحری موسات پێ بێ ئاوەکەت شەق دەکرد، خەڵکی هەردوو کەنارەکەت بە یەک دەگەیاند بەڵام زۆری پێ نەچوو سەرلەنوێ ئاوی دەریاکە پەیدا دەبوەوەو هاژەی دەهات وەک روومەتی کچی ئافرەتێکی مەکر باز خۆی دەنواند و بە ئەسپایی لێوی دەترازاند، چەند ڕستەیەکی ئاڵوزکاوی درکاند، ئەوەی لێ حاڵیبووم کە دەیگوت من لە ئەزەلەوە کەنارەکانم دابەش کردووە، کەنارێکم دەوڵەمەندوزەنگینن، کەنارەکەی دیکەشم فەقیر و هەژار، کچەکە وەک هەموو درامایەکی کلاسیکی لە دیوی دەوڵەمەندەکان بوو، لەو دیوی ئەو زۆر کەس هەبوون بانگی کوڕە هەژارەکانیان دەکرد بۆ ئاوێتەبوون لە گەڵیان دا، هەندێ جاریش ئەم خواستنە فێڵاوی بوو لەبەر ئەوەی لە یەک کات دا بانگی چەند کوڕێکی هەژاریان دەکرد!

 

بەڵام مەرجی قورسیان بۆ دائەنان وەک پەرینەوە لە دەریاکە، دەریاکەش تا دەهات ئاوەکەی زۆرتر دەبوو، شەپۆلەکانی توندتر ئەبوو، تۆیش چووی دوو چوپی تایەی تراکتۆرت هینا فووت تێکردن و لە پاڵ یەکت داناو لە ناو قەدەوە بە گوریس گوشیت، چەند دارێکت لە سەریان ڕایەڵ کرد، شوێنی سەوڵ لێدانیشت بۆ چێکرد، برادەریکت رازی کرد بەو نیازەی لەگەڵت بێ و دەریاکە بپەرنەوە، کاتێ کەڵەکەکەتان گەیشتە ناوەڕاستی ئاوەکە، شەپولەکان تا دەهات دژوارترو دژوارتر دەبونەوە، برادەرەکەت لە خۆت لاوازتر بوو، بۆیە بەرگەی شەپولەکانی نەگرت و کەوتە نێو دەریاکەوە، تەنیا هاوارێک لە دەمیەوە هاتە دەرەوە کە گوتی فریام کەوە ! بەڵام تازە لەوە دەرچووبوو کە تۆ فریای بکەوی، تۆیش دوای نوقم بوونی برادەرەکەت ورەت دابەزی، توانای سەوڵ لێدانت نەما، خۆت بە کەڵەکەکەوە هەڵواسی، تا بەرە، بەرە شەپولەکان تۆو کەڵەکەکە هینا بۆ شوێنی جارانی خۆت، کەنارەکەی خۆتان!

 

دوای ئەو رووداوە تا دەهات خەونی پەرینەوە بۆ ئەوبەر لاواز دەبوو، دیوی کچەکە هەرکەس و بنەماڵەیەک ماڵی تایبەتی خۆیان هەبوو، بە ئەتەکێت و بە شێوەیەکی دیبلوماسی هاتوو چۆی یەکدیان دەکرد، لەو دیوەی ئەوان روشنایی بینینی دونیا زیاتر بوو، دەشێ بگوتری ئەوان لە قوناغی ریسانس و رووناکی بوون، زۆر لەسەرخۆ مامەلەیان لەگەڵ پیشهاتەکاندا دەکرد، تەمام وەک ئەو ڕاوچی یانەی تۆڕ دائەنێنەوەو لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەری ئەکەن، ئەگەر ماسی پێوە ببوو ئەوە باشە ئەگەر نە دیسان بە کەمالی ئیسراحەت دایدەنێنەوە ! بەڵام دیوەکەی ئێوە تاریک و ئەنگوستە چاو بوو، خەڵک لە قوناغی تاریکی دەژیان وەک نووسەری میسری تەها حوسەین ناوی لێناوە (بەدبەختەکانی سەر زەمین).


ئیدی رۆژگار هاتووچۆ تۆویش بەکەنارەکەی دیوی خۆتاندا وەک سەرلێشێواوێک هەنگاوی بێ ئومێدیت دەنا، کابرایەکی فارست تووش بوو، لەشەڕدا چاوێکی لەدەست دا بوو پێ گوتیت (دوست دختر داری؟) بە واتای خوشەویستت هەیە؟ لەوەڵام دا گوتت لەو بەری دەریاکەیە، ئەویش تەسبیحێکی پێدای و گوتی، هەر کاتێ ئوقرەت لێبڕا، دنکەکانی ئەو تەسبیحە بژمێرەو یادی بەسەرهاتی من بکە!


ماوەیەک پێ چوو ناوێک پەیدا بوو بە نێوی (جەمال گرنتی) دەیانگوت ئەم کابرایە قاچاغچی پەڕینەوەیە بۆ ئەو بەر بەڵام پارەیەکی زۆری دەوێ، تۆویش رۆژیک چووی بۆ لای بەلەمەکەیان، پڕ بوو لە مامۆستای زانکۆو فەرمانبەر، شەریکی جەمال کابرایەکی تورک بوو، چووی بۆ لای خۆتت پێ ناساند و پێت گوت دەمەوێ بپەرێمەوە، ئەویش بە تورکی گوتی (نەدن ئو تەرەف گیتسن) بە واتای بۆ چی ئەچی بۆ ئەو دیو، لە وەلامی دا گوتت (بیر قز ئەرخەداشم وار ئو تەرەف) بە واتای خوشەویستێکم لەوبەرە، ئەویش لە وەڵام دا گوتی (پارە یوخ، گیچیت یوخ) بە واتای پارە نەبێ، پەرینەوە نیە بەڵام جگەرەیەکی پێدای، جگەرەیەک نرخێکی ئەوتوی نییە بەڵام بەو جگەرەیە هاوسۆزی خۆی لەگەڵت دەربڕی، تا دەهات قەیرانەکانی ئەمبەر قووڵتر ئەبوونەوە، ئابڵوقە زیاتر کاریگەری دائەنا ! بە ئاسانی لە بینینی ڕەنگی زەردی خەڵک و دیمەنی جلە شڕەکانیان دیار بوو!


رۆژێکیان مامۆستایەکت ناسی زۆر بەرێز بوو مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، وەڕگێڕی رێکخراویکی ئەڵمانی بوو بە نێوی (وادی) داوای لێکردی بچن بۆ لای یەکی لە ئافرەتە ئەلمانیەکانی ئەو رێکخراوە کە چوون پێشوازییەکی گەرمی لێکردن، دوو شەربەتی پرتقاڵی بۆ هینان، مامۆستا عەبدوڵا پێیگوت، ئەم کوڕە حەزی لە کچێکی ئەوبەر کردووە، ئێستا هەراسانە دەیەوێ بپەرێتەوە، ئافرەتەکە قژ کاڵ و لێو ئاڵ بوو، زۆر بە نەرمی پێیگوتی، زۆر گەشبین مەبە بە خەڵکی ئەوبەر، خەڵکێکی خۆپەرستن، تەنیا خۆیان خۆش دەوێ وەکو کەرەستە چاو لە خەڵکی ئەمبەر دەکەن، تۆویش واتدەزانی گوێزت بۆ دەژمێرن، نوقمی دەریای رومانسیەتی خۆت ببوویت، تەنیا دیوی رووناکی ژیانی ئەوبەرت دەبینی، واتدەزانی ئەگەر بگەیتە ئەوبەر ئیدی خەمەکانت بەتاڵ دەبنەوە، تێکرای خەونەکانت بەدی دێ، بەهرەمەند ئەبی لە تیشکی رۆژو لمی کەنارەکانی دەریا، شەوان مانگ سەرەتاتکیت لەگەڵ دەکا، ئەستێرەکان چاوشارکیت لەگەڵ دەکەن، سنورەکان دەتوێنەوە، گەلان دەستی یەکتر دەگرن، سەما و شایی و هەڵپەرکێ دەکەن، خواردنی جوراوجۆر بۆ یەکتر دروست دەکەن، کەس لە گوڵ کاڵتر بەوی تر ناڵێ!


لەچەندین دەرگات دا بەمەبەست یارمەتی دانت بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوبەر بەڵام سودی نەبوو، هەوڵەکان نەزۆک دەرچوون، هەر بۆیە ژیانی یاخی بوونت هەڵبژارد، ئەو دەڤەرەی خۆتانت جێهێشت، ئاوارەی ئێران بووی، نیازت بوو بڕۆی بۆ ئازربایجان، لەوێیەوە پەڕینەوە ئاسان بوو، لەگەڵ کۆمەڵێ سەرلێشێواوی وەکو خۆت، ئەوانەی مەستی دونیای ئەوبەر بوون هەر کەسەو بە نیازێک!


کاتێ کە چوون بۆ شیمالی ئێران بەمەبەستی ڕوێشتن بۆ ئازەربایجان، کات زستان بوو، سنور بە بەفر تەنرا بوو، چاوساغەکەتان دەیگوت، ئەگەر ئێستا بڕۆن یان رێگا ون دەکەن یان گورگ دەتانخوا، ناچار گەڕانەوە بۆ بەندەر عەباس لەوێ رۆژانە کرێکاریتان دەکرد، بەڵام بەردەوام خەونی پەڕینەوە ختوکەی مێشکی دەداین، تا رۆژێکیان چاودێری کارەکە کابرایەکی سنەیی بوو ئاگای لە خولەی بێ زەواڵ نەبوو!


دەیگوت، ئێوە بۆ بەتەمای پەڕینەوەن، لەو دیو بە نیازن چی بکەن، ئەو ئاگاداری خەونی ڕەنگاو ڕەنگی ئەندیشەی ئێوە نەبوو ! لەوێ هاورێیەکانت وەکو گەڵای پایز لێت هەڵوەرین ساتێک دڵتەنگی رووی تێکردی ! لەو ساتانە خۆت لە نێو وەرزی پایزدا دەدۆزییەوە، پایز و تەنیایی، بەڵام وەک دەڵێن هەموو هەورازێک نشێوی لە دوایە، زۆری نەخایاند چەند هاورێیەکی نوێت دۆزییەوە، یەکی لەوانە پاکەتی جگەرەو چایی دەفرۆشت لە قەراغ بەندەر، ئەوانیش وەک تۆ نیازی پەڕینەوەو خەونی هاوبەشتان هەبوو!


پلانتان دانا کە بچن بۆ شاری ئورمیە لەوێ قاچاغچی رێگای تورکیا بدۆزنەوە، ماوەیەک لە شاری ئورمیە کرێکاریتان دەکرد، لەوێ چوار کەس بوون ژوورێکتان بەکرێ گرتبوو لە گەڕەکی کوشتارگا، ئەوەی لەم گەڕەکە سەرنجی ڕاکێشایت ئیشی چنینیان بە مناڵان دەکرا، هەردوو سەعات جارێ مناڵەکانیان دەردەکرد وەک مێش هەنگ گیزە گیزیان دەکرد، بۆیە وایان دەکرد تا مناڵ لەهەموو خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکانی دوور بکەوێتەوەو تەنیا بیر لە چنین بکاتەوە!


لە ئورمیە لای بەڵیندەرێکی کورد دوو هەفتە کرێکاریت کرد، ئەنجام دەسی دەسی پێدەکردی دەیویست پارەکەت بخوا، تۆیش دوای چەندین جار ڕویشتن بۆ لای بە نیوەناچڵی بەری ڕەنجی شانی خۆت لێت وەرگرتەوە!


ژیانی کرێکاری زۆر سەختە، دەبوایە سەرلەبەیانی زوو لە مەیدانی کرێکاران خۆت و کیسەی خواردنی نێوەرو کە دوو نان و دوو هیلکەی کوڵاو تەماتەیەک بوو، رابوەستایە، هەر ماشینێک بهاتایە دەبوایە بەپیرییەوە بچی، ئیدی خۆت و بەختت، کێ یان هەڵبژاردایە، رۆژ هەبوو بە نائومیدی دەگەڕایەوە، رۆژیش هەبوو ئیشت دەست دەکەوت، بەڵام ئەوەی لەرەفتاری وەستاکانی ئێرەت بەدی دەکرد سەرلەبەیانی قسەی ناشیرینیان بەرانبەر کرێکارەکان دەکرد وەک پوشتی، حیز، دواتر کە زانییان تۆ کابرایەکی بێوەییت تەنیا بۆ کارکردن هاتوویت هێور دەبونەوە!


قاچاغچی یکتان پەیدا کرد بە نێوی بەهمەن زۆر هیمن و لەسەر خۆ بوو بەرانبەر بە بڕیکی پارە ئێوەی گەیاندە گەوەڕ، لەهەموو گوندێک خانەخوی هەبوو، بچوینایەتە هەر ماڵیک دەیگوت بڕی پارەم پێداون، ئەوانیش خواردنیان بۆ دروست دەکردین، تەنانەت شەوێکیان لە گوندێک ماینەوە بۆ بەرەبەیان دەبوایە بچین بۆ هەڵەتەکان دەیانگوت جەندرمە دێت گوندەکان دەپشکنێت!


بەڵام بە شێوەی گشتی کرمانج زۆر بەرێزەو گیانی هاوکاری و یارمەتی دانیان تیایە ! ئەوانیش دەیانزانی ئێوە لێقەوماون بۆیە رێگای هات و نەهاتان گرتۆتەبەر، کە گەیشتنە ئیستانبول تەنیا ماڵی شیخ عوسمانتان شک دەبرد کە لەگەڵ هاورێیەکانتا چوون، لەبەر دەرگای تەکیەکەی کۆمەڵی چەورەتان تووش بوو رێگریان لێکردن بچنە ژوورەوە دواتر بە هوی ناسیاوێکتەوە جێگایان کردنەوە، دەکرێ بۆ میژوو بگوتری کە ماڵی شیخ عوسمان زۆر یارمەتی ئەو خەڵکەیان دەکرد کە بێ جێگاو رێگا بوون لە تورکیا، تەنانەت کاتێ جەندرمە دەهات خەڵکەکەیان دەشاردەوە، کاکە حەمەیەک لەوێ بوو زۆر بەرێز بوو، بەردەوام هاوکاری خەڵکی دەکرد!


لە تەک ماڵی شیخ کارگەیەکی دروستکردنی بانیو و دەبەی لێ بوو، تۆ وەک کرێکار لەوێ ئیشت دەست کەوت، خاوەنەکەی حاجی بوو زۆر پیاوێکی چاک بوو، سێ، چوار کوڕی هەبوو، دووانیان زۆر بەرێز بوون دەیانگوت ئالودەی حەشیشە کێشانن!


دەیانزانی تۆ پێشتر لەگەل لایەنێکی چەپ ئیشت کردووە بۆیە سەریان ئەخستە سەرت دەیانگوت ئێوە لەگەڵ ئەوە دان خەڵک حەشیشە بکێشێ، تۆویش گوتت نە !
ئێمە کۆمەڵی کرێکاری کورد بووین لەوێ ئیشمان دەکرد، رۆژێک تێکرای برادەرەکانم نەهاتبوون، کرێکارێکمان هەبوو پێماندەگوت زەکی ئابی بەواتای کاک زەکی، لەو رۆژە گوتی ( بویگن کوپەکلەر گەیلمیور ) بە واتای ئەمرۆ سەگەکان نایەن!


تۆیش ئەم قسەیە کاری تێکردی وەک قسەی وەستاکانی ئێران ناخی بریندار کردی، لەدڵەوە دەتگوت پێش پەڕینەوە هاوئاینەکانی خۆمان پێمان دەڵێن سەگ ئەگەر بپەڕینەوە لەوێ تەنانەت ئاین و مەزهەبیان جیاوازە، کەواتە لە سەگ سەگتر ئەبین!


دوای مانگ و نیوێک ئیش لە تورکیا، دوو قاچاغچیتان دۆزییەوە، یەکێکیان ئەوەندە زیرەک بوو دەتگوت (کومپاس) بوسەلە لە مێشکی دایە، گوند بە گوند ئاراستەی رێگاکەی دەزانی بەرەو ئەسینا، دەیانگوت هەندی قاچاغچی هەیە قسەی ناشیری بەرانبەر نەفەر دەکەن بەڵام ئەوان وا نەبوون، رۆژێکیان مقو مقو کەوتە نێو نەفەرەکان گوتیان قاچاغچیەکان دەڵێن نەفەری مارکسیمان لەگەڵ دایە بۆیە ئەم وەجبەیە دەرناچێ، ئاخر ئەوان زۆر بروایان بە غەیبیات بوو، لە کوێ تووشی تەنگانە بهاتینایە دەیانگوت ئایەتی کورسی بخوێنن!


دوای دە رۆژ لە بە پێ ڕوێشتن نزیک شاری سالۆنیک کەوتینەوە، لەوێ یەکی لەقاچاغچییەکان چەقۆیەکی دەرکرد پێگوتین ئەوەی پارە نەدا چەقۆی لێئەدەین !
تۆ بە هۆی ئیش کردنی ئێران و تورکیا تەنیا سێ سەد دۆلارت پێکەوە نابوو، ئەوان داوای هەزاریان دەکرد، کەواتە بووی بە قەرزاری حەفسەد دۆلار، لە ئەسینا تەلەفونت بۆ هاورێیەکانت کرد کە لە سوئێد بوون و خەڵکی شارەکەی خۆت بوون، ماڵیان ئاوا بێ، هەر یەکەو سەد دۆلاریان نارد، باقیەکەشی بە کرێکاری لە ئەسینا پەیدات کرد، کرێکاری تەمەنی قووت دای لە ئەسینا، ماوەیەک کرێکاری بتون و خانوبەرە بوویت، لە ئەسینا بۆ قایمی ساختمانەکانیان ئەزبەز دەکەنە نێو چەمەنتۆوەوە، ئەزبەزیش وەکو تیزاب وایە دەست و پێ دەسوتێنی، تۆیش لە کاتێ ئیش کردن دا بووی بە خاوەنی چەند برینێکی لەدەست و پێ یەکانت، بەردەوام نەرمە ئازاریان پێ دەگەیاندی، تۆیش وەک ئینسانێکی ماسۆشی لەزەتت لەو نەرمە ئازارانە دەبینی!


ئەسینا یەکەم ویستگای شارستانی بوو لە مێژووی ژیانت دا، دوای ٣٣ ساڵ لە تەمەن توانیت یەکەم جار لەگەڵ ئافرەت بخەوی بەرانبەر بەکرێ رۆژێکی کرێکاری !
ئەو ئافرەتانە خەڵکی وڵاتانی دەوروبەر بوون بێکاری پاڵی پێوە نابوون لەوێ ئەو ئیشە بکەن بۆیە هەرگیز وەکو قەحبە بۆت نەدەروانین بەڵکو وەکو ئینسانی ناچاری دەستی قەردەر!


ئیدی لە یونان وێرای ماندوو بوون هەست بە ئینسان بوونی خۆت دەکەیت گەرچی لێرەش خاوەن کارەکە پارەی هەفتەیەکی کارکردنی خواردم، بەڵام خەونی پەڕینەوە هێشتا درێژەی هەبوو، لێرەش دا ساڵ و نێوێک لە نێو ئۆزۆو شەراب و کارکردن دا بەسەرت برد، سەردانی دوورگەی کریتی یت کرد، وەک زوربا لە نێو قەیرانەکانی ژیان دا هەمیشە بە هێز بوویت ! لێرەش دا فێری هەندی وشەی زمانەکەیان بوویت وەک (ئیغو کالا) بە واتای من باشم ( ئیسی ئۆرەیا ) بە واتای تۆ جوانیت، (ژولیا) بە واتای ئیش (خرونی) بە واتای ساڵ (خریستۆ پولی) بە واتای زۆر سوپاس (کەتەلاڤس) بە واتای تێدەگەی، ژمارەکان و زۆر وشەی تر کەنامەوێ باری خوێنەر گران بکەم!


١٦\٧\٢٠١٣ - نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک