کێن ئەوانەى پێیان
دەگوترێت(هونەرمەند)؟

گۆران دوکانى
بەکەسێک دەگوترێت هونەرمەند لەتەمەنى کارکردنیدا ڕەنگدانەوەى ئازارو
تراژیدیاى میللەتەکەى بەکارەکانیەوە دیاربێت....(بیت هۆڤن)
لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى(1991)وە، دەبێت هونەرمەندێک هەبێت لەم هەرێمەى
لەمەڕخۆماندا شمولى ئەم ووتە بەنرخەى گەورە موسیکسیانى جیهانى بیت هۆڤن
بکات؟، بەواتایەکیتر ئەگەر لەسۆنگەى ئەم شاکارەى بیت هۆڤنەوە بڕوانینە
چەمکى هونەرلەم وڵاتەدا،کەسێک هەیە بەفیعلى (هونەرمەندى گەورەى
گەلەکەمان بێت)؟!.
وەک ئاشکرایە بەدرێژاى (18)ساڵى دواى ڕاپەڕین دەیان وەیشومە بەرۆکى ئەم
هەرێمەى گرتوە، ئەوهونەرمەندە (گەورەو بەڕێزو نیشتمان پەروەرانەى
گەلەکەمان)کامانەبون کەهەڵوێستیان نیشاندا؟!، کام هونەرمەند گووتى:(نا)
بۆشەڕى شومى ناوخۆ،(نا) بۆپەراوێزخستنى هەڵەبجەیەکان،(نا)بۆ بیرچونەوەو
موزایەدەکردن بەدۆزى ئەنفال ،(نا)بۆ ئازارو تراژیدیاى ئەوگەنجانەى
بۆگەڕان بەدواى ژیاندا بونە خۆراکى قرشەکانى دەریاى ئیجە،(نا)بۆگەندەڵى
،(نا)بۆمەحسوبیات و
مەنسوبیات،(نا)بۆڕۆتین،(نا)بۆمۆنۆپۆلکردن،(نا)بۆ..بۆ..بۆ.....
ئەرێ بەڕاست ئەو کەسانە هونەرمەندن کە ڤێللاو شوقەو باڵەخانەیان
بەناوەوەیە،یان لە کاتى هەڵبژاردن وبۆنەحیزبیەکاندا بەپارەى قوتى خەڵکى
ئەم هەرێمە چاویان کوێردەکرێت ودەبنە بەندبێژى دەسەڵات و دواجار
لەبەرەى گەلدا دیلێت دەکرێن ،یان ئەوانەى خاوەن هەڵوێستن و بەدەیان
هەزار دۆلارى مناڵەبرسیەکانى کەسوکارى ئەنفال و هەڵەبجەیەکان بەچڕوچاوى
دەسەڵاتدا دەدەنەوە ومێژوویەکى پڕسەروەرى بۆخۆیان تۆمار دەکەن؟
لەگەڵ حورمەتم بۆو هونەرمەندانەى کەسەردەمانێک لەشاخبون و بەسروودە
نیشتمانیەکانیان کوردبون و کوردایەتیان لەناخى تاکى کوردا ڕسکاند،ئەمڕۆ
کێن ئەو هونەرمەندانەى بەناوى کوردایەتیەوە(5) بۆ(6)پۆستى هونەری
ودەیان ئیمتیازاتى حیزبى و حکومیان پێدەدرێت؟.ئایائەو هونەرمەندانەن
کەبەفیعلى نیشتمان پەروەرى خۆیان سەلماند،یان ئەوهونەرمەندە (گەورەو!بەڕێزو!نیشتیمان
پەروەرانەى!)گەلەکەمانن کەلە کۆرس و سروودەکانى بەعسدا بەشانازیەوە
بەشداریان دەکرد؟ یانیش ئەو هونەرمەندانەى بەزۆر پەلکێشى کچانى کوردیان
دەکرد بۆبەشداری پێکردنیان لە (عیدمیلادى) سەرکردەکانى بەعسدا؟!.
ئەرێ بەڕاست کێن ئەوهونەرمەندە مەزنانە؟،ئەوکەسانەن کە ئەمڕۆ گەورەترین
پۆستى باڵاى هونەریان پێدراوەو ماشەڵایان لێبێت لەو پاکیزەو توتیانە
ناسکترن کە مەرامێکى تایبەتى بەرژەوەندخوازانەى شەخسى لە چواردیوارێکى
ئارامو دڵڕفێندا کۆى کردونەتەوە؟!یان ئەوکەسانەى کەسەردەمانێک لەهەموو
سەروەت و سامان و ماڵومنداڵى خۆیان بوران و لەناوئەشکەوت وکونە فیراردا
سرودى نیشتیمانیان دەچڕى؟!
بەعس بەوهەمو دڕندەیەى خۆیەوە نەیتوانى شوناسی گۆرانى کوردى بسڕێتەوە ،بەڵام
ئەسەف ئەمڕۆکەسانێک هەن بەبەخشینى پارەو میلۆدى و موزیکى (تورکى
وعەرەبى وئەوروپى)ماڵى گۆرانى کوردیان وێرانکرد و هەرئەوانەشن ئەمڕۆ
گرەوى داهێنان ودەوڵەمەندکردنى گۆرانى کوردیان لەسەر دەست دەکرێت!.
دواجار دەبێت کەسێک هەبێت لەم هەرێمەدا (پێشگرى)ناوەکەى هونەرمەندبێت
وهاوکات بەفعلى خزمەتى کلتورو مێژوو ونیشتمان و تەنانەت خزمەتى پیشەکەى
خۆشى بکات کەهونەرە؟
ئەوە ئازارى نیشتیمان ،ئەوە بێزارى خاک،ئەوە هاوارى دایکى شەهیدان،ئەوە
مۆنۆپۆلکردنى نیشتمان لەلایەن فیرعەونەکانى دەسەڵاتەوە،ئەوە یاریکردن
بەپیرۆزیەکانى ئەم گەلە، ئەرێ بۆئەوهەموو هونەرمەندە گەورانەى
گەلەکەمان وابێدەنگن، تەنها بەقەدهەنسکێک لەشیوەن و تنۆکێک لەدەریا ،بۆنیشتیمان...بۆگەل...بۆئازادى...بۆشەهیدان...بۆویژدان...بۆیەکسانى
مرۆڤەکان، نایەنە زمان؟.
Goran.dukani@yahoo.com
|