په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠١٤

کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا!
پەرتووکی ئەزموونی شیعریی (ھێمن حەمە جەزا) بڵاوبۆوە.

 


(ھێمن حەمە جەزا)ی شاعیر، سەبارەت بەم پەرتووکە شیعرییە تازە چاپ بووەی؛ لە وتارێکی تایبەتیدا، کە لە سەرەتای پەرتووکەکەیدا و وەک پێشەکی نووسیویەتی و بەناوی؛ (ئەزموون و خۆنووسینەوە)وەیە؛ دەڵێت:


ئەم پەرتووکە؛ ھەوڵدانێکە بۆ تاوتوێکردنی ئەزموونی شیعرییم، بۆ شەنوکەوکردن و پاشان کۆکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ئەزموونکردنم لە شیعردا. ئیتر ھەر لە دەستپێکەوە؛ لە ساڵی (٢٠٠٢)ەوە تاکو ئێستا (٢٠١٤)... واتە؛ مشتوماڵی (١٢) دوازدە ساڵ کارکردنم لە شیعردا. بەرھەمی ئەم ساڵگارانەش، بریتی بوو لە (٣) سێ پەرتووک؛
(سروودەکانی یاخیبوون/٢٠٠٢ ... ھەمیشە ئەم گۆرانییە دڵم پڕ دەکا/٢٠٠٦ ... ماڵی من سێبەر و دڵی تۆش باخچە/٢٠٠٩) و ھەروەھا چەند دەقێکی کەمیش؛ کە لە دەرەوەی پەرتووک دان و تەنھا لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەتەوە.

ھێمن-ی شاعیر بەردەوام دەبێت و دەڵێ:


ھەرچی سەبارەت بەم چاپکراوە نوێیەشمە؛ (کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا)، ناوی لێدەنێم؛ (ئەزموونی یەکەمی شیعرییم) چونکە؛ لە کۆتایدا و لێرەبەدواوە، ئەوەی تۆی خوێنەر لەم پەرتووکەدا دەیخوێنیتەوە، دەبێتە سەرجەم بەرھەم و کۆی دەقە شیعرییەکانم... بەڵام چۆن، کام دەق و کام بەرھەم و کامە و چ پەرتووکک؟


من، ھەموو ئەم ساڵانەی کە دەستم لە نووسین داوە، تەنیا و ڕاستەوخۆ ئەزموونی شیعرم کردووە، ئەویش جگە لە پرۆڤەکردنێک؛ کە لە پێناو دەست ڕاھاتن لە پانتاییەکانی شیعردا و بەکاربردن و کەڵک وەرگرتن لە زمان و شێوازێکی جودا و دانانی پەنجەمۆری خۆم و جودابوونەوەم لەو ھەموو لێکچوون و یەکدی نووسینەوە و زێدەگۆییە لە خۆڕا و بە کڵێشەبوون و بێ ئەرزش بوونی شیعر؛ لە نێو کایە و گەمەی ھونەرەکاندا، ھیچی دیکە نییە. واتە؛ ئەم پەرتووکە؛ کە دەبێتە ئەزموونی یەکەمی شیعرییم، تەنیا ئەو دەقانە تیایدا جێیان بۆتەوە کە بە بڕوای خۆم شیعرن، ھەڵبەت ئەو دەقانەش؛ نە وەک ئەوەی کە نووسرابوون و ھەبوون! بەڵکو بە ھەڵوەشاندنەوەیان و دەستکاریی کردن و کارکردنەوە تێیاندا و جارێکی دیکە؛ سەرلەنوێ بەرھەم ھێنانەوەیان.

بە کورتی؛ پەرتووکی شیعریی (کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا)، ئەزموونکردنێکە؛ لە نێو خۆم و لەسەر ئەزموونەکانم. ئەزموونکردنێک؛ کە بێ ڕەحمانە مامەڵە لەگەڵ ڕابردووی بەرھەم و کارکردنتدا دەکەیت و بڕیاردانت لەسەر تیپەڕبوون و مانەوەی نە تەنیا دەقێک، بەڵکو بۆ وشە بە وشە؛ تا دوا سنوور قاسیی و دڵڕەقانەیە. ئەم پەرتووکە؛ کە دەبێتە (ئەزموونی یەکەمی شیعرییم)، جگە لە ھەڵبژاردنی چەند دەقێکی کەمی لە پێشوتردا نووسراو و لە ئێستاشدا دەستکاری کراو؛ زێدەتر نییە، بەڵام بە دەستکارکردن و گۆڕانکاری لە جەوھەردا، بە کارکردنەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێوە، بە ئەندازەیەک؛ کە خوێنەرانم، ھەر زوو دەرک دەکەن... ھیواداریم ئێوەی خوێنەرانیش؛ ھەربەوەندە، لێم ڕازی نەبن و چاوەڕوانی زێدەتریان لێم ھەبێت. پەرتووکی یەکەمی ئەزموونیشم؛ تەنھا وەک یەکەمین خشتی بناغەی باڵەخانەیەک چاولێبکەن، من زووتر گوتبووم؛ "کە شاعیربوون کەڵکەڵەمە".

شایەنی بە بیر ھێنانەوەیە؛ پەرتووکی شیعریی (کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا!)، بە دیزاین و چاپێکی جوان، لە قەبارەیەکی تایبەتی (٢٦٠) لاپەڕەیدا چاپ بووە و لە ئێستاشدا بڵاوبۆتەوە و خوێنەران دەتوانن بە دەستی بھێنن، لای زۆرێک لە پەرتووکخانە و پەرتووکفرۆشییەکان، لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەست دەکەوێت.

 

 

hemn_hamajaza@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک