١٠\٤\٢٠٢١
کە پەپووسولەیمانەکەم وەبیردێتەوە
خەریکە
هەلاهەلا دەبم!

دارا خونچە
زۆر لەمێژ نەبوو ببوومە پێشمەرگە.. گەلەک لەخۆڕازیی بووم و زۆر بە خۆمم
دەنازی، ئەوەی ترس بوو لە مەژیی و دەروونمدا نەمابوو.. لێ هەستمدەکرد
هێشتا لە نیشانە شکاندن زۆر دەستڕاست و لێزان نیم و هەمیشە لە
گچکەکترین دەرفەت نیشانم دادەناوە و راهێنانم دەکرد. رۆژەکیان لە
سەروبەندی نیوڕانێ کە تازە چلەی هاوینێ دەستیپێکربوو لەگەڵ کۆمەڵە
پێشمەرگەک خۆمان دابووە بەر سێبەری گەوڕە شاخەک کە کەتبووە رۆژەڵاتی
ئاواییەک.. هەرچەندە شاخەکە بەربەڕۆژک بوو و هێندەش بەرز نەبوو لێ بەشی
سەرەوەی دەتگۆت بە ئەنقەست بە نیازی دروستکردنی سێبەر ئەوها بە شێوەی
کەوانەیی دەرچووە و رووبەرەکی زۆری لە خوارێ لە سایەی خۆی گرتبوو.
هێندەک لە خوار گوندەکە لە پشت بەرزاییەکی درێژکۆڵە رووبارەکی گچکە
هەبوو و گۆماوەکی باشیشی لەسەر بوو.. زۆرم پێ سەیر بوو لەبەرچی ئەو
گوندە لە دەو رووبارەکە نییە و ئەوها کەتیتە پەنایێ!؟ ئەوەم پاشان لە
خەڵکی ئاواییەکە ژنەوت کە کاتی خۆی زەوییەکانی تەنیشت رووبارەکە بە
درێژایی ئاقاری گوندەکە هەمووی ئی ئاغایەک بووە و نەهێشتبوو ئاوەدانیی
لەسەر چێبکەن! بە کورتییەکەی گۆماوەکە بە کەلکی ئەوە دەهات بچی کاتی
گەرمایەکە لەوێ بگوزەرێنی و بە ئارەزووی خۆت بە مەبەستی خۆشوشتن و
مەلەکردن یان جلک شوشتن خۆ رووتبکەیەوە و خەڵکی ئاواییەکەش نەتبینن، بە
چەند هاوڕێیەکم گۆت با بەو گەرمایە بچینە سەر ئەو گۆماوە و لەو گەرمایە
رزگارمان ببی هەم جلکەکانمان بشۆین و مەلەیەکیش بکەین.. کەسیان ئامادە
نەبوون چونکێ گۆتیان خۆت دەزانی ئەوشۆ رێیەکی دوور و درێژمان لە پێشە
لۆ ئەو گوندانەی خوارێ و رەنگە تووشی بۆسەی دوژمن ببین لەبەرهەندێ
ئێستا پێویستە تێر خەو ببین.. لێ ئەمن شەوادی خەوەکی چاکم کردبوو و بەو
گەرمایەش هەر خەوم لێندەکەت.. ئیدی بە تەنێ خۆم گەیاندە گۆماوەکە..
پاش ئەوەی تێر مەلەم کرد و جلکەکانم هیشکبوونەوە و لەبەرمکردن هێندەک
لەو نانە هیشکەم خوارد کە لەسەر بەردەکان لەبەر هەتاوەکە هەڵمخستبوو..
نان کە لەبەر هەتاوێ هیشکی دەکەیەوە زۆر خۆش دەبی و ئەمن زۆر چێژم
لێیدەدیت.. هەرچەندە
لەوان دەمان زۆر پتر لە پێویست نانمان دەخوارد لێ هەر لە راستییشدا
بە هۆی ئەو هەموو رێڕۆیشتن و جوولانەی هەمانبوون زۆر پێویستمان بە خواردنی نان
و ساوار و
گۆشت و برنج و نیسک و نۆک و ئەو مادانە
هەبوو کە کاربۆهیدرات و
پڕۆتینیان زۆر تێدایە..
ئاخر خواردنی مە زۆربەی جارەکان بە
تایبەتییش لە هاوینان
کە نان و ساوارەکەش کەمتر دەبۆوە هەر ئاروو و تەماتە و باینجان و توور و پیاز و ماست
و پەنیر و ژاژی و ئەو جۆرە تشتانە بوون و هەموو هەناومان
پێیانەوە داچۆڕابوو..
هەڵبەتە سەرەڕای باری هەژاریی
ئەو ناوچانە زۆر کات خواردنمان
هەر لەسەر ئاکنجیانی ئاواییەکان بوو..
هەرچەندە ناندانی هێزی پێشمەرگە بارەکی زۆر قورس بوو کە کەتبووە
سەرشانی وان.. هەندەکیان پێیان خۆش نەبوو و هەندەکیشیان وەک خێرپێکردن
وەریانگرتبوو! لێ ئەمە دڵمان بەوە خۆشبوو کە هەستماندەکرد زۆربەی
زۆریان لە ناخەوە ئەمە بە هێزی پارێزەری خۆیان دەزانن و مانی بوونە
نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەش لە سایەی مەوە دەبینن.. واتە بە شێوەکی
گشتیی زۆر دڵسۆزیی مە بوون لێ نەیاندەتانی بە پێی پێویست ئەو
خواردنانەمان لۆ دابینبکەن کە پێویستمان بوون.. ئەوانیش هەر هێندەیان
لەدەستدەهات و ئەوەش لۆ خۆی لەوان دەمان یەکەک بوو لە ئەرکە هەرە
گرنگەکانی بەرانگژبوونەوەی رژێم.
هەر لەو دەمیش نەرمە بایەکی شەماڵێ هەڵیکردێ و کەشەکەی باش خۆشکردبوو و
هەستمدەکرد زۆر چوست و چالاک و دڵ و دەروون خۆشم.. ناوەناوە دەمدیت
تیرترواسک و پەپووسولەیمانە و مەل و باڵندەی دیکە دەهاتنە دەو ئاوەکە و
بەسەر سەرمدا دەفڕین.. بەوەش ئەوەم وەبیرهاتەوە کە دەیانگۆت نیشانچیی
چاک ئەوەیە باڵندان لە ئاسمانێ بپێکی.. ئیدی خۆم لێیان دانووساند تا
خۆم تاقیبکەمەوە.. یەک دوو پەپووسولەیمانە هەر لەو ناوە دەهاتن و
دەچوون.. ئەمن لە کنە خۆم بە جوانترین و ئێسک سووکترین باڵندەم دەزانی
و زۆر جار بیرمدەکردەوە کە ئەگەر مرۆڤ بتوانی کەویی بکا ئەوە هەم زۆر
سوود لە جوانییەکەی دەبینی هەم ئەوانیش لە برسیەتی رزگاردەبن و بەو
شێوەش کە خۆیان
زۆر کەمن رەنگە بتانن پتر زاوزێ بکەن و زۆرتر ببن، لێ لەوان
دەمان ئەمن لەبەر خۆڕاهینان لەسەر نیشانشکاندن ئەوەم هەر وەبیریش نەبوو
کە کوشتنی باڵندە و هەر گیانلەبەرەک و لێستاندنی ئازادیی ژیانیان
کارەکی زۆر نابەجێی مرۆڤەکانە.. هەر کە ئەو جارە پەپووسولەیمانەک
خەریکبوو بەسەر سەرمدا دەهات تەقەم لێیکرد و بەرمداوە.. هەرچەندە
لەودەم زۆر بە خۆم نازی کە باڵندەم لە ئاسمانێڕا خستیتە خوارێ لێ کە بە
پەلە غارمدا و خۆم گەیاندە سەری دیتم نەمردبوو بەس زۆر خراپ پێکابووم
و گوللەکە جێی کارێ گرتبوو.. زۆر زۆر زگم پێی سوتا.. کە پاش ماوەکی
کەمیش لە نێو دەستانم گیانی لەدەست دا هەر گەلەک پێی تێکچووم و زۆر
غەمم لێی خوارد هەروەک ئەوەی کە پێشمەرگەک لە شەڕەکی قارەمانانە بە
سەختیی زامدار دەبی و پاشان گیان لەدەست دەدا.. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەر
لەودەم نازانم کووبوو زۆر پراگماتیکانە بیرمکردەوە و لە هندوڕی خۆم
گۆتم تازە کەتنە قۆڕەکەم هەر کردیە کردیە با بیبرژێم
و سوود لە گۆشتەکەی
ببینم.. پاشان هەستمکرد بابەتەکە هەر ئەوە بوو کە کەم گۆشتمان
وەدەستدەکەت و زۆر تامەزرۆی خواردنی ببووین و هەر کە دەماندیت لیکمان
بە دەویدا دەهاتە خوارێ.. ئیدی هەر بە پەلە پەڕ و
تووکەکەیم بە پیستەوە داماڵی و بە جوانیی شوشتمەوە.. پاشانیش پارچەپارچەم کرد و بە
شیشکەی تڤەنگەکەم وەکردن
و خێشم پێداکرد.. چووم هەندەک چیلکە دارم
خڕکردەوە و ئاگرەکم کردەوە و شیشکەکەم لە نێوان دوو بەردان خستە سەری
تا گۆشتەکە جوان جوان سۆربۆوە، هەرچەندە گۆشتەکەی زۆر کەم بوو لێ زۆر
چێژم لە خواردنەکەی وەرگرت جا نازانم هەر
لە راستییدا گۆشتی پەپووسولەیمانە ئەوها
خۆشە یان لەبەرئەوە بوو وەک گۆتم زۆر تامەزرۆی گۆشت بووین و خراپترین
گۆشتیش لە کنە مە هەر باش و زۆر بەچێژ بوو!؟
جا لەو دەمەوە کە ئەو کارە نابەجێ و
قۆڕە لە دەستم روویدا تا ئێستا هەمیشە هەر
ئاژەڵدۆستتر و ژینگەدۆستتر بوومە و دەبم..
هەرچەندە ئەمن هەرگیز تووشی نەخۆشیی دەروونیی نەبوومە
و نابم لێ ئەوەی
روویدا بە جۆرەک لوولیدام ئێستاکەشی لەگەڵدابی وەک ئەوە خۆم دێتە
بەرچاوان کە تووشی کارەساتەکی گەلەک گەورە بوومە؛ هەر کە ئەو پەپووسولەیمانەم وەبیردێتەوە
خەریکە دڵ و دەروونم هەلاهەلا دەبی! زۆر جار لە هزران رادەچم و
لەبەرخۆمەوە دەبێژم پێویستە دادگەکی زۆر باش و پڕ لە دادوەریی لۆ
لێپێچینەوە لە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی گشت گیانداران
دابمەزرێنین و ئیدی خۆم یەکەم کەس بچمە دادگە و لەسەر کوشتنی ئەو
پەپووسولەیمانە و کوشتن و ئازاردانی هەر گیاندارەکی دیکە تەنانەت
کوشتنی ئەو حاجیلانەش کە تا هەنووکەش بە بیانووی خواردنی گوڵ و
گوڵزار و تەڕەی نێو
باخچەکەم بە شێوازی کیمیاباران
دەرمانخواردیان دەکەم و لەنێویاندەبەم قورسترین
سزا وەربگرم و
بە خێرایی دەستبەرداری هەر جۆرە چەوساندنەوە و لەنێوبردنەکی گیانداران
ببین! لێ کە کەتوارییانە بیردەکەمە بە دەستە خۆم نییە زۆر
نیگەران و رەشبین
دەبم و یەکسەر دەبێژم:
''توائهووووو وائهووووو هێشتا لە کێندەرین'' ئاخر
کە تا ئێستا نەمانتانیە فەرهەنگەکی وەهامان هەبی رێز لە ئاژەڵان بگرین
کوو دەتانین کارەکی وەها بکەین! ئەوە راستە کە ئێستا بە تایبەتییش لە
کۆمەڵە وڵاتەک کە خەڵک قیچەک لە ماف و ئازادییەکان تێدەگەن هێندەک
نەرمترین لە بەرانبەر ئەو گیاندارانەی لە نێزیکمان دەژین.. لێ هاوکاتیش بە
سەدان و هەزاران کارگەی گەورە گەورەی ناوچەیی و نێونەتەوەییمان لۆ
دروستکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵان دروستکردیە و بە بیانووی ئەوەی ئەو
ئاژەڵانە کە خۆمان هەر لۆ وەکاربردن
بەرهەمیاندەهینین هەست و نەست و
بیرکردنەوە و سۆزەکی ئەوتۆیان نییە واتە ئاساییە بیانکوژین و بیانخۆین.. سەرەنجام رۆژانە لە هەر وڵاتەک بە ملیۆنانیان لێ سەردەبڕین! ئیدی ئێستا
بانگەشەکردنی وەدەستهینانی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤەکان خولیا و
ئەندێشەکی زۆر نابەجێ
و پووچە ئەگەر نەتانین پێ بە پێی ئەوە
ماف و ئازادییەکانی سەرجەم
گیاندارنیش وەدەستبهینین و بە راستیی ببینە ژینگەپارێز!
کۆتایی ئاداری ٢٠٢١
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|