١٢\٤\٢٠١٢
کەپرە برنجەکەی
نێچیرەوان بارزانی.

ئاکۆ خەلیل
کەپرە برنجە، بەو ماڵ و دەوارو چادرە شڕە کاتییە ئەوترا کە لە لادێ و
ناوچە سنورەیەکاندا لەپاش کۆرەوی بەھاری ٩١ بۆ چاوبەست لە رێکخراوە
فریاگوزاریەکان دروست ئەکرا بە مەبەستی وەرگرتنی بریک خۆراک. ھەربۆیە
بەم کەپریان ئەوت کەپرە برنجە، چونکە پاش وەرگرتنی برنج یان
بەشەخۆراکەکە ئیدی خاوەن کەپرو دەوار، کەپرەکەیان بۆ گرنگ نەبوو بۆیە
زۆرجار کەپرەکەیان ئەڕووخاند و دەڤەرەکەشیان بەجێ ئەھێشت.
ناو ھێنانی کابینەو حکومەتە دوو سالیەکەی نێچیرەوان بارزانی بە کەپرە
برنجە، لەو سۆنگەوەیە کە نێچیرەوانیش بۆ چاوبەستکردن لە خەلک و پارتە
نەیارەکانیەتی، تەنھا بۆ مەرامی خۆی و رێگاخۆشکردن بۆ دەستبەکاربوون و
ماکیاجکردنی روی تاوانکاریانەی حکومەتەکەی بەرھەم سالح و پەردەپۆشکردنی
تاوان و کۆمەلکوژییەکەی پارتیە سالی پەر لە ١٧ شوباتدا لەسێلمانی و
شارەکانی تری کوردستان دژ بە خەلکی کوردستان ئەنجامیاندا، نێچیروان پێش
پێکھێنانی کابینە و کەپرە برنجەکەی کەوتە سات و سەوداو پارانەوە لە
پارتە نەیارەکان، و سەری بەمالی دوژمنانی دوێنێیدا کرد و وەک دۆست
بیشەرمانە لە دەوریان کۆبوویەوە و دەستی دایەوە بە بەلێنی باق و بریق،
ھاوشێوەی سالانی رابوردوو، و ھاوشێوەی حکومەتە خوێنرێژەکەی یەکێتی.
ئەو پەندە کوردیەی کە ئەلێت (مانگە شەو سەر لەئیوارە دیارە) پر بە
پێستی کەپرە برنجەکەی نێچیرەوان و بەلێنەکانیەتی، کێ ھەیە بروا بە قسە
و بەلێنە چەواشەکارییەکانی دەسەلاتی کوردی و بنەمالەی بارزانی و
تالەبانی بکات؟. کەسێک خۆی و پارتەکەی دەستیان ھەبێت لە تالانکردن
سامان و داھاتی ولاتدا ئاخر چ ئومێدێک بە کاروکردەوەکانی ئەکرێت لە
پێناو بنەبڕکردنی گەندەلی، حزبێک ھێشتا خوێناوی کۆمەل کوژی لە دەست و
مەچەکی ئەچۆرێت ، کالفامییە بروا بە سەروەریی یاسا و ئازادی و مافی
مرۆڤ لە سەردەستی ئەوان بکرێت. پیاوێک بە خوێنی خەلک تەلاری لە ولاتانی
بێگانە بالاکردبێت و گەورە و بچووکی بنەمالەکەی خاوەن ھیز و کۆمپانیا و
میلیشیا و چالەنەوت بن گەمژەییە کە جێگای باوەڕ و دلخۆشی خەلک بن.
رەنگە لەباشترین حالەتدا نێچیرەوان بیەوێت ھەندێک پرۆژەی پر لەکەموکورت
و نامۆدێرن لە بواری رێگاوبان و تەلارسازیدا ئەنجامبدات، یان ژمارەی
چالەنەوتەکان وکۆمپانیا چاوچنۆک و قاچاخچیەکانی نەوت بەناوی بەگەرخستنی
وەبەرھینان و ئاوەدانکردنەوە زیادبکات، بەلام داخۆ حکومەت و
کەپرەبرنجەکەی ھیچ پلانیکی جدی ھەیە بۆ سەروەری یاساو بنەبرکردنی
گەندەلی و فراوانکردنی مەودای ئازادییە گشتیەکان و پێداچونەوە بەو
کەیسانەی کە بەدەستی بنەمالەکەی خۆی و یەکێتی دیزەبەدەرخۆنەکران!؟ داخۆ
نێچیرەوان جورئەتی وروژاندنەی کەیسی تێرۆری رۆژنامەنوسان و
خۆپێشاندانەکان و ژن کوژان و شەری ناوخۆو تێرۆری ناوبەناوی خەلکی
جۆراوجۆرو لە بۆسەی تایبەتی دەزگا جاسوسیەکانی وەک پاراستن و زانیاریدا
ئەنجامدراون، داخۆ نێچیروان جورئەتی بەدادگا گەیاندنی تاوانبارانی
داھاتوی حوکومەتەکەی خۆی ھەیە؟! داخۆ کابیەنە شەقو شرەکەی نێچیر
بەدەردی کابیەنەکەی بەرھەم سالح ، دیسان دەستیان سورناکەنەوە بە خوێنی
خەلک؟ بە سوتاندنی مالی خەلک، بە برسیکردنی خەلک، بەنانبردنی خەلک، بە
سەروکوت و تۆقاندنی خەلک؟! داخۆ نێچیرەوان بارزانی گول لەلولەی
تفەنگەکان ئەدات؟!، داخۆ لەبری ھینانی دەبابە و جەلادەکانی دەسەلاتی
بنەمالەکانیان، ھیچ پرۆژەیەکی پەروەردەی و ستراتیجی سیاسی وکۆمەلایەتی
ئابوری بۆخەلکی کوردستان پێیە؟! داخۆ نێچرەوان دارودەستەکەی پەند لە
ئالوگۆرە خێراکانی ناوچەکە وەرەگرن؟! داخۆ چی لە جوعبەکەی کاک نێچرەوان
بارزانیدایە؟؟!! داخۆ پەیام و پلانی نێچیرەوان بۆ کەس وکاری شەھیدان و
بێلانەکان و قوربانیانی دەیان سالەی ژێر دەستی پارتی ویەکێتی چیە؟؟!
داخۆ نێچیرەوان و کەپرە برنجەکەی وانەی رەوشت و یژدان فێری رێبەران و
کادیرانی پارتەکەی و کاربەدەستانی حکومەتەکەی ئەکات؟! بە بۆچوونی من
سوێند و تەلاقەکەی نێچیرەوان و یەکەیەکەی کاربەدەستانی کابینەکەی ،ھەر
لە یەکەم رۆژەوە کەوتوە، چونکە مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە، ئەمەش
ئەرزو ئەوەش گەز بۆ نێچیرەوان و کەپرە برنجەکەی.
ماڵپهڕی ئاکۆ خهلیل
|