په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٣\٢٠١٢

کەربازاڕێک بۆ نەورۆزی ٢٠١٢.


کامیل ژیر        


بەبۆنەی یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆزی ٢٠١٢ەوە، لەتەویلەیەکی گەورەی داخراودا، کەربازاڕێکی ھەموارکراو، بۆ ٣ کەری ھەمەرەنگ، سازکرا.ئەم کەربازارە یەکەمجار سالی ٢٠٠٦پیشکەشکرا . ئیستا،دوای شەش سال ولەسەر داواکارییەکی زۆر،جاریکیکە بەھەموارکراوی،ئەیخەینەوە بەر دیدی ئیوەی خۆشەویست. ئەمجارەش ،ئەگەرچی پێشەکی( گیان )ی ھەندێ کەسایەتی مرۆڤی ناسراو بانگھێشت کرابوون، بەڵام ھاتن بۆ ھەموانبوو، بۆیە تەویلەکە جمەیدەھات. سەرەتا کەرەکان بۆ ماوەیەک زەڕین و خۆیانگەوزاند بۆ ئەوەی بەقورگێکی ساف و مێشکێکی کراوەو تەندروستییەکی چاکەوە، بچنە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە . دەنگدەربڕین (phonotic)ی قسەکردنیشیان،وەک ئاژەڵی ناو فلیمەکارتۆنییەکانبوو. ئامادەبوانی تەویلەکەش، وردەوردە، ھەر کۆمەڵەو بوونە چەپڵەکوت و لایەنگری یەکێک لە کەرەکان.


سەرەتا، پێشکەشکەری کەربازارەکە، عوسمانی حەمە نادر- سەرۆکی پارتی کەران، دوای بەخێرھاتن، ئەوەی درکان کە پرژی کێشەکانی کورد و ئەو مەترسییانەی روودەکەنە کوردستان، ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەگرێتەوە، وەک لە بۆردومان و کیمیابارانەکاندا بینیمان، بۆیە ماف و ئەرکی سەرشانی ئەوانیشە بێنە دەنگ و لە رووی مێژوویی و سیاسیشەوە باری سەرنجی خۆیان پیشاندەن و بەرگری لە خۆیان بکەن و داوای مافی خۆیان بکەن ، بەتایبەتی لە کابینەو پەرلەمانی داھاتوودا ،ئەوانیش نوێنەرو کورسی و بەشە بووجەی خۆیان ھەبێ .ئەگینا ئەبنە ئۆپۆزسیۆنی ئەوەڵباب !!


تەویلەکە پڕبوو لە ژاوەژاوو یەکیک لە دانیشتوەکان ،ھەستایە سەرپێو بە تووڕەییەوە وتی : -- کەر چۆن ئەتوانێ ببێتە ئەندامی کابینەو پەرلەمان !؟ بووجەیان بۆچیە!؟ + بۆ ناتوانێ؟ ئەگەر ئەو ئەندامیتیە لە پەرلەماندا بریتیبێ لەوەی تەنیا دەست بەرزکاتەوە ، یا لە کابینەدا تەنیا فەرمانی پارتەکەی خۆی جیبەجێبکا ، ئەوە کەریش ئەتوانێ ئەوە بکا .بووجەش کە بەکاڵی و سەوزی لرفی لیبدرێ ، بائەمانیش ئەوەندەی بارستایی خۆیان لەسەری بلەوەڕێن . ئنجا وتی : روونکردنەوەی لاپەرە لێڵ و تاریکەکانی مێژوو، یاریدەدەرێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەمڕۆ. بابەتی کەربازارەکەی ئەمڕۆشمان، لێدوانێکی میژوویی بابەتیانەیە لەسەرگروشتەکەی کاوەی ئاسنگەرو ئەژدەھاکی ستەمکار. فەرموون ئیوە و کەرەکان:


کەری دێز : ئەژدەھاک سەرکردەیەکی کوردبوو. کاوەش لە خۆمان بوو، واتا جاش بوو، بۆیە وەک سروشتێکی دێزگەرایی، چەکوشەکەی سرەواندە کەللەی ئەژدەھاک  و کوشتی و دواییش دەسەڵاتی دایە دەست بێگانەیەک، یا بەواتایەکیتر، کارەکەی کاوە، بەخزمەتی بێگانە گەڕایەوە.
- تۆدرۆئەکەیت و ئەم قسانە لەورگی خۆت دەرئەھێنی .کەی وایە ؟ بەڵگەت چیە؟


* من پیاوی درۆنیم و بەبێ بەلگەش قسە ناکەم:

 

بەڵگەی یەکەمم: جاشایەتی و دێزایەتی و ناپاکییە زۆرو زەبەندەکانی ناو لاپەڕە رەشەکانی مێژووی کوردستانە لە رابردوودا ، وەک ناپاکیەکەی سۆفی عەبدوڵا کە بۆسەیەکی بۆشیخ عەبدولسەلام داناو رادەستی تورکەکانیکرد لەکاتیکدا کە ئەو سەرکردە دادپەروەرە لە ھەولی کوردستانیکی سەربەخۆدابوو. وەک ئیبنولدینار کە لەژیرەوە لەگەل سولتانی عوسمانی ر ێکەوت و دەرگای قەڵای ئامەدی کردەوە بۆ لەشکری تورکی دژ بەکورد. وەک مەلای خەتێ کە فەتوای تەلاقکەوتنی دەرکرد بۆ ھەرکەسێ گوللە بەلەشکری موسولمانی تورکەوە بنێ و بەوە کۆتایی بە میرنشینی رەواندز ھێنا . وەک ئدریسی بەتلیسی کە میرنشینیە کوردیەکانی کردە پاشکۆی دەولەتی عوسمانی . وەک یەزدان شیر کە بوە ھۆی ئەوەی تور کەکان بتوانن پشت لە ھێزەکانی بەدرخان بگرن . وەک ئەو ھەموو جاش و موستەشارانە کە مشتیکن لەخەروارێ . ئێستاش ئەو دێزایەتی و جاشایەتییە، لە بەرگێکی تازەی جلخواریی نوێدا، درێژەی ھەیە.بۆنمونە:١٢٥رۆژیک لەمەوبەر، ژمارەیەک لەئیوەی مرۆڤ ،وەک شاخێک چۆن ژانئەیگرێ ومشکیکی ئەبێ ،بەوجۆرە ژانگرتنی و بەیانیکی ئیراکچیانەیان لێبەربوە خوارێ!کە ئەتوانم بلێم ئەو بەیانە جەختکردنەوەیە لەسەر ھەمان فەلسەفەی (دەولەوتی کوردی خەونی شاعیرانە ) ! باشە ئەگەر خەونی شاعیرانە ،بۆچی خاوەنی ئەو فەلسەفەیەو ئەم شاگردە تازانەی، سالانیکی زۆرو لەپیناوی دروشمی (یا کوردستان یا نەمان )دا ھەزارانیکیان لە ئیوەو لە ئیمەش بەکوشتدا !؟ ھەروەھا ئەو رۆشنبیرە تاریکبینانە کە ئەوە باری سەرنجیانە ، بۆچی خۆیان بەتەواوی یەکلایی ناکەنەوەو وەک(بەیانە عەرەبی )ەکەیان یەکی عەگالیکی عەرەبیش لەسەرناکەن !؟


بەڵگەی دووەم: ئەگەر دێزنەبووبێ، بۆچی دوای کوشتنی ئەژدەھاک و رووخاندنی رژێمەکەی، کاوە خۆی دەسەڵاتی نەگرتە دەست و دەسەڵاتی بەکەسێک سپارد، کە ئەگەر ئەو کەسە بیگانەیەکیش نەبووبێ، بە پێی ھەندێ سەرچاوە، ئەوا کەسێک بووە ھیچ ئارەقێکی لەراپەرینەکەی کاوەدا نەرشتوە!؟.


بەڵگەی سێیەم: کوا، کەی کورد ئەوەندە زیرەکبوە، جارێک لە جاران، بە درێژایی مێژوو،سەرکردەیەکی بێگانەی قرکەری کوردی کوشتبێ!؟ یاپایتەختیکیانی ھەڵتەکاندبێ ؟ ئێوە وامەزانن ئێمە ھەر لەبەر ئەوەی ناومان بەکەرئەبەن، خۆشمان کەرین! نەخێر. ئێمە تا ئێستا زمانمان نەبووە قسەی پێبکەین تا ئەوەی لە ناخماندایە دەریبرین . بەڵام ئێستا بە ھۆی کارە سەرسوڕھێنەرەکانی کومپیوتەرەوە، دەتوانین گوزارە لە ناخی خۆمان بکەین( چەپڵەیەکی بۆ لێدرا). ئیوەی مروڤ ئەچن نوکتە لەسەر ئیمەی گوێدریژ دروستئەکەن و ئەلێن : (لەباخچەی ئاژەلان ریوی نوکتەیەک ئەڵێ، گوایە کەر دوای ھەفتەیەک پێئەکەنێ !)واتا ئیمە دوای ھەفتەیەک لە شت ئەگەین! ئەیباشە ئەو زۆر رۆشنبیرە پیشکەوتنخوازە ئیراکچیە چەپڕەوانە، بۆچی دوای ٨٦سال ھیشتا لەوە نەگەیشتوون کە ئەو ئیراکەی ئەوان ئیراکچیتیی بۆ ئەکەن ، دەسکردی ئەوئیمپریالیزمی ئنگلیزەیە کە لە ١٩١٧ەوە چەپی دنیاجوێنی پیئەدا !؟ ئیستە منیش ناھەقمە بلیم ئێوە وەک ئەوەی نانی کونە ماسی ئەخواو پاسیجرتاوا ئەکا، نانی کوردستان ئەخۆن و پاسی ئیراک ئەکەن !؟ ئیتر بۆچی ھەر بە ئیمە ئەلین کەرە دێزە !؟ ئاخر ئەو قەڵەموەشێنانە چ خیروخۆشییەکیان لەوئیراکە دیوە کە ٨٦سالە کوردستانی کردۆتە گۆمی خوێناو سەرباری تالانکردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەویمان!؟ ئەوە ئەگەر ئیمە شتێَکیوامان بکردایە نەتانئەوت چەن کەرن!؟یائەگەر ئیمە بۆ ریکخستنی ناوماڵی خۆمان ناکۆک و بۆریکخستنی ناومالی بێگانە کۆک بووینایە ، پێتان نەئەوتین کەر وانەبێ بۆچی چاکە !؟(چەپلەیەکی بۆلیدرا و قاقای پیکەنین تەویلەکەی پڕکرد).


کەری رەش: بە باوەری من، داستانی کاوە ، سەرگروشتەیەکی دروستکراوو چیرۆکێکی خەیاڵییە. کەسێک، بەوە ویستۆیتی شانازی (مجد) ێکی درۆ بۆ کورد ھەڵبەستێت. ئاخر کابرایەکی ئاسنگەر، تەنیا بە درەفشێکی کاویان و چەکوشێکەوە ، چۆن ئەتوانێ سەرکردەی وڵاتێک بکوژێ!؟.


ئەورەحمانی خامە ی ئاسنگەرباشی سلێمانی، خۆی بۆ نەگیرا، ھەستایە سەرپێ و نەڕانی: ئێمەی ئاسنگەر بە بازووی پتەومان ئاسن و پۆڵا ئەچەمێنینەوە! پژاندنی مێشکی ئەژدەھاکێک، ئەبێ چیبێ لە ئاستی چەکوشە زەبروەشێنەکانمان!؟ ئێمە و کاوەی ئاسنگەری باپیرمان، نەجاشایەتیمانکردووە ، نە پیاوی درۆو چیرۆکی خەیاڵیبووین .. ئا رێگەمبدەن با دەم ولمۆزی ئەو کەرانە بشکێنم و مێشکیان بپژێنم( چەپڵەیەکی بۆ لێدرا).


یەکیک ھەستاو ھاواریکرد : بژی ھیزی بازووی پتەوی چینی پرۆلیتار ، با.. بژی ..با.. بژی .


کەری دێز و کەری رەش، بە گوێچکەکانیان ھەندێک ئیمێڵیان بەیەکتردا. کەری دێز دەستیکرد بە زەڕین. کەری رەشیش بۆ ترساندنی ھێرشێک ئەگەر بکرێتە سەریان، لەسەر شانۆکەوە دەستیکرد بە جووتەوەشاندن. کەربازارەکە شێوا . خەڵکەکە بوون بە ناوبژیکەر  ودوای ھەولیکی زۆر، ھەردوو لایەنیان ھێورکردەوە و کەربازاڕەکە چوەوە دۆخی ئاسایی خۆیو کەری رەش دریژەی بە وتارەکەیدا : - من نازانم ئەم خالەیە بۆچی بەوجۆرە ویستی ھیرشمان بکاتە سەر؟ سوپاس بۆ ئیوە کە نەتانھیشت سەری ئیمەش بکا بە سەری ئەژدەھاک . یا ئێمەش بە مەرەی گەنجەکانی١٧شوبات بچین !! مەگەر ئیمە مافی دەربڕنی بیرورای خۆماننیە !؟ ئەی ئەگەر وایە ، ئەو پاشگری( دیموکراتی )ە چیە ئێوەی مرۆڤ ھەمیشە ئەیلکینن بەخۆتانەوە !؟ ئاخر ئێمە کەم خزمەتمانکردوون ، بۆچی لەپاداشتدا پێمانئەلێن کەر!؟ ئیمە ناومان گوێدریژە . سوپاس بۆ کۆمپانیاکانی رۆژئاوا کە لۆر تانکەری گواستنەوەی نەوتیان دروستکردوە ،ئەگینا ئیستا ھەرچی نەوتی قاچاغ ھەیە بەکۆلی ئێمە ئاودیو ئەکرا وەک چۆن لەکاتی راپەریندا ئەو ھەموو تالانیانەتان بەکۆڵی ئیمە ئاودیوکرد !!(چەپلەیەکی بۆلیدرا).


کەری سپی: رای من سەبارەت بەداستانەکەی کاوە، پێچەوانەی قسەکان و بەڵگەکانی کەری دێز و کەری رەشە. بەراوردکردنی کەسێک بە کەسانێکیکە، نابێ بەبەڵگەی یاسایی بەسەر ئەو کەسەوە. راستە ناپاکی و دێزایەتی و جاشایەتی بووە، بەڵام لاپەڕە سپییەکانی مێژووی کورد، پڕن لە داستانی قارەمانێتی و نیشتمانپەروەری و کوردایەتی. ئێمەش لە شۆرشەکاندا بەشداریمانکردوە و ئاوەڵ و بارھەڵگری پێشمەرگە بووین و ھەزاران شەھیدمانداوە. ئەژدەھاک سەرکردەیەکی کورد نەبوو، بەبەڵگەی ئەوەی لە دوای تێکچوونی دەوڵەتی مادەوە، کورد دەوڵەتێکی نەبووە کە سەرکردەکەی ناوی ئەژدەھاکبێ. لە مێژووی میرنشینییە کوردییەکانیشدا، میرنشینییەک بەو ناوەوە نەبووە. رووداوەکەش ئەوەندە دێریننیە، بەبەڵگەی ئەوەی باس لەوە دەکات کە کاوە ئاسنگەربووە. واتا رووداوەکە لەسەردەمی پیشەسازیدا بووە. ئەو سەردەمەش زۆر کۆننیە. منیش پشتگیریی قسەکانی خاڵە ئەورەحمان دەکەم. کورد تا ئێستا نەیزانیوە شانازیی درۆ بۆ خۆی ھەڵبەستێ، بەپێچەوانەی دراوسێکانییەوە کە چەندین شانازیی درۆیان بۆ خۆیان خنیوەتە مێژووە خەیاڵییەکانیانەوە.کورد ئەگەر ئەو درۆزنیەی بزانیایە، ھەڵبەت چەند شانازییەکیکەی درۆی بۆخۆی دەھۆنیەوە. نەک ھەر ئەوە،بەلکو کورد ھەر نەیزانیوە مێژووە راستییەکەی خۆیشی بنووسێتەوە. بە زۆری گەشتیارە بێگانەکان بەئارەزووی خۆیان مێژووی کوردیان نووسیوەتەوە.ھیچ بێگانەیەکیش ئەو خێرە بە کورد ناکا کە شانازیی درۆی بۆ ھەڵبەستێ.بەپیچەوانەوە نووسەریکی وەک(کارڵ مای ) بەبیئەوەی کوردو کوردستانی دیبێ ، کوردی وەک دڕندەو پیاوخۆر بەجیھان ناساندوە ! ..ئەژدەھاک، بێگانەیەک بووبێ نەیار ، یا کوردێکی کوردکوژەی ستەمکار، لە ھەردوو بارەکەدا، سێ خاڵی ھاوبەش بۆ جەوامێری و لەخۆبووردوویی و ھۆشیاریی کاوە ھەیە:


یەکەم: راپەڕیوێکبووە.
دووەم: ستەمکارێکی کوشتووە.
سییەم: خۆی دەسەڵاتی نەگرتە دەست، کە بایەخی ئەم خاڵەیان، لە دوو خاڵەکەیکە کەمترنیە.


بابزانین چۆن: کاوە ئەیتوانی دەسەڵات بگرێتە دەست. بەڵام لەو سەردەمی نەزانینەدا، ئەو ئەوەی ئەزانی کە لە ھونەری بەڕێوەبردنی دەسەڵات نازانێ. بۆیە دەسەڵاتی دایە دەست لێزان. ئەگەر کاوە ئەو ھەڵەیەی بکردایەو خۆی دەسەڵاتی بگرتایەتە دەست و لێزانەکانی پەراوێزکردایە، ئەوا کوردستانی ئەوساش وەک ئەم ھەریمەی ئیستا ئەبوو بە گەندەڵستان!(چەپلەیک) بەوەش کارەکەی کاوە لەکاری ئەو زیندانیانە ئەچوو کە (رێکەوت) لە ٩/٤/٢٠٠٣دا زیندانەکەیانی رووخان، کەچی ئەوان، لەماوەی ١٢سالی ئازادیدا، لەلایەک کەوتنە شەرو کوشتنی یەکدی، لەلایەکی تریشەوە کەوتنە گرتنی دامێنی پاسەوانانی زیندانەکە، بۆ دروستکردنەوەی زیندانێکیکەی لەو جۆرەو دوایی بەپێی خۆیان چوونەوە ناوی و ئەگەر کار وابڕواو ھەرچیزووترە سەربەخۆیی خۆیان رانەگەینن ، ئەوا رۆژێکدێ وەک مەڕی قوربانی، یەکلەدوای یەک چاوەڕوان، بۆ چەقۆی قەساب! بەخۆشیاندەڵێن سیاسەتکار و لێزانی نایاب! (قاقای پێکەنین و چەپڵە، تەویلەکەی پڕکرد).


مچکۆی ھەولێری قسەخۆش، ھەستایە سەرپێ و وتی: لۆ پێدەکەنن؟ ئەدی کەر لۆ بارنەبێ، لۆ غار دەبێ!؟ (کەرەکان ھەڵسڵەمینەوە و بە قسەکە گرژبوون و دەستیانکرد بە پڕمەپڕم و چاوسوورکردنەوە لە مچکۆ !)


وتەگۆی کەربازاڕەکە، وتی: بەڕێزان: ئێستا کاتی وچانێکە بۆ ماوەی پازدەخولەک.، (لەو ماوەیەد، ئالیکێکی چاک، خرایە سەرخوان و ماشێنرایەوە !)... ئنجا وتەگۆ وتی: بەشی دووەمی کەربازاڕەکەمان، بەچەند ھۆنراوەیەک، دەڕازێنینەوە. سەرەتا ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کەری بێ ماف و ستەملێکراو، بەم ھۆنراوەیە پیشانئەدەین:


لەوکاتەوە ئاسۆی ژیان، داویە مژدەی رۆژ و شەفەق، دوو ھێز لەجەنگ و زۆراندان، ھێزی ھەق و ھێزی ناھەق بەرئەنجامی ئەم راستییە، پەندێکە باباش تێیبگەین ھەق مافێکە بەدەسنایەت، بەزۆر نەبێ و بەنووکی شەق ھەقی بێ شەق، تاوانێکە، سەری لەپێناودا ئەچێ یا ھیچ نەبێ لەلای ھەندێ، ھەق تاڵیەو ھەق قسەی رەق کۆشکێکی بەرزیان دروستکرد بەکۆڵی کەری بەسەزمان تەواوبوو، پاداشتی چاکە، درا بەشێرێکی چاوزەق لەدەروازەی ئەو کۆشکەد، پەیکەری شێرێکیان دانا! وەک شەھیدێ، فەیلەسووفێ، دانایەکی قسەنەستەق! کەری سەرشۆڕی سەلامەت، لەم پەندی رەنج و ئەنجامە گۆیی ئەلەقان، خۆی ئەگەوزان، زەڕەی گریان، چاوی ئەبڵەق نەکەسێ بوو، نەدەزگایەک، نەکۆمەڵێ، نەیاسایەک نەزەمیرێ، خاوەن بیرێ، دادی پرسێ بۆ رەوای ھەق ... چەپلەیک بۆ ھۆنراوکە . کەرەکانیش، خوڕخوڕ فرمێسک بەچاویاندا ھاتەخوارێ.

 
شێخ رەزا ی ھۆنیاری رەوانبێژی کەرکوکی ھەڵیدایە و وتی:
مادام کۆڕەکە بوو بەحەیشی نێرەکـــــەر
منیش مەترەقم بە بنکی ژێری کەمەر:
ئەوەی دارگوێز و خورما ئەکاتە ئـــــاوەلڕ
گوێز داری پتەوە، خورما داری گەنـــدەلڕ
ئەولادی ئەم عەسرەی بە ئیراک شانازن
حاشا نەوەی کەرنین،ئەوانە پــــــــــوازن
دەست و پینووسەکانیان ژەھر ئەڕێژن
کوردن و ئەچن کوردایەتی ئەنێژن !!(چەپلەیەک)بۆ شیخ رەزا .


بەھدوڕی راڤینیی بادینانی قسەخۆش وتی: ئەز دەبێژم گوێدرێژ گەلەک ھێژایە. مەخابن بەخائینان دەبێژن جەحشەکەر!.


کەرەکان سەیرێکی یەکیانکرد و سەری رەزامەندیان بۆ ھۆنراوەکە و قسەکان لەقاند و بەگوێچکەکانیان چەپڵەیەکیان بۆ شێخ رەزاو بەھدوڕ لێدا.


پیرەمێردی ھۆنیاری گەورەی سلیمانی، ھەستایە سەرپێ و لەبارەی پلەدارە کوردەکانەوە لە بەغداد وتی :
ئەوانە دیسان وەفدێکی کوردســــــــتانن
لێرە دژیەک و لەوێ ناوبژیـــــــــــــــــوانن
ئەوانە چوون، نەگەڕێنەوە، ئەمــــــــجارە
چارەنووسیان وەک پاداشتەکەی سنــمارە
خوویەکی خراپە، تووشیبوون بە شــیری
ئێستاکە ناتوانن تەرکیدەن بە پـــیری!؟
لێیانگەڕێن ئەوانە دەستیان لێبشــــــۆن بانەوەی نوێ خەمی ئەم دەڤەرە بخــۆن.

 
چەپڵە رێزان، بوو بە شاییلۆغان. ھەڵپەڕکێی رەشبەڵەکی مرۆڤ  و کەر دەستیپێکرد. ئنجا سروودی ( ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە) بەدەنگی ھەموو ئامادەبوانی تەویلەکەو کەرەکان، جۆش و خرۆشێکی زیاتری دا بەکەربازارەکە:


ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە، ئیراکە، ھاتــــــــــــــــەوە
کۆستێکی کۆنی کوردە، چڕوچاوی خواتــــــــــەوە
چەند سالڕ گوڵی ھیوای ئێمە پێپەستبوو تاکو پار
ئەمسالڕ پشیلەمان لە ھەڵۆ کرد بە گورگی ھـــــــار
ئەو رەنگە سوورەبوو کەلە ئاسۆی بڵندی کـــــورد
لاوانی، دژ بە گەندەڵیی، بۆ لای مەرگ ئەبــــــــــــرد
ئیراکبو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگــــــــــــــەوە
ئەنفال بەئەشق ئەچوو بە بەرە وپیری مەرگـــــەوە
وا رۆژھەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتــــــــــــــــەوە
کابرا خەریکە تازە بە شوومان بداتـــــــــــــــــەوە
تا ئێستە رووی نەداوە لە مێژووی کەراوکـــــــــەرا
باوان شەھید بەخوێنڕژە بێژی پەناوبــــــــــــــــرا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گریـــــــن
وا ئێمە ئێستە لەجێی ئەوانیش پڕاوپڕیــــــــــــن. بەو جۆرە و بە پێکەنین و زەڕین و چەپڵەرێزان، کەربازارەکە، کۆتایی ھات.


ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک