١٩\١\٢٠١٢
کەرکووک، بۆمبە
زهمهنییهکهی ژێر پێی عێراق.

نووسینی: فرهمند
علیپور
وەرگێڕانی: ئەحمەد خوسرەوی
ڕۆژی ٣١ ی دیسەمبر کە ڕۆژی دەرچوونی تەواوی
هێزە بیانییەکانە لە عێراق، وەک ڕۆژی نەتەوەیی عێراق ڕادەگەیەنم. ئەمڕۆ
ڕۆژی عێراقی ئازادە و ئێوە ئیدی خاوەنی وڵاتی خۆتانن.
ئەمەی سەرەوە بڕێکە لە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالکی کە لە
دووایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١١ لە بەردەم سەدان کەس لە کەسە دیار و
بەرپرسەکانی عێراق لە یاریگای لاوان ، پێشکەشی کرد..
لە کاتێکدا کە زۆر کەس لەو بڕوایەدان کە هێزەکانی ئەمەریکا زۆر شتیان
بە نیوەچڵی لە عێراقدا جێهێشتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
دووەمین شەڕی درێژ لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بە کۆتایی هاتوو ڕاگەیاند.
چالاکییەکانی ڕێکخراوەی ئەلقاعیدە، دەستێوەردانەکانی ئێران، کێشەی
کوردەکان، ناکۆکییەکانی سنووری لە گەڵ کۆیت و هندێک کێشەی کۆمەڵایەتی
وەک بوونی نزیک بە دوو ملیون ئاوارەی عێراقی و لە هەمووان گرنگتر
سێبەری قورسی تاقم گەرایی لەم وڵاتەدا، باسگەلێکن کە بە ئاشکرا بۆ
دەوڵەتی تازە دامەزراو و لاوازی عێراق بە جێ ماون..
ئەو کێشانەی کە زۆر پێشتر لە نێوان سەرەک وەزیرانە شیعەکەی عێراق نوری
مالکی و جێگرە شیعەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، تارق هاشمی، بوونی لە
ئارادا بووە ، ئەمڕۆژانە سەریان هەڵداوەتەوە و سەقامگیری داهاتووی ئەو
وڵاتەیان بە بن بەستێکی نیگەران کەر گەیاندووە.
کێشمەکێش لە مەڕ خاوەندارێتی کەرکووک.
ئەگەر چی ناکۆکییەکانی ئەم دووایییانەی نێوان مالکی و هاشمی جۆرێک لە
ناکۆکێ تاقم گەرایییە. بەڵام کەرکووک باسێکی بە بایەختر و ناکۆکی
نێوان کوردەکان، عەرەبەکان، تورکمەنەکان و بگرە هێزی دەرەکیشە کە وەک
بەرچاوە ئاکامێکی باشی لێ بە دی ناکرێت.
کوردەکان شاری نەوتاوی کەرکووک بە دڵی کوردستان دەزانن و خۆیان بە
خاوەنی بێ ئەم لاو لای ئەو شارە دەزانن. عەرەبەکان بڕێک لە عەشرەتە
عەرەبەکانی شارەکە و لەوانەش تکریتییەکان بە خاوەنی کەرکووک دەزانن و
تورکمەنەکانیش دەڵێن کە کەرکوک شاری ئەوانە و بگرە خۆڵەکەیشی بۆنی
تورکمەنی لێدێت.
پاش هەرەسهێنانی ڕژیمی بەعس لە عێراق، کوردەکان بۆ لکاندنەوەی کەرکوک و
سامانە بە نرخەکەی بە دەوڵەتی خودموختاری کوردستانەوە هەوڵی زۆریان
داوە. لە دابەشکردنی کارووباری ڕامیاری و بەڕێوەبەری وڵاتیش چەند ئاڵ و
گۆڕێک هاتۆتە ئاراوە. خانەقین وەک سارێکی کوردنشین لە پارێزگای کەرکووک
دابڕا و بە پارێزگای عەرەب نشینی دیالەوە لکێندرا و لە باتیدا هندێک
شارۆچکە و دێهاتی عەرەب نسین لە باکووری وڵات بە پارێزگای کەرکووکەوە
لکێندران.
ڕووخانی سەدام و وەدەرکەوتنی گەنگەشەکان.
ڕووخانی سەدام، ناکۆکی عەرەبەکان و دوو بەرەیی شیعەکان بوون بە هۆی
ئەوەی تا کوردەکان کە خاوەن یەکێتی و تەبایییەکی زۆرتر بوون بتوانن لە
سەردەمی حوکمی ( پپل بریمەر ) دا زۆر لە داوا گرنگ و سەرەکییەکانیان
بە سەر لایەنەکانی دیکەی عێراقدا بسەپێنن. یەکیک لە سەرکەوتنە
گرنگەکانی کوردەکان ئەوە بوو کە توانییان مادەیەک لە دەستووردا
بجەسپێنن کە دواتر بە مادەی ١٤٠ ی یاسای بنەڕەتی عێراق قەبووڵ کرا.
بە پێی ئەم مادە یاسایییە دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە سەرێتی کە کەشێک
بە بار بێنێ تا ئەو نەتەوانەی وا بە زۆر لە شوێن و جێی خۆیان
دەرکراون،بگەڕێنەوە سە سوێن و جێگەی خۆیان و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ بە
ئەنجامدانی ڕاپرسییەک چارەنووسی شاری کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لە
سەرەکانی دیکەی دیاری بکرێ و دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە پرۆسەیەکی
ئازاد و دیموکراتیدا لە نێوان مانەوەیان لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی
ناوەندی بەغدا و لکانیان بە دەوڵەتی خودموختاری کوردستانەوە یەکێکیان
هەڵبژێرن.
بەڵام ئێستاکە بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بە سەر وادەی ڕاپرسییەکدا لە
هەڵوێستی کاربەدەستانی دەوڵەتی ناوەندییەوە وا دەردەکەوێ کە بە دەرک
کردنیان بەوەی کە ئێستا زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە کوردن،رازی نین
وەها ڕاپرسییەک ئەنجام دەن و شارەکە ڕادەستی کوردەکان بکەن. بە پێی
هندێک سەرژمێری رێژەی کوردەکان لە شاری کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بە
١٥٠٠٠٠ کەس مەزەندە کراوە ، بەڵام ئێستا ئەو ژومارەیە بووە بە ٣٥٠٠٠٠
کەس.
بوونی ئەم ژومارە زۆرەی ڕێژەی کورد بووەتە هۆی چڕبوونەوەی ئاڵۆزییەکان
لە نێوان نەتەوەکانی ئەو شارەدا. لایەنە غەیرە کوردەکان کاربەدەستە
کوردەکانی سەر بە پارێزگای کەرکووک بە تاوانی دەستکاریکردنی ناسنامە و
پێناسەی نیشتەجێبوونی زۆر کورد کە لە سەردەمی ڕژیمی بەعس دا لە کەرکووک
دەرنەکراون تۆمەتبار دەکەن و کوردەکانیش ئەم تۆمەتانە ڕەد دەکەنەوە و
دەڵێن کە هەموو ئەو کەسانەی کە گەڕاونەوتەوە بۆ شارەکە لەو کەسانەن کە
لە سەردەمی ڕژیمی بەعس دا لە شارەکە دەرکراون ..
لەم نێوانەدا حکوومەتی ناوەندی عێراق، پشتیوانی وەک ئێران، تورکیا و
وڵاتانی دیکەی عەرەبی هەیە.. لە بەر ئەوەی لە دوو ولاتی تورکیا و ئێران
دا کورد وەک کەمینەیەکی گەورە و یەکپارچە لە سنوورەکانی ئەو وڵاتانە وە
لە گەڵ عێراق بوونی هەیە و ئەو دوو وڵاتەش باسی سەربەخۆیی کوردەکانی
عێراق بۆیان زۆر هەستیارە...
تورکمەن و عەرەبەکان پێیان وایە کە کوردەکان ئەیانەوێت بە ئە دەست
خستنی وەها سەروەتێک و لە ژێر سێبەری وەها پشتیوانییەکی گەورەی
ئابووری بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە هەنگاو بەرەو ڕاگەیاندی دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردی بنەن و وڵاتی عێراق بەش بەش کەن.. کوردەکان جگە لەوەی
کە ئەم قسانە ڕەد ناکەنەوە، مافی دیاری کردنی چارەنووس بە خەونی دێرینی
نەتەوەیەک دەزانن.
نوری مالکی سەرەک وەزیرانیش لەم بارەوە نەزەری وایە کە ئەگەر کورسی
سەرەک وەزیرانیش لە دەست بدات ئامادە نییە کەرکووک بکەوێتە ژێر
دەسەڵاتی کوردی.
تورکمەنەکان دەڵێن بە درێژایی مێژوو تا بەر لە بە عەرەب کردنی کەرکووک
لە لایەن سەدامەوە وە بەر لە بە کوردی کردنی شارەکە لە لایەن
کوردەکانەوە پاش ڕووخانی سەدام، هەمیشە زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە
تورکمەن بوون. ئەحمەد ماردلی یەکێک لە ڕێبەرە تورکمەنەکان بە ڕۆژنامەی
( تودەی زەمان ) ی تورکی وتووە: تا دووایین دڵۆپی خوێنمان درێژە بە
خەبات دەدەین و گەر لەم پێناوەشدا بکوژرێین خۆشحاڵین.. تورکمەنەکان زۆر
جاران کێشەی کەرکووکیان بە کێشەیەکی تورکی زانیوە و بە ئاشکرا لە
وڵاتانی تورکیا، کۆماری ئازەربایجان و تورکمانستان داوای یارمەتییان
کردووە و کوردەکانیان بە هاوکاری ئیسرائیڵ،کوردی کردنی شارەکە و
دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردی تاوانبار کردووە.. لە بەرانبەریشدا
کوردەکان تورکمەنەکان بە سیخوڕەکانی تورکیا دەزانن.
بنچینەی کێشەکە.
تا بەر لە دۆزینەوەی نەوت لە بیستەکانی سەدەی رابووردوودا دانیشتووانی
کەرکووک تێکەڵەیەک بوو لە تورکمەن، کورد، عەرەب و ئاشووری. بەڵام
دەرکەوتنی نەوت و وەگەڕخستنی دامەزراوە نەوتییەکان بوون بە هۆی
ڕاکێشکردنی هەزاران کرێکار لە ناوچەکانی دیکە بۆ کەرکووک و ئەمەش بوو
بە هۆیەک بۆ ئاڵ و گۆڕ بە سەرداهاتنی پێکهاتەی دانیشتووانی شارەکە و
هەروەها بردنە سەری ڕێژەی کورد و هەروەها عەرەبەکان لە شارەکەدا.
پاش تێپەڕ بووننی نیو سەدە بە سەر دۆزینەوەی نەوت و پاش دەیان ساڵ شەڕ
و تێکهەڵچوونی خوێناوی لە نیوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیدا
کاربەدەستانی عێراقی بە تایبەت لە سەردەمی بەعس دا بە عەرەب کردنی
هندێک لە ناوجەکانی کوردستان و گرنگتر لە هەموو شوێنێک کەرکووکیان بە
ڕێگە چارە زانی.
وڵاتی تورکیا ساڵی ٢٠٠٥ گەڕاندنەوەی کوردە ڕاگوازراوەکانی کەرکووک و
جێگیر کردنەوەیان لەو شارەیدا بە هەوڵێکی نایاسایی کوردەکان بۆ وەدەست
خستنی کەرکووک ناو برد و عەبدولا گۆل ی سەرەک کۆماری تورکیا مەسئەلەی
عێراقی لە لا بە گرنگتر لە مەسەلەی پێوەند بوونی وڵاتەکەی بە یەکێتی
تورکیا وە وەسف کرد.
کوردەکان سەرەرای هەبوونی ناکۆکی لە نیوان خۆیاندا بەڵام لە مەڕ
مەسەلەی کەرکووک ئەوەندە هاودەنگن کە کەسێکی وەک جەلال تاڵەبانیش وا
سەرۆک کۆماری عێراقە و پۆستەکەیشی وەک نیشانەی یەکێتی عێراقە، کەرکووک
بە شارێکی کوردی دەزانێ...
کوردەکان لە دووایین ڕۆژەکانی مانگی ڕەشەمی ساڵی پار و پاش ناڕەزایەتییەکانی
عەرەبەکان لە ناوچەکە، دەهەزار لە هێزە نیزامییەکانی خۆیان کە بە
پێشمەرگە ناسراون ڕوانەی کەرکووک کرد و وا دیارە کە ئەم هێزانەش تا
گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ بندەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو شارە
ناڕۆنە دەرەوە.
وا دێتە بەر چاو کە کوردەکان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناسەقامگیری
گۆڕەپانی سیاسی وڵاتیان بە هەلێکی لە بار زانیوە بۆ لکاندنەوەی کەرکووک
بە هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەشەوە مەسعود بەرزانی سەرۆکی هەرێمی
کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانەی دوواییدا چەندین جار
ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەوڵەتی عێراق مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکات،
چارەنووسی کەرکووک دەبەینە پەرلەمانی کوردستان تا لەویوە بریاری پێویست
ڕەچاو بکرێت.
چەند ساڵ لەمەو بەر زەڵمای خەلیل زاد باڵویزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق
پێشنیاری کردبوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک
ڕێگەیەک بدۆزێتەوە، بەڵام وا پێشبینی دەکرێ لە گەڵ سوور بوونی لایەنە
جۆربەجۆرەکانی عێراق بۆ حاکمدارێتی کردنی ئەم شارە ، ناکرێت چاوەڕانی
ئاکامێکی باش لەم کێشانە وێنا بکەین و کێشەکە نەک هەر عێراق بەڵکوو
دەتوانێ ناوچەکەش بەرێتە ناو ململانێیەکی گەورەوە..
________________________________
سەرچاوە:
بەشی فارسی ماڵپهڕی (بی بی سی): (کرکوک، بمب ساعتی زیر پای عراق).
ماڵپهڕی ئهحمهد خوسرهوی
|