په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠٠٩

کەرکوک داوای یەکدەنگی کورد دەکات.

جه‌مال سوڵتانى

 

ئەمڕۆ هەموو شتێك بە خێرایی لە گۆڕاندایە و كوردستانیش لە گۆڕانكاری مۆدرنێتەدا خۆی تاقی دەكاتەوە، لە ساڵەكانی هەشتا گەلی كورد نیسبەت بە وشە و دروشمی نەتەوەیی و مێژووی گەلی كورد و كوردستان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد، پرسیارگەلی وەك بۆچی كوردستان بەسەر وڵاتانی دیكەدا دابەشكرا و پارچە پارچە بوو؟ یان شۆڕشی كورد بۆچی بەسەركەوتن شاد نەبووە؟ یان دپپلۆماسی كوردی بۆچی نەبووەتە پەیوەندییەكی نێودەوڵەتی و هتد، دووپات دەكرانەوە. بەڵام دوای مێژوویەكی پڕ لە قوربانی، كورد سەلماندی كە ئیدی ئەو نەتەوەیە نییە بە زەبری هێزی چەكداری لە ناو ببرێن، یان پەراوێز بخرێن، چۆنكە هەست و سۆز و هۆشیاری نەتەوایەتی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاری رۆژ بە رۆژ بەرەو پێش دەچێت، نەتەوەی كورد كە پێشتر لە ناو بیری هۆزایەتی خنكابوو، ئەمڕۆ بیر لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكاتەوە.

 

شۆڕشی رزگاریخوازی و نەتەوەیی لە باشوور و باكووری كوردستان لە لایەن شێخ مەحمود و ژنڕاڵ مستەفای بارزانی نەمر و (قازی محمەد و سمكۆی شكاك)ی هەردەم زیندوو، هەروەها كۆماری كوردستان لە مهاباد و بزوتنەوەی پارتیزانی دێرسیم لە باكووری كوردستان و شۆڕشی پیران و نەهری نەمر، جیاواز لەوەی كە كاریگەری باشیان هەبووە لەسەر ژیانەوەی بوونی كورد و كوردستان، بووە بناغەیەك كە كوردان لەسەر دەوڵەمەندی مێژوویی و شۆڕشگێڕی ئەو كەڵە پیاوانە بیر لە گۆڕانكاری و رزگاری گەلی كورد لە بندەستی بكەنەوە.

 

دامەزراندنی پارت و رێكخراوە كوردییەكان لەو رووداوە گرنگانەوە هاتە بوون، كە لەڕاستیدا لە پەروەردەكردن و هۆشیاركردنەوەی نەوەكانی داهاتوو رۆڵێكی زۆر بەرچاویان گێڕا، بۆیە هەر جۆرە كێشە و ستەمێك لە گەلی كورد لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا دەنگی دایەوە و هاواری كوردیش بە گوێی جیهان گەیشت و ئەنفال وەك جینۆسایدی كورد هەتا ئێستاش قسەی لەسەر دەكرێ و تەنانەت لە لایەن بیانییەكانیشەوە ئەو تاوانی كورد كوژییە دانی پێدا دەنرێ.

 

دەیانجار كوردان رایانگەیاندووە ژێر باری ستەم ناچن. بڵاوكراوەكانی كوردی بە نووسینی زۆر بە نرخ لە ژێر ناوی زمان و زاراوە و كلتوور و بنچینەی كۆمەڵایەتی كوردان و مێژووی كورد و هتد، بوون بەو گۆچانە كە ئەمڕۆ رۆشنبیران و نووسەران و دڵسۆزانی نیشتمانپەروەری  كورد دەستیان پێوە گرتووە، هەمووی ئەمانە رۆڵێكی ئیجابییان لە هۆشیاركردنەوەی گەلی كوردستاندا هەبوو. هەڵومەرجی ناهەموار و سەركوتی داگیركەران و رەشەكوژی و  بەندیخانە و ئەشكەنجە و لە سێدارەدانی رۆڵەكانی كوردیش، تەنگی بە كورد هەڵنەچنی و لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو. ئەو كاریگەرییە بنچینەییەشی بەدواوە بوو كە پارت و رێكخراوی شۆڕشگێڕی كوردی دروستكرد. دیارە ئەو ستەم و دەستدرێژییانە و بێبەشكردنی كورد لە مافەكانی تا ماوەیەكی زۆر لە لایەن هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی و بواری مافی مرۆڤ كاردانەوەی نەبوو، یان نەبووە جێی سەرنجی ڕای گشتی، بەڵام ئەمڕۆ هەڵومەرج جیاوازی هەیە و هەر كارەساتێك لە بەشێك لە بەشەكانی كوردستان، دەبێتە هۆی سەرنجڕاكێشان و هەستی بەرپرسایەتی كردن و هەڵوێست وەرگرتن لە ئاستی ناوخۆ و دەرەكیش.

 

زۆر بوونی ئامێرەكانی راگەیاندن و بەرفراوانبوونی تەكنۆلۆژیا و پەرەسەندنی هێڵەكانی ئینتەرنێت و ئاپۆرەی بەرهەم و دامەزراندنی پەرتوكخانە لە گوندان و .. هتد، بوونە هێزێك بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵك و ئەم هۆشیارییە هەر رۆژە لق و پۆپی زیاتری لێدەبێتەوە. دوژمنانی كوردیش بەردەوام تێدەكۆشن لە هەر كوێیەكی جیهان كار بۆ لەكارخستنی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە بكەن و دەیانەوەێ كورد وەك نەتەوەیەكی بندەست بمێنێتەوە و وەك  پاشماوەی خۆیان بە جیهانی بناسێنن و كێشەی كورد بكەن بە كێشەیەكی ناوخۆیی!! زۆر جاریش دێنە ناو بەرەیەكی یەكگرتووی هاوبەش و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەشیان پەنا بۆ هەموو جۆرە شێوازێك دەبەن، ئەمجۆرە حكومەتانە لەڕاستیدا كۆسپن لەسەر رێگەی هۆشیاری نەتەوەیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی و لە خزمەتی سیاسیەتی تواندنەوەدان، بەڵام بە گشتی ئەوەی تا ئێستا كوردی نەكردووە بە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ، تەنها مەسەلەی دەرەكی و توانای داگیركەران نەبووە، بەڵكو كوردیش بۆ خۆی لە ناو خۆخۆری و دژی یەك وەستان و دووریگرتن لە یەكبوون و پێكهێنانی بەرەی یەكگرتوو، هەروەها لە ناو خافڵ بوون لە  دروستكردنی هەڵوێستی هاوبەش بەرامبەر بە نەیارانی ماوەتەوە و لەم زەلكاوە خۆی رزگار نەكردووە. ئەوەتا بۆ گەڕانەوەی كەركوكیش لیستە كوردستانییەكان نەیانتوانیوە یەكدەنگ رووبەڕووی بەغدا ببنەوە. جا كورد دەبێت لە شوێنێكەوە دەست پێبكات و باشترین خاڵیش بۆ دەستپێكی ئەم كۆدەنگی و یەكهەڵوێستییە كەركوكی هەمیشە كوردستانییە. كەركوك داوای گەڕانەوەی پێناسە كوردییەكەی دەكات و هاواری یەكگرتنی كورد لە ناخی بابەگوڕگوڕەوە گوێی ئاسمان كەڕ دەكات. بڵێی سیاسەتمەدارانی كورد ئەم هاوارە ببین؟

 

 

bojamal_2004@yahoo.com