١\٤\٢٠١٧
کەرکوک هی گشت
پێکهاتەکانە.

حەمە غەفور
کاتێک شاری کەرکوک لەژێر سایەی شۆڤێنزمی
ڕژێمی بەعسدا بوو لەڕێی پارێزگارەوە عەزەمتخوازی عەرەبی بە ڕادەیەک
برەوی سەندبوو پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە بە کوردیشەوە نەک هەر
پەراوێزخرابوون و پلەدوویی سەپێنرابوو بەسەریاندا، بگرە لەبەردەم
بژارەی تەعریب، تەرحیل و ژێردەستەیی ڕەها و گرتن و زینداندا ڕاگیرابوون
و دەست و پەنجەیان لەگەڵی نەرمدەکرد.
لە ڕووی مێژووییەوە ئەگەر پاساوی باڵادەستی و عەزەمتخوازی عەرەبی
عێراقی لە شاری کەرکوک سیاسەتی شۆڤێنی و دیکتاتۆری و سەرکوتی بێپەردەی
بەعسییەکان بووبێت، ئێستا و بەدوای تێپەڕاندنی بڕیار لەسەر هەڵکردنی
ئاڵای کوردستان لەلایەن زۆرینەی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە،
ناکرێ و ناتوانرێت بە پاساوی دیموکراسییەکی شەقوشڕ نەجمەدین کەریم
هەمان عەزەمتخوازی بەڵام ئەمجارەیان کوردی پیادە و پەیڕەوبکات لە شاری
کەرکوک و پێکهاتەکانی دیکە پەراوێزبخات و چەند هەنگاو شارەکە بگێڕێتەوە
بۆ دواوە.
ئەوسا بەعسییەکان بە زەبری سەرکوت و دیکتاتۆرییەت دەسەڵاتی عروبییان
سەپاندبوو بەسەر دانیشتوانی شاری کەرکوکدا، ئێستا دوای نەمانی ئەو
ڕژێمە نابێت ڕێگابدرێت هیچ حزب و لایەنێک لەژێر هیچ پاساوێکدا
عەزەمەتخوازی قەومی خۆی بسەپێنێتەوە بەسەر شارەکەدا و هەر هەوڵێکی لەم
جۆرە دەبێت لەلایەن سەرجەمی پێکهاتەکانی شاری کەرکوکەوە ڕەتبکرێتەوە.
هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی کەرکوک پێش لە پێکهاتەکانی دیکە ئەرکیانە
ملنەدەن بەم سیاسەتە قەومپەرستانەیەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە
ڕێی پارێزگاری کەرکوکەوە خەریکی جێبەجێکردنییەتی. چونکە ئەوان
زەرەرمەندی سەرەکی سیاسەتی قەومپەرستانەی بەعسییەکان بوون بە درێژایی
٣٥ ساڵ.
هەر کەس و لایەنێک کە ئیدیعادەکات دیموکراسی پیادەدەکات و دەیەوێت
شارەکە هەنگاوێکی گەورە لە جەنگ و دەعوای قەومی دوورکەوێتەوە و
ئاییندەیەکی هاوبەش و پێکەوەژیانی درەوشاوە باڵبکێشێت بەسەر دانیشتوانی
کەرکوکدا، دەبێ ملکەچی ئەم ڕاستییە مێژووییە بێت کە دەڵێت، شاری کەرکوک
پێویستە وەکو شاری هەموو پێکهاتەکانی بەڕەسمی بناسرێت و بچێتە نێو
مێژووەوە نەک ناسنامەی قەومیی بەسەردا بسەپێنرێتەوە. ناسنامەی ئینسانی
بۆ ئەم شارە تەنیا بەدیلی واقعی و جێگاپەسەندی هەموو پێکهاتەکانە بێ
دوودڵی. ئەم ناسنامەیە بەردەگرێت بە پەرەسەندنی کێبەرکێی و
دوژمنایەتییەکی قەومی کە ئەحزابی ناسیونالیست ئاراستەی دەکەن.
بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین نەعرەتەی قەومی کوردییە ئاڵاهەڵدەکات و
باوەشێنی ئاگری کێبەرکێی قەومی دەکات لە کەرکوک. بڕیاری زۆرینەی کوردی
ئەنجومەنی کەرکوک جێگای قبوڵ نییە و نابێت بە هیچ پاساوێک بچێتە بواری
جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی زۆرینەی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک،
کە بڕیاردان بووە لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شارە، بیانەوێ و
نەیانەوێت گەڕانەوەیە بۆ دواوە و سەپاندنی ناسنامەی کوردییە بەسەر
شارەکەدا. لە هەمانکاتدا هەر ئەوانیش بەرپرسیارن لە هەر ئاڵۆزی و
پێشهاتێکی نەخوازراو کە لە ئاکامی ئەم بڕیارەوە سەرهەڵبدات لە شارەکە!
ماڵپهڕی
حهمه
غهفور
|