که‌رکووک له قوماری شێر و خه‌تدا.
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
هه‌رچۆنێ بێ کورد خۆی به ده‌ستی خۆی که‌رکووکی خسته سه‌وداوه و وای لێ کرد گومان هه‌ڵبگرێ ئاخۆ کوردستانه یا هه‌و نییه، ئه‌وه‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تای گۆڕانکارییه‌کانی عیراقه‌وه، له سه‌ر زاری دڵسۆزانی کورد بووه. دوای ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و سه‌بر و چاوه‌ڕوانییه، ڕۆژ به ڕۆژ که‌رکووک به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێ که به ده‌ستی کورده‌وه نه‌مێنێ و وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس پڕ بکرێ له چه‌کدار و لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا. من به‌ش به حاڵ، له بابه‌تی وادا به گومانم و ناتوانم باوه‌ڕ به هیچ به‌ڵێنێک بکه‌م و نابێ باوه‌ڕدار دوو جار له یه‌ک کونه‌وه پێوه‌بدرێ، به‌ڵام کورد له هه‌مان کونه‌وه سه‌د جار پێوه‌دراوه. قوڕه‌که به‌وه خه‌ستتر ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر به‌خۆشمان ئه‌وه‌نده سوور نه‌بین له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ ئامێزی کوردستان، چونکه پێ ده‌چێ که‌رکووک بووبێته فیلته‌رێک له‌سه‌دا حه‌ڤده‌ی داهاتی عیراقی پێدا تێپه‌ڕێ و بگاته حکوومه‌تی هه‌رێم!
ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له موسڵ و خورماتوو ده‌رکه‌وت، زه‌نگی مه‌ترسییه بۆ له ده‌ستدانی که‌رکووک به ئاره‌زوو و ویستی کورد خۆی، بێ ئه‌وه‌ی که‌س زۆری لێ کردبێ و که‌سیش له ده‌ره‌وه‌ی کورد تاوانبار بکرێ یا ته‌نانه‌ت گله‌ییشی لێ بکرێ. ئه‌وه خۆمانین که نامانه‌وێ که‌رکووک شارێکی کوردستان بێ! ئه‌وه خۆمانین که نامانه‌وێ که‌لار و چه‌مچه‌ماڵ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر که‌رکووک و شاره‌که، وه‌ک پارێزگایه‌ک بگه‌ڕێته‌وه دۆخی خۆی. به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و شارۆچکانه، سنووری ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نێک نه‌ختێ که‌م دبێته‌وه.
ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه ده‌ریده‌خات که کورد له‌و ناوچانه‌دا که سیاسه‌تمه‌دارانمان یه‌کلاییان نه‌کردوونه‌ته‌وه یا نه‌یانویستووه یه‌کلایی بکرێنه‌وه، له سیاسه‌تی حیزبه کوردستانییه‌کان بێزارن و له ده‌ستیان دێ ته‌نانه‌ت له چاره‌نووسی که‌رکووکیشدا ده‌نگ به‌و لسته‌یه نه‌ده‌ن، که تا ئێستا ئه‌و ناوچانه‌یان به‌ڕێوه بردووه. ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه و پێ ناچێ سیاسه‌تمه‌دارانی کورد خه‌به‌ری ڕاسته‌قینه‌یان لێی هه‌بێ یا گوێ له که‌سانێ بگرن که دڵی که‌س ڕاناگرن، یا ڕه‌خنه و سه‌رنج و ناڕه‌زایی هیچ که‌سێک بخوێننه‌وه با له سه‌دا سه‌دی ده‌ره‌وه‌ی بازنه حیزبییه‌کانی خۆشیان بێ!... ده‌نگی یه‌ک کادری خۆیان، با ڕابردوویه‌کی پۆخڵ و خیانه‌تکاریشی هه‌بێ، بۆ ئه‌وان، له هه‌موو ده‌نگی کورد گرنگتره! به‌ڵام ئایه ڕاسته گرنگتره؟!
ئێستا که‌رکووک له‌وه ده‌رچووه به لای کوردستاندا بشکێته‌وه یا نه‌شکێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه ئایه که‌رکووک وه‌ک هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌مێنێ یا ده‌درێته پاڵ به‌غدا و له‌م ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ره‌دا دوا هه‌وڵ ئه‌وه‌یه به لای به‌غدادا نه‌شکێته‌وه و سه‌ربه‌خۆ بێ تا له داهاتوودا چاره‌سه‌رێکی تری بکرێ. بۆ ئه‌مه‌ش، باشترین چاره‌سه‌ری ده‌موده‌ست ئه‌وه‌یه هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار کار بۆ ئه‌وه بکه‌ن لستێکی سه‌ربه‌خۆی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان هه‌بێ که دڵی که‌سی لێ نه‌ڕه‌نجابێ.
ئێستا، کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکی دڵسۆز خه‌ریکی کارێکی وان و ده‌یانه‌وێ به ناوی لستی قه‌ڵای که‌رکووکه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن دابه‌زن و هه‌وڵی سه‌ره‌کییان ئه‌وه‌یه دانیشتوانی که‌رکووک، به کورد و تورکمانه‌وه به‌شداری تێدا بکه‌ن و که‌رکووک به ئاڕاسته‌یه‌کدا به‌رن به لای ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا نه‌شکێته‌وه. ئه‌وانه‌ی کار بۆ ئه‌و لسته ده‌که‌ن، که‌رکووکین و ئاگاداری کێشه‌کانی ناو که‌رکووکن و بوونیان له ده‌ره‌وی دیاریکردنی چاره‌نووسی که‌رکووک، به بڕوای من له ده‌ستدانی که‌رکووک ده‌بێ بۆ هه‌میشه. جێی سه‌رسوڕمانیش نییه ڕێکخراوه حیزبییه‌کان، که له سای نیمچه ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کانیاندا تێر و پڕن، دژی ئه‌و که‌سانه بوه‌ستنه‌وه و به‌یانی هاوبه‌شیان له سه‌ر ده‌ربکه‌ن، به‌ڵام ئاسایی نییه که‌سه باڵاکانی ئه‌و دوو حیزبه وه‌ک نه‌یار ته‌ماشایان بکه‌ن و له‌وه نه‌ترسێن سیاسه‌تی خۆیان وه‌ک به‌ره‌یه‌ک، بۆی هه‌یه شاره‌که له کوردستانیبوونی خۆی بسڕێته‌وه.
به‌رپرسان به‌وه قه‌ڵس ده‌بن پێیان ڕابگه‌یه‌ندرێ که ئاگایان له بارودۆخی که‌رکووک نییه، له کاتێکدا ئه‌و ڕێزدارانه‌ی، له بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ یه‌کڕیزی خه‌ڵکی که‌رکووک بده‌ن، دووبه‌ره‌کی ده‌خه‌نه ناو خه‌ڵکه‌وه و وڵاتیان کردووه به که‌شتییه‌که‌ی نووح و له هه‌ر جۆره و جوتێکیان داناوه: دوو به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه، دو موختار، دوو باره‌گا، دوو شه‌هید و... پاره‌شیان لێ ده‌که‌نه تاجی سه‌ری هه‌موو سه‌روه‌رییه‌ک: تۆ سه‌ر به‌م بیت، یه‌ک ده‌فته‌ر دۆلار وه‌رده‌گریت و سه‌ر به‌و بیت ده ملیۆن دینار وه‌رده‌گریت و سه‌ر به هیچیان نه‌بیت، هیچ له که‌س وه‌رناگریت و له که‌شتییه‌که‌ی نووحدا جێت نابێته‌وه و له بێ بڕوایانیت! ئه‌مه، خه‌ڵکی گه‌یاندۆته پله‌یه‌کی بێزاری وا، به لایه‌وه گرنگ نه‌بێ ئاخۆ شاره‌که‌ی سه‌ر به کوێیه یا کوێ نییه، چونکه ده‌سه‌ڵاتی کورد له که‌رکووکدا ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ندامه‌کانی خۆیاندایه و حکوومه‌ت حکوومه‌تی ئه‌وانه، ئیدی ده‌نگ به هه‌ر لایه‌نێک بده‌ن، کورد یا ناکورد، گرنگ نییه. خۆ ئه‌گه‌ر ساڵح موتڵه‌گیش له که‌رکووک ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ، بۆ بێلایه‌نه‌کان به‌رماوه‌ی ده‌بێ و سه‌گه‌وان و باغه‌وان و شوان و حه‌ره‌س و حیمایه‌ی ده‌وێ و خه‌ڵکیش ئێستا ئه‌و کارانه بۆ به‌رپرسه‌کانی حیزبه‌کان ده‌که‌ن! به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڵسۆزانی که‌رکووک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌وه جڵه‌وی کاروباره‌کان بگرنه ده‌سته‌وه، کاری وا ناکه‌ن و هه‌وڵی ڕازیکردنی هه‌موو لایه‌ک ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه، بوونی تورکمان له که‌رکووکدا دیارده‌یه‌کی سروشتی و ئاساییه، به‌ڵام خه‌ریکه ئه‌و ئاساییه به‌وه ده‌کرێته نائاسایی، که کورد پشتگوێ ده‌خرێ و له بیر ده‌کرێ و به‌وه‌ش ڕقی له دیارده‌یه‌ک هه‌ستێ که خۆی له چه‌قه‌که‌یدا ده‌ژێ. بوونی عاره‌ب له که‌رکووکدا، چ ڕه‌سه‌ن(!!) و چ ناڕه‌سه‌ن، ده‌بێته هۆی بوونی بنکه‌یه‌کی به‌هێز و فره‌وان بۆ به‌رده‌وامی ته‌عریب، به‌ڵام حیزبه‌کانمان درک به‌و مه‌ترسییه ناکه‌ن یا ده‌ستیان لێ شوشتووه... یا ته‌نانه‌ت خۆیان پیلانی بۆ داده‌نێن!
هیوادارم ئه‌گه‌ر لای سه‌رانی کورد نه‌ختێ ئیراده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک ماوه بۆ ئامێزی کوردستان، ئه‌و گه‌مه‌ی شێر و خه‌ته خه‌ته‌رناکه‌ی که ده‌یان ساڵه تاقی ده‌که‌نه‌وه، بگۆڕن ده‌نا بۆ که‌رکووک وه‌ک شارێکی کوردستانی، هه‌ر فاتیحه ماوه بخوێندرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیراده‌یه‌شیان نه‌ماوه، با له خه‌ڵکی که‌رکووک بگه‌ڕێن به ده‌ستی خۆیان سه‌ری خۆیان بخورێنن و داوا له دڵسۆزانی که‌رکووک ده‌که‌م، جا چ که‌رکووکی بن یا نا، کار به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بکه‌ن!
kakaways@hotmail.com
|