١٣\١١\٢٠٢٤
کەرکوک لە
قۆناغێکی هەستیاردا.
ئەرسەلان مەحمود
سەرژمێری گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، لە کاتێکدا دێت کە کەرکوک و ناوچە
کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم رووبەڕووی شاڵاوێکی نوێی گۆڕینی
دیمۆگرافی بوونەتەوە، ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە کە بڕیارە لە ٢٠ی ئەم
مانگەدا ئەنجام بدرێت، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ پاراستنی ناسنامەی
راستەقینەی ئەم ناوچانە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانە سیستماتیکانەی
کە بە درێژایی زیاتر لە ٧٥ ساڵە بەردەوامن.
مەترسییەکانی قۆناغی ئێستا.
بەپێی زانیارییە راگەیەندراوە فەرمییەکان، وێڕای هەوڵەکانی نزیک بە
هەشت دەیەی رابردوی رژێمە جیاکانی عیراق بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک،
لە سەردەمی عیراقی نوێ و دەسەڵاتی راکان جبووری پارێزگاری پێشووی دا،
کەرکوک رووبەڕووی گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی مەترسیدار بۆتەوە:
- بە لێشاو هێنانی عەرەب بۆ کەرکوک.
- دروستکردنی کارتی زانیاری بۆ هاوردەکان، بێگومان بە ئامانجی سیاسی
هەنووکەیی و ستراتیژی.
- لەئێستادا هەوڵدان بۆ دواخستنی سەرژمێری بە مەبەستی تەواوکردنی
پرۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا درێژەپێدەری
هەمان سیاسەتی تەعریبە کە رژێمی بەعس جێبەجێی دەکرد.
- پەراوێزخستنی کورد لە دامودەزگا حکومییەکانی شارەکەدا.
بەردی بناغەی ماددەی ١٤٠.
سەرژمێری ٢٠٢٤ بۆ گەلی کورد لە کەرکوک، هەر زۆر لەوە گرنگترە کە هەبێ
تەنها لە ئامار و ژمارە بیبینێتەوە و وێنای بکات:
- سەرژمێرییەکە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی
دەستووری عێراق.
- سەرژمێری ئەمجارە دەتوانێت ببێتە هەوێنی چارەسەری یەکجارەکی کێشەی
ناوچە جێناکۆکەکان.
- ئەم سەرژمێرییە دەتوانێ ببێتە بەڵگی یاسایی و دەستووریی بۆ سەلماندنی
مافە نەتەوەییەکانی کورد لە کەرکوک.
- دەتوانێ کۆتایی بە سیاسەتی تەعریب و تەبعیس بهێنێت.
ئەرکی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی مێژوویی.
هەر تاکێکی کوردی کەرکوکی لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەرکی گرنگی مێژوویی
نیشتمانیی دەکەوێتە ئەستۆ کە خۆیان لە: گەڕانەوەی دەستبەجێی
کەرکوکییەکان بۆ زێدی خۆیان لە رۆژانی ١٦ هەتا ١٩ی مانگ، بەشداریکردنی
چالاکانە لە پرۆسەی سەرژمێری رۆژی ٢٠ی ئەم مانگەدا و پاراستنی
بەڵگەنامە و دۆکیومێنتە پێویستەکان و هۆشیارکردنەوەی یەکتردا
دەبینێتەوە.
هۆشدارییە جددییەکان.
مەترسییەکانی خۆتۆمارنەکردن لە کەرکوک:
- لەدەستدانی مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
- بێبەشبوون لە هەموو ئیمتیازاتی کەرکوکی بوون لەمەودوا.
- نەمانی مافی دامەزراندن لە دامودەزگاکانی کەرکوک.
- کاریگەری نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
- لاوازکردنی پێگەی نەتەوەیی کورد لە شارەکەو ناوچەکەدا.
راسپاردە و پێشنیارە پێویستەکان.
١. ئامادەکردنی بەڵگەنامەکان وەک:
- کارتی نیشتمانی خێزان.
- کارتی زانیاری سەرۆک خێزان.
- بەڵگەنامەکانی نیشتەجێبوون.
٢. رێکارە گرنگەکان:
- دڵنیابوون لە راستی و دروستی زانیارییەکان.
- هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری.
- رەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی پرۆسەکە.
- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی.
دەرەنجام.
سەرژمێری ٢٠٢٤ تەنها پرۆسەیەکی ئاماری نییە، بەڵکو:
- خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورددا.
- دەرفەتێکی زێڕینە بۆ سڕینەوەی سیاسەتی تەعریب.
- کۆتاییهێنانە بە سەرژمێری ناڕەوای ساڵی ١٩٥٧.
- سەرەتایەکی نوێیە بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکان.
بەشداری چالاکانە و یەکگرتووانەی هەموو کەرکوکییەکان لەم پرۆسەیەدا،
نەک تەنها زامنی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە چارەنووسسازەیە، بەڵکو
درێژەپێدان و رێزگرتنی خەباتی ئەو هەزاران شەهیدەیە کە گیانیان لە
پێناو پاراستنی ناسنامەی کوردستانییەتی کەرکوکدا بەخت کردووە، ئێستا
کاتی ئەوە هاتووە هەموو کوردێکی کەرکوکی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی،
بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی جێبەجێ بکات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|