٢١\٨\٢٠١١
کەرکوک نە دڵ و نە
قودس و نە کێشەلەسەر و نە جێناکۆکه،
کەرکوک خاکێکى
داگیرکراوە.

هیوا رهش
زاراوەى (جێناکۆک) وشەیەکى زۆڵى نێو فەرهەنگى سیاسیى حیزبە سازشکارە
دەسەڵاتدارەکانى کوردستانە و هەندێک حیزبى دیکە بە زەبرى بودجە
دەمەلاسکێیان دەکەنەوە و بە دوایاندا دەیڵێنەوە ، ئەم وشە نامۆیەلە
پێناوى خۆپارێزى و کورسیپارێزى و دەسکەوتپارێزیى هاویشتوویانەتە نێو
فەرهەنگى ئەدەبیاتى سیاسیى کوردییەوە ، (جێناکۆک) تەمى گومان بەسەر
زێدى خەڵکى ڕەسەنى گەلى کورددا دەهێنێت ، وەکو زەمینەسازیى بۆ سازش
لەگەڵ ناحەزانى گەلەکەماندا بازرگانیى پێوە دەکرێت .
بەندە وەکو کوردێکى کەرکوک ، کە شارەکەم بە (جێناکۆک) زاخاو و بە
ڕەقەمى - 140 - یشەوە سندم کراوە ، هەرگیز بەو زاراوەیە ئاشنا و
دەستەمۆ نابم و ئومێدیشم نیە دواى ڕشتنى ڕوبارێک خوێن بۆ پاراستنى
ناسنامەى شارەکە ، ئێستا بە وشەیەکى داتاشراو و ژمارەیەکى پەڕپوت ،
شارە داگیرکراوەکەم بگەڕێندرێتەوە بۆ باوەشى نیشتمان ، ئەمە خەونى
وشتریى سەرکردە پلە و پارەپەرستەکانە .
لەبەر ئەوەى تەمەنم هێشتا نەگەییشتۆتە نیوسەدە ، بۆیە نامەوێت باسى
سەدەیەک لەمەوپێش بکەم ، وەلێ ئەوەى لە یادى مندا بێت ، ئەوە دەزانم کە
کەرکوک لە ( شۆریجە ، سەرکارێز ، لەتیفاوا ، ڕەشیداوا ، ئیسکان ،
یادگار ، سەید سەروەر ، جوتقاوە ، پریادى ، شوان ، ئازادى ، ئیمام قاسم
، زێویە ، بەرتەکیە ، ئاخوڕ حسێن ، قەڵا ، تسعین - تسن - ، موسەڵا ،
چاى ، بڵاغ ، عاشور ، قۆریە ، حەمام عەلى بەگ ، شاتڕلو ، تەپە ، عەرەفە
، جولەکەکان ، گاورباغى ، عەرەسە ، ساحە تەیەران ، ئەحمەداغا ،
ڕەحیماوە و ئەڵماس و - - - ، کە من بۆ خۆم لەدایکبووى دوایینیان -
ئەڵماس - م و باوکیشم مەلاى مزگەوتى گەڕەکەکە بوو ، جگە لەمانە
گەڕەکێکى عەرەبنشینى هاوشێوەى ئەوانەى ئێستا ، نە بوونیان هەبوو و نە
بناغەشیان داڕێژرابوو ، کە خۆیان لە چەندین گەڕەکى گەورەى عەرەبیدا
دەبیننەوە و بوونەتە مۆڵگەى تیرۆریزمان ، گەڕەکە ڕەسەنەکانى شاریش کە
نزیکەى لە 20 % ى تورکمان بوون و لە 5 % ى مەسیحى و لە 2 % ى جولەکە و
ئەوانى تریش کورد و کەمۆکەیەکى زۆر کەم و دەگمەن عەرەبى - حدید - ى
گامێشەوانى هاتوو لە شوێنانى ترەوە کە لە کاتى خۆیدا ڕەشماڵنشین بوون و
لە ژێر فشاردا خانویان دروست کرد بۆ ئەوەى سیماى شار نەشێوێنن و تێیدا
نیشتەجێ بن و بوونە هاوبەشیى دانیشتوانى ڕەسەنى کەرکوک ، سەبارەت بە
کەرکوکیش (نزیکە)ى سێبەشى شارەکەیان پێک دەهێنا لە سەنتەردا و لە
دەوروبەریشدا زیاتر لە 90 % ى دانیشتوانەکەى بوون ، ئەگەر هەردوو قەزاى
( حەویجە و ڕیاز ) ى تازە بنیاتنراوى عەرەبیى لێ دەربکەین کە مێژوویان
بۆ حەفتا ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ، کە لە بەرامبەر مێژووى شارى
کەرکوکدا شایەنى باسکردن نیە .
دواى ساڵانێکى دوورودرێژى تەعریب ، ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەیە لە
سەردەمى سەدام حوسێندا گەییشتە چڵەپۆ:
1 - شەپۆڵى هێنانى عەرەب لە ناوچە عەرەبییەکانى عێراقەوە بە لێشاو
دەستى پێکرد ، کە پێکهاتە و پێگەى کۆمەڵایەتییان کۆکتێل بوو.
ا - خێزانە گومانلێکراوە شیعەکان کە بەعس بە نەیارى خۆیانى دەزانى ، بۆ
ئەوەى لێکیان داببڕێت و دووریان بخاتەوە.
ب - عەشیرەتە (بدو)ە بیابانییەکان ، کە هیچ خەسڵەتێکى ژیارى و ژیانیى
سەردەمیان تێدا نەبوو.
ج - بازرگانانى سێکس (قەحپە و گەووادەکان) ، کە لە ئاستى پارەدا زۆر
لاواز بوون و داب و نەریت و ڕەووشتیان لە زبڵدانى لەشفرۆشیدا توڕ
دابوو.
ئەمانە لە ساڵانى حەفتادا بە ڕێژەیەکى بەرچاو دەهێنرانە کەرکوک و
زەوییان پێدەبەخشرا ، سلفەى عەقارییان دەدانێ ، پارەى خۆڕاییان پێشکەش
دەکردن، لە فەرمانگە حکومییەکان بەتایبەت (کۆمپانیاى نەوت)
دایاندەمەزراندن و هەموو سەرەتاکانى ڕەگەزنامە و بارى شارستانى و
فۆرمى خۆراکیشیان بۆ دەگواستنەوە.
2 - لە بەرامبەر خاڵى یەکەمدا ، کوردیان ڕادەگواست ، لە فەرمانگەکان
دەریاندەکردن ، دۆسیەى نیشتەجێییان بۆ پارێزگاکانى (دهۆک ، هەولێر و
سلێمانى) دەگواستنەوە ، دەستیان بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگرت ، ناو و
جلوبەرگ و قسەکردن بە زمانى دایکیان لێ قەدەغە دەکردن .
3 - لە سەرژمێریدا زۆرینەیەکى زۆرى تورکمان و کەمینەیەکى کەم لە
کوردەکان بە تایبەتى ئەوانەى لە فەرمانگە هەستیارەکانى میریدا
کاربەدەست بوون، ڕێگەى مانەوەیان لە شوێنى خۆیان پێدرا ، بە مەرجێک بە
ناوى (تەسحیح قەومیە) وە حاشا لە نەتەوەى ڕەسەنى خۆیان بکەن و ببن بە
عەرەب.
4 - جگە لەوەش ، بەعسییەکان بۆ دابەزاندنى کێرڤى کورد لە کەرکوکدا ،
چەمچەماڵ ، کفرى ، کەلار ، دوزخورماتوو کە بە گەورە قەزاکانى (عێراق)
دەژمێردران ، بە ناحیە و گوندەکانیانەوە ، لەسەر پارێزگاکە لابرد و
گواستیانیەوە سەر پارێزگاکانى سلێمانى ، تکریت و دیالە.
بەم سیاسەتە نەژاد و ڕەگەزپەرستانەیە ، قۆناغ بە قۆناغى سەرژمێریى ،
ژمارەى عەرەبەکان ڕووى لە هەڵکشان و هى کوردیش لە داکشان کرد و تورکمان
کە لەوەپێش کە لە دواى کوردەوە دووەم نەتەوە بوون ، ئینجا بوون بە
سێیەمى دواى عەرەب و کورد ، بەڵام ڕێژەیان لە چاو جارانەوە زۆر لە
کەمیى دا ، چونکە زیاتر ملکەچى سیاسەتەکانى بەعس دەبوون و بە گەرمیى
بەرەو پیرى - تەسحیح قەومیە - ڕۆییشتن و پشتیان لە نەتەوەى دایکى خۆیان
کرد و لە بەعسى ، بەعسیتر بوون ، ئەمانە ئێستا زۆرینەیان چوونەتە پاڵ -
بەرەى تورکمانى - و ئێستاش هەناسەى سارد بۆ ئەو ڕۆژە هەڵدەکێشن و
سیاسەتى - کەرە دێز - پیادە دەکەن و حەز بە تۆپینى خۆیان و زیانى
خاوەنەکەیان دەکەن ، تا هەنووکەش دەستیان لەگەڵ کۆنەبەعسى و تیرۆریست و
شۆفینییەکان تێکەڵ دەکەن و تەواوى تواناى مادى و مەعنەوى دەخەنە گەڕ دژ
بە گەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێمى کوردستان و تەنانەت دان بە
فیدراڵیەتى هەرێمى کوردستانیشدا نانێن و چەشنى بەعسییەکان بە - شیمال -
ناوى دەبەن ، بە مەرجێک بەم سیاسەتە بەر لە هەر لایەک زیان بە نەتەوەى
تورکمان دەگەیەنن ، چونکە:
ا - تورکمان بە ڕێژە لە ئاستى عێراقدا ژمارەیان کەمە و ئەگەر لەسەر
هەرێمى کوردستاندا بن دەبنە ژمارەیەکى بەرچاو و نەتەوەى دووەم و ئەوسا
سەنگیان زیاتر و مافیان زۆرتر دەبێت ، ئەمەش لە کاتى گەڕانەوەى ناوچە
داگیرکراوەکانى کوردستان بە کورد و تورکمانشینەوە لە قازانجیاندایە .
ب - لە نێوان کێشمەکێشى مەزهەبى و نەتەوەییدا لە عێراقدا مەوقعیان لە
ئیعرابدا ، ئەگەر بە فشارى تورکیا نەبێت ، دەبنە سفرى دواى فاریزە ،
بەڵام بە پێچەوانەوە ، دەبنە ژمارەیەکى کاراى نێو هاوکێشەى سیاسیى
هەرێمى کوردستان.
ج - لەبەر ئەوەى لە هەرێمى کوردستاندا ململانێى مەزهەبى نیە ، بۆیە
ئەوسا کۆبەندییان زیاتر و دەنگیان گڕتر دەبێت ، بە پێچەوانەى ئێستا لە
عێراقدا ، بوونەتە دوو بەرەى دژ و سوننەکانیان بە لایەک و شیعەکانیشیان
بە ئاقارێکى تردا پەلکێش بوونە و لە باتى کۆبەندیى پەرتوبڵاو بوونەتەوە
و زیانى زۆرى پێگەیاندوون.
ئەم دۆخە مەترسیدارەى پاشماوەى سیاسەتى بەعس گشتگیر بووە لە تەواوى
ناوچە داگیرکراوەکانى دیکەدا ، تا ئێستا ململانێ لە پێناوى ڕاگرتنى
بەڵانسى نەتەوەیى لە لایەن سەرکردایەتى کورددا ، بە سیاسەتى
چۆکدادەرانە بۆتە مڵۆزم بەسەر دانیشتوانى ناوچە داگیرکراوەکانەوە ،
دەتوانین لێرەدا بپرسین دەکرا بە بێ مادەى - 140 - بیر لە ڕێگەچارەسەرى
دیکە بکرایەتەوە؟
بێگومان تا ئێستا بەرپرسان و بڕیاردەرە سیاسى و سەربازییەکانى حیزبەکان
، لە شارى کەرکوک بوونەتە مۆتەکەى ئیدارەى کەرکوک ، مەگەر ( لا سامح
الله ) تاکوتەرایەکیان خەڵکى کەرکوک بن و لە مۆرک و سروشتى
دانیشتوانەکەى شاەزا بن ، دەتوانم بڵێم هەموویان هى دەوروبەر ، یان
دەرەوەى دوورى شارەکەن و هاتوون و لەسەر هێلکەى کەسابەت هەڵنیشتوون و
سەرقاڵى لەوەڕى خۆیانن و خەڵکەکەیان بێنان و بێکار کردووە !
گۆڕانکارییەکانى شارى کەرکوک و داهاتى ئەو کاربەدەستانەى جێلەق و
گیرفانپڕ کران گەواهیدەرى قسەکانمن ، تاکە پرسیارێکیان ئاراستە نەکراوە
لەسەر ئاڵۆزیى بارودۆخى شارەکە لەسەر دەستى ئەوان و ئەو داهاتە
زەبەلاحەى لەو شارەدا پێکیانەوە ناوە ، تا وەڵامەکەیان ببێتە دار بۆ
خۆیان ، چونکە دەمێکە وتراوە : (دار هەڵبڕە ---- -- دیارە) بۆ ئەوەى
ببنە پەند بۆ ئەوانەى دواى خۆیان ، جا شارێک - ڕەجەب سەرپاڵەى بێت - ،
چۆن و لەبەرچى پێستى نەبرێتە دەباغخانە ؟ بۆچى بە (جێناکۆک) ناو
نەبرێت)؟!
ئەگەر ئێمە تەماشاى ڕەفتارى سیاسییە گەندەڵ و سەرکردە تەمەڵ و بەرپرسە
چەقەڵەکان بکەین ، دەبێت لە ماڵى خۆمان دابنیشین و بێدەنگ بێدەنگ
تەماشا بکەین ، دەبێت چەوەڕێ بین ئاخۆ کەى تیرۆریستان و شۆفینیستان
بەرگمان دەگروون ! بەڵام بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە ببینە هێزى فشار و
لێنەگەڕێین سەودا بە زێدى باوباپیرانمانەوە بکەن ، چونکە سەرکردە
سیاسییەکانى ئێمە ئامادەن خۆیان بدۆڕێنن بۆ پاراستنى دەسەڵاتیان ، چ
جاى خاکمان !
هەرچەندە هەندێک توتى زمانیان لە عەقڵى شاخ تیژ کردووە و ڕۆژانە
سوکایەتیى پێ دەکەن ، بێئەوەى خوێندنەوەیەکى بەویژدانانە بۆ ئەو عەقڵە
خاکییە بکەن (مەبەستم کەسانى قاڵبووى ناو ژیانى پێشمەرگایەتى و
پارتیزانى) یە نەک ئەو سەرکردە فێڵاوییانەى لە شاخیشدا هەر ڕێگر بوونە
لەبەردەم سەرکەوتنى شۆڕش و هەمیشە بە زمانیان ، دەم و لەوسى خۆیان
دەلیستەوە بۆ مەرحەبایەکى دوژمنان و هەر جارەى شۆڕشیان لە باوەشى
دوژممنێکدا سارد دەکردەوە ، دڵنیام ئێستا چەند فەرماندەیەکى سەربازیى
وەکو شەهیدان (ئەحمەد بازۆکا و مامەڕیشە) ى پەروەردەبووى نێو باوەشى
خێزانى زەحمەتکێش و کۆمەڵانى خەڵک بمانایە و ئەو دەڤەرە
داگیرکراوانەیان پێبسپێردرایە بێگومان دەمێک بوو حەمیرەکانى عەلى
غێدانەکان و وەچەکانى عەلى کیمیاوییەکان بە دووربینیش نەیاندەوێرا
تەماشاى - حەمرین - ى کوردستان بکەن ، وەلێ ئێستاش دوو فەرماندەى وەکو
(مەحمود سەنگاوى و عوسمانى حاجى مەحمود) بە تەواوى دەسەڵاتەوە
سەرپەرشتیى پرۆسەکە بکەن ، بە دوور لە هەڵقورتانى سیاسییەکان ، دڵنیام
زەرەر لە نیوە دەگەڕێننەوە ، کوردەوارى خۆشمان جوانیان وتووە : (زەرەر
لە نیوەش بگەڕێتەوە قازانجە) ، ئەوسا (یان گاڵ دێنێ یان پەموو) ، چونکە
شەڕى یەکلاکەرەوە گەلێک مەردانەترە لە حیزەشەڕ ، ئەمەش تەنها بە
گێڕانەوى پیرۆزى و سومعەى ناوى - پێشمەرگە - دێت ، بۆ ئەوەى کلتورى
منداڵ ژیر کردنەوەى شۆفینییەکان زیندوو بکەینەوە تا دووبارە - ولەک ئجە
عوسات - بخەینەوە ئەلبومى ترسنۆکییان و فێریان بکەینەوە چۆن چمکى
دیسداشە بە دەمەوە بگرن و بێئاوڕدانەوە لە ترسى تارمایى پێشمەرگە بە
هەموو توانایانەوە لۆقە بکەن و هەڵبێن ، چونکە شەرعى مار هەر بە دارە .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|