١٧\٤\٢٠١٣
کەرکوک پێویستی بە
سەرکردەیەکی وەکو گاندییە؟!

ستار محەمەد قادر
گاندی دەڵێ: " نوێژکردن پێویستی بە قسەکردن نیە، چونکە دەوڵەمەندە بە
وزەیەکی هەستیار، هیچ گومانم لەوە نیە کەوا نوێژکردن پەیامێکە بۆ
پاککردنەوەی دڵ لە چەشەکان، بەڵام دەبێ ئەو نوێژە سادەیی و خاکەڕایی
تەواوی لە گەڵدا بێت "! دەڵێ خزمەتکردنی هەژارەکان دڵمی پڕ کردبوو،
بۆیە بەردەوام لە ناویاندا بووم، وەکو ئەوەی من یەکێک بم لەو خەڵکە
هەژارە، هەروەها دەربارەی ئەو کەسانەی وا دەسەڵات و سامان لەخشتەیان
دەبەن، دەڵێ ئای کە بەهای گرانە کاتێ مرۆڤ بۆ دەسەڵات و سامان پێگەکان
هەڵە دەکەن، خۆشەویستی گاندی بۆ گەل و خاکەکەی خۆشەویستیەکی رۆحی بووە،
سەربەخۆیی وڵاتەکەی هەموو ئامانجەکانی ئەو بووەو بۆیە بیری لەهیچ شتێکی
تر نەکردووەتەوە!
شاری کەرکوک بە حەقیقەت پێویستی بە رێبەرو سەرکردەیەکی وەگو گاندیە، بۆ
ئەوەی لە ئێش و ئازاری خەڵکەکەی بگاو نەخشە رێگای ئایندەی بۆ بکێشێت،
کەرکوک پێویستی بە قسە کردن نیە، چونکە دوای دە ساڵ دەبێت بیر لە رێگا
چارەی دیکە بکەینەوە، ئەمڕۆ کەرکوکیەکان بەدەستی کۆمەڵێک کێشەوە
دەناڵێنن، لە سەرووی هەمووشیانەوە پەراوێزخستنی خەڵکانی خودان خامەو
دڵسۆزی ئەم شارەیە، ئەوانەی وا دەیانەوێت دوور لە ئەجێندای پارتە
کوردیەکان بەشێوەیەکی راست و رەوان خەڵکی هۆشیار بکەنەوە بۆ ئەوەی لە
ئۆقیانووسی گومان نغرۆ نەبن و کۆشش بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیەکان،
بەراستی مرۆڤ نازانێت چ جۆرە حیکمەتێک لەوێدایە کاتێک پارتە کوردیەکان
هەوڵ دەدەن هەموو شتێک بکەن بە پاشکۆی خۆیان؟! ئایا حکومەتی هەرێمی
کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، لەوە زەرەرمەند دەبن کاتێک خەڵکی کەرکوک
هۆشیار بکرێنەوە؟! ئەی کەواتا بۆچی دەبێت رۆژنامەنووسانی ئەم شارە
بکرێن بە پاشکۆی هەولێرو سلێمانی؟!
گاندی دەربارەی کاری رۆژنامەگەری دەڵێت: "رۆژنامەگەری هێزێکی مەزنە،
پێنووسێکیش دەتوانێت هەموو شتەکانی بەردەمی خۆی راماڵێت، وەک چۆن لافاو
گوندو ئاوەدانیەکان رادەماڵێت " بۆیە کاتێک یەکێک لە دۆستەکانی
پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەن کە رۆژنامەی " رای هیندی " دابمەزرێنن، دەڵێ:
هەرگیز مەبەستم ئەوە نەبوو سەرمایەگوزاری بەو رۆژنامەیەوە بکەم، بەڵام
بۆم دەرکەوت ئەگەر پشتگیری نەکەم دەرناچێت! هەروەها دەڵێ دوای دە ساڵ
بۆم روون بوویەوە ئەو رۆژنامەیە چ خزمەتێکی بەرچاوی بە رەوەندی هیندی
کردووە، جگە لەو کاتەی کە دەخرێتە کونجی زیندانەوە بەردەوام وتاری لە
هەموو ژمارەکانیدا هەبووە، دەربارەی نووسینیش دەڵێ: " بە بیرم نایات
یەک وشەم بەبێ بیرکردنەوە نووسیبێت، یان بۆ مەبەستێک شتێکم گەورە
کردبێت، نووسینەکانم لەو رۆژنامەیەدا مەشقێک بوو بۆ راگرتنی خۆم، ئەگەر
ئەو رۆژنامەیە نەبوایە خوێنەران و هاوڕێیانم نەیاندەتوانی لە هزرەکانم
بگەن، خوێنەرەکان بە یارمەتی ئەو رۆژنامەیە راستێکانی هەڵمەتی ساتیا
جراهایان دەزانی، دەیانزانی رەوشی هیندیەکانی باشووری ئەفریقیا چۆنە،
رۆژنامەکە پردی تێگەیشتنی نووسەران و خوێنەران بوو، سەکۆیەک بوو بۆ
شرۆڤەو راڤەی سرووشتی بەشەریەت بە هەموو جۆرو پلەکانیەوە "!
لێرەدا شوێنی خۆیەتی بپرسین: " رێبەرو سەرکردەیەکی وەکو گاندی کە توانی
بەبێ شەڕ سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت، چی وای لێ کردووە
ئەوەندە بایەخ بە کاری رۆژنامەوانی بدات؟! ئایا مەبەستی بوو هیندیەکان
لە رەوشی ئەو کاتەیان هۆشیار بکاتەوە یان بە لاڕێیاندا بەرێت؟! هەر
چەندە ئەو مرۆڤە خاوەن خەونی گەورەو ئەندێشە قووڵە دەڵێ: " خەڵکی منیان
بەراستگۆ دەزانی لە کاتێکدا دەیان جار تووشی درۆکردن هاتووم، ئەوەش بە
حوکمی ئەوەی سەروکارم لە گەڵ سیاسەتدا هەبوو، ئاخر بتەوێ یان نەتەوێ
سیاسەت دەتکات بە درۆزن، سیاسەت مەداری راستگۆیش درۆیەکی گەورەیە "؟!
باشە لاریمان لەوە نیە سەرکردەکانی ئێمەیش سیاسەت دەکەن، بەڵام بە شانی
کێ رەوایە گرنگی بە ناو بدرێت و ناوەڕۆک فەرامۆش بکرێت؟! ئەگەر کەرکوک
دڵ و قودسی کوردستان بێت و بەو شێوەیە خوێندنەوەی بۆ بکەین؛ خۆ ناکرێت
تەنها لە روانگەی نۆژەنکردنەوەی رێگاو بانەوە لێی بنواڕین؟! دەسەڵاتی
کوردی دەبێت باش ئەو راستیە بزانێت، تا ئێستا ناو هیچ شتێکی لە واقیعی
کەرکوک نەگۆڕیوە، ئەگەر تەنها ئەوە لە هەگبەی سەرۆک و سەرکردەی پارتە
سیاسیەکاندا بێت بۆ کەرکوک، ئەوا ئەوە ئەوانن کوردستانی بوونی ئەم شارە
دەخەنە ژێر پرسیارەوە، نەک نەیاران و ناحەزان؟! ئێمە لە کەرکوک بە چاوی
خۆمان راستێکان دەبینین، ئەمڕۆ کوردی کەرکوک زیاتر لە پێکهاتەکانی تر
لە دەسەڵاتی کوردی نیگەرانن بە تایبەتیش خەڵکانی خودان خامە، ئەمەش بۆ
خۆی لە دەرەنجامدا کاریگەری سلبی چێدەکات، هەر وەکو ئیبسن دەڵێ: "
کارەسات ئەوەیە پێویستمان بەوە بێت حەقیقەتێک بسەلمێنین، وەکو خۆر
درەوشاوە بێت " هەر وەکو مەکسیک گۆرگی دەڵێ: " بەردێک لەشوێن خۆی
نەجووڵێت، گیایەکەی ژێری دەمرێت "؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|