١٩\٢\٢٠١٦
کەرکوک قوبرسی
دووەم لە جیهاندا!

جەمال عەزیز
قوبرس وڵاتێکە دەکەوێتە قاڕەی ئەوروپا، ئازادی ، سەربەخۆیی، زمان،
کلتوری دابەش بووە بەسەر دوو ڕژێمی جیاواز، لەسایەی دوو سیاسەتی جیاواز
خەڵکی قوبرس ژیان دەکەن، بەبێ گەڕانەوە بۆ میللەت بەبێ هیچ ڕیفراندۆمێک
ئەم دابەشکردنە سەپێنراوە بەسەر ئەوخەڵکەی کەتائەمڕۆ ئاوەتاخوازی
یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی دابەشکراون، هەندێک تەلی دڕکاوی سنورێکی
دەستکردی دروستکردوە لەنێوان خەڵکانێک کەئەشێ هەزاران خەون ویادگاریان
لەگەڵ یەکتریدا هەبێ، تەنها هۆکار بۆ ئەم دابەشکردنە چاوچنۆکی وڵاتانی
دراوسێ وزلهێزەکانی جیهان وپاراستنی بەرژەوەندیەکان وفراوانکردنی
دەسەڵات.
کەرکوک ئەوخاک ونیشتیمانەیە کەزۆر زمان ونەتەوەی جیاوازی تێدا دەژی،
سەرخاکەکەی دەوڵەمەندە بەکۆمەڵێک کلتورو فەرهەنگی ئاوێتەبوو بەیەکتری،
ژێرخاکەکەی دەوڵەمەندە بەدەریایەک لەنەوت(تاڵتونی ڕەش) هەروەها دەشتی
پان وبەرین کە لەبواری ئابووری نیشتیمانیەوە هیچی کەمتر نیە لەنەوت بۆ
دابینکردنی خوراک بۆ خەڵکی کەرکوک وناوچەکەش، لەدێرزەمانەوە ئەم
نیشتیمانە بۆتە جێگەی چاوتێبڕینی هەموو وڵاتانی ناوچەکەو جیهان، هەموو
لایەک باش ئەوڕاستیە دەزانن کەرکوک شارێکی کوردستانیە، هەموو بەڵگەنامە
مێژوویەکان ئەوڕاستیە دووپات دەکەنەوە، ئەو بەڵگانامانەی لای دوژمنانی
کورد هەیە زیاتر کوردستانی بوونی کەرکوک دەسەلمێنێ بەراورد بەئەو
بەڵگانەی کەلای خودی کورد هەیە.
لەسەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراقی تاکو ڕۆژی ئەمڕۆ هەموو حوکمەتە
یەک لەدواییەکەکان لەهەوڵی سڕینەوەی مۆرکی کوردستانی بوونی کەرکووکن،
بەهەزاران عەرەب لەناوچەو شارە جیاوازەکانی دی هێنراون لەکەرکووک
نیشتەجێکراون لەبەرامبەردا کورد لەوشارە دەرکراوە موڵک وماڵیان
داگیرکراوە، بەڵام هێشتا رێژەی لە٪٥٧ی خەڵکی کەرکوک کوردن، هەموو ناوی
شاخ وشار وگوند وڕوبارەکان ناوی کوردین ئەمەش شاهیدیەکی ڕەوایە بۆ
کوردستانی بوونی شاری کەرکووک، بەنوسراو وبەڵگەی مێژووی لەئەرشیفی
دەزگا سیخوڕیەکانی ڕژێمە یەک لەدواییەکەکان هەیە کەچۆن کاری سیستەماتیک
دەکەن بۆ سڕینەوەی مۆرکی کوردەواریانەی ئەو شارە هەرلەگۆڕینی ناوی شار،
ناوی گوندەکان، شەقام و کۆڵانەکان و چەم وڕوبارەکان بۆ ناوی عەرەبی
کەزۆر نامۆیە بەو شارەو ناوچەکەش، عەرەبی کەرکووک بەدانیشتوانی قەزاو
ناحیەکانیشەوە ناگاتە ڕێژەی تورکمانی کەرکووک کە تورکمان لە٪٢٠
دانیشتوانی شاری کەرکووک پێک دەهێنن، بەڵام ئەمڕۆ عەرەب ڕێژەی لە٪٣٥ی
دانیشتوانەکەی پێک دەهێنن مانای کورد ڕێژەی لە٪٢٥ لەکەرکووک دەرکراو
وماڵوێران بوون.
هەمیشە کورد داکۆکی لەناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکووک کردوە، کوردی
کەرکووک لەهەموو شۆڕشەکاندا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، ئەوان زیاتر لەهەموو
کەس هەستیان بەئازارو مەینەتیەکانی خەڵکی کەرکووک دەکرد، لەدوای ساڵی
٢٠٠٣ دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و نەمانی دەوڵەتی عێراقی حوکمەتی هەرێمی
کوردستان هەلی باشی بۆ هاتەپێش تا بەکەمترین زەرەر هەموو کەرکووک
بگێڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، هەموو عەرەبی هاوردە ڕایانکردو
ئەوماڵانەی داگیریان کردبوو چۆڵیانکرد، بەڵام هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری
کوردستان(یەکێتی وپارتی) هێندە کاری ناشیرین ودژ بەیەکیان کرد، نەک
تەنها خۆیان بەڵکو کوردیشیان ڕسوای بەردەم حیزبە عێراقی و
ئەمەریکاییەکان کرد، لەجێگەی ئاوەدانی و پاراستنی هەموو فەرمانگاو
دەزگا حوکمیەکان دەستیان کرد بەتاڵانی شاری کەرکووک، هەردوو حیزبی
دەسەڵاتدار نەیانتوانی سەرنجی ئەمەریکایەکان بەلای دۆزی ڕەوای کورد
ڕابکێشن، بەڵکو ئەمەریکایەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان
هێزەکوردیەکانیان لەکەرکووک دەرکرد، هۆکار زۆرن بۆ نەگەڕانەوەی کەرکووک
بۆ سەرهەرێمی کوردستان، وەک هۆکاری دەرەکی وناوچەی وجیهانی ، بەڵام
هۆکاری لەپێشینە هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان بوون .
لەسایەی مایەپووچ بوونی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەرامبەر بەکەرکووک
ملیان کەچکرد بۆ دەستوری عێراقی تالەسایەی دەستووردا کەرکووک بگەڕێتەوە
سەر خاکی کوردستان، وەک ناوچەی جێناکۆک یان کێشە لەسەر لەدەستوردا
جێگەی بۆ کرایەوە، ئەوخاڵەی لەدەستوردا باس لەکەرکووک دەکات وەک مادەی
٥٨ و١٤٠هەمان خاڵ گرنتیە بۆ شکستی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی
کوردستان، ئەگەر کورد شۆڕش وخەبات دەکات بۆ پاراستنی کوردستانیەتی شاری
کەرکووک، ئەگەر هێندە دڵنیای کەکەرکووک کوردستانیەو داگیرکراوە، ئیتر
چۆن ڕازی دەبی بەدەستوور ماف بگەڕێتەوە،ئەو دەستوورەی گومان دروست بکات
لە کوردستانی بوونی شاری کەرکووک ، ئەگەر موڵکی خۆتە چۆن ڕازی دەبی
بەڕاپرسی عەرەب کوردستانی بوونی کەرکووک بسەلمێنی کەهەرگیز نایسەلمێنێ.
عەرەبی سونەی عێراق و هەژاری ناوچەکەیان وپەیوەست بوونیان
بەتیرۆرستانەوە هەروەها ترسیان لەدابەشبوونی عێراق وپەراوێزخستنیان
هۆکارێکی ترە بۆڕێگەگرتن لەگەڕانەوەی کەرکووک بۆسەرهەریمی کوردستان،
پەراوێزخستنی عەرەبی سونە لەعێراق دەبێتە سەرئێشە بۆ ئەمەریکاو وڵاتانی
عەرەبی، گرنگی کەرکووک لەڕووی ئابووری دەبێتە هۆکاری نەگەڕانەوەی
بۆسەرهەرێمی کوردستان،کارکردن بۆ دابەش بوونی کەرکووک بەسەر دوو هەرێمی
جیاوازدا، نەوت و ئاو خاک لەکەرکووک دەتوانێ وڵاتێک بەخێوبکات نەک
تەنها شارێک، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەکان، بۆ ڕازی کردنی دڵی
کورد و عەرەب وتورکمان کەرکووک دابەش دەکەن بۆ دوو بەش، کورد بەشێکی
دەبات ، تورکمان وعەرەب بەشێکی دەبەن، تەلی دڕکاوی لەنێوانیان دادەنێن
، بۆ پاراستنی ئەو سنورە دەستکردە سەربازی ئاشتی پارێز دێتەناو کەرکووک
لەژێر بیانووی پاراستنی ئاشتی ناوچەکە، نەکورد نە عەرەب وتورکمان هێندە
دەسەڵاتیان نابێت کە ببنە سەرئێشە بۆ وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە، ئێران
لەسەرەتای ڕوخانی ڕژێمی عێراق ڕۆڵێکی زۆر دژ بە خەڵکی عێراق دەگێڕێ ،
بەتایبەت بەرامبەر بەکورد و عەرەبی سونە، هەموو هەوڵی ئێران بۆ
نەگەڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەرهەرێمی کوردستان، زۆر باش دەزانێ
بەگەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەرهەرێم مانای دروست بوونی دەوڵەتی کوردی
ئەگەر تەنها لەباشوری کوردستانیش بێت ، بەڵام ئەوڕۆژگارەشی لاڕوونە کە
دەوڵەتی کوردی لەباشور دەبێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ هاوکاری کوردانی
ڕۆژهەڵات هەربۆیە بەهەموو شێوەیەک دژایەتی دروست بوونی کیانێکی
سەربەخۆی کوردی دەکات، بەڵام سیاسەتی هەڵەی هەندێک حیزبی کوردی
ڕێگاخۆشکەرە بۆ دەستوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەتەعریب کردنی
سەرلەنوێی شاری کەرکووک بەڵام ئەمجارە دوور لەعەرەبی سونە، عەرەبی شیعە
نیشتەجێ دەکرێن، لەڕۆژی ١٠-٢-٢٠١٦ لەسایەی سیاسەتی چەوتی یەکێتی
نیشتیمانی کوردستان لەکەرکووک سەنتەری ڕۆشنبیری ئیمام خومەینی
دەکرێتەوە، پارێزگاری کەرکووک زۆر بەشانازیەوە وتار پێشکەش دەکات ،بەبێ
ئەوەی بەهیچ جۆرێک باس لەکوردستانی بوونی کەرکووک بکات ،باس لەڕۆڵ
وکاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، هەموو جیهان دەزانێ ئێران
لەڕێگەی کاری تیرۆرستی چەندان کەسایەتی دیاری کوردی شەهید کردوە،
هەروەها ئیڕان دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردە بەبێ جیاوازی.
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|