١۴\٨\٢٠١٠
کەرکوک، شارێکى
فەرامۆشکراو و برینێکى پڕ لە سۆ.

حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ
عەلى مەردان هونەرمەند و مەقامزان و خۆشخوانێکى کورد و کەرکوکى بوو سى
ساڵ بەر لە ئێستا کۆچى دواى کردووە لە چریکە و دەنگ هەڵبڕینێکیدا کە بە
مەقام دەرى بڕیووە دەڵێت:
(ئەى مانگ تۆ وێڵ و رەنگ زەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە).
داد و بێداى ئەو هونەرمەندە مەزنەیە کە وەکو کەرکوکییەک باس لە
دەردەسەرى و جەور و ستەمەکانى رۆژگار دەکات و هاوار و ناڵە و فوغانى
بەرەو رووى مانگ کردووەتەوە ، سکاڵا و دەردى دڵى بەرەو ئاسمان بەرز
کردووەتەوە.
سلاح داودە ئەویش وەکو هونەرمەندێکى بەنەژاد کورد و دانیشتوى کەرکوک
ساڵێک زیاترە ماڵئاواى یەکجارەکى لەکەرکوک و هونەرمەندان کرد تاکو
مردیش لەکەرکوکدا کرێچى بوو ئومید و هیواکەى بردە ژێر گڵەوە و نەبووە
خاوەن خانووى خۆى .
ئەو ئاوارەى و سەرگەردانییەى کە ساڵانى پێشوو بەرۆکى کوردانى کەرکوکى
گرتبوو کاریگەرى بەرادەیەک بوو تاکو ئێستا بەشێکى زۆرى کەرکوکییەکان
نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زید و مەئوا و شوێنى لە دایک بوونى خۆیان
، بەڵام لە هەر کوێدا بژێن هیوایان بەکەرکوکە و دەخوازن رۆژێک
بگەڕێنەوە کەرکوک و ئەحمەد ئاغا و جووت قاوە و قۆریە و شوریجە و تەپەى
مەلا عەبدوڵا لە باوشیان بکاتەوە .
کەرکوک بەگوێرەى جوگرافیا و مێژوو بەشێکە لە خاکى کوردستان و موڵکى
کوردە ئەوانەى کە لە دواى پرۆسەى ئازادى ئێراقەوە گەڕاونەتەوە بۆ
کەرکوک و دەیانەوێت دووبارە لەو شارەدا ژیان دەست پێبکەنەوە ئەوەى
هەیانبوو لە پارە و پول و زێڕى هاوسەرەکانیان هەموویان بۆ دروستکردنى
خانوویەک خەرجیان کرد تاکو ئێستا بستە زەوێکیان لەسەر تاپۆ نەکراوە و
بە زیادەڕەوى لەقەڵەم دەدرێن ، خەڵکى شارى ئاڵتونى رەش ئێستاشى لەگەڵ
بێت بە کۆلەمەرگى و مەمرە و مەژى ژیان دەگوزرێنن .
کەرکوک نەک تەنها جێگا و مەیدانى زۆرانبازى و کێشمە کێشمى نێوان نەتەوە
و ئاینزا و پارت و رێکخراوەکانى ئێراقە بەڵکو جێگاى چاوتێبڕینى وڵاتانى
هەرێمى و نێو دەوڵەتیشە ، هەریەکە لە گۆشەنیگا و بازنەى بەرژەوەندى خۆى
مەرامى بە کەرکوکە نەک دڵسۆزى بۆ خەڵکە رەش و رووت رەجاڵەکانى ئەو شارە
و باشتر کردنى گوزەرانانیان .
فەرموون بێنە کەرکوک و بە چاوى خۆتان تەماشا بکەن دواى (7) ساڵ لە
ئازادى ئێراق چى بۆ ئەو شارە کراوە ، هێشتا سێبەرى تەعریب بەسەر ئەو
شارەویە و ترس و دڵە راوکێ لە گشت خوان و خەوتنێکیاندا ئامادەیە ،
هێشتا ناتوانى بەهەموو کوچە و کۆڵان و گەڕەکەکانیدا نەک بەپێ بە
ئۆتۆمبیلیش تێپەڕیت .
پیاو جەرگى دەسوتێ وەختێک هەر بەو شارەدا بە ریڕەویش پێیدا تێدەپڕێ ،
ئاخر کەرکوکێک بەر لە سەدان ساڵى زاین پایتەختى گوتیەکان ( کە یەکێکن
لە قەبائیلە کۆنەکانى کورد) بووە و ئێستاش بەو رەنگە بیبنى کە سیما و
روخسارى شار تەژییە لە هێما و ئاماژە بۆ فەقیر حاڵى و بێ دەرامەتى و
بێدەرتانى خەڵکەکەى هەر لە هەیکەلى تەواو نەبووى خانووەکان و خانووبەرە
سادە و ساکارەکانیان و جۆر و مۆدیلى ئۆتۆمبیلەکانیانەوە و بێسەروبەرى و
پەرپووتى کوچە و کۆڵانەکانیانەوە تاکو دەگاتە باخچە و پارک و چاڵ و
تاسەى شەقامەکانیان و ئوتیل و بازاڕ و تابلۆى سەر شەقام و دوکانەکانیان
هەر وەکو جاخى جارانە و بەئاستەم دەرکى پێدەکەى پرۆسەى ئازادى ئێراق
ئەم شارەى لە ئامێز گرتووە .
جێگاى دەستخۆشییە کە هەردوو کابینەى پێنج و شەشى حکومەتى هەرێمى
کوردستان هەندێک پرۆژەى بۆ دانیشتوانى ئەو شارە ئەنجامداوە بەڵام لەبەر
ئەوەى هەر لەدروستبوونى دەوڵەتى ئێراقەوە بەردەوام هەوڵى وێران کردنى
ئەو شارە دراوە بە ئاسانى برین و و زامەکانى سارێژ و هەتوان نابن ،
دەبێت زیاتر و زیاتر بایەخى پێبدەن .
بۆ کورد کەرکوک پێوستى بەوەیە تەنها و تەنها کوردایەتى تیدا بکرێت و
حیزبایەتى بەلاوە بنرێت هەموو پارتە کوردییەکان پرۆژەى هاوبەشیان لە
کەرکوکدا هەبێت ، تەنها ئاڵاى کوردستان لەسەر بارەگاکان ببینریت و
مەرجى دامەزردن و راپەڕاندنى ئیشەکان بۆ کوردەکانى کەرکوک تەنها
کوردایەتى و دڵسۆزى و کەفائەت و توانا بێت .
با سەرۆک و سەرکردە کوردییەکان تەنها لەکاتى هەڵبژاردندا کەرکوکیان بیر
نەکەوێتەوە و هەر لەو کاتەدا بچنە ئەو شارە بەڵکو جار جارە لە نزیکەوە
ئاگایان لە کەسەر و خەمەکانى کەرکوک بێت و بەسەریان بکەنەوە ، با
لێپرسراوەکانى کەرکوک خاکى تر شۆڕ ببنەوە و بێنە ناو خەڵک و لە ئێش و
ئازار و حاڵ و ئەحواڵیان بزانن ، با رێکخراوە پیشەى و مەدەنییەکانى
کوردستان زیاتر چالاکى لەو شارەدا ئەنجام بدەن ، با رێکخراوە
خێرخوازیەکان خێرەکانیان لەو شارە ببخشنەوە ، با وەزارەتى شەهیدان و
کاروبارى ئەنفالکراوەکان خانوو بۆ شەهیدانى ئەو شارە دروست بکات ، با
وەزارەتەکانى پەروردە و خوێندنى باڵا بە دیقەت تر بڕواننە رەوشى خوێندن
و بارو دۆخى قوتابخانە و پرۆگرامەکانى خوێندن و تەنانەت کەرکوکیش بێبەش
نەکرێت لە کۆلیج و زانکۆ ئەهلیەکان ، با لایەن و پارتە کوردییەکان کۆک
و تەبا بن و پرۆژەى هاوبەش هەبێت بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى ئایندە و
دەنگى کورد بە فیڕۆ و هەدەر نەڕوات ، دەبا ئێمەش وەکو کورد ئەزموون لە
مێژووى تاڵ و پڕ لە شکستمان لەو شارەدا وەر بگرین یەک دەنگ و یەک رەنگ
دەست لە دەست و هێز لە خوا بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێن .
husin2008@yahoo.com
|