په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

که‌رکوک و فره‌لیستیی.

   
عەلی مەحمود محەمەد


ئەو چرکە ساتەی خەونی کوردانی کەرکووک پاش زیاتر لە45ساڵ هاتە دی،کە لە چرکە ساتی ڕوخانی خانووە قوڕەکانی جمهورییەوە دەستی پێکرد ،تاکو لەحزەی گەڕانەوەی پێشمەرگە لە پێش ڕوخانی بەعس،لەو لەحزەیەوە نمایشی هاتنەوەی کورد دۆڕان بوو لە شارەکە.


کورد بە شێوەو شێوازێک هاتە ناو شارەوە،تەواوی پێکهاتەکانی شاریان ترساند،تاڵان و بڕۆو ترساندن و تۆقاندن،داگیرکردنی زەوی و خانوو،تەنانەت بەرپرسی وا هەبوو گەڕەکێکی سەرتاپا داگیر دەکرد و بەناوی خۆیەوە ناوی دەنا،هی دیکەش دەیان پارچە زەوی دەفرۆشت و فەرمانگاکانی تاڵان دەکرد،بێ بەرنامەیی و شەڕ لەسەر بەرپرسیارییە کارگێڕییەکان،پێک هێنانی باندی مافیای و لەش بازی و لەش فرۆشی و بازرگانیکردن پێوەی.....نموونەیەکی بچووکی ناشرینیەکانی کوردن لە شارەکە،هەنووکە وای کردووە کورد لای نەتەوەکانی دیکە بە هێزێکی شاخی،دواکەوتوو،مافیا پیشان بدرێت،ئیتر کە ئەم وێنەیە بۆ کورد لای ئەوان درووست بوبێت،چۆن دەکرێت چاوەڕوانی ئەوەیان لێبکرێت ،ئامادە بن ڕێگا بدەن شار بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.


ئەوان لە ناو شاری کەرکووکدا گومانیان لە پێکەوە ژیان لەگەڵ کورددا هەیە ،نەک ئەوەی ڕێگا بدەن کەرکووک ببێتە بەشێک لە قەوارەیەکی گەورەتر و ئەوان لە ناو ئەو قەوارەیە بچووکتر ببنەوە.


لەم شارە کورد بە کێشمە کێش نەبووبێت هیچکات لەسەر بنچینەی ماف بەرپرسیارێتیە کارگێرییەکانی دابەش نەکردووە،لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە دادپەروەرانە مامەڵەی نەکردووە،ئەمەش زیاتر شەڕی گەندەڵکاران بۆ ئیمتیازات بووە نەک شەڕ بۆ بە کوردستانی کردنی شارەکە،هەر مافێکیش بە کێشمەکێش بەدەست هات هیچ بەهایەکی نامێنێت.


ئەوە نییە دەسەڵاتداریەتی کوردی تەنها لای پێک هاتەکانی دیکە ناشرین بووبێت،لای کوردە کەرکووکییەکانیش وێنایەکی هەرە ناشرینی نمایش کردووە،کەرکووک لە دورەوە قودس و دڵ بوو،وەلێ دڵۆپێک خوێنیان نەبەخشییە ئەم دڵە تا لە بێخوێنیا لە لێدان کەوت،ئەوەشی هەبوو مژییان،قودس بوو بەڵام لە جیاتی جەنگان لە پێناوی بەخشرا،شار لە دڵ و قودسەوە کرا بە زبڵدانەکەی کوردستان.


لەم ڕۆژانە خوێندمەوە:ئەمەریکییەکان بە ملیۆنێک دۆلار زبڵدانەکانی کەرکوک پاک دەکەنەوە،باشە ئەم پارەیە بایی دەعوەتێکی بەرپرسان بوو،چەندین ساڵە خۆیان بۆ نەیان کرد، ڕاگرتنی شارێک شەش ساڵ لە ناو زبڵدانا بۆچی؟.


یەکێتی و پارتی وەک دوو باندی مافیا لە م شارە مامەڵەیان کرد،قەت کەسێک نەبوو پەشیمان نەبێت بۆ ئەو خۆزگەیەی 45ساڵە بە حەسریەتیەوەن،پیاوێکی پیر وتی:دووجار کورد لە شاردا دەسەڵاتی هەبووە58 و ئێستا،ئەوسا پیاوی پیاوەنەمان هەبوو،ئێستا هیچ،ئەوسا کورد حەماسەتی هەبوو ئێستا کورد لە ناوەوە تێکشکاوە،ئەوسا فیداکار و هەژار دۆست بوون ئێستا گیرفان دۆست و دزن.


بڵاو کردنەوەی گەندەڵی لەناو خەڵکی شار"کڕینی خەڵک بە ناوی ئاوەدانکردنەوە بە تایبەت پارتی لەم بوارەدا دنیایەکی کرد(هەر کەسێک ببێتە پارتی 1 دەفتەر دۆلار وەردەگرێت،خەڵکی دیکەش زەقەی چاویان دێت،لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر ئەو دیاردەیە لە لایەن کوێخایەکەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرا،وەلێ وەک ئەوانی دی بە هەند وەرم نەگرت و نەمکردە هەرا)".


ڕاستە لە کەرکووک پارێزگارێکی کوردی هەیە،وەلێ پارێزگاری بێ پارتی سیاسی بێ پشت و پەنا هیچی بەدەست نییە،لە پاڵییەوە دوو پارتەکە بێ پرسی ئەو کارەکانی خۆیان دەکەن،ئەوەی لەم شارە کاربەدەستە ئەو دوو پارتەن ،ئەوەی ئاراستەی سیاسەتی کوردی دەکات لە کەرکووک مام جەلال و مەسعود بارزانین،ئەوانەی تاوانبارن بەرامبەر بە مێژوو و شاری کەرکووک جگە لەو دوو بەڕێزەی ناویانم هێنا، سێ بەرپرسی ئەم شارەن بە پلەی یەکەم" جەلال جەوهەر،ڕزگار عەلی،نەجات حەسەن"،کەی ویسترا لە هۆکاری تێکشکانی کورد بکۆڵرێتەوە،ئەوا ئەم سێ زاتە پێویستە دادگایی بکرێن.
ئەم شێوازە دەسەڵاتدارییە فاشیلە،لە لایەکەوە کوردی لە بەرامبەر بە پێکهاتەکانی دیکە ناشرینکردووە،لە لایەکی دیکە جەماوەری لە لایەنە سیاسییەکان دابڕیوەو بێهودەیانی کردووە،کردویانیەتە مرۆڤێکی بێ باوەڕ و دوورنما،هاوکات پێگەی کوردی لە شارەکە لاواز کردووە،ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو پێگەیە ڕوو لە نشێوە.هۆکاری ئەم لاوازییەش بریتین لە،:


- خراپی سستەمی کارگێڕی کوردی.
- گەندەڵی سیاسی.
- هاتنە مەیدانی چالاکانەی پێکهاتەکانی دیکە.
- دژایەتی وڵاتانی ناوچەکە و حکوومەتی مەرکەزی بۆ کورد.


بەبڕوای من دابەشبوونەوەی جارێکی دیکە کوردان بەسەر لیستی دیکەلەم شارە. پێگەی کورد لە شارەکە لاوازتر دەکات و زیاتر بەرەو پەراوێز بوونی دەبات.


کورد لە کەرکووک بەرگەی ئەو شەڕە سیاسیە ناگرێت کە لە کوردستاندا هەیە،من بوونی هەر لیستێکی دیکە تاوانەکەی لە ئەستۆی پارتی یەکێتی دەزانم،وەلێ بەهۆی بەرژەوەندی شارەکە پێویستە فشارەکان بە ئاراستەی ناچارکردنی کارکردنی یەکگرتووانە بێت لە بەرژەوەندی شارەکە،نەک بەش بەشکردن کە ئاکامی لاوازبوونی کوردە.


لە ئێستا کەرکووک و ئێراق بەرەو جەمسەربەندی گەورەی سیاسی دەڕوات،بە بڕوای من بەش بەشکردنی کورد لە ناوچە دابراِوەکان بە گشتی وە کەرکووک بە تایبەتی خزمەت بە دۆزەکەی ناکات،هاوکات ئەدای سیاسی و ڕەفتاری ئێستای دەسەڵاتدارانی کوردیش لە بەرژەوەندی کورددا نییە،پێویستە ئەوانیش بە ئەمری واقعی سیاسی ئێستای کوردستان ڕازی بن،بە غروری ڕابردوو مامەڵە نەکەن،بزانن کەرکووکییەکان لە ئەدائیان ڕازی نین،نامانەوێت تەنها مانگای شیر دەر بین بۆیان.


با فشارەکانمان لەسەر لایەنەکان سزادان و گۆڕینی گەندەڵکاران بێت،نەک دابەشکردنی جەماوەری کەرکووک و چەند لیستی،چەند لیستی کورد لە کەرکووک ،قۆناغێکی نوێ لە پاشە کشەی کورد لەم شارە تۆمار دەکات،بۆیە دەبێت هەموو وریا بین و هەستیارانە مامەڵە بکەین،پێویستە بڵێین لێرە ستۆپ.

 

 

30-8-2009