په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کەر و شەڕ و هەڵبژاردن.

   
عەلی مەحمود محەمەد


بەداوای لێبوردنەوە لە سەران و بەرپرسانی حیزبی کەرانی کوردستان ئەم چەند دێرە دەنووسم، هەرچەندە تاکو ئەمچرکە ساتە پاڵپشتی خۆیان بۆ هیچ کاندید و لیستێک ڕانەگەیاندووە،وەلێ ڕوداوەکان وا بڕۆن بە زۆر ڕادەکێشرێنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە،لیستی کوردستانی کە ئەسپێکی سپی هێماکەیەتی"ئەسپ و ماین و هێستر لە خانەوادەی کەرن،ئەگەر کەر بە دێزەکەیەوە باوک و دایکیان نەبێت لەوان کەمتر نییە"ئەوهێمایە"ئەسپ"نیشانەی هێزو ئاوەدانکردنەوەیە،لیستی کوردستانی بێ ئاگادارکردنەوەی خاوەند هێماکە،کەڵکیان لێی وەرگرت و مافی خاوەند موڵکایەتی حیزبی کەرانیان پێشێلکرد.


لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە کەر هاوکاری سەرەکی مرۆڤ بووە لە بنیات نانی شارستانیەت،ئەوەندەی ئەو بەشی لە بنیات نانی شارستانیەتیدا هەبووە،هیچ کائینێکی دیکە نەیبووە،کاریگەرترین پارتی جیهانی"پارتی کۆماری ئامەریکا"هێماکەی کەرە و شانازی بە ئاڵاکەیانەوە دەکەن و لەسەر سەریانی دادەنێن،هەرچەندە ئەوان لە زووەکەوە پێویستیان بە هێز و ئەقڵی کەر نەماوە.


لە هەڵبژاردنی پێشووی کوردستان لەو کاتەی یەکگرتووی ئیسلامی یاخی بوەوە لە ڕیز و لیستی تایبەتی خۆی پێکهێناو بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق،لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بە تایبەت ینک و پدک،چەندین کەری بەسزمانیان هێنا و لەسەری ناوو ئارم و ژمارەی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیان نووسی و بەرەڵای گەڕەک و ئۆردوگاوشارانیان کرد،لە پاڵیشەوە بە چەقۆ ورگی یەکگرتووەکانیان دڕی،ئیتر کەری بەسزمان لەبەر ئەوەی پێویستیان پێیان نەمابوو هاووڵاتیان کەوتنە بەر بەردبارانی،هەموو ئەوانەی چەند ساڵێک پێشتر کەر سەرچاوەی ژیانیان بوو توندتر بەربوونە گیانی،لەسەردەمی سەدامیش کەر بۆ زۆر کاری تیرۆریستی بەکار هێنرا،یاخود لەسەری ناوی سەدام و سەید ڕەئیس نووسراو پاشان بە شێوەی دڕندانە کوژرا.


دوای ساڵی 1967 کە عەرەب بەرامبەر ئیسرائیل دۆڕا،کەری بەسزمان لەسەریان نووسی ئیسرائیل و گەڕەک بە گەڕەکی قاهیرەیان پێی کرد و بەرد بارانیان کرد،داخی دۆڕانی خۆیان بە کەر دەرکرد،هەموو کات دۆڕاوەکان هانا بۆ کەری بەسزمان دەبەن،لە بری ئەوەی ڕەخنە لە خۆیان بگرن .


ئەوەی لە گەل یاخی بوەوە و خیانەتی لە نەتەوە کرد،ئەویش ناوی کەری بەسزمانی لێنراو کرا بە جاش،وەلێ هیچ کاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەر نەک خیانەت بەڵکە جوتکەشی لە خاوەنەکەی نەداوە.


لەم خولەی هەڵبژاردن ئەوەی تاکو ئێستا مافی پێشێلکراوە هەر کەر بوو،سەرەتا کوردستان پۆست لیستی کوردستانی بە کەرە دێزە ناوزەد کرد،ڕاستە کەری دێزە حەز بە مردنی خۆی دەکات بۆ ئەوەی زیان لە خاوەندەکەی بکەوێت،بەڵام قەت ئامادە نییە لە ڕوحی خۆی زیاتر زیان بە هیچ بگەیەنێت،ئەوەی دەسەڵاتداران کردیان لە 18 ساڵی ڕابردوو زیان بوو لە هەموو کورد،پاش کوردستان پۆست مەلا بەختیار دەنگی کۆمەڵێک ڕۆژنامە و کەناڵی ڕاگەیاندنی بە زەڕەی کەر ناو برد،ڕۆژنامەی خەباتیش بە کەری دێزە ناو زەدیانیکرد،نازانین زەڕەی کەر ناخۆشترە یان گرمەی شەڕی ناوخۆیی ئەوان،کەری دێزە زیانی زیاترە یان دەستوورە بارگاوییە کۆنەپەرستانەکەیان،جوتکە شەرمترە یان دزی و داوێن پیسییان.


لە دوا هەڵادا لە شارۆچکەی بەکرەجۆ ژمارەیەک کەری بەسزمان لیستی کوردستانی لەسەر دەنووسرێت و بەرەڵای ناو شار دەکرێت،چەند دانەیەکیشیان لە بەکرەجۆو ڕاپەڕین دەسوتێنرێت،دیارە لە هەڵبژاردنی پێشتر ینک و پدک خۆیان ئەو کارەیان کرد،مەسەلەیەک کوردی هەیە دەڵێت:ئەوەی سینگ داکوتێت سنگی بۆ دادەکوترێت،ئێستا هەمان نمایشیان بەرامبەر دەکرێت.


لە سەردەمی شەڕە ناوخۆییەکان ینک و پدک لە پاڵ بۆردومانی هاووڵاتیان و شەڕی سەروماڵ بەرامبەر یەکتر،بۆ ناشرینکردنی سەرۆکەکانی بەرامبەر جار جارە هانایان بۆ کەر دەبرد.بە گشتی کەر لە هەموو ململانێ و کێشمە کێشەکان،شەڕ و جەنگەکان،هەڵبژاردن و ناکۆکییەکان لە پاڵ گولە و شەڕە پەڕۆ،مایکۆرفۆن و ڕاگەیاندنەکان ئامادە بووە.


کەر هێمای بنیات نانە نەک وێرانکردن.
کەر هێمای وەفادارییە نەک مرۆڤ کوشتن.
کەر هێمای ڕاستگۆییە نەک درۆکردن.
کەر هێمای زاهیدییە نەک دزی کردن.


ئەوەی کەر بەکار بهێنێت بۆ مەرامەکانی،سبەی مرۆڤ دەکاتە سوتەمەنی بەرژەوەندییەکانی.
ئەوەی ڕێزی مافی کەر نەگرێت،سبەی مرۆڤ دەسوتێنێت.
حکومەتێک نانی کەرانی پێنەدرێت،هاووڵاتیانیشی پێ بەخێو ناکرێت.