٧\٥\٢٠١٣
کەروێشکتان دەوێ؟
ئەوە کەروێشک. ئاسکیشتان دەوێ؟ ئەوە کەروێشک.
''ترید ارنب خذ
ارنب، ترید غزال خذ ارنب!''.

جیهاد موحەمەد
ئەمە قسە و وتەی یەکەم و کۆتای پارتییە!. پارتی بەم زمانە فێڵاوییە و
هەندێک جاریش بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە لە سەر زاری مامۆستا ئیمینکی
وتەبێژەکەیانەوە و، هەندێک لە سەرکردەکانییانەوە، ئەم (بەزەیی و
میهرەبانییە) دەنوێنن بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و
ئۆپۆزسوێن و هەموو دەنگە ناڕازییەکان، تا کەس گلەیی نەکات لە دوا رۆژدا
و نەڵێت کوا بەشمان؟! ئەوەتا بە ئاشکرا دەڵێن، فەرموون، کەروێشکتان
دەوێت؟، ئەوە کەروێشک. ئاسکیشتان دەوێت؟ ئەوە کەروێشک. گلەەیی نەکەن و
، پێمان نەڵێن دیموکراتییەت نییە لە کوردستاندا!. ئەوەتا خۆتان
بیستتان، جەنابی سەرۆک ڕایگەیاند ئەم دیموکراتییەتەی پارتی و سەرۆک کە
هەموو دنیا پێی سەرسامە گەڕانەوەی نییە، چوونکە پارتی ڕێز لە میللەت
دەگرێت و ئەگەر ئێوە بەو کەروێشکە ڕازی نەبن کە خوا و ئێمە بۆمان
بڕیونەتەوە، ئەوە ئێمە ڕیگەیەکی تر دەگرینەبەر!
مامۆستا ئیمنکی، ئەمجارەش ڕایگەیاندەوە و، تۆپەکەی هەڵدایەوە ناو
گۆڕەپانی حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزسوێن و یەکێتی هاوپەیمانەکەشی، تا
باش بزانن کە شکاندنی ڕای پارتی و درێژنەکردنەوەی ولایەتی سەرۆکەکەیان
بۆ جاری سێیەم، گوناحێکی گەورەیە و، ئەوە مەحاڵە لای پارتی قبوڵ بکرێت!
ئەم بێمنەتیی و هەرشەیەیی مامۆستا ئیمنکی بە ناوی پارتییەوە، هەموو
لێدوان و قسە و هەوڵ و خەباتی هەموو خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان
بۆ سەروەریی یاسا و فەراهەمکردنی دیموکراتیی و هەڵبژرادنێکی بێخەوش و
دوور لە ساختەکاریی خستەوە ژێر پرسیارەوە!، ئەم قسەیە ئەوەمان بۆ
پشتڕاستدەکاتەوە کە سەرۆکی پارتی کاتی خۆی کە وتی: ئێمە بە خوێن
هاتووین و بە خوێنیش دەڕۆین! بەردەوامە لەسەر قسەی خۆی. ئەم قسەیە
پشتڕاستکردنەوەی ڕای هەموو ئەو چاودێرە سیاسییانەیە کە لە مینتاڵیتی
ئەم پارتە و سەرۆکایەتییەکەیان وا تێگەیشوتن، کە یان دەبێت ئەمان سەرۆک
بن یان کاولکارییەک دروستدەکەن!
دەبێت ئەو ڕێگەیە کام ڕێگە بێت کە مامۆستا ئیمنکی بە هەرشەوە
دەڵێت،دەیگرینە بەر؟!. دەبێت لەمەودوا هەموومان دەستەودۆعا بوەستین و
بپارێینەوە کە ئەو ڕێگەیە، ڕێگەی شەر و پەلاماردان و براکوژی نەبێت.
ئاخر پیسترین و ناشیرینترین شتێک کە کرابێت لە نێوان حیزبە
سیاسییەکاندا شەڕە ناوخۆییەکان بووە. خوێنڕشتنی خەڵکی ستەمدیدەی
کوردستان بووە. خراپترین بیرکردنەو، بیرکردنەوەیە لە شەر و پەلاماردان
و خوێنڕشتن. پارتی، باش ئەوە دەزانێت کە شەر ئەوەندە نەخوازراوە کە
رەنگە خەڵکی بۆ خۆپاراستن لەو شەڕە نەگریسە بڵێن، پارتی چیی دەوێت با
بیکات و بیبات و داگیرییبکات و بەس شەرێک نەخولقێنن، بەس ئەمجارەش
ماڵمان وێران نەکەنەوە، کوڕە گەنجەکانمان نەکوژرێن و کچە
سەربەرزەکانمان ئەتک نەکرێن. جارێکیتر نبینەوە بە جێگەی گاڵتە و
پێکەنینی دووژمن و ناحەزانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە، جارێکتری جەرگی
دایکەکان هەڵنەقرچێننەوە، جارێکیتر ئەوەندەی تر سەر و ڕیشی باوکەکان
سپی نەکەن و فرمێسک لە چاوە کزەکانییان نەهێنن. جارێکیتر پۆشاکی ڕەش
هەڵنەکێشنەوە لەبەری هەزاران خوشکی برا کوژرا و باوک کوژراو، جارێکیتر
خەڵکی دەڤەری زەرد و دەڤەری سەوز ئاوارە نەکرێنەوە. جارێکیتر بە سەدان
گەنج لە ترسی شەری براکوژی ئاوارە و سەرگەردانی ئەم وڵات و ئەو وڵات
نەبنەوە. جارێکیتر پێمان نەڵێنەوە، ئەم گەلە خۆ خۆرن، ناتوانن خۆیان
رێکبخەن، خوێڕێژ و شەڕەنگێزن.
من ڕام وایە، ئەو ڕایەی کە دژ بە شەڕە، ڕایەکی یەجگار مرۆییانەیە.
پێویستە ڕێزیی لێبگیرێت، پێویستە بە جۆرێک بەرجەستەبکرێت کە بکرێت بە
پرۆژەیەکی مرۆییانەی پێشکەوتنخوازیی و ئاشتەواتیی ناو کۆمەڵگادا. کەچی
بە داخەوە، پارتی کاری لەسەر دەکات و دەیکات بە زەخیررەیەک بۆ
دەستکەوەتی سیاسیی خۆی، وەک ترسێک لە دڵی خەڵکییدا چاویلێدەکات و
بەکاریی دەهێنیت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. بەڵام حەق وایە پارتی و
سەرکردایەتییەکەی ئەوە باشبزانن، ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆر هوشیار هەیە لە
کوردستاندا، کە چارەنووسی میللەتێک ڕادەستی ئەو جۆرە هەرەشانە ناکەن و
خۆشیان دەپارێزن لە شەر و برا کوژی، خەڵکی هوشیار نە شەڕ دەکات، نە
خۆشی ڕادەستی هەرشە نالۆژییک و نامرۆییەکان دەکات.
خەڵک ئەمڕۆ ڕازینییە لەسەر ئەم پرسانە:
• ڕازینییە بە نایاسایی کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم.
• ڕازینییە بە نەگەڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و هەموارنەکردنەوەی.
• ڕازینییە دەستور بە جۆرێک تێپەرێنرێت کە سەرۆکایەتیی هەتا هەتایە بۆ
مەسعود بارزانی بێت... خەڵک لەسەر هەموو ئەمانە ناڕازییە و ئامادەش
نییە خوێنی دۆست و ئەندامێکی پارتی یا هەرچ کەسێکی تر بڕژێنرێت. ئامادە
نییە لەسەر بنەمای ڕق و کینە و یەکتریی سڕیینەوە ململانێکان
یەکالییبکاتەوە. ئیتر نازانم ئەم لۆژیکە سەردەمیانەیەیی خەڵک بە لۆژیکی
هەڕەشەوگوڕەشە بۆ وەڵام بدرێتەوە!
ئەگەر پارتی شەڕی دەوێت، بۆمان هەیە بپرسین، شەر لەگەڵ کێ؟! لەگەڵ
خەڵکێکی ستەمدیدەی سڤیل و هوشیاری وا کە دەخوازێت هەموو ئەم
پێوەندییانە بە یاسا و رێسایەکی سەردەمییانە و دیموکراتییانە سنوری بۆ
دابنرێت و رێکبخرێت:
• پێوەندییەکانی هەموو حیزبەکان لەگەڵ یەکتری.
• پێوەندی حیزبەکان بە حکومەتەوە.
• پێوەندی حیزبەکان بە خەڵکەوە.
• پێوەندی حکومەت بە خەڵکەوە.
• پێوەندی دەسەڵاتەکانی یاسایی و جێبەجێکاریی و دادوەریی و دەسەلاتی
چوارەم(ڕاگەیاندن) لەگەڵ یەکترییدا... هتد.
• خەڵکی دەخوازێت چیتر ئەم میللەتە ستەمدیدەیە لە دەرەوەی مێژوودا
نەمێنێتەوە و بگات بە کاروانی میللەتانی پێشکەوتووی دنیا.
• سیستەمێکی حکومڕانیی سەردەمییانەی داڕێژراو بە فەلسەفەیەکی دیموکراتی
کە ئازادییە مرۆیی و ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگییەکان بووبیت بە
پایەگەلێکی چەسپییو بۆی. وەک:ـ ئازادی ڕادەبڕین، ئازادی لە
هەڵبژاردندا، ئازادی دەنگدان بۆ هەموو کەس، ئازادی تاکگەرایی و چوونە
دەرەوەی تاک لە ژێر کولتووری ترادسوێنە ڕزییوەکاندا، ئازادی دین و
ئاینزایی و باوەڕەکان، ئازادی حیزبایەتیکردن و سیاسەتکردن، ئازادی
بازرگانیکردن و کارکردن و هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیان، ئازادی ژن و،
جیانەکردنەوەی لە پیاو، لەسەر بنەمای پیاوسالاریی و باوک سالاریی و
یاسا ئاسمانیی و دینیی و کولتوورە بەسەرچووەکان، ئازادی خوێند و
هەڵبژاردنی جۆری خوێندن، ئازادی ڕاگەیاندن و قۆرخنەکردنی لە ژێر سێبەری
حیزبایەتییدا، ئازادی زانیاریی وەرگرتن و ڕوونی لە کاریی حکومیی و
کارگێڕییدا، بە تایبەتی ئازادی پێدان و وەرگرتنی زانیارییەکان بۆ
رۆژانمەنووسان و ڕاگەیاندنەکان کارێکی پیویستە، ئازادی ڕۆژنامە نووسان
و ڕاگەیاندنکاریی و رۆژنامەگەریی و، رێنەگرتنلێییان لە ڕووماڵکردنی
هەرچ ڕووداو و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و
فەرهەنگییدا. ئازادی ڕەخنەگرتن و قسەکردن لەسەر هەرچ ناهەمواریی و
نایاساییەک بە خوێندنەوەی تایەبەتی ڕەخنەگر و قسەکەر، ئازادی کۆڕ و
کۆبوونەوەکان و خۆ ڕیکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن و لێدوان، ئازادی
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانیی و مرۆیی کە ڕووخسارێکی جوانی هەرچ
کۆمەڵگایەکە لە کۆمەڵگا شارستانییەکان.
لە لایەکیتر خەڵکی دەخوازێت:
• سیستەمێکی پەروەردەیی و پێداگۆگیی هاوچەرخی و دیموکراتیی هەبێت.
• سیستەمێکی تەندروستیی زانستییانە و مرۆڤدۆستانەی هەبێت. ئەم دوو
بوارەی ژیان بنەمایەکی ستراتیژیی هاوچەرخە بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەکی
شارستانیی و عەقڵکراوە و تەندرووست لە زۆر ڕووەوە.
• سیستەمێکی ئابووریی دادپەروەرانە و بەرهەمهێنەری گەشەسەندووی
هەبێت،کە ژیانێکی ئاسودە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا مسۆگەربکات.
• سیستەمێکی عاقلانیی و مەعریفییانەی بەرجەستەکراو لە زنکۆکاندا هەبێت،
تا زەوینەی داهێنان و توانا گەورەکانی تاکەکان خۆشبکرێت و کار
ئاسانییان بۆ بکرێت.
• سیستەمی دیبلۆماسیی لەگەڵ حکومەت و میللەتانی دنیادا لەسەر بنەمایەک
هەڵنرابێت کە بەرژەوەندی خەڵکی گشتیی و چوونە پێشەوە بەرهەمبهێنێت، نەک
لەسەر بنەمای پێگەی خێل و بنەماڵە و ئەم حیزب و ئەو حیزب.
• سیستەمی شکۆمەندیی و ڕێزی مرۆڤەکان لە ئاستێکی بەرزدا بەرێوەبچێت.
• پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێ چینایەتییەکان رێکبخرێت.
• سیستەمیی دادپەروەیی و دادوەریی وا هەبێت کە هاوڵاتی وەک هاوڵاتیی
بخوێنێتەوە و کەس لە پلەی (هاوڵاتی) بەرزتر نەبێت لە بەرامبەر یاسادا
و، لە هیچ بوارێک لە بوارەکانی ژیاندا، جگە لە پلەی شارەزایی و
تایبەتمەندێتیی کە لە جێگەی شییاوی خۆیاندا دانبرێن و سوودییان
لێوەربگیریت.
• سیستەمی ئاسایشیی نەتەوەیی سەربەخۆبێت و سەر و ماڵی خەڵکی بپارێزێت
لە کارەسات و تاوانەکانی ناوخۆیی و، وڵاتپارێز و میللەت پارێزبێت لە
تاوان و هەڕەشە و ترسە دەرەکییەکان.
• سیستەمێکی بیرکەرەوەی سیاسییانەی عاقڵانە لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە
ناهەموارەی هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا، لە سەر
بنەمای پێکەوە ژیان و سەپاندنی مافی دیارییکردنی چارەنووسی هەرچ گەل و
نەتەوەیەک. کە لە ڕاستییدا لەبارتریین و باشتریین زەوینەی بۆ سازبووە،
بۆیە پێویستە بیرکردنەوەی سیاسیی کوردیش لەو ئاستەدابێت تا ئەم دەرفەتە
زێڕینە لە دەستنەدرێت.
من ڕام وایە، کە پارتی بە تایبەتیی و گەلی کورد بە گشتی، زیانێکی گەورە
دەکات لەو چاو سورکردنەوە و هەڕەشەوگوڕەشانە، لەو خۆ سەپاندن و،
هەوڵدانانەی کە پارتی دەیدات، بۆ کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری
سێییەم بە زۆر و لە دەرەوەی یاسا. باشتریین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکان کە بەرژەوەندی گەل و نەتەوە و هەموو حیزبە سیاسییەکان و
پارتیشی تێدایە، ئەوەیە کە هەموومان بگەڕێنەوە بۆ لۆژیکی هەڵبژاردنێکی
بێخەوش و دوور لە ساختەکاریی، بۆ پەیوەستبوون بە یاساوە، بۆ
دیموکراتییەت، بۆ ڕێزگرتن لە ڕای هەموو حیزبەکان و رێکەوتنی سیاسییانە
لە کاتی جیاوازییاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی میللەت، دوا جار
بۆ بە هەند وەرگرتنیی هەموو ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لای ئۆپۆزسوێن و
خەڵکی گشتییەوە دروستبووە لەسەر ئەم عەقڵییەت و سیستەمی بەرێوەبردنەی
ئێستای کوردستان.
٦\٥\٢٠١٣
- نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|