په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٥

کەروێشکە رەشتاڵەکەی ناو سەوزایی شیعری نوێی کوردی.
- خوێندنەوەی شیعری ''ھانا''ی ئیسماعیل خورماڵی -


سەباح        


شیعرە "ھانا"کەی ئیسماعیل خورماڵی، ھەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی جوانی، چێژوەرگرتنیش لە جوانیی سەفەرێکە ئینسان لە ڕێی گەڕان و پرسیارکردنەوە دەستی دەکەوێت، جوانی شتێک نییە بوونێکی ھەمیشەیی ھەبێت، بەڵکە جوانی دەدۆزرێتەوە و دروست دەکرێت و ھەمیشەیش لەگەڵ گۆڕانی قۆناغەکانی ئینساندا خۆی دەگۆڕێت و ون دەبێت، گەڕان مەرجی سەرەکی دۆزینەوەی جوانییە، دۆزینەوەی جوانیش بەخشینەوەی مانای ئینسانە بە ئینسان خۆی، واتا جۆرێکە لە شێوازی ژیان بۆ تێگەیشتن و جوانکردنی ناشیرینییەکانی ژیان، ڕەنگە یەکێک لەنھێنییەکانی خوێندنەوەی تێکستە زیندووەکان، بەشیعریشەوە ئەو بانگھێشتکردنەی خوێنەر بێت بۆ بەشداریکردن، بڕوام وەھایە کە شیعر بۆ خەڵکە، ڕۆڵان بارت (١٩١٥ - ١٩٨٠) گوتەنی:" خوێنەر دروستکەری تێکستە." .

ماڵوێران خۆم سەرنج وەری ئاوی چاوم وشکایی ھات
سەری کاسم چاوەڕوانی کۆشی تۆ بوو ئەی بۆچی نەھات


ڕەنگە لەزۆر ڕووەوە شیعر خەیاڵ بەچەشنێکی سەیر لەژانرە ئەدەبییەکانی دیکە ببزوێنێت و زیاتر تەسوویرە گوزارشتییەکان لەخۆ بگرێت و نەتوانێت بەتەواویی بەلایەکدا بشکێتەوە؟ شیعر زیاتر ھەڵھێنجراوی ئەزموونێکی ھەستییە؟! نیزار قەببانی(١٩٢٣ – ١٩٩٨) دەبێژێت:" خۆشەویستی شیعرێکی جوانە، لەسەر مانگ، گەڵای درەختەکان و نمەی باران نووسراوە." بۆیە دەشێ بڵێین خورماڵی نەفەسێک بەبێ ئەوین ناژی!!


بۆچی نایەت خۆ بڕیار بوو بن ئەم دارە جێ ژوان بێ
وەکو ڕۆژان گەڵای وەریو لەتەرزەی ماچ ھەراسان بێ


ژیان و نووسین بە تایبەتی نووسینی ئەدەبی، زۆربەی جارەکان ئەگەر ڕاستەوخۆ گوزارشت لە ژیانی نووسەر نەکات، ئەوە بێ گومان ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و ھەڵسوکەوت و مۆرالی نووسەرە، ھێمینگوای (١٨٩٩ ــ ١٩٦١) دەیگوت: "نووسەری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لەسەر ھێڵی مان ونەمان ڕاوەستێ." .


ئەی ئەمێستا ھەوارت کوا ھەوری سەوزی ئەم دڵەی من
خۆ بەبێ تۆ لێڵە چاوم وشکە کێڵگەی ئەم دڵەی من


پێدەچێت یەکێک لەو شتانەی کە تێکستێکی زیندوو، بەزیندوویەتی دەھێڵێتەوە، قووڵی ئەو گەمەیە بێت کە لەگەڵ خوێنەری دەکات؟!ڕەنگە سەرپێی نەزانین چ پێکدادان و ململانێ و بگرەو بەردەیەکی شاراوەو پەنھان لەنێوان خوێنەرو تێکستدا ھەیە؟!ئەمە جگە لەوەی وەک ئاماژەمان پێدا خوێنەر بۆ خۆی بەشدارێکی تێکستە و بەم چەشنەو لەم میانەیەوە ھەموو خوێنەر و خوێندنەوەیەکی جوداو جیاواز، نووسینەوەیەکی نوێی تێکستە؟! فلۆبێر دەڵێت: (نووسین ڕێگەیەکە بۆ ژیان).

 
ئەی ئەمێستا کە تۆ ونی دەستی ھانا بۆ کێ بەرم
لەڕەھێڵەی ئەم غوربەتا چی بکەمە چەتری سەرم


خورماڵی ھەموو شوێنێک بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت، مرۆڤ ھەر لە ئەزەلەوە عیشق و جوانی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن ئەو ھەستە دەخەیتە چوارچێوەیەکی کارێکی ھونەری و نووسینەوە، بخەیتە چوارچێوەی کارێک تا بگاتە لای خەڵک.


ھۆ دەریاچەی ئەوینی من لەھەر کوێ ھەی دەنگ ھەڵبڕە
بەدڵی کام بیابانا ڕۆیشتی سەر ھەڵبڕە


کەس نییە لە نێو یادەوەریی دوێنیدا نەژی، بەڵام لای خورماڵی ئەمە بەجۆرێکی دیکە کەوتوووەتەوە، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو جوانییەکی داوەتە شیعرەکانی خورماڵی، ئەمەیش دەری دەخات شاعیر ھەمیشە عاشقە، ئەو بەبێ عیشق ناتوانێت بژی، بەبێ عیشق ناتوانێت بنووسێت وەکو دالای لاما دەڵێت: "ژیان گەڕانە بە دوای خۆشبەختیدا".


سەر ھەڵبڕە و گۆمی سووری چاوەڕوانیم بھەژێنە
سەر ھەڵبڕە و ماسی ڕۆحم لەم زۆنگاوە دەربھێنە


ئیسماعیل خورماڵی، لە سەرەتای ساڵانی ھەشتایەکان سەرقاڵی نووسینە، بەڵام بەر لەماوەیش خەریکی خوێندنەوە بووە، لە دەسپێکی خوێندنەوە و نووسینیشدا یەکێک بووە لە دەروێشانی ئەدەبیاتی کلاسیک، نالی، مەحوی، سالم، کوردی... تاد، لەوساوە ھەست بەوە دەکات عەجولە، دەبێت بڵێت و بژی. لەوێوە توانی وەک کەروێشکێکی ڕەشتاڵە خۆی بگەیێنێتە حەوشەی پڕ سەوزایی شیعری کوردی.

 


shexanisabah@yahoo.com

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک