١٧\٣\٢٠١٥
کەسایەتیەکانی
ھەڵەبجە و سانسۆر.

ریبوار عارف
وا
میلی کاتژمێرەکانمان مل لە بەربەیانی ڕۆژی ١٦ ئازار دەسوێت؛ واتە
چرکەساتەکانی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری
ھەڵەبجە. منیش ھەواڵێکی ترسناکی تۆڕەکۆمەلایەتیەکان ھێندەیتر
دەمھەژێنێت. خەمی دواساتەکانی مالئاوایکردنی یەکێک لەکەسایەتیە ناسراو
جوامیرەکانی ئەم شارەم لەکۆلناوەو دڵم لە مستمتدایەو نیگەرانی ئەو
ڕووداوەم کەھێشتا دەرفەاتی ڕیلیگرتنی ماوە. بەڕاست ئەمە چ کارەساتێکە،
ئەو ئینسانەی کە ھەرەتی گەنجیەتی کردە قوربانی و ڕۆژگارێک وەک قارەمانی
زیندان ناودەبرا، ئەمڕۆ ھەمان حزب ھەر ڕۆژەی کۆمەلێک بەڵێنی ساردوسڕی
بەتەتەرەکانی جاراندا بۆ دەنێرێت وساڵەھایە دلنیایدەکەنەوە لەوەی کە
کارێکی بۆ دەکەن.
ئەرێ شوێنێک لە ڕووی قایمی ئەم حزبانەدا ماوە کە ئینسان پیاھەڵشاغێت
بەھیوای ئەوەی کە لەم غەمساردی و شانخالیکردنەوەیە ڕاجلەکین و ھەر
نەبێت وەفاداربن بۆ بەڵینەکانی خۆیان. بەڵی بەبیستنی ھەواڵی
نەخۆشکەتنەوەی ئەم ئینسانەو ڕازی نەبوونی بلاوکردنەوەی وێنەیەکی لە
تۆرە کۆمەلایەتیەکاندا، مەگەر ھەر لەو شوێنەدا لێحالبین کەوتبووی
لێگەڕین وێنەم مەگرن منێک کەتائیستە سەبازی ون وبێناونیشانبم، چاکتر
ھەر بەشێوە بمینمەوەو کەس نەمناسێت.
ئەم دەربڕینە ئازاربەخشە منی زِۆر بە قولی پەلکێشی بیرکردنەوە لە ڕابرو
دەیان کەسایەتیتری ئەم شارە کرد، کەتائیستەش مەگەر لە تونیلی مەحاڵەوە
دەرچووبن و بەر بەرحمەتی قەلەمی بەدواچوونی نووسەران کەوتبن. جەغار
کەمنین ئەو کەسایەتیانەی کە جێیانھێشتین بەلام ھێندەشیان پێڕەوانەبینرا
کە کارنامەو جوانیەکانیان لە مێژووی کەسایەتیەکانی ئەم شارەدا
تۆماربکرێت. تۆبڵی لەھەرشتێک زیاتر بەو دەلیلە سادەبێت کە ئەو
کەسایەتیە سادەو ھەژارانەی ئەم شارە نەتوانن تیراژی بلاوکراوەو
کتیبەکانیان بەرزتربکەنەوە؟!
ئاخر چۆن پێموانەبێت کاتێک کەدەبینم زۆربەی ھەر زۆری نووسەران سەراپای
بەدواچونەکانیان سیخناخە لە پیاھەڵدان وستایشیکردنی، فلان شەھید وفلان
فەرماندەو قارەمان وکوری فلان ئاغاو کۆیخاو شیخ و کەسایەتی فلانە
شەعشیرەت وبنەمالەی ناودار...دیارە مەبەستم خۆبەخۆ ڕەخنەگرتن لەو
پیاھەڵدان و شەن وکەو کردنی کارنامەی ئەو کەسایەتیانە نیە، وەک بەشێک
لەخەلکی دانیشتوانی ئەم شارە. بەلام کاتیک ئەمە بە قیمەتی پەراوێزخستنی
بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتیە جوان ناسراوەکانی ئەم شارەبێت، ئیتر ئەم
دابەشکردنە ئازارمان دەدات بەتایبەت لەکاتیکدا کە سەرنج دەدەین، تەنیا
ئەوە دەبینینەوە کە زۆرێک لەو کەسانە سەربە ھیچ عشیرەت و ھۆزێک نەبوون
و ڕەنگە ھیچ ڕابردویەکی(( شۆرشگیرانەشیان))سەروەتمەند بوونیان نەبێت.
بۆیە گەر پێگەی چینایەتیان بووبیتە ھۆکاری ستەملیکردنیکیان و لەژیانێکی
ئاسوودەو بەختەوەر بەھرەمەندنەبووبن؛ ئەوا ئەو نووسەرە بەڕێزانەش
ھۆشیارانە یا نا وشیارانە نەک ھەر زۆڵمی دووھەمیان لەو کەسایەتیانە
کردوەو بە فەرامۆشیان سپاردون، بەڵکو نووسین و بەدواچوونەکانی خۆیشیان
بێبەھرەکردوە لە نمایشنەکردن و نیشاننەدانی ئەو کەسایەتیە خۆشەویستانەی
ئەم شارە کە زۆریکیان واھەستدەکریت کە ناویان لەمیژووی ئەم شارەدا
سراوەتەوە. لە ڕاستیدا دیویکیتری فەرامۆشکردنی مێژوو کارنامەی ئەو
کەسایەتیانە دەچیتە خانەی چەواشەکاری. گەر بە ئەرگومەندکردنی مێژووی
ئەم شارە بەھەر دەلیلیک گرنگ بێت، ئەوا ئەم جۆرە لە نووسینەوەی مێژووش
دەکریتە ئەو کارت و پیناسەییەی کە تەنیا لە خزمەت بەشێکی
دیاریکراودابێت. بەمەش نەک ھەر مێژوو بەشێوازێکی ئیفلیجکراوی
دەنووسینەوە بەلکو بەکردەوە ئەم ( فەرامۆشکاریە) دەکەوێتە خانەی
سانسۆرکردنی ژیانامەی دەیان و سەدان کەسایەتی جوان و جێشانازی کە لەگەل
دفنکردنی ئەم شارەدا بەخاک دەسپیرین.
ئەگەر من لێرەدا مشتێک لەخەرمانی ئەو کەسایەتیانە بە ناوھینانیان
ئاماژە پێبکەم، ڕەنگە زۆرێکتان ئەوکاتە وەک من نیگەرانی بەردەوامبوونی
ڕەوشتی شاردنەوەی روخساری جوان وسیمای خۆشەویتسی ئەم ئینسانەبن. زۆرجار
کەسانێک لەئێمە بەدوای وەلامی ئەو پرسیاردە ویلین، تۆ بڵی سیمای جوان و
دۆستانەی ئەم شارە جاریکتر بگەڕێتەوە نێومان؟ کە من ھەمیشە ووتوومە
نـــــــا، ناگەریتەوە ئاخەر بەشێک لەسیمای جوان ودۆستانەو پڕ لەشادی
ئەم شارە بە دانیشتووانی ئەو کات و کەسایەتیەکانیەوە گریدراوەتەوە
کەئیدی ھەرگیز نایەتەوە!
ئەوانەمان کە تەمەن یارمەتیمان دەدات دەتوانین بەخەیال بگەڕینەوە بۆ
ئەو ڕۆژگارەی بەیانیان کە لە خەو ھەلدەساین بۆ کڕینی موچە نانێک، کاتێک
کە دەگەشتینە ناوەڕاستی شار (بابا)ی دوکاندار لەگەل گزنگی بەربەیاندا
بە روخسارە ھەمیشە دەمبەخەندەکەیەوە سبەتەی فرۆ، پەنیر، دڵەمە، کەشک،
ماستی خەستەی لەسەر مێزی بەردەم دوکانەکەی ڕیزدەکردو لەو لاشیەوە
ئەوەندەمان نەزانی (ئەفرۆزی) ماستفرۆش منارەیەک قابلمە ماستی لەسەر
سەری دادەگرت کە لە بامۆکەوە ھێنابووی، پاش چاونوقنێک پەتوگوریسەو چەند
قابلەمەیەکی کۆدەکردەوەو بەرەو ماڵەوە دەکشا. لەو بەرەوە (مامە شیخ
کریم) فەردە کوێزو تەنەکە ھەنگوین و ڕۆنی کوردی... دەھێنایە پیش
دووکانەکەی و ریبوارانیش بەرلەوەی کە بەدەستی پرەوە بگەڕینەوە مالەوە
نانێکی گەرمیان لای (ئەحمەدی حەمەشەریف)
دەبرو دەچوونە چایخانەکەی تەنیشی و بە (خالە باقی)یان دەگوت چایەکی
شیرین قاپیک قەیماغمان بۆ بینە... ھیشتا خۆر لەدەمی کەلەوە
دەرنەکەوتبوو (مینە ورگە) سەر مێزی بەردواکانەکەی بە سەوزەومیوەو بامی
وتەماتە بایجان ولوبیا دەرازانەوە...(سەیدعزیز)یش پاش کەمێک عەرەبانە
پر لە تورەکەی دەھێناو لە تەنیشت دوکانەکەیەوە دەکەوتە دەسکەنەکردن
ریکوپیکردنی سەر عەرەبانەکەی بەتوورو سەوزە...ئەوەندەمانزانی لەخوار
دوکانەکەی (حاجی شەخەل)ەوە (سەقلە – حەمە سعید) لەبەردم گەراجکەدا
بەخێراییەکی سەرسورھێنەر ھاواری دەکرد تەویڵە، تەویڵە، تەویڵە...دواتر
زۆری پێنەدەچوو ڕیکلامی فیلیمەکانی ئەو ڕۆژانەی لەسەر شانی دەداناو
بەناو شاردا بانگەشەی نمایشکردنی فلیمەکانی سەنگام و دۆستی و ھەرقل
و... دەکرد. دلنیام زۆرێک لە ئێمە ئەو دیمەنانەی لەیادە کە چۆن (ئەمیری
حەمال) شانی دەدایە بەر ئەو فەردە برنج و قالبە تووتن و گابەردانەی کە
مەگەر تەنیا لە توای ئەودابووایە جولاندن و بەرزکردنەوەی. کام لە
گەنجانی دڵدارو عاشقی شار، یا ئەوانەی کەسەریان لە سیاسەت دەخوراوە
بەشێک لەکاتە ئازادەکانی ڕۆژانەی لە چایخانەکەی( خالەی چایچی ) بەسەر
نەبردوەو جارجارەش کە بێتاقەت دەبووین لە تەقەی دۆمینە خۆمان دەکرد بە
دوکانی تێنس و دووگولیەکەی (دارای عەبە سور)دا و دەستمان دەکرد بە
یاری.
ئەوانەمان کە برسیەتی تەنگی پیھەڵدەچنین
خێرا دەچووین نەفەرێک کەبابی (عومرە دۆم)مان دەخوارو بۆ پاکەت کرینیکیش
جارجار دەچووینە لای (حەپسەی) دوکاندار کە ساڵەھای ساڵ بەر لەتەمەنی
ئێمە ئەو ژنە ئازاو ئارامە لەدوکانێکی بچکۆلەی عەتاریدا بەدوای
دابیکردنی بژیوی ژیان بوو. شاریک کەجاران کە بەریکەوتی ژیان یا بەھۆی
کارو بژوی ژیانەوە ریان دەکەتە ئەم شارە، ئیتر ھەم ئەوان بۆ ھەمیشە لە
خۆشەویستی خەلکی شار بەھرمەندەبوون و ھەم خەلکی شار لە تواناو بەھرەی
ئەوان بەھرمەند دەبوو، کە ڕەنگە نموونەکانی وەک مامۆستا (قالەڕەش،
مامۆشتا عاسی، مامۆستا جیھاد، بورھانی گولچی، یاقوبی مزەمید...) تەنیا
چەند کەسانێکی پشت ئەم ڕاستیەبێت.
بەڵی بەڕێزان، شارێک کە کەسایەتیەکی وەک(فایەفە دۆم) کە ٤٠ سال ھاواری
فرشتنی ھەناری گولان دەکات، ئێستەش لەغەمی نانی سبەیدابێت، شارێک
کە(حەمەعەلی بۆرکاو) کە یەکێک لەجوانترین ئینسانەکانی بێت، تائیستەش کە
تاڵی ڕەش بە ڕیشیەوە نەماوە بەدیار فرۆشتنی بتلی گازەوەبێت بۆ
دابینکردنی نانی ژیان. ئیتر دەبێبڵین سەیر نەبێت لامان کە ئەو ئینسانەی
سەردەمانێک سمبولی ڕاوەستانەوەو مقاوەمەتکردن بوون لە زیندانەکانی
بەعسداو تائستەش ھەموو ڕۆژێ دەزگاکانی راگەیاندنیان دەیلین ودەیلینەوە
(ئەو ڕۆژانەی کە ئەمرۆیان دروستکرد) ... لەبەرچاویشیاندا (ئایاری مەلا
حسن)ەکان دەبێت دواچرکەی ژیان لە سەخترین کاندا بەسەرببات و ٤٠ سال
خەبات و تیکۆشان کەھەرەتی لاویەتی خۆیکردە قوربانی، لەپیناوی ئازادو
بەرابەریدا. ئەم ئینسانە بەدەر لەوەی کە خانەنشینیەکی بندیواریشی بۆ
قایل نابن، بەڵکو ئەم ئەمڕۆژانە بەدیاری تەرمەکەی خۆیەوە دانیشتووەو
حزب و لایەنە بەرپرسەکانیش پەیاتا پەیا پەیامی گەرم ونەرمی پڕبەڵینی بۆ
دەنێرن بەشکو خوا شفای خێری بدات.
کەواتە ئێستە ڕۆشنە کە خەتاو کەمتەرخەمیەکە تەنیا بەرۆکی نووسەران
ناگریتەوە، لە نووسینەوەی میژووی ئەم شارەو دەرخستنی کارنامەی
کەسایەتیەکانی پەراوێز دەکەن. بەلکو حزب ودەسەلاتیک ئەوە مامەلەو
بەڵێنی بێت بەو کەسانەی کە خاون جوانترین و پرشانازیترین میژوون،
ئەوکاتە فەرامۆشکردن وپشگوی خستنی بەشێک لە دیارترین کەسایەتیەکانی ئەم
شارەش دەبیت ئاسای بێتە بەرچاو. ماوەتەوە بلین ئەگەر ئایارەکان بە
تاوانی مامەلە نەکردن بەھەڵوێستیانەوە فەرمۆشکرین، ئایا پەراویزکردنی
ئەو ھەموو کەسایەتیانە لەپای چی ئەگەر تەنیا بەخاتری دەستکورتی و پێگەی
چینایەتیان نەبێت، کەناتوانن بچنە خانەی ئاخاو بەگ و شیخ و شیخ و داراو
دەسترۆشتووەکان؟!
____________________________
تێبینیی:
ھەموو ئەو بەڕیزانەی کە ناویان لە
کەوانەکاندا ھاتووە بەشیکن لەو کەسایەتیانە، کە من ناوەکانیانم وەک خۆی
نووسیوە بەدور لەھیچ مەبەستیک لەگەل ریزمدا!
rebwar.arif@hotmail.com
|