په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١٢

کێ سەرئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە؟

جەلال محەمەد      

- بەشی دووەم -

 

لە دەروێش دەروێشتر، لە مەلیک مەلیکتر:

 

گومان لەوەدا نییە کە هیچ لایەنێک هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لایەنگری داگیرکەران نەبووە و ڕاگەیاندنی هیچ لایەنێکیش هێندەی ڕاگەیاندنی ئەو پارتە لە چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستیەکاندا نەبووە . نامەوێت لەم بابەتەدا ئاماژە بە هەموو ڕاگەیاندنەکانی پارتی بدەم ، چونکە کورد گوتەنی ( مشتێک نیشانەی خەروارێکە ) و تانها سایتی "پەیامنێر"یان دەکەمە نموونە.


سایتی پەیامنێر لەگەل بینینی هەموو ڕاستیەکان ، کەچی زۆر نابەرپرسانە ڕاستیەکان پێچەوانە دەکاتەوە و دەڵێت [باڵی پەکەکە لە سوریا ، لایەنگری ڕژێمی ئەسەد دەکات]. هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی پێشینیان کە دەڵێن (لە دز وایە هەموو کەس دزە)، لە سایتی "پەیامنێر"یش وایە " پەیەدە" هاوشێوەی حیزبە کلاسیکیەکانە و پارتی ئاسا لایەنگری لە داگیرکەران دەکات . تەنانەت خودی مەسعود بارزانی چەندین جار ئەو ڕاستیەی باسکردووە کە پارتی جێگە بڕوای داگیرکەر و دوژمنانە.


بە حوکمی ئەوەی لایەنە کلاسیکیەکان خاوەنی هیچ پڕۆژەیەک نەبوون بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان و چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەکیشیان نەدەکرد کە ڕووبدات ، ئەوا ماڵپەڕی "پەیامنێر"یش هەمان دیدی هەیە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت [بزووتنەوەی کوردی بۆ ئەم حاڵەتە ئامادەنەبوو کە لەگوڕەپانی سوریا روودەدات، چونکە پێشبینی نەدەکرد بارودۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا پەرە بسێنێت].


تەنها بۆ بیرهێنانەوەی خوێنەر ، لەسەر بێ بەرنامەیی حیزبە کلاسیکیەکان بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان نموونەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دێنمەوە :- لە کاتی کۆڕەوەکەی ١٩٩١دا دەیانگوت [ئێمە نە ڕاپەڕینمان کردووە و نە بەرنامەشمان هەبووە بۆ ڕاپەڕین و نە بەشداریشمان کردووە لە ڕاپەڕیندا ، لەبەرئەوە بەرپرسیارێتی ئاوارەبوونی ئێوەش ناکەوێتە سەر شانی ئێمە و خۆتان بەرپرسیارن لەم ڕەوشە]، کەچی دوای سەقمگیربوونی ڕەوشەکەش خۆیان کردە هەمەکارە بەسەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینەوە.


ئەگەر بە گوتەی سایتی "پەیامنێر" بوویایە ئەوا پێویستی نەدەکرد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هیچ حیزبێکی سیاسی بوونی هەبایە ، چونکە بوونی حیزب خۆی لە خۆیدا واتە ئامادەکردنی گەل بۆ گۆڕانکاری.


سەرسوڕمان ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم هەموو چەواشەکاریانەی "پەیامنێر"دا ، هێشتاش ناتوانن خۆیان لە هەندێک ڕاستی ببوێرن و دەڵێت :- [پ،ی،د ئەو پێگە جەماوەرییە گەورەیەی نەبوو لە نێو خەڵک بە ھۆی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و باشبوونی پەیوەندیەکانی تورکیا و سوریا].


واتە ناتوانن ئەو ڕاستیە بشارنەوە کە دژایەتیەکانی سوریا بۆ پ‌ک‌ک و پەیەدە گەیشتبوویە ئەو ئاستەی کە بەعسیەکان پەیوەندی لەگەڵ تورکدا بگرن بۆ لە ناوبردنی ئەو بزوتنەوانە . ئەمە ڕاستیەکە و نکۆڵی لێناکرێت و لە (پەیماننامەی ئەدەنە)دا واژۆی لەسەر کراوە. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە ئاڕاستەی "پەیامنێر" دەبێتەوە:


ئێوە کە خۆتان ناتوانن ڕاستی پەیوەندیەکانی سوریا و تورکیا لە لایەک و دژایەتیکردنی پەیەدە لەلایەن سوریاوە لە لایەکی دیکەوە بشارنەوە ، ئەی ئەم گوتەیەتان لە چی کە دەڵێن ( پەیەدە لایەنگری ڕژێمی ئەسەد دەکات ) ؟؟!! یان ئەوەتا لە کردەوە و تێڕوانینی خۆتانەوە پۆڵێنی پەیەدەش دەکەن؟


پاشان "پەیامنێر" دەخوازێت کردەوەی سەرانی باشووری کوردستان بهاوێتە سەر پ‌ک‌ک و سەرۆکی پەیەدە و دەڵێت: [لەسەرەتای سەرھەڵدانی شوڕش و تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا ، دەزگا ئەمنییەکانی سوریا کار لەسەر رۆڵی کوردی دەکەن لە رێگەی پەیوەندیکردن لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و داوا لە ساڵح موسلم کراوە کە یەکێکە لە لایەنگرانی پەکەکە و لە چیای قەندیلە بگەڕێتەوە سوریا].


لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا ، هەر کاتێک دوژمن دوچاری نائومێدی بووبێت ئەوا داوای لە دەسەڵاتدارانی باشوور کردووە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان . ئەگەر پێیەکی دەسەڵاتدارانی باشوور لە ئەنقەرە و تاران بووبێت ئەوا پێیەکەی دیکەیان لە بەغدا و دێمەشق بووە . تاکو ئێستاش دەسەڵاتدارانی باشوورخاوەنماڵی دووەمن لە کەرەج و تاران.


تەنها لە مانگی ڕابردوودا دوو جار نێچیرڤان و جارێکیش مەسعود بارزانی چوونەتە ئەنقەرە و هەر بۆ گاڵتەش باسێکیان لەو هەموو کۆمەڵکوژیانە نەکرد کە ڕۆژانە پیادە دەکرێت لەسەر نەتەوەکەمان ، کەچی لەگەڵ کوشتنی هەر جەندرمەیەکدا فرمێسکی بە کوڵ لە چاویان باریووە و سەرەخۆشی و ئیدانەیان لە یەک کاتدا کردووە: (سەرەخۆشی بۆ دەوڵەتی تورک و کەسوکاری جەندرمەکان ، ئیدانەش بۆ گەلی کورد و شۆڕشگێران).


هەموو ئەو سەردانانەش بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردان بووە لە ڕۆژئاوادا ، تەنانەت سەرۆک وەزیرانی تورک " ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" زۆر بە ڕاشکاوی گوتی {تورکیا و مەسعود بارزانی هەمان دید و بۆچوونیان هەیە لەسەر سوریا و پ‌ک‌ک}، باوەڕ نەکەم کارمەندەکانی "پەیامنێر" نەزانن تورکیا چ دید و بۆچوونێکی هەیە لەسەر سوریا و پ‌ک‌ک!!!
تەنها بۆ بیرهێنانەوەی کارمەندانی "پەیامنێر" {بەڕێز ساڵح موسلم جگە لەوەی کە خودی خۆی گەریلایەکی سەر چیا بووە ، لە هەمان کاتدا کچێک و کوڕێکیشی لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی داگیرکەراندا گیانیان لە دەست داوە و تاکو ئێستاش هاوسەرەکەی لە زیندانی سوریادا دەناڵێنێت}.


دەبوو کارمەندانی "پەیامنێر" بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە باسیان لە سەردانی دەسەڵاتداران بکردایە بۆ [ئەنقەرە و تاران] و ئیدانە و سەرەخۆشیەکانیشیان بخستایەتە ژێر پرسیارەوە نەک هەمان گوتەی ڕۆژنامەکانی ( حوڕیەت و میلیەت )ی تورکی دووبارە بکەنەوە.


"پەیامنێر" درێژەی دەداتێ و دەڵێت [ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا دامەزرا بەڵام (پ، ی،د) بەشداری تێدا نەکرد بەھۆی ھەندی بیانووی بێ بنەما، دواتر ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند، و دەستیگرت بەسەر سنووری نێوان سوریا و ھەرێمی کوردستان وپارەی لەخەڵک وەردەگرت و بەھێزی چەک و بە پاڵپشتی دەزگا ئەمنییەکانی سوریا دەستیکرد بەھەڕەشەکردن لە ھاوڵاتیان لە رێگەی باڵی سەربازییان کە کەسێک بە ناوی (خەبات کاسانی) سەرکردایەتی دەکرد و لە قەندیل گەڕابووە، دواتر لەرووداوێک کوژرا کە بە رووداوی عەبدوڵا بەدرو بەناوبانگە، دواتر (پ. ی. د) سێ لە کوڕەکانی عەبدوڵا بەدرویان کوشتەوە] . بارک اللە لە وابەستەیی و چەواشەکاریەکانی"پەیامنێر"!!!


ئاخر، ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا کە لەسەر دەستی تورکیا و ئیخوان ‌الموسلمین‌دا پێکهاتووە و بورهان غەلیونی سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە زۆر بێ شەرمانە دەیگوت لە سوریادا جێگەیەک نییە بە ناوی کوردستان و کوردان موهاجرن ، ئیتر لە پای چیدا پەیەدە بچێتە ناو ئەو ئەنجومەنە و ببێتە داردەستیان؟ بەڵام ناهەقی کارمەندەکانی "پەیامنێر" نییە کە بەو شێوەیە بیر بکەنەوە چونکە کورد گوتەنی (خوی شیری ، تا پیری).


کارمەندانێک کە هەمیشە دەستێکەڵاوی لایەنە کلاسیکیەکان و داگیرکەرانیان بینیووە ئەوا هەر چاوەڕوانی ئەم بیرکردنەوەیەیان لێ دەکرێت و دەبێت هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدا بن کە کوردان بکەونە خزمەتی بێگانەوە . دەنا دڕندایەتی و تاوانەکانی حیزبی بەعس بە هیچ کوردێک شاراوە نییە بەڵام چ گرەنتییەک هەیە کە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و ئیخوان الموسلمین لە بەعسیەکان خراپتر نابن بەرامبەر بە کوردان؟


پێدەچێت بەلای کارمەندانی "پەیامنێر"ەوە زۆر دڵگرانی بێت کە پەیەدە دەستی بەسەر خاڵە سنووریەکاندا گرتووە و ڕێگەی لە دزەکردنی میتی تورک و دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی گرتووە!؟


ئەگەر دەست بەسەرداگرتنی خاڵە سنووریەکان تاوانە ، ئەی بۆچی ساڵەهای ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق خاڵە سنووریەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەت ئیبرایم خەلیلی گرتووە و شەڕی بێ ئامانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا لەسەریان بەرپا کرد؟


خۆ ئەگەر پەیەدە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان خاڵە سنووریەکانی کۆنترۆڵ کردووە ئەوا یەکێتی و پارتی خاڵە سنووریەکانیان کردە دەروازەیەک بۆ هێنانی دەیان هەزار جەندرمە و میت و پاسدار و ئیتڵاعات و تەواوی دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی . خۆ ئەگەر پەیەدە بڕێکی زۆر کەم گومرگ وەربگرێت و بیخاتەوە خزمەتی خەڵکەکە ئەوا یەکێتی و پارتی گومرگی مرۆڤەکانیشیان دەکرد و بەرەی تورکمانیشیان کردبوویە شەریکە بەشی گومرگەکە و زۆربەی گومرگەکەشیان دەخستە خزمەتی داگیرکەران و ماڵوێرانی کوردان.


بە حوکمی ئەوەی لە باشووردا هەرچی ئەنفالکەر و بەعسیە پارێزراوە و کراونەتە هەمەکارە بەسەر گەلەوە ئەوا دەبێت کارمەندانی "پەیامنێر"یش هەر لەو چوارچیوەیەدا بیر بکەنەوە ، چونکە " عەبدوڵا بەدرۆیەک " کە خۆی و کوڕەکانی ببوونە گەورەترین ئیستخباراتی بەعس و دەستیان لە هیچ دزی و ڕەشەکوژیەک نەدەپاراست و دواین کردەوەشیان شەهیدکردنی گەریلای ٢٧ ساڵەیی "خەبات دێرک" بوو ئەوا زۆر بەلای کارمەندانی "پەیامنێر"ەوە ئاساییە کە فرمێسکی بە کوڵ بۆ خائینان هەڵڕێژن!


ئەی دەبێت کارمەندانی "پەیامنێر" هەمان بیرکردنەوەشیان هەبێت لەسەر ئەو کەسەی کە بە سەرخۆشی گولەیەکی لە دەست دەرچوو و بەر وێنەیەکی مەلا مستەفا بەرزانی کەوت لە چوارڕیانی "سلێمانی - سەرچنار - بەکرەجۆ"؟ ئەگەر هەمان بیرکردنەوەیان هەیە، ئەی بۆچی ڕەخنەیەکیان ئاڕاستەی پارتی نەکرد بۆ خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ کوشتنی ئەو سەرخۆشە و کەسوکارەکەشی لە سلێمانی ؟ خۆ ئەگەر هەمان بیرکردنەوەشیان نییە ، ئەی چ هۆکارێک هانی داون بۆ هەڵڕشتنی فرمێسکی بە کوڵ بۆ چەند ئیستخباراتێکی بەعس کە دەستیان بە خوێنی فەرماندەیەکی وەکو " خەبات دێرک " سوور کرد؟

____________________________________________________

• کێ سەرئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە؟ - بەشی یەکەم -.

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک