٢٨\٦\٢٠١٢
کێشە
جەوهەرییەکان، یان جەوهەری کێشەکان؟!
- رەوشی ئێستای
هەرێمی کوردستان وەکو نموونە -

ستار محەمەد قادر
ئەو ماڵەی لە رەوشی ئاساییدا بیر لە رێکخستنی نەکرێتەوەو هەوڵی بۆ
نەدرابێت، لە کاتە نا ئاساییەکاندا رێک ناخرێت، بۆ ئەوەی بە زوبانێکی
زۆر سادە قسە لەسەر ئەم پاشا گەردانیەی نێو ماڵی کورد بکەین، پێویستە
بەشوێن رەگی کێشەکاندا بگەڕێین، نەک کێشە جەوهەریەکان، لێرەدا بە
پرسیارێک رۆ دەچمە نێو ناخی ئەو گرفتە ئەخلاقی و دەروونیەوە کە
ساڵانێکە بووە بە هۆکاری ئەوەی ئەم میللەتە تووشی خوێن بەربوون دەکات:
ئایا لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر یاسایەک هەبوایە بۆ رێکخستنی ژیانی
سیاسی و ئیداریمان، هەرگیز تووشی ئەم جۆرە ئیحراجیانە دەبووین؟! بێ
گومان نەبوونی سەروەری یاساو دەستوورو مەرجەعێک بۆ رێکخستنی ژیانی
سیاسیمان، یەکێکە لەو گرفتانەی کە دەرگای بۆ زۆر شتی نەخوازراو
خستووەتە سەر پشت و بووە بە هۆکاری ئەوەی بەردەوام لە نێو ئیشکالیەتدا
ببین!
ساڵی نەوەدو یەک دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ژیانی پارتایەتی لە کوردستاندا
هاتە ئاراوە، دەرفەتێک ئەگەر ئیرادەیەکی هاوبەش و بەهێز کاری بۆ
سەروەری یاساو بە دامەزراوەیکردنی ژیانی سیاسی و ئیداری بکردایە،
دەتوانرا بۆ تا هەتایی ئەم جۆرە بیرۆکە تاکڕەویانەی لە نێو رۆحی
سیاسیەکاندا تارو مار بکردایە، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا ئەوە بکرێت،
بۆیە دەبێت هەمیشە لە ساتە هەستیارەکاندا بکەوینە نێو ئیشکالیەتی
بیرکردنەوەو بڕیاردانەوە؟!
من هەمیشە ئەوە دووپات دەکەمەوە، یەکێک لەو گرفتانەی کە حوکمڕان و
میللەتانی رۆژهەڵات پێیەوە دەناڵێنن، نەبوونی میکانیزمێکی گونجاوە بۆ
بەڵانسکردنی کردارو گوفتاریان، تەرجەمە نەکردنی قسەیە بۆ بواری
پراکتیکی، نەبوونی ئیلتیزاماتی ئەخلاقیە، ئەوەی ئەم پانتاییەی
رۆژهەڵاتی تووشی حاڵەتی دۆگما بوون کردووە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەو دونیا
بینیەیە کە هەمیشە بوار بۆ مێژوو دەڕەخسێنێت خۆی دووبارەو دە بارە
بکاتەوە، ئاخر هەمیشە بە هەمان توولە رێدا دەڕۆن و چاوەڕوانی ئەوەن
بیانگەیەنێت بە شوێنێکی دیکە، لێرە ساڵەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام ئێمە بە
هەمان دیدو بە هەمان ئەقڵیەت بەڕێیان دەخەین!
رەنگە هێندێک پێیان وا بێت بە لابردنی حەزرەتی مالیکی کۆتایی بە هەموو
کێشەکان دێت، بەڵام لە حەقیقەتدا لە سۆنگەی ئەو گۆڕانکاریەوە تەنها
کۆتایی بە ئەگەری گەڕاندنەوەی بناغەو بیرۆکەی دیکتاتۆریەت دێت، بەڵام
کێشە جەوهەریەکان بۆ ئێمەی کورد وەکو خۆیان دەمێننەوە!
پێویستە ئێمە بەراورد لە نێوان جەوهەری کێشەکان و کێشە جەوهەریەکاندا
بکەین، ئاخر ئەگەر کێشە جەوهەریەکان لە دەستی خۆماندا نەبێت، خۆ
جەوهەری کێشەکان پەیوەستە بە ئیرادەی خۆمانەوە، ئەگەر پارتە سیاسیەکان
بە یاسا یان بە هۆشیاریی یاسایی، پەرلەمان بکەن بە مەرجەع، یان
ئیعتیبار بۆ بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێم وەکو قەراری سیاسی دابنرێت، بە
دڵنیاییەوە دەکەوینە سەر سکەیەک لە کاتی رووداو و پێشهاتەکاندا دووچاری
لێکترازان نابین، ئەو کات زۆر بە سانایی دەتوانین لە گەڵ ناوەنددا بێت
یان بەرانبەر هەر وڵاتێکی دراوسێ بۆ چارەسەرکردن یان بڕیاری سیاسی یان
دانووستان بڕیاری درووست و هەڵوێستێکی روون وەکو سەرجەم وڵاتە
پێشکەوتووەکانمان هەبێت، بۆیە کاتێک ئێمە جەوهەری کێشەکان نا دیدە
دەگرین و هەر یەکەیان بە پاساوێک پاکانەی هەڵوێستی خۆی دەکات، وەکو
ئەوەی بمانەوێت بە نێرینی دوو تیپی فتبۆڵێن لە چەمکی نەتەوەو نیشتیمان
و چارەنوسی کوردو مافە سرووشتیەکانی بنواڕین، ئەگەر تیپەکەی بەرانبەر
شەپا زللەیەکی پێدا کێشا، ئەمەکەی تر ئەو مافە بە خۆی بدات، شەقێکی تێ
بسرەوێنێت!
کورد وەکو ئەقڵی سیاسی دەمێ ساڵە دەیەوێت باز بەسەر جەوهەری کێشەکاندا
بداو کێشە جەوهەریەکان چارەسەر بکات، وەکو دەشبینین هێندێک جار هەلی
زێڕینیشی بۆ رەخساوە، بەڵام نەیتوانیوە بیقۆزێتەوەو سوودی لێ ببینێت،
لە هێندێک وێستگەدا بۆ ئەوەی خۆی لە چارەسەری بنەڕەتی بدزێتەوە، شتی
کاتی جۆراو جۆری داهێناوە، بەرەی کوردستانی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکان
لەم دوواییەدا، تا دەگات بە رێککەوتنی ستراتێژی، هەر هەموو ئەمانە لە
بەڕێخستنی کاتدا وێنا دەکرێن، چونکە بنەمای درووستبوونی ئەو جۆرە
بیرۆکانە، لەسەر بناغەیەک هەڵچنراوە، دەتوانین بە رێککەوتن لەسەر
بنەمای رێکنەکەوتن ناو زەدی بکەین، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، ئێمە
بە حەبی موسەکینی وەکو نووسینی سەر کاغەز ناگەین بە هیچ دەرەنجامێک،
چونکە ئەگەر لە پڕنسیپی رێککەوتن گەیشتبین، دەبێت بەر لەوەی لە گەڵ
ئەملاو ئەولادا رێک بکەوین، دەبێت لە نێو ماڵی خۆماندا تەواو رێک بین،
رێک بین لەسەر ئەوەی ببین بە یەک رۆح، یەک سەرکردەیش رابسپێرین، بۆ
ئەوەی کێشە جەوهەریەکان، نەبن بە مۆتەکە بۆ جەوهەری کێشەکان؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|