په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کێشەکە چەک نییه‌، گوزەرانە..!!


بەشدار عه‌لی  


بەرێوبەرایەتى پۆلیسى هەولێر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەگەرى رایانگەیاند:( رێژەى خۆکوژى و رووداوەکانى خۆکوشتن روو لە زیاد بوونە بەتایبەت لەناو توێژى گەنجان و لاوان،بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین چەک لەماڵەکان نەهێلێن و لە رێگاى لیژنەیەک لە هاوڵاتیان وەربگرینەوە).


بۆ هەموو شتێک پێویستە چەک لەماڵەکان دابماڵدرێت ،بەڵام بە هیچ شێوەیەک کار لەسەر کەمبوونەوەى دیاردەى خۆکوژى ناکات ،بۆیە ئەگەر پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکان گەرەکیتیان بەر بەم دیاردەیە بگرن ،لەرێگاى بەدواداچونێک لە هۆکارى خۆکوژییەکان بکۆڵنەوە و بۆ دامودەزگاکانى پەیوەندیدار راسپێرن بۆ ئەوەى چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزنەوە.خۆ ئەگەر چەکیش نەبێت شێوازى تر لەبەردەستایە.


خۆیان ژەهر خوارد دەکەن،بە چەقۆ کۆتاى بە ژیانیان دەهێنن،لەسەربان و چیاو خەرەندەکان خۆیان دەهاوێن،ملیان بە پەت دەکەن و خۆیان دەخنکێنن... بەداخەوە شێوازەکانى خۆکوژى زۆرن و وەکو رۆژانە بەرگوێ و چاومان دەکەوێت.


کێن ئەو کەسانەى خۆشترین ساتەکانى تەمەنیان بەدەستى خۆیان کورت دەکەنەوە؟ کێن ئەو کەسانەى مان و نەمان لاى یان بەهایەکى نیە و هەر چرکەیەک خۆزگە بە مەرگ دەخوازن و کۆتاى بە ژیانى خۆیان دەهێنن؟بێگومان ئەو کەسانەن کە تروسکایەکى ئومێد لە دڵیاندا نەماوەتەوە و هەموو دەروازەیەکى باشتر بە روویاندا داخراوە و لە هەر شەش لاوە فشارەکان بەردەوامیان هەیە و رێگایەکیش شک نابەرێ بۆ چارەسەرى..


چەندین ساڵە کاردەکرێت بۆ دورستکردنى ئەو ژینگەیەى کە ئیستا خۆکوژى کردۆتە دیاردە و سەدان دایک و باوک جەرگ سوتاو کرد،دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش درەنگ خەبەریان بویەوە و ئیستاش بەم میکانیزمەى رایانگەیاندوە ناتوانن بەر بە گیان لە دەست دانى دەیان و سەدان گەنج بگرن،چونکە ریشەى ئەو دیاردەوە لە شوێنێکى تر سەرچاوەى گرتوە و و ئاو لە کانیەکى تر دەخواتەوە،هۆکار و بابەتى تر لە پشتەوەى پەرەسەندنى خۆکوژى ئینسانەکان خۆى حەشارداوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان نایزانن یان نایانەوێت قسەى لەسەر بکەن؟!


خەڵکى کوردستان ئیستا هۆشیارەو بە چاوى خۆى هەموو شتێک دەبینێت و لاپەرەى سپى دەخوێنێتەوە و پێویستى بە پەردەپۆشى و میکیاج نیە،ئاستى خزمەتگوزارییەکان لەژێر سفردایە،گرانى و هەڵاوسانى نرخ باڵى بەسەر بازاردا کێشاوە،بێکارى بەڵایەکە رۆژانە دەیان خێزان هەڵدەوەشێنێتەوە و هەرەشە لە سەدانى تر دەکات، جیاوازى و هەڵاوردنى نێوان چینەکان تا ئەو پەڕى خۆى گەیشتوە،لە شارێکى دە هەزار کەسیدا گەنجان شوێنێک شک نابەرن کە بە ئارامى بێ دوو دڵى و چەند ساتێکى ئارامى تیایدا بەرێبکەن، یاساو دەستورى سەدەکانى ناوەراستى مرۆڤانى نیاندەرتاڵ بەسەر گەنجانى سەدەى بیست و یەک پەیڕەو دەکەن،ئیتر ئەمانە هۆکارى بێزارى و بێ ئومێدى خەڵکە و پێویستە لایەنى پەیوەندیدار لێرەوە بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە دەست پێبکات.


بەهەزار و یەک شێوە کار لەسەر یەخسیرکردن و کۆیلە کردنى گەنج دەکرێت و وایلێدەکەن بیر نەکاتەوە و گوێرایەڵ بێت و باس لە دونیا بینیەکەى خۆى نەکات ،بێگومان ئەمەش دژى بیرکردنەوەى گەنجە و لاوان ناتوانن ئاوا بیگوزەرێنن و ئەنجامەکەشى بەداخەوە بە یاخى بوون و خۆکوژى کۆتاى دێت ،چونکە دوایى نائومێدى بە فەرامۆشى دەسپێردرێن و دەزگا و لایەنێک نیە بۆ چارەسەرى و بەدواداچونى کێشە و گرفتەکان و بە تاڵکردنەوەى لە رق و توڕەبونەکانى.


بە هەزارەها کچ و کوڕ مەترێک زەوى شک نابەرن و خێمەیەکى تیا هەڵدەن و بەیەکەوە بژین ،ناچار دواى چەندین ساڵ لە سۆز و خۆشەویستى بە ناچارى دەست لە یەکتر هەڵدەگرن ،بەرپرسانیش خاوەنى چەندین کارگە و کۆمپانیا و کۆشکن ! خەڵکى ئاسایى دەستیان بە سەرەتاتریت ئامێرەکان سەردەمەوە راناگات و مەحرومن لێى ، بەرپرس و خانەوادەکانیشیان خاوەنى هەموو شتێکن و لە هەموو شتێک دوا مۆدێل نەبێت بەکارى ناهێنن ،جا حکومەت و دەسەڵاتێک کە لە توانایدا زۆر بە ئاسانى هەموو ئەو کێشانەى لاوان چارەسەر بکات،بەڵام کە نایکات بۆ نایکات؟!


ئیتر دیاردەى خۆکوژى هۆکارى ترى هەیە و پێویستە ئاڵوگۆڕى ریشەیى لە سیستەمەکانەوە دەست پێبکرێت،لە باش کردنى ژیانى خەڵکەوە دەستى بۆ ببرێت،لە بنەبڕکردنى گەندەڵى و دزى و راوڕووتى بەرپرسە نا مەسئولەکانەوە دەست پێبکرێت،لە زیادکردنى خزمەتگوزارییەکان و دابین کردنى خانوبەرەى گونجاو بەبێ جیاوازى بۆ هەموان دەستى بۆ ببرێت،لە کەمکردنەوەى جیاوازییەکانەوە دەستى بۆ ببرێت،لە لێپرسینەوە و بەدواداچونى کێشە و گرفتەکانى خەڵکەوە دەست پێبکرێت...،نەک لە رێگاى کۆکردنەوەى چەند پارچە چەکێک،چونکە کە نا ئومێدى و بێ هیوایى ئینسان گەیشتە ترۆپک ، هەموو رێگایەک تاقیدەکاتەوە بۆ مردن و مانەوەى خۆى بە پێویست نازانێ!