په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠٢٤

کێشەکە ئەنگوتکی نان نییە!


بەشدار عوسمان     


هەر ماوەیەک لە شوێنێکدا دەتەقێتەوە، بارە لاسەنگ بووە و راست نابێتەوە. دەسەڵاتیش باش لەوە تێگەیشتووە، تەنها بە سەرکوت و زیندانی و داپلۆسین دەتوانێ بەر بە ناڕەزایەتیی خەڵک بگرێ، ئەوان لە هەموومان باشتر و روونتر شاشەکە دەبینن ئیتر ناتوانن ئەو لاشە مردووە لەوە زیاتر راکێشن و بۆگەنی کردووە، بۆیە زوو فریا دەکەون و لە شوێنی خۆیدا دایدەپۆشن تا بۆنەکەی بڵاونەبێتەوە! ئەگینا لە فەرهەمگی کامە دەسەڵات جێگای بۆتەوە، دوو رستەی سادەی کاسبکار و نانەواخانەیەک بۆ نان و بژێوی منداڵەکانی، دوو شەو لە تاریکییدا بئاخنن!

دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و مشەخۆر و تاڵانکەر و ستەمکار، ئەوەی لە دەستی بێ لە بێهیوایی خەڵک و وردوخاشکردنی هەرچی ئومێد و ئارەزوو لە دڵی گەنجان و لاوان و منداڵان و پیر و پەککەوتەکان، درێخی ناکا. لە ناشیرینکردن و نەمانی متمانە لە ناو کۆمەلگا، سڵ لە پیسترین و قێزەوەنترین سیناریۆ ناکاتەوە. چونکە خۆی هیچ شتێکی دروست نەکردوە جێگای شانازیی بێ.

وەرە بە ژمارە و بەڵگە پێتدەدەم، زەوی گرانبەها ماوە لە هەولێر و سلێمانی هی خانەوادە دەستڕۆشتووەکان نەبێ، کارگە و کارخانە ماوە نەوەکانیان سەرپەرشتیی نەکەن، داهاتی کۆمپانیایەکانی تەلەفۆن و ئەنتەرنێت راستەوخۆ دەچێتەوە گیرفانی خێزانە حکومرانەکان، کوڕەکانیان زانکۆی تایبەتیان هەیە، بەڵام منداڵی خەڵک ناتوانی لە زانکۆی ئاساییدا بخوێنێ، کچەکانیان تەلەفزیۆنی تایبەتیان هەیە، کەچی کچانی کۆمەلگا ناتوانن بە کارت سەیری تەلەفزیۆنەکان بکەن.


ئەو حکومرانیە نەک شکستی هێناوە، بەڵکو مانەوەی کێشەیەکی گەورەیە بەسەر سەری ئەو کۆمەڵگایە و ژیان و مان و نەمانی هەمووان لە ژێر هەرەشەیەکی راشکاوانەیە، هیچ چاکسازیی و گۆرانکارییەش ناتوانێ ئەو مەترسییانە کەمبکاتەوە، ئەوە بەکردار بۆ هەمووان سەلماوە.

کێشەی گونکەی نانیش خامۆش بکرێ، خاوەن (موەلیدە)کان لەسەر ئاگرن، بە شێوەیەکی کاتیی ئاو بە گڕی نارەزایەتی شۆفێری تاکسیەکان کراوە، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەران بە دەنگی بڵند داواکارییەکانیان دەڵێنەوە، نەبوونی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، تەنگی بە بەشێکی زۆری خەڵک هەڵچنیوە، بیریشتان نەچێ خاوەن پیشانگاکانی ترومبێل و نووسینگەکانی خانووبەرە، بۆتان لە سڕەدان، جوتیارانی دەشتی هەولێر و شارەزوور دەمێکە هاواریان گەیشتۆتە کەشکەڵانی فەلەک.

 

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک